" بزووتنەوە سیاسیی و چەکدارییەکانی باشوور دژە شۆڕشن"

"بە تێگەشتن لە تیۆرەکانی شۆڕشگێڕی دەگەین بەو ئەنجامەی کە ئەو بزووتنەوە و سەرهەڵدانانەی باشووری کوردستان، بەوانەی ڕابردوو و ئێستاش کە لە دەسەڵاتن یاخود ئۆپۆزیسیۆنن، شۆڕشێک نەبوونە لە پێناو گەل بەڵکو ململانێی دەسەڵات بووە".

زیاتر لە سەد ساڵە چەندین بزووتنەوەی چەکداریی و سیاسی، لە باشووری کوردستان سەریانهەڵداوە و خۆیان دووبارە کردووەتەوە، بەڵام هیچیان سەرکەوتوو نەبوون و ژیانێکی  باشتریان بۆ کۆمەلگە فەراهەم نەکرد، بەوانەشەوە کە سەرکەوتن بۆ سەر دەسەڵات، چونکە لە ڕیشەوە شۆڕش نەبوون و ئامانجەکانی شۆڕشیان لە خۆیاندا هەڵنەگرتووە، حەسەن جودی، نوسەر و لێکۆڵەریش پێیوایە، چەمک و کردەی شۆڕش لە باشوردا چەواشە کراوە و ئەوەی بەناوی شۆڕشەوە بەڕێوە چووە لە بنەڕەتدا دژە شۆڕشە.

حەسەن جودی، نوسەر و لێکۆڵەر لە پەرتووکی" پرسی شۆڕش و دژە شۆڕش" ئەو مێژووەی بە ناوی شۆڕشەوە تۆمار کراوە بەر ڕەخنەی دەدات و پۆلێنکاری بۆ ئەو بزووتنەوە چەکداریی و سیاسیانەش دەکات کە لە دوای سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ سەریان هەڵداوە، باسی تیۆرەکانی شۆڕش دەکات و ئەو پرسیارە دەورووژێنێ ئاخۆ کام لەو بزووتنەوانە هەڵگری تیۆرییەکانی شۆڕشگێڕی بوونە.

شۆڕش چییە؟

لە بارەی چەمکی شۆڕش و دەرکەوتنی  شۆڕشگێڕی ساختەوە حەسەن جودی دەڵێت: بە بێ ڕەخنە لە چەمکی شۆڕش و سەر لە نوێ پێناسە کردنەوەی، ئەوا بەرپاکردنی شۆڕشێکی" زیهنی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی" ئاستەمە، چونکە هیچ چەمکێک وەک چەمکی شۆڕش لە باشووردا چەواشە نەکراوە، ئەوەی بە ناوی شۆڕشەوە بەرپا کراوە لە بنەڕەتدا دژە شۆڕش بووە، بە ناوی شۆڕشەوە زەمینەی چەندین شۆڕشیان لە ناو بردووە، بێگوومان وەهمی شۆڕش وەهمی شۆڕشگێڕبوونیشی هێناوەتە کایەوە، شۆڕش بە پێناسە سادەکەی بریتییە لەکردەی ئافراندنی" باوەڕی، هیوا، ئیرادە، وزە و هێزی تێکۆشان بۆ ئازادیی و ژیانێکی باشتری کۆمەڵگا، بەڵام  لە باشوور دوای هەموو ئەو بزووتنەوانە نەک  ئازادیی و ژیانی باشتریی نەهێناوەتە دی، بەڵکو هیواو باوەڕی بە ژیانێکی باشتریشی کەمتر کردووەتەوە.

هزری شۆڕشگێڕیی چییە؟

سەرکردەی ئەو بزووتنەوە چەکداریانە زۆرجار گەلی باشووریان کردووە بە بەردەباز و بە سەریا پەڕیونەتەوە بۆ بە دەستهێنانی ئامانجەکانیان، خاوەنی هزرێکی شۆڕشگێڕی نەبوونە و هەمیشە لە شەڕی بەشە دەسەڵاتدا بوونە  لەو بارەیەوە حەسەن جودی دەڵێت: ئەوەندەی مرخیان لە دەسەڵات خۆشکردبوو، ئەوەندە لە پێناو ئازادیی و بەرگریی کردن لە گەل نەبوونە و خاوەن هزرێکی شۆڕشگێڕییان نەبووە، لە هەر بزووتنەوەیەکیشدا هزری شۆڕشگێڕی نەبوو ئەوا شۆڕش، کردەی شۆڕشگێڕیی،  دەسکەوتی شۆڕشگێڕیی، کەسێتی شۆڕشگێڕیی، کەلتووری شۆڕشگێڕیی و ئەنجامی شۆڕشگێڕیی بە دینایەت، هەرکات هزری شۆڕشگێڕی بزر بوو، ئەوا هەرچی بە ناوی شۆڕشەوە دەکرێت دژە شۆڕشە، هزری شۆڕشگێڕیش بریتییە لە کۆمەڵێک چەمک و لۆژیکی شۆڕشگێڕانە بۆ دۆخی مێژوو و ئێستا و داهاتوو، لە ڕێگەی میتۆدێکی شۆڕشگێڕانەوە دەگەین بە ئەو باوەڕییەی کەوا دۆخی هەیی لە ڕیشەوە بگۆڕین وەک پێویستییەکی ژیاریی و دۆخی ئەلتەرناتیڤ بخولقێنرێت.

تیۆرەکانی شۆڕشگێڕیی چین؟ ئایا ئەو بزووتنەوانە هەڵگری تیۆری شۆڕشگێڕی بوون؟

حەسەن جودی لە بارەی تیۆری شۆڕشگێڕیی دەڵێت: چوار ستووندی شۆڕشگێڕی هەیە یەکەمیان: هزری ڕەخنەییە کە بنچینەی تیۆری شۆڕشە، دووەم: تیۆری شۆڕشگێڕیی خستنەڕووی ئەڵتەرناتیفی شۆڕشگێڕانەیە، تیۆری سێیەم: بونیادنانی کەسێتی شۆڕشگێڕانەیە کە کەسێتی ئازادە، چوارەم: خستنەڕووی میکانیزمی وەرچەرخانی شۆڕشگێڕانەیە، بە هەرچوار ستووندەکەوە کردە( پرۆسە)ی شۆڕشگێڕانە دەخولقێت، بەبێ یەکێک لەو چوار ستووندە کردەی شۆڕشگێڕیی نەزۆک دەبێت، ئێستا با بپرسین لە کام بزووتنەوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی باشووردا ئەم تیۆرە شۆڕشگێڕیانە هەبووە؟

 بزووتنەوە چەکداریی و سیاسییەکانی باشوور کێ بوون

بزووتنەوە سیاسی و چەکدارییەکانی باشووری کوردستان، وەڵامی کێشەکانی کۆمەڵگە نەبوونە و زیاتر هۆکاری سەرهەڵدانیان ململانێیان بووە لەسەر دەسەڵات، یاخود مەقاشی دەستی دەرەکی بوونە حەسەن جودی ئەو بزووتنەوانە بۆ چەند بەشێک پۆلێن دەکات و دەڵێت: دەتوانین ئەو بزووتنەوانە بۆ چەند بەشێک پۆلێن بکەین، یەکەم: میلیگەرایی سەرەتایی کە بە (کوردایەتی) ناسراوە، لە بنچینەدا ئایدۆلۆژیای چینی باڵا دەستی کوردە، هەمیشە یا ناکۆک بوونە لەسەر بەشە دەسەڵات لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق، یاخود هێزە دەرەکییەکان لە دژی گەلانی عێراق بەکاری هێناوە، دووەم: چەپی کلاسیک کە بە عەقڵێتی دۆگماوە خۆی نمایشکرد زیاتر لەوەی کە هێزێکی دیالێکتیکی بێت، سێیەم: لیبراڵیزمی پاوانخواز لە هەناوی هێزەکانی پێش خۆی سەری هەڵداوە و تا دێت باشوور ڕادەستی سەرمایەی جیهانی دەکەن، چوارەم: ئیسلامی دەسەڵات خواز کە هەڵەیە بگوترێت ئیسلامی سیاسی، خەونە دۆگماییەکانیان پاڵنەری دەرکەوتنیان بووە و هەمیشە مەقاشی هێزە دەرەکییەکان بوونە.

بە تێگەشتن لە تیۆرەکانی شۆڕشگێڕی دەگەین بەو ئەنجامەی کە ئەو بزووتنەوە و سەرهەڵدانانەی باشووری کوردستان، بەوانەی ڕابردوو و ئێستاش کە لە دەسەڵاتن یاخود ئۆپۆزیسیۆنن، شۆڕشێک نەبوونە لە پێناو گەل بەڵکو ململانێی دەسەڵات بووە، چونکە ئەوانەی پێشووتر بینیمان دامرکانەوە شۆڕشێکی پیاوانە بوو نیوەی کۆمەڵگە کە ژن بوو بەشداری پێنەدەکرا، ئەوانەشی هاتنە سەر دەسەڵات  زیاتر لە ٣٠ ساڵە باشوور بەڕێوە دەبەن، هیچکات ژیانێکی ئازاد و باشتریان بۆ کۆمەڵگە فەراهەم نەکرد کە گرنگترین ئامانجی شۆڕشە، خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانی ئێستاش نموونەی ئەو ژیانە خراپەن، کە چەتەکانی کوردایەتی بە خەڵکیان بەخشیوە و گەلیان تووشی بێ ئومێدییەکی گەورە کردووە، ئەوانەشی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو دەسەڵاتەن، هەمیشە مەقاشی دەرەکی بوونە، وەک حەسەن جودی دەڵێت: بە گوریسێکی گەورەوە گرێدراوی دەرەوەن. ئەمەش بۆخۆی وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە ساڵانێکی زۆرە گەلی باشوور دەیکات و دەڵێن: بۆچی هەموو بزووتنەوە کوردییەکان شکستیان هێناوە و ژیانێکی باشتریان بۆ گەل درووستنەکردووە. دەبێت گەلی کورد بەگشتی و باشوور بەتایبەتی بگەن بەو باوەڕییەی، کە ژیانێکی باشتر و ئازاد و شکۆمەند، تەنها بە شۆڕش دەکرێت و ئێستاش شۆڕشێک لە ئارادایە، کە نزیکەی ٥٠ ساڵە گەریلاکانی ئازادی بە ڕۆحییەتێکی شۆڕشگێڕی تێکۆشان دەکەن، بۆ ئازادی گەلی کورد و هەموو گەلانی تر.

هـ . ب