بەسێ ئەرزینجان: یەکەمجارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بە دروشمی ژنان ڕاپەڕین ئەنجام دەدرێت

ئەندامی دەستەى بەرێوەبەریی کەژەکە بەسێ ئەرزینجان ڕایگەیاند، گەلانی ئێران لە کەسایەتیی ژینا ئەمینی دا لە دژی ستەم و چەوسانەوە ڕاپەڕین و ڕاشیگەیاند، شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕەنگی شۆڕشی ژنان ئەنجام دەدرێت.

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەژەکە لە وتارێکدا هەڵسەنگاندنی بۆ کوشتنی ژینا ئەمینی و ڕاپەڕینی گەل لە دوای ڕووداوەکە کرد.

بەسێ ئەرزینجان وتیشی: "ژنی کورد ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بە پاسای ئەوەی 'سەری خۆی باش دانەپۆشیوە' لەلایەن 'پۆلیسی ئەخلاق'ەوە دەستگیرکرا و بە ئەشکەنجە شەهید کرا. دوای ئەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردن لە ئێران و رۆژهەڵات دەستی پێکرد و چەندەها رۆژە بەردەوامە. پێش ئەوەی ژینا ئەمینی بکوژرێت لە مەریوان ژنێکی کورد بە ناوی شلێر ڕەسوڵی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا تاوەکو خۆی لە دەستدرێژیی  سەربازێکی بە کرێگیراوی ڕژێم ڕزگار بکات. دوای ئەو ڕووداوانە لەڕۆژهەڵات لە دژی ژنانی کورد، تووڕەیی و ناڕەزاییەکی گەورە وای لە خەڵکی سەرتاسەری ئێران دا دروستبوو و گەل ڕاپەڕی. بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان وێڕای ئیدانەکردنی کۆیلایەتی و گوشارەکانی سەر ژنان، سیاسەتەکانی ڕژێمی مەلاکانی ئێرانیان بۆ کۆیلەکردنی گەل و بیروباوەڕی هەمووان ئیدانە کرد.

ئەرزینجان سەرەخۆشی لە کەسوکاری ژینا ئەمینی و شلێر ڕەسوڵی و خانەوادەی هەموو کوژراوانی خۆپیشاندانەکان کرد و لە کەسایەتی شەهیدەکانیشدا بەڵێنیان دا، کە بە بەهێزتر بەشداری تێکۆشانی ئازادی دەبن و پێشەنگایەتی بۆ ئەم کەیسە دەکەن.

'بۆ یەکەمجار گەل بە دروشمێکی ژنان ڕاپەڕی'

بەسێ ئەرزینجان باسی لەوەکرد، کێشەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە بونەتە گەورەترین قەیران و گرێ کوێرە و وتی، "تاوەکو کێشەی ژنان چارەسەر نەکرێت، کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە چارەسەر نابن، بۆیە هێڵی ئازادیی ژنان و تێکۆشانیان پێشەنگایەتی بۆ ڕۆڵی یەکگرتوویی  تێکۆشانی گەل و باوەڕەکان دەکات. لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا نەریتێک هەیە، کە بە وتەی ئایینی ڕاپەڕە و دەسەڵات بڕوخێنە، بەڵام یەکەمجارە لە دەوری دروشمێکی ژنان، لە دەوری دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' گەل ڕادەپەڕێت. کوشتنی ژینا ئەمینی بوو بە دوا دڵۆپی ستەم و نایەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا، بۆیە شێواز و ناوەڕۆکی ئەو ڕاپەڕینە، کە لە ئێران دەستی پێکردووە زۆر جیاوازە و ڕادیکالە.

ئەمە یەکەمجارە ڕاپەڕینێکی لەو شێوەیە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدات. هەموو داواکارییەکانی ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی لە دەوری دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کۆ بوونەتەوە. هێزیان کۆکردەوە، هاوبەش بوون. ئەمە وەرچەرخانێکی زۆر ڕادیکاڵ و داوایەک بوو بۆ ئافراندنی ژیانێکی نوێی بێدەوڵەت لە نێو کۆمەڵگادا.

لە ساڵانی ٢٠٠٠دا هۆشیاری، هۆشمەندی و باوەڕێکی زۆر گەورە بۆ ئازادی لەلای ژنانەوە دروستبووە. تێکۆشانی ژنان و بزووتنەوە  ئازادییەکانی ژنان پشتبەستوون بە باوەڕ، دادپەروەری، موراڵ و ڕەوشت، هاوڕێیەتی و فەلسەفەی ژیانی ئازاد، بۆیە لە ساڵانی ڕابردوودا بزووتنەوەی ئازادیی ژنان هەوڵی زۆریاندا و فیداکاریی زۆریانکرد. هەوڵیان دا نوێنەرایەتیی ڕاستی و هەق و دادپەروەری بکەن و بەو هەنگاوەیان بوونە جێگای باوەڕ و بوێری بۆ کۆمەڵگا. کورد، فارس، ئازەری، بەلووچ، یارسان و هەموو گەل و باوەڕەکانی دیکەی ئێران لە دەوری دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کۆ بوونەوە و خۆپیشاندانیان بۆ ژینا ئەمینی ئەنجامدا، ئەوە بە ڕوونی دەخەنە بەرچاو، کە نەتەوەی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتیی ژنان دروست دەبێت.

بۆیە دەبێت پێش هەموو شتێک بزووتنەوەی ئێمەی ژنانی ئاپۆیی، هەموو تێکۆشانی ئازادی ژنان بە توندی و کاریگەرانە لە دژی مێشکی دەوڵەت- نەتەوە ڕۆڵی پێشەنگی خۆیان ببینن. بە پێشەنگایەتیی ژنان دەبێت کۆمەڵگا لە هەموو لایەکەوە پەرە پێ بدرێت و بەرەوپێش ببرێت. لە هەمان کاتدا دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' چاوەڕوانی بە پێشەنگایەتیی ژنان دەخاتەڕوو. باوەڕی و پێویستییەکی گەورە بە پێشەنگایەتی و هێڵی ئازادیی ژنان هەیە. ئەمەش وایکردووە، کە لە ناو کۆمەڵگەدا بارگران و بەرپرسیارێتییەکانی ئێمەی ژنان قورستر بێت. شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رەنگ و شێوەی شۆڕشی ژناندا ئەنجام دەدرێت. پێویستە ئامادەکاری، شێواز و  ڕێباز، بەرنامە، پلانسازی و هەڵوێستی ئێمە بەو پێیە بێت".

دەبێت دامەزراوەکانی دەوڵەت بێکاریگەر بکرێن

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕاپەڕین لە ئێران بارودۆخێکی نوێ ڕوویداوە و وتی: "لە ئێران ژنان و گەل لە ڕووی ڕۆحی و موراڵیەوە دەوڵەت خۆیان دادەبڕێنن. لە سەرتاسەری وڵات چالاکی زۆر ڕادیکاڵ هەیە، کە لە یەک کاتدا ئەنجام دەدرێن و پشتگیری یەکتر دەکەن. ئەمە یەکەمجارە دۆخێکی ڕادیکاڵی لەم شێوەیە لە ئێران ڕوو دەدات. ئەوەی پێویستە دەبێت لەم چوارچێوەیەدا بکرێت و ئەوە زۆر گرنگە. لە ئێستاوە پێویستە ژنان و گەلەکەمان ڕێکخستنەکانیان بەهێز بکەن. ڕاپەڕین ئیرادەیەکی زۆری گەورەی ژنان و گەلی لەگەڵ خۆی هێنا. زۆر گرنگە، کە ئەمە ڕێکبخرێت و بە رێکخستن بکرێت. دەبێت ڕێکخستنکردن لە دەرەوەی دەوڵەت دروست بکرێت. پێویستە ژنان و گەلەکەمان لە گوند و شارەوە دەست پێبکەن، ئەنجومەن و کۆمونەکانی خۆیان و ڕێکخستنەکانی خۆیان دروست بکەن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن بەبێ ئەوەی بچنە بەردەستی دەوڵەت و دام و دەزگاکانی".

ئەرزینجان ئاماژەی بە گرنگیی دۆزینەوەی ڕێگا و شێوازەکان و ڕێوشوێنەکان بۆ خۆ پاراستنی خۆیان کرد و وتی: "نابێت یەکتر بە تەنیا بهێڵن، پێویستە گەلی یەکڕیزیی خۆی بەهێز بکات و پێکەوە کۆببنەوە و پشتیوانی لە یەکتر بکەن. بە بێ پێویستی بە دەوڵەت، دەبێت بتوانن ڕێگاکان و شێوازەکانی ژیان بئافرێنن. گرنگە لەمەودوا تۆوی ئافراندنی نەتەوەیی دیموکراتیک بچێنرێت و شین بکرێت. بە هێز و هونەرەکەیان دەبێت بتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، کە 'چۆن ژیانێکی بێ دەوڵەت ڕوودەدات'؟ دەبێت ژنان و گەل بتوانن هەنگاو بە هەنگاو لە دەوڵەت دووربکەنەوە و پرۆژە بئافرێنن و سیستمی خۆیان دروست بکەن. تەنانەت ئەگەر دەستپێکردنیش زەحمەت بێت بە دڵنیاییەوە هەنگاو بەهەنگاو دەتوانن لەم بوارەدا پێشکەوتن و بەرەوپیشچوون دروست بکەن.

لەم چوارچێوەیەدا داوا لە هەموو ژنان و گەلەکەمان لە ئێران دەکەم، کە یەکڕیزیی خۆیان بەهێز بکەن و پێکەوە و هەماهەنگ کار بکەن، سیستەمی خۆپاراستن، خۆبەڕێوەبەری و ڕێکخستن دروست بکەن. پێویستە ژنان و گەلەکەمان دەست بکەن بە دروستکردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری".

گەلی کورد کاتێک یەکبگرێت دەتوانێت سەربکەوێت

بەسێ ئەرزینجان بۆ گەلی کورد وتی، تەنها  دەتوانێت لە ڕێگەی ڕێکخستن و یەکڕیزییەوە سەربکەوێت و وتیشی: "دەبێت گەلەکەمان لە ئێران خۆیان بە بەهێزی لە دژی دەوڵەت ڕێکبخەن. لە جیاتی ئەم دەوڵەتە داڕزاو و وێران و ڕوو لە داڕمانە، پێویستە هەوڵی دروستکردنی سیستمێکی دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەریی خۆجێی بئافرێنن. دەبێت لە ئێران بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد، فارس، ئازەری، بەلوچ و هەموو گەل و باوەڕکان پێکەوە و هەماهەنگ کار بکەن بۆ پیادەکردن و چەسپاندنی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، بۆ بەدیهێنانی مۆدێلی نەتەوەیی دیموکراتیکی پێکەوە خۆیان بە رێکخستن بکەن، کار بکەن و سەربکەون. پرۆژەی ئێمە 'ئێرانی دیموکراتیک، کوردستانی خۆبەڕێوەبەر' پرۆژەیەکی مێژووییە. لەسەر بنەمای بنیاتنانی خۆبەڕێوەبەریی لە کوردستان پێویستە گەل  خەبات و تێکۆشانی یەکگرتووانە بەرپا بکات و بەڕێوەی ببات.

لەسەر ئەم بنەمایە جارێکی تر سڵاو لە بەرخۆدانی ژنان و گەلانی ئێران دەکەم. پێش هەموو شتێک پێویستە گەلی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو شوێنێک پشتگیری لەم ڕاپەڕینە لە ئێران دا بکەن".

ژ.ت