چل و یەکەمین ساڵیادی هەڵمەتی قارەمانێتی

گەریلا تادێت کاتە سەختەکان تێدەپەڕێنێت، خۆی نوێ دەکاتەوە و باشتر پۆتێنشاڵی خۆی دەداتە شەڕ. بۆیە لە چل و یەکەمین ساڵیاددا، گەریلا نزیکترە لە سەرکەوتنەوە.

نووسینی ١٥ ی ئاب

کورد و دۆستەکانیان چلەمین ساڵیادی هەڵمەتی گەریلای ١٥ ی ئابی ١٩٨٤ پیرۆز دەکەن. بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، لە هەموو گۆڕەپانێک ئاهەنگ دەگێڕن. بێگومان ئاهەنگی هەرە واتادار، گەریلاکانی ئازادی کوردستان ئەنجامی دەدەن. ڕۆژانە، بەتایبەت لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی گردی بەهار و سەرگەڵێ لە زاپ، هەروەها لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گولکا و لە چەندین گۆڕەپانی مەتینا، چالاکی پیرۆزکردنی چلەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب ئەنجام دەدەن. لە چەندین گۆڕەپانی باکووری کوردستان، بەتایبەت لە گەڤەر ئەم چالاکییانە ئەنجام دەدرێن، لەبەرئەوەی چالاکییەکان زۆر سەرکەوتووانەن، گورزی کەمەرشکێن لە چەتەکانی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست دەدەن. لە ٤١ هەمین ساڵیادی هەڵمەتی قارەمانێتیدا، وەها تێدەگەین کە گەریلا زیاتر پێشدەکەوێت و سەرکەوتنی گرنگ بەدەست دەخات.

وەک دەزانرێت پەکەکە ئامادەکارییەکانی هەڵمەتی ١٥ ی ئابی لە گۆڕەپانەکانی لوبنان-فەڵەستین دەست پێ کرد، ئەنجامی ئەم خەباتەی لە سەرەتای هەشتاکانەوە دەستی پێ کرد، لە یەکەمین کۆنفرانس و دووەمین کۆنگرەدا بەڕوونی دەرکەوت. پەکەکە ئەو هێڵە سەربازییەی پلانی بۆ دانابوو دژی ڕژێمی فاشیست-عەسکەریی ١٢ ی ئەیلوول جێبەجێی بکات، لە کتێبی "ڕۆڵی توندوتیژی لە کوردستان"ـدا شرۆڤە کرد. ئەم هێڵە گوزارشتی لەوە کرد کە هێڵی شەڕی درێژخایەن کە چەندین گەل ئەزموونیان کردووە، لە واقیعی کوردستاندا جێبەجێ دەبێت. پێشبینی شەڕی گەریلایی لە کوردستان دەکرد، هەروەها وەک ستراتیژ هاوپەیمانی لەگەڵ شۆڕشی گەلی دیموکراتیکی تورکیا و سیستەمی سۆسیالیستی واقیعی دەستنیشان دەکرد. لەسەر ئەم بناغەیە ڕێکخستنی بەرەی ڕزگاریی نەتەوەیی لە کوردستان بەبنەما گرت، وە دەیویست بەرەی "بەرخۆدانی یەکگرتوو دژی فاشیزم" بۆ تورکیا دابمەرزرێنێت.

ئامادەکارییەکانی پەکەکە لە چیا ستراتیژییەکانی کوردستا بەردەوام بوو، وەک بەدیهێنانی هێڵی ناوبراو بە چالاکییەکانی ئەروح و شەمزینان لە ١٥ ی ئابی ١٩٨٤، دەستی پێ کرد. پەکەکە ئاستەنگەکانی بەردەم بەردەوامی گەریلای تێپەڕاند و بە شەڕی گەریلا لە دەسپێکی ساڵی ١٩٩٠ گەیشتە سەرهەڵدانی گەل. بەرخۆدانی گەل لەگەڵ گەریلادا یەکی گرت. لەسەر بناغەی ئەو ستراتیژە دیاریکراوە، گرتنەبەری هەنگاوێکی نوێ بوو بە ڕۆژەڤ. بەڵام تەسفیەکردنی تەڤگەری شۆڕشگێڕانە لە تورکیا و شکستی یەکێتی سۆڤیەت دەرفەتی بەم کارە نەدا. لەو هەلومەرجەدا ڕێبەر ئاپۆ پێشبینی ئەوەی کرد کە گۆڕەپانێکی ڕزگاریی لە بۆتان و بادینان بئافرێنێت، بەڵام پێشەنگی گەریلا بە پراکتیک ئەمەی نەکرد. لە ئەنجامی ئەمەشدا لەسەر بناغەی "شەڕ دژی پەکەکە"، "ئیدارەی هەرێمی کوردستان" سەریهەڵدا و شەڕی باشوور لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ دژی پەکەکەدا سەپێنرا. بەم جۆرە، ئیدارەی ناوەنی هەولێر وەک نەیاری شەڕی گەریلا شکڵی گرت.

کاتێک ئاگربەستی پەکەکە لە ئاداری ١٩٩٣ ئەنجامی نەبوو، شەڕی ١٩٩٣-١٩٩٨ کە مەزنترین شەڕی کورد و دەوڵەتی تورکە، بوو بە ڕۆژەڤ. ئەم شەڕە شکستی هێنا، لە ئەنجامدا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەریهەڵدا. لە قۆناغی ئاگربەستی ٢ ی ئابی ١٩٩٩، گەریلا لە گۆڕەپانە شاخاوییەکانی سنووری دەوڵەتی تورک-عێراق نیشتەجێ بوو، وە لە ئەیلولی ٢٠٠٢ ئەم گۆڕەپانانەی گەریلا بە ناوی "هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا" وەک گۆڕەپانی ڕزگارکراو ڕاگەیاندران. دژی هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئەو گۆڕەپانانە، شەڕ دەکرا و ئەو گۆڕەپانانە دەپارێزران. بۆ ئەمەش لە بنا‌غەی گۆڕینی پارادایمدا، گەریلا لەژێر ناوی هەپەگە نوێکرایەوە و خەباتەکەی سەرلەنوێ پەرەپێدا. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ هەڵمەتێکی شۆڕشگێڕیی لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و سەربازیی ڕاگەیەندرا. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٠ ستراتیژەکە گۆڕدرا و ڕاگەیەندرا کە تێکۆشان لەسەر بناغەی ستراتیژی گەلی شۆڕشگێڕیی دەبێت. لە ئەنجامی ئەو شەڕە توندوتیژانەی کە لە ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٢ ڕوویدا و بە کاریگەریی قۆناغی "بەهاری عەرەبی"، شۆڕشی لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ بەدواوە شۆڕشی ئازادیی ڕۆژئاوا پەرەی سەند.

جێگیربوونی گەریلا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و پێشکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، هێزەکانی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ترساند، هەمان ئەو هێزانەی کە پرسی کوردیان ئاشکرا کرد و درێژەی پێدا. لەسەر ئەو بناغەیە "پلانی چالاکی هەڵوەشاندن" کە ئامانجی لەناوبردنی پەکەکە و گەریلا بوو، لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٤ لە کۆبوونەوەی دەستەی ئاسایشی نەتەوەیی ئامادەکرا و قبوڵکرا. لە ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٥ەوە ئەو پلانەی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو چوارچێوەیەدا، لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٦، کاتێک بایدن و بارزانی لە ئەنقەرە بوون، سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر جەرابلوس لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و بۆ سەر چەلێ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.

بەدرێژایی ٨ ساڵ، لەسەر بناغەی ڕێککەوتنی دەوڵەتی تورک و ئەمریکا و پەدەکە بە ئامانجی سەرکوتکردنی گەریلا و داگیرکردنی ئەو شوێنانە، هێرشێکی سەربازیی دژوار ئەنجام دەدرێت. لەم هێرشانەدا بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و کیمیایی بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردێن. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دژی هەموو ئەم هێرشانە، ٨ ساڵە قارەمانانە بەرخۆدان دەکەن و ڕێگە بە داگیرکاری نادەن. لە ٣ی تەمموزی ٢٠١٤ەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە بەشداری ئیدارەی عێراق و بارزانییەکان گۆڕاوە بۆ هێرشی لکاندن. لەسەر ئەم بناغەیە، لە چلەمین ساڵیادی هەڵمەتی گەریلا لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤، شەڕ لە هەرێمەکانی ڕۆژئاوای زاپ و مەتینا دژوارتر بووە.

لە چلەمین ساڵیادی هەڵمەتی گەریلا لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤، واتە لە ساڵیادی چالاکییەکانی ئەروح و شەمزیناندا، دەزانرێت کە شەڕی گۆڕەپانی زاپ سەختە و ئامادەکاریی زیاتریش دەکرێت. ئەو سەردەمە و ٤٠ ساڵ لەمەوبەر ئەم گۆڕەپانە هەرێمی گەریلا بووە و هەروەها هەرێمێکی ناوەندیش بووە کە گەریلاکان بە هێزی خۆیان تێیدا نیشتەجێ بوون. ئەو شەڕەی لە ئەروح و شەمزینانەوە دەستی پێکرد، هەر چوار لای کوردستانی گرتەوە و ئێستاش لە ٤٠ هەمین ساڵیادیدا شەڕی لەم گۆڕەپانە ناوەندییە هەمدیسان دژوارە.

فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە پشتگیرییەکی چالاکانە لە ئیدارەی عێراق و بارزانییەکان وەردەگرێت، بەبێ گوێدانە هیچ یاسا و ئەخلاقێک هێرشی دڕندانە دەکاتە سەر حەفتانین و مەتینا و زاپ و ئاڤاشین و خواکورک-خنێرێ و هەوڵی داگیرکردن و لکاندنیان دەکات، لەژێر ناوی "ناوچەی ئارام"دا دەیەوێت ئەو شوێنانە بخاتە سەر دەوڵەتی تورک. ئەگەر ئەمە سەربگرێت، هێرش دەکاتە سەر هەموو ناوچەکانی سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و هەوڵ دەدات هەموو باشووری کوردستان بلکێنێت بە خاکەکەیەوە. سوود لە ڕەوشی جەنگی جیهانی سێیەم وەردەگرێت و بۆ ڕێگری لە ئازادی کورد، بەپێویستی دەزانێت ئەم کارە بکات.   

ئیدارەی عێراق دژی ئەمە وەستایەوە، بەڵام لەسەر بناغەی ڕێککەوتنی ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤ بۆ کارەبا و ئاو ئەم پلانەی قبوڵ کرد. بارزانی هەمیشە بەلایەوە باشترە کە باشووری کوردستان بکاتە هەرێمێکی سەر بە دەوڵەتی تورک. لەسەر بناغەی ئازادیی کورد، پەکەکە ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە دیموکراسیکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناویندا. ئەمریکا و سیستەمی دەوڵەتی لەم ڕۆڵەی پەکەکە دەترسن و دەیانەوێت پەکەکە بە هێرشە فاشیستەکانی ئاکەپە-مەهەپە سەرکوت بکرێت یان لانیکەم زۆر لاواز بێت. بەم شێوەیە هاوپەیمانی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ هێرشەکەی دەستپێکرد، هەوڵدەدات ئێستەش هەمان هێرش دژی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە و گەلی کورد دووبارە بکاتەوە.

دژی ئەو هەموو هێرشانە، ڕێبەر ئاپۆ و گەریلا و گەلی کورد و دۆستەکانیان بەرخۆدانی ئازادیی سەرتاسەری بەڕێوەدەبەن. بێ گومان مەزنترین بەرخۆدان لە ئیمراڵی ڕابەرایەتی دەکرێت. ماوەی ٤١ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەر ئاپۆوە بەدەست نەهاتووە، نیگەرانی جددی هەیە سەبارەت بە تەندروستی و سەلامەتی وی. گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە باکووری کوردستان و هەموو گۆڕەپانەکانی تورکیا شەڕ دەکەن. بێ گومان زۆرترین شەڕ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەکات، کە ناوەندەکەی زاپە. هەڵمەتی ١٥ی ئاب و ڕۆحی سەرکەوتن لەم بەرخۆدانەدا هەردەم وەک فیداکاری و قارەمانێتی ڕابەرایەتی دەکرێت. لەسەر ئەم بناغەیە پێ دەنێینە نێو ٤١ هەمین ساڵیادی هەڵمەتەکەوە.

ئەمانە هەمووی دەری دەخەن، ٤١ هەمین ساڵیادەکە شەڕ هێندەی تر سەخت دەبێت و ئەنجامی سیاسی و سەربازیی گرنگ بەدوای خۆیدا دەهێنێت. دەوڵەتی تورک و فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە تا ئێستا هەموو یەدەگی جەنگی خۆیان خستۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەموو چەتەکانیان بەکاردەهێنن. لەمە زیاتر هێزی نییە و ئێستا تاکە هیوای دروستکردنی شەڕە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، لەسەر ئەم بناغەیە هەموو جۆرە هەوڵێکی ئاژاوەگێڕی پەیڕەو دەکات. بەڵام ڕوونە کە ئەمەش چارەسەر نییە. گەریلا تادێت کاتە سەختەکان تێدەپەڕێنێت، خۆی نوێ دەکاتەوە و باشتر پۆتێنشاڵی خۆی دەداتە شەڕ. بۆیە لە چل و یەکەمین ساڵیاددا، گەریلا نزیکترە لە سەرکەوتنەوە. حەتمەن کارەساتێک چاوەڕوانی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە و هاوکارەکانی دەکات.

 

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆڵەتیکا