چەند یاداشتێک لە ژێر خاکەوە

ئاوەکە نزیک بوو، خۆڵەکەی سەر منی راماڵی، ئەو نایلۆنەی ئێسکەکانمی تێداپێچرابوو، ئاو بردی، ئاو گەیشتە ئێسکەکانم. دەبوایە خۆم بە شوێنێکەوە بگرم، نەمهێشتبا ئاو لە خاکەکەم دوورم بخاتەوە.

ئاوەکە هروژمی هێنا و شەپۆلەکانی دایاندەپۆشیم. خۆڵەکە ڕۆدەچێت. ئاخۆ ئاوەکە دەگات پێم؟ پێویست بوو زیاتر چنگی خۆم لە خۆڵەکە گیربکەم؛ ئێرە خاکی ئێمەیە کە لێی گیرساومەتەوە، خاکی شەهیدانمانە. نابێت دەستبەرداری ببم.

شەهیدانی وەرخەلەیم بیرهاتەوە. لە ئەشکەوتی هاوڕێیانمدا شەهید چاڤڕێ و جومالی لە بەرگریدا بوون، ئەو قسەیەیی شەهید جومالی کە لەکاتی بەرخۆداندا وتبووی کەوتەوەیادم: تا دوا دڵۆپی خوێنمان، تا ئێستەکانمان دەتوێتەوە، دەجەنگیین. دەنگی هاژەی ئاوەکە دەگات بە گوێم، ڕوناکی چاوەکانم دەسوتێنێتەوە، کێ سەری لابردم؟ بە خۆڵ دامپۆشن، ئێرە زێدی منە، بمخەنە نێو ئەو گۆڕەوە کە بەدەستەکانی خۆم هاوڕێیانم تێداناشت. ڕابردوو و داهاتووی منە، مێژووی منە. من لالەش کچی ئێزدیم.

پێش دووساڵ هاتمە چیاکانی کوردستان، من ئێزدیم. ناوم لالەشە، پێش فەرمانی شەنگال، پێش کۆمەڵکوژییەکە هیچ کەسێکم نەدەناسی. لە نێو چاوەکانمدا ترس و بێ-ئیرادەیەک هەبوو. بەڵێ داعش دەیوست بمڕفێنێت، بمفرۆشێت، زیندە بەچاڵم بکات، بوونم لە ناوبەرێت. دەستەکانم کەلەپچە کرابوو، پرچم لە نێو خاکدا بوو. دایک و باوکم لە کوێن، تەنانەت ئەوەش نازانم. لێوەکانم لە تینێوێتییدا قڵێش ببوو، قژم بەسەر ڕوخسارمدا شۆڕببووەوە. چاوەکانم زیاتر دەردپۆقایە دەرەوە، ئەوانەی لێیان دەڕوانیم دەترسان. کێ لێم بڕوانێت، بە دەنگی گریانەوە دەڕوانێت. لە خاکەکەم دووردەکەوتمەوە، ئەو زێدەی تێیدا گەورەبووم و پەروەردەبووم جێم دەهێڵا. نەک بە تەنها من، هەموو گەلەکەم پشتییان لە شەنگالی تۆز لەسەر نیشتوو کردبوو، کۆچییان کردبوو.

تەپوتۆز بوو، خاک دادەڕما، وەک ئەوەی بەسەرمدا دەکەوت. گریان و زریکەی منداڵان وەستایەوە، خۆم سەرخست، تەپ و تۆز شەنگالی داپۆشیبوو. دەنگی فیشەک دەهات، پێشمەرگە پێڵاو زەردەکان دەهاتن کە لالشییان لە دەستدابوو. نا نەخێر ئەمانە پێشمەرگە نەبوون، جیاوازن، بە ڕوویەکی خۆشەوە بەرە ڕووم دەهاتن، پشتییان نەکردبووە شەنگال، ڕوویان لێم بوو. ئەبێ ئەمانە کێبن، ئاخۆ دەبێت لەگەڵییاندا برۆم، دەستم برد بۆ چەکەکەم، لە دژی ئەوانە شەڕکەم کە دەیانەوێت خاکەکەم لەناوبەرن. نا نەخێر ئەمانە پێشمەرگە نین. دەنگی هاواری دایکێک دەهات: فریشتە هات، فریشتە دەرکەوتنە سەر ڕووی زەوی، فریشتە دێن. فیشەک دەگەشتە شەنگال. دەنگی 'ئەڵا و ئەکبەر' کە شەنگالی تەنیبوو کەم دەبوونەوە، ئێستا ئەو دەنگەی دەمبیست دەنگی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' بوو کە ژنان بە بەرزی دەیانگوتەوە. دەبوایە لەسەر ئەم ڕێگەیە هەنگاوم هەڵگرتایە، بە دوای ژناندا بچوومابا. دەبوایە ببموایە بە هاوەڵی ئەو ژنانەی کە بە هەڵهەڵەکانیان ئەرز و ئاسمانیان دەهەژاند. شەش ساڵە لە دڵەوە لەم ژنانە دەڕوانم. لە چیاوە هاتبوون. مەشخەڵی سەرکەوتن بوون، خەنجەری فریادڕەسی مرۆڤایەتی لە دەستی ئەواندابوو. بە قسەی گەلەکەم، ئەم گەریلایانە هیوای جیهان بوون.

بیرم دێتەوە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ڕۆشتمە قەڵای بەرخۆدانی زاپ. ئەو بەرگەم لەبەرکرد، بە چیاکاندا گەڕام، چەندین هاوڕێم پەیدا کرد، فێربووم کە خۆم بپارێزم و ببمە خۆم. حەزم لە دار، ئاو و خاک دەکرد، لە چیاکانی کورستاندا هاواری 'ئازادیم' پر بە دەنگی خۆم دەبڕی، کە هەموو کاتێک لە حەسرەتییدا بووم. بریندار بووم، ڕەنجم دا، یادەوەریم بۆ دروستبوو، بە ئەرزدا کەوتم، ئەژنۆ و شانەکانم بریندار بوون. باری ئازار کەوتە سەر شانم؛ ئارەزووم بوو هەموو سەختییەکان تێپەڕێنم. کارم کرد، خوێنم ڕژاند، بەسەر هاوڕێکانمدا گریام، بیریانم دەکرد، سوێندی تۆڵەکردنەوەم خوارد لە پێناو هاوڕێ شەهیدەکانمدا لە گۆڕەپانە سەختەکاندا بجەنگم و لە پێی سەرکەوتنی دۆزەکەمدا ڕۆشتم. لە گۆڕەپانی کۆکەلەی زاپ ڕووبەڕووی دووژمن بوومەوە. ئەو زمانە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٤دا دەیانویست تف لە خاکەکەم بکەن و تێپەڕن. هاڕێیانم پاراستمیان، منیش ئەوانم پاراست. لەو جێگەیە خوێنم ڕژاند. لە ئەنجامی هێرشی چەکی کیمیاوی دەوڵەتی تورکدا کە دووژمنی ئازادی، دووژمنی ژنە، ڕەگەزپەرستە، داگیرکەر و فاشیستە، شەهید بووم. بەڵێ شەهید بووم، گۆشت و خوێنیشم توابێتەوە هەرگیز جارێکی دیکە دەستبەرداری ئەم خاکە نابم.

ئاوەکە نزیک بوو، خۆڵەکەی سەر منی راماڵی، ئەو نایلۆنەی ئێسکەکانمی تێداپێچرابوو، ئاو بردی، ئاو گەیشتە ئێسکەکانم. دەبوایە خۆم بە شوێنێکەوە بگرم، نەمهێشتبا ئاو لە خاکەکەم دوورم بخاتەوە.

ئاخۆ کەی ئاوەکە کەم دەبێتەوە؟ هاژەی ئاوەکە کەم بوو. ئازاری ئێسەکەکانم مایەوە، بۆنی کیمیاوی بەسەرمدا دەهات. مەگەر ئەوە شەهید ڕۆسیدا نیە؟ بەڵێ، بۆ ئەوەی زووتر ئاوەکە کەم بێتەوە چاڵێک هەڵدەکۆڵێت. 'هەڤاڵ، هەڤاڵ، هەڤاڵ...'تۆ بڵێ دەنگم پێی نەگات؟ ئاو کەم دەبوو، هاژەی ئاو کەم دەبێتەوە. هێشتا لێرەم. هەڤاڵ ڕۆسیدا لێرەم، لە ژێر خاکم، بۆئەوەی لە بەرزی لوتکەی زاپ بڕوانم لێرە سپاردویانم بە خاک، لە تەنیشت تاشە بەردێک، لێرەم. منم گەریلا لالەشی کچە ئێزدی.