دەم پارتی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکانی خۆی ئاشکرا کرد

دەم پارتی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکانی ئاشکرا کرد کە لە ٢٢ی ئایارەوە بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ئەنجام درابوون و گوترا: "سەرکەوتن و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەکە پێویستی بە تێکۆشانی چالاکی و ڕێکخستنکارییەکە لەناو گەلدا ئەنجام بدرێت."

ئەنجوومەنی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان دوینێ کۆبووەوە، لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەو پێشهات و قەیرانانە کرا کە تورکیا و هەرێمەکە و جیهانی گرتووەتەوە و گوترا: "لەم سەردەمەدا کە ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاستی سەرلەنوێ تێدا دادەڕێژرێتەوە، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی هەرێمەکە لە پەرەسەندندان و گەلان ڕوبەڕوی مەترسی دەبنەوە." هەرەوەها ئاماژە کراوە بەوەی بەم پێشهاتانەوە پەرە بە داگیرکاری نوێ دەدرێت.

لە درێژەی ئەنجامنامەکەدا سەرنج خراوەتەسەر پرۆسەی چارەسەری کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە و بە ئافراندنی دەرفەتی گرنگ بۆ وڵات و هەرێمەکەدا هەڵسەنگێندراوە. ئاماژەش بەوەکراوە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری وێڕای ئەوەی دەرفەتی مێژوویی دەڕەخسێنێت، هاوکات ڕوبەڕوی مەترسی گەورە و جدیش دەبێتەوە و هاتووە: "لەم پێناوەدا پارتەکەمان بۆئەوەی ئەم پرۆسەیە بۆ گەلانی تورکیا باشترین دەرفەت بئافرێنێت و بە گوێرەی خواستەکان بگات بە ئەنجام، بە بڕیارە پەرە بە تێکۆشانەکان بدات."

هەموو کەسێک بەرپرسیارە

لە بەردەوامی ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بە سیاسەتەکانی شەڕ کراوە کە چۆن گەلانی خستووەتە ناو بێهیواییەوە و هاتووە: "بانگەوازییەکەی بەڕێز ئۆجالان زەمینەیەکی نوێی بۆ دیالۆگی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی کردووەتەوە و ئەم پرۆسەیە دەرفەتەکانی تێکۆشان دیموکراتیکیشی بەرفراوانتر کردووە. لەم قۆناغە مێژووییەدا کە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، کۆمەڵگەیبوونی خواستی ئاشتی و دەرفەتی بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی هێناوەتەئاراوە، بە تایبەت لە تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتییدا ڕوونە بەرپسیارێتی جددی دەکەوێتە ئەستۆی تەواوی کۆمەڵگە."

هەر لە ئەنجامنامەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی بەرفراوانکردنی تێکۆشانی ئایدۆلۆژی و ڕێخستنی ئەرکی بنەڕەتی دەم پارتییە تا ئەوەی پرۆسەکە وەرچەرخێت بۆ بوون بە دەستکەوتێک بۆ گەلانی تورکیا.

پێویستی بە ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتییە

ئەنجامنامەکە بەم شێوەیە کۆتایی هاتووە: "سەرکەوتنی پرۆسەکە بە تێکۆشانی چالاک و بەشداری ڕێکخستنکاری گەلانەوە ڕێ تێچووە. لە پرۆسەکەدە پێویستە گەلەکەمان هەم پرۆسەکە بەڕێوەبەرن و هەمیش ببنە گرەنتی دەستکەوتەکان. لە کۆمەڵگەیبوونی خواستی ئاشتی  و بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بەرپرسیارێتی هێزە سۆسیالیستییەکان گرنگ و کاریگەرە. لەم پرۆسەیەدا بەهێزکردنی تێکۆشانی هاوبەشی بەرەی دیموکراسی پێگەیەکی ژیانییە و کاریگەرە."