زمانی دایک، لە قوڵترین واتای فیکری و فەلسەفیدا، هەڵگری دوو ڕەهەندی بنەڕەتییە: یەکەمیان ڕەهەندی بوونناسی و دووەمیان ڕەهەندی مەعریفەناسییە. ئەم دوو ڕەهەندە لە پێکهاتەیەکی دیالێکتیکیدا یەکتر تەواو دەکەن و دەبنە بناغەی دروستبوونی ئاگایی مرۆیی. لە ڕوانگەی فینۆمینۆلۆجییەوە، زمانی دایک «فەزای یەکەمی دەرکەوتنی حەقیقەت»ـە. ئەم فەزایە، وەک (میرلۆ-پۆنتی) باسی دەکات، شوێنی یەکگرتنەوەی جەستە و ڕۆحە، واتە ئەو شوێنەیە کە تێیدا هەستەکانی مرۆڤ دەبنە واتا و واتاکان دەبنەوە بە هەست. ئەمەش ئەو پرۆسە ئاڵۆزەیە کە تێیدا مرۆڤ دەتوانێت جیهان وەک دیاردەیەکی واتادار ببینێت و تێی بگات.
دەکرێت بڵێین: زمانی دایک «هێرمینۆتیکای سروشتی» مرۆڤە بۆ تێگەیشتن لە جیهان. (گادامێر ) پێی وایە: کە هەر تێگەیشتنێک پێشوەختە لە ناو زماندا ڕوودەدات، بەڵام زمانی دایک ئەو بنەما هێرمینۆتیکییەیە کە هەموو تێگەیشتنەکانی تر لەسەری بنیات دەنرێن. ئەمەش وا دەکات کە زمانی دایک نەک تەنیا ئامرازی تێگەیشتن، بەڵکو خودی پرۆسەی تێگەیشتن بێت. زمانی دایک سیستەمێکی جیاوازییەکانە، لەم تێڕوانینەدا، هەر وشەیەک لە زمانی دایکدا تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندی و جیاوازی لەگەڵ وشەکانی تردا درووستدەکات. ئەم تۆڕە ئاڵۆزە دەبێتە سەرچاوەی داهێنان و بەرهەمهێنانی واتای نوێیە بۆ درکپێکردن و تێڕامانی قووڵتر.
هەروەها زمانی دایک لە دیدی «دەرونشیکاری»یەوە «نەستی کۆیی» نەتەوەیەکە. «لاکان» پێی وایە: «زمان پێش هەموو شتێک لە نەستدا کار دەکات و نەستیش لە زماندا خۆی دەردەخات». لێرەوە دەتوانین تێبگەین کە چۆن زمانی دایک هەڵگری ئەو تراوما و زەبر، خەون و خولیایانەیە کە لە قووڵایی مێژووی نەتەوەیەکدا کەڵەکە بوون. زمانی دایک کۆدی جینەتیکی کەلتوری نەتەوەیەکە. ئەم کۆدە تەنیا زانیاری و شێوازی بیرکردنەوە ناگوێزێتەوە، بەڵکو هەڵگری شێوازی هەستکردن، چێژوەرگرتن و جوانیناسییشە. بۆیە کاتێک زمانێک لەناو دەچێت، تەنیا سیستەمێکی پەیوەندی لەناو ناچێت، بەڵکو شێوازێکی تایبەت لە بوون و تێگەیشتن و هەستکردن بە جیهان لەناودەچێت.
زمانی دایک دیالێکتیکێکی بەردەوامە لە نێوان تاک و کۆمەڵ، ڕابردوو و داهاتوو، نەست و ئاگایی، بوون و نەبوون. ئەم دیالێکتیکە بەردەوامە وا دەکات کە زمان هەمیشە لە پرۆسەی نوێبوونەوە و وەرچەرخاندا بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەگە قووڵەکانی خۆی بپارێزێت. ئەمەش ئەو نهێنییەیە کە وا دەکات زمانی دایک هەمیشە زیندوو و کاریگەر بێت لە پێکهێنانی شوناس و ئاگایی مرۆییدا. لە ڕوانگەی ئۆنتۆلۆژییەوە، زمانی کوردی لە ڕێگەی دەربڕینە تایبەتەکانییەوە، وەک "هەبوون" و "نەبوون"، پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ چەمکی بوون و نەبووندا هەیە. هەروەها، دەوڵەمەندی ئەم زمانە لە ڕووی دەربڕینی هەست و سۆز و چەمکە فەلسەفییەکان، وەک "دڵتەنگی"، "خەمۆکی"، "بێزاری"، کە هەریەکەیان بارێکی قووڵی فەلسەفی و دەرونناسییان هەیە، دەریدەخات کە ئەم زمانە چۆن توانیویەتی وەک سیستەمێکی تەواوی مەعریفی کار بکات.
چەمکە فەلسەفییەکانی وەک "بوون" لە زمانی کوردییدا، تەنیا وشەیەک نین بۆ دەربڕین لە هەبوون، بەڵکو تۆڕێکی ئاڵۆزی واتایین کە پەیوەندییان بە هەموو لایەنەکانی ژیانەوە هەیە. بۆ نموونە، دەستەواژەی "بوون بە خۆ" یان "خۆبوون"، کە دەربڕی چەمکێکی قووڵی فەلسەفییە سەبارەت بە ناسنامە و خودئاگایی. هەروەها "لەخۆبوون" و "بێخۆبوون"، کە دوو دۆخی دژبەیەکی فەلسەفین سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان خود و جیهان. زمانی کوردی لە ڕووی هێرمینۆتیکییەوە، خاوەنی توانایەکی بەرزە لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان چەمکەکان. لە ڕوانگەی نیشانەناسییەوە، زمانی دایک سیستەمێکی ئاڵۆزی نیشانەکانە. (سۆسێر) پێی وایە: هەر نیشانەیەک لە دال و مەدلول پێک دێت. لە زمانی کوردیدا، ئەم پەیوەندییە لە ڕێگەی دەوڵەمەندی مەجاز و خواستنەوە دەردەکەوێت. بۆ نموونە، چۆن وشەی "ڕۆشنبیر" پەیوەندیی نێوان ڕووناکی و زانین دەردەخات. خودی وشەکە تێکەڵەیەکە لە "ڕۆشنایی" و "بیر"، دەربڕی پەیوەندییەکی قووڵی فەلسەفییە لە نێوان زانین و ڕووناکی. هەروەها "بیرمەند" کە پەیوەندی نێوان بیر و توانای مرۆیی دەردەخات.
ئەم زمانە هەروەها لە ڕێگەی پێشگر و پاشگرەکانییەوە، توانای دروستکردنی چەمکی نوێی هەیە. بۆ نموونە، پێشگری "خۆ" لە وشەکانی وەک "خۆناسین"، "خۆڕاگری"، "خۆبەخشین"دا، دەربڕی چەمکێکی قووڵی فەلسەفییە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان خود و کردار. زمانی کوردی وەک زمانی دایکی نەتەوەی کورد، نەک تەنیا ئامرازێک بۆ پەیوەندی، بەڵکو سیستەمێکی تەواوی فەلسەفی و فیکرییە کە تێیدا مێژوو، کەلتور، فەلسەفە و هونەر تێکەڵ دەبن و جیهانبینییەکی تایبەت دروست دەکەن. ئەم جیهانبینییە تایبەتە، کە لە ڕێگەی زمانەوە دەگوازرێتەوە، بەشێکی گرنگە لە میراتی فیکری و فەلسەفی کورد و مرۆڤایەتی.