دایکێک کە ژیانی بەردەوام تێکۆشان بوو: دایە عۆڤەیش

ڕێبەر ئاپۆ: "کاتێک سەیری ژنان و دایکانی گوندەکەم کرد، بینیم کە زۆر لاواز و زەلیلن. وا هەستم دەکرد کە هەموو ژنان وەها هەژار و زەلیلن، بەڵام کەسایەتی دایکم وای لێکردم هێزی ژنە خوداوەندەکان بناسم و جەوهەریان ئاشکرا بکەم."

مرۆڤایەتی لە سەرەتای مێژووەوە تا ئەمڕۆ، لەدایکبوونی بە مانادار و پیرۆز زانیوە. هێشتا لە کۆمەڵگا سروشتییەکاندا (کۆمەڵگەی دەرەوەی دەوڵەت)، لەدایکبوون گرنگییەکی زۆری هەیە. بۆ ئێمەی گەلی کورد، یادی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە دایکبوونی گەلی کوردە. بۆ هەموومان ئەم یادە لەدایکبوونە بە مانادار و پیرۆز دادەنرێت. سەرەتای گەلی کورد لەدایکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هەروەها کاریگەری خۆی لەسەر هەموو جیهان هەبووە. وەک دەزانین گەلی کورد زیاتر بە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانی رێبەر ئاپوەوە دایە عۆڤەیشیان ناسی و بە نموونەی خوداوەندی کولتووری چاخی بەردین دەزانی. ڕێبەر ئاپۆ لە کتێبی "چۆن دەبێت بژین" و هەروەها لە زۆرێک لە کتێب و شیکردنەوە و بەرگرییەکانیدا باس لە منداڵی خۆی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دایە عۆڤیش دەکات.

ڕێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندنەکانی خۆی لە قۆناغەکانی ڕاهێنانی کادێرەکاندا کردۆتە بنەما بۆ ڕێکخستنی کەسایەتیی ئەوانەی بەدوی حەقیقەت دا دەگەڕێن. ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە هەوڵ دەدات کەسایەتیەکی ئازاد دروست بکات کە ببنە پێشەنگی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگای کورد. رێبەر ئاپۆ لە کتێبی "چۆن دەبێت بژین" باسی کاساتەتی خۆی، دایکی و باوکی و گوندەکەی دەکات. شیکاری بۆ کۆمەڵگای کوردی دەکات بۆ ئەوەی نموونەیەکی ڕوون بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نیشان بدات. ڕێبەر ئاپۆ بە وردی کاسایەتی دایە عۆڤەیش هەڵدەسەنگێنێ و دەڵێت: "دایکم ژنێکی تێکۆشەر بوو. کەسایەتییەکی متمانە بەخۆبوو و خاوەن ئیرادە بوو. لە ڕاستیدا هیچ کەسێک لە گوندەکەدا نەیدەتوانی لە بەرامبەریدا ڕاوستێ، هەروەها هیچ نادادپەروەرییەکیشی قبوڵ نەدەکرد. لە دایکمەوە فێربووم کە بە هێزی خۆم دەبێت خۆم بپارێزم و باوەڕم بە خۆم هەبێت. بووم بە کەسێکی خاوەن ئیرادە و بەهێز و متمانەم بەخۆم بوو. لە دایکمەوە فێربووم کە نرخی رەنج و ماندوو بوون بزانم."

هەروەها رێبەر ئاپۆ دەڵێت، دایکم سەری بۆ هیچ کەسێک دانەنواندووە، چ ژن چ پیاو، هەر ڕاستییەک هەبووایە، ڕووبەڕوو پێی دەگوتن"، ڕێبەر ئاپۆ نەفرەتەکانی دایکی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "هەمیشە پێی دەگوتین خودا نان بکاتە بەرد و ئێوەش سەگ، بۆ ئەوەی هەمیشە بە دوای پارچە نانێکدا ڕابکەن و قەدری بزانن". ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت لە دایکمەوە فێر بووم نادادپەروەری، زوڵم و چەوساندنەوە بەرامبەر بە خۆم و گەلەکەم قبوڵ نەکەم، ئەو یەکەم مامۆستای من بوو. لە ڕاستیدا ئەوانەی دایکی ئێمە عۆڤەیش-یان دەناسی، باس لە کەسایەتی دەکەن و دەڵێن کە ئەو ژنێکی سەربەرز و بەتوانا بووە، هەموومان دەزانین کە گەلانی دەڤەری ڕحا چۆن سەیری ژنان دەکەن زۆر بە لاواز و نەزانیان دەزانی، دایکی ئێمەیش لە یەکێک لە ناوچەکانی ئەوێدا ژیاوە و تێکۆشانی کردووە. ڕێبەر ئاپۆ هەروەها لە یەکێک لە شیکارییەکانیدا دەڵێت: "کاتێک سەیری ژن و دایکانی گوندەکەم کرد، بینیم کە زۆر زەلیل و بێدەسەڵاتن. پێشتر وا هەستم دەکرد هەموو ژنان وەها هەژار و زەلیلن، بەڵام کەسایەتی دایکم وای لێکردم هێزی ژنە خوداوەندەکان بناسم و جەوهەرەکەیان ئاشکرا بکەم."

ڕێبەر ئاپۆ درکی بەوە کرد کە ژن لە جەوهەردا نەزان و بێ ئاگا نین و تێکۆشانێکی وەها گەورە دەستی پێکرد. کاتێک دایە عۆڤەیش بە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "چەند مەترێک قوماشم بۆ بکڕە." ڕێبەر ئاپۆ لە وەڵامدا دەڵێت: "قوماشت بۆ ناکڕم، بەڵکو ئازادی بۆ تۆ و هەموو ژنان بە دیاری دێنم." ڕێبەر ئاپو بەڵێنەکەی جێبەجێ کرد. بۆ دایکی و هەموو ژنان و دایکان پارت و سوپای ژنان و ئازادی بە دیاری بەخشی. ئێستا، ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بە ژنان، مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەبەخشێت. ئێمە قەرزداری دایە عۆڤەیشین کە ڕێبەرێکی وەک ڕێبەر ئاپۆی بۆ ئێمە بەدنیا هێنا و بوو بە هیوای گەلان و ژنانی کورد. ڕێز و سوپاسی خۆمان پێشکەش بە هەوڵ و ماندوو بوونەکانی دایە عۆڤەیش دەکەین. دایە عۆڤەیش، دایکی ئێمەی کورد، سەرچاوەی سەرهەڵدانی شۆڕشە. جارێکی تر بە ڕێزداری و منتەدارییەوە یادی خوداوەندی دایکمان دایە عۆڤەیش دەکەینەوە و ڕێز لە گەورەیی و هەوڵەکانی دەگرین. دیسان دەڵێین قەرزداری ئەوین کە ڕێبەرێکی وەک ڕێبەر ئاپۆی بەدنیا هێنا.

ئێمە وەک ژنانی تێکۆشەر بەڵێن دەدەین هەوڵەکانی دایە عۆڤەیش و لە کەسایەتی دایە عۆڤەیش دا هەوڵ و ماندووبوونەکانی هەموو ژنانی تێکۆشەر بپارێزین و خەونەکانیان بە سەرکەوتن بڕازێنینەوە. ئێمە وەک ژنان و گەل لە ڕێبەر ئاپۆ فێربووین کە ڕێز لە دایکان و هەوڵەکانیان بگرین و هەوڵ و ماندوو بوونەکانیان بەرز بنرخێنین و خاوەنداری لە کولتووری ڕەسەنیان بکەین. لە ڕاستیدا باوەڕ ناکەم  کەسێک ‌هێندەی ڕێبەر ئاپۆ دایکی خۆی خۆشویستبێت. ڕێبەر ئاپۆ بە ڕێز و تێکۆشانەکانی خۆشەویستی خۆی نیشان دا. لە ڕاستیدا هەمیشە بە گەریلاکانی دەگوت: "لەبەر ئەوەی خۆشم دەوێن، ڕەخنەتان لێدەگرم. هەوڵدەدەم دەستتان بە ئەستێرەکان بگات." عەشقی ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە تێکۆشان، ڕێز و چالاکی بوو. ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە بە هەڤاڵانی دەگوت ئەوانەی شەڕ دەکەن جوان دەبن، ئەوانەی جوان دەبن عاشق دەبن.

لە ڕاستیدا هەڤاڵی فەرماندە و قارەمانمان بریتان هێڤیش قسەکانی ڕێبەر ئاپۆی بۆ خۆی بە بنەما داناوە و دەڵێت: "لەبەر ئەوەی شەڕ دەکەین، جوان دەبین و جوانیمان وامان لێدەکات خۆشەویست بین. ئەوەی لە ڕێبەر ئاپۆ فێربووم ئەوەیە کە عەشق بە هەرزان بەدەست نایەت."