دەنگبێژ، شۆڕشگێڕ وشەرڤانی ئازادی: ئەمرە ئاتابای

بەلای شەهید ئیبراهیم ساری کە دەیویست کولتوری دەنگبێژی درێژەپێبدات و لە سەر رێبازی هۆزان مزگین، هۆزان سەفکان، هۆزان سەرحەد، دەلیلا و ڤیان پەیمانەکان رێبکات، بەرهەمی هونەری بەشێک لە ژیانی بوو.

لەم رۆژانەدا کە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ گەورەتر دەبێت، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گوشارەکانی خۆی لەسەر گەل زیادکردووە. گەلی کوردستان بە هەزاران ساڵە لە ژێر هێرش و ستەمدایە، هەموو کات لە دژی داگیرکەری خۆڕاگری دەکات. لە چیاکانی کوردستان شەڕڤانانی ئازادی بە چالاکیەکانیان گورزی گەورەیان لە دوژمن وەشاند. یەک لەو شەڕڤانانە ئەمرە ئاتابای (ئیبراهیم ساری) بوو.

ئەمرە ئاتابای ساڵی ١٩٩١ لە ناوچەی ئەبەخی وان لەدایکبوو. کاتێک کە کوردستان لە ژێر هێرشی دژواردابوو، لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا بە کولتوری وڵاتپاڕێزییەوە گەورە بوو. ئەمرە ئاتابای کە لە تەمەنی منداڵییەوە ئازار و ستەمی سەر گەلی کوردی بینی، ئەو شتەی قەبوڵ نەدەکرد کە بە سەر گەلی کورددا دەسەپێندرا. هەربۆیەش لە تەمەنێک بچوکدا دەستی بە پەیجوری و گەڕان کرد و بزوتنەوەی ئازادیی کوردی لە نزیکەوە ناسی. ئاتابای کە لەناو خەباتی گەنجاندا بەشداربوو، ویستی بەرەوپێشچوونی گەورەتر بێنێتە کایەوە، بۆ ئەوەش تەنیا یەک رێگە هەبوو، ئەوەش چیاکانی کوردستان بوو.

ئاتابای لە ساڵی ٢٠٠٩دا چووە چیاکانی کوردستان و ژیانێکی نوێ لە بەردەمیدابوو. ئیتر لە چیا درێژەی بە تێکۆشانی خۆی دەدا. ئەو بە دەنگ و رەنگی خۆی چیا، دەشت و دۆڵەکانی کوردستانی رازاندەوە. ئیبراهیم ساری ناوی خۆی لە فەرماندەی گەورەی پەکەکە ساری ئیبراهیم وەرگرتووە. گەریلا ئیبراهیم ساری کە هەموو کات دەیویست رێچکەی شەهیدان بگرێتەبەر، خەباتی هونەری وەک بەشێک لە ژیانی خۆی دەبینی. ویستی درێژە بە کولتوری دەنگبێژی بدات و لە سەر رێچکەی هۆزان مزگین، هۆزان سەفکان، هۆزان سەرحەد، هۆزان ئارگەش، دەلیلا و ڤیان پەیمان رێبکات.

ئیبراهیم ساری کە لە چیا ئەو ژیانەی دۆزیەوە کە بەدوایدا دەگەڕا، دوای ئەوەی بەشداری لە ریزەکانی گەریلاداکرد، زوو فێری ژیانی گەریلایەتیبوو. ئیبراهیم کە بە دەنگ، پێکەنین، بە جۆش و ورەی و بە زیرەکی خۆی لە پراتیکدا سەرنجی هەموو هەڤاڵانی راکێشا. شەهید ئیبراهیم زیاتر لە باکور لە هەرێمەکەی خۆی وەک گەریلا تێکۆشانی کرد. ئیبراهیم ساری بەتایبەتی لە وان کە شوێنی لەدایکبوونی بوو گەریلایەتی کرد، لە هەرێمی جۆلەمێرگیش چالاکی سەرکەوتووانەی ئەنجامدا.

لەگەڵ ٨ هاوڕێی قارەمانی خۆی خۆڕاگرییان کرد

ئەڤینداری ئازادی ئیبراهیم هەر کە بە چیاکانی کوردستاندا دەگەڕا، چەندین چیرۆکی قارەمانی دەبیست. گەریلا ئیبراهیم کە بۆ تۆڵەسەندنەوەی هەڤاڵانی شەهیدی و هێنانەدی خەونەکانیان بە بڕیارداری لە رێگەی ئازادیدا درێژەی بە هەنگاوەکانیدا، چیاکانی کوردستانی بە مەقام و گۆرانیەکانی رازاندەوە. راستیەک کە لە ئیبراهیمدا جێگیر ببوو، راستی ئاوێتەبوونی شۆڕش و هونەر بوو. وەک پردێکە لە نێوان شۆڕش و هونەر، لە نێوان هونەر و گەریلادا.

شەهید ئیبراهیم کە لە سەر بنەمای فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆی  بەرەوپێش برد، بە بەشداربوونی لە ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیی ئەلکێ لە ساڵی ٢٠١٥دا گورزی قورسی لە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وەشاند. ئیبراهیم ساری هەڤاڵانی کە لەو ئۆپراسیۆنەدا ٢٤ کاتژمێر بە قارەمانێتی لە دژی دوژمن شەڕیان کرد، گورزی قورسیان لە سوپای تورک وەشاند. دوژمن ئیتر لە هیچ بارەگایەکیدا ئاسوودەنەبوو. ئیبراهیم ساری دوای شەڕێکی ٣ رۆژە لەگەڵ ٨ هاوڕێی بە قارەمانێتی خۆڕاگریی کرد و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

شەهید ئیبراهیم کە بە گیان، چالاکی و گۆرانیەکانی دڵی هاوڕێیانی خۆش دەکرد، بووە هۆزانی وڵاتەکە، تا کۆتا هەناسەی لەپێناو وڵات و گەلەکەی شەڕی کرد. گەلی کورد هەموو کات شانازی بە شەرڤانەکانی وەک ئیبراهیم سارییەوە دەکات.

هـ . ب