دوای ٢٥ ساڵ لە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی سەر رێبەر ئاپۆ
" کاتێک سەیری گشتی ئەو تێکۆشانەی رێبەر ئاپۆ دەکەین هەمووی لە مەحاڵ دەچێ و هیچ قۆناخێکی بەشێوەیەکی ئاسایی بەدی نەهاتووە، جا لە ٢٥ ساڵی زیندانی ئیمرالی، مەحاڵەکان بوونە چەند قاتی تر".
" کاتێک سەیری گشتی ئەو تێکۆشانەی رێبەر ئاپۆ دەکەین هەمووی لە مەحاڵ دەچێ و هیچ قۆناخێکی بەشێوەیەکی ئاسایی بەدی نەهاتووە، جا لە ٢٥ ساڵی زیندانی ئیمرالی، مەحاڵەکان بوونە چەند قاتی تر".
سەختی تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردستان، دیارە وەک هیچ گەل و نەتەوەیەکیتر نییە، زۆرێک لە گەلان لەماوەی چەند ساڵێکی کورت لە خەبات و تێکۆشان گەیشتوون بەئازادی. کێشەی نەتەوەی کورد، وەک چۆن لە هەرێمەکەدا دابەش بۆتە سەر چوار دەوڵەتی داگیرکەر، بەهەمان شێوە پرسێکی جیهانیشە، چونکە زلهێزە جیهانی و دەوڵەتە هەژموونگەراکان بەشێکن لە و داگیرکەری و دوژمنایەتیەی سەرکوردستان، بەڵام بۆ ئەوەی گەلی کورد لە خشتەبەرن و دۆزەکەی بەلاڕێدا بەرن، بۆیەش ماوە ماوە خۆیان وەک دۆستی نیشاندەدەن. لەبنەمادا ئەگەر زلهێزە جیهانییەکان بیانەوێت دەتوانن لە ماوەیەکی کورتدا کێشەکەی چارەسەربکەن.
زیندانی دوورگەی ئیمرالی کە وەک هاوشێوەیەک لە زیندانی گوانتانامۆ بەناودەکرێت، بۆیە زیندانی بوون لە شوێنێکی وا کارێکی هەروا ئاسان نییە. چونکە دوژمنایەتی دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو لە بەرانبەر گەلی کورد چۆنە کەم زۆر دەناسرێت، جا دەبێ دوژمنایەتی ئەو دەوڵەتە زاڵمە لەبەرانبەر رابەر و پێشەوای نەتەوەی کورد چۆنبێ، کە بۆتە هۆکار گەلی کورد لە سەر لێواری گۆڕی مردن بیگێڕێتەوە. ئەوکات ئەوەش دەبێ بزانرێت کە خۆڕاگری و رووبەڕووبوونەوەی رێبەر ئاپۆش لە چ ئاستێک دابێ کە توانی لە زیندان داگیرکەری بەچۆکدابێنێ و ناچاری بکات لەگەڵی بکەوێتە گفتوگۆ و دانوستان. ئەو بەرخودانە بێ هاوتایەش دیسان کاری ئەو رێبەرە مەزنەیە کە توانیویەتی بە هزر و فەلسەفەکەی، خۆی بکاتە گەردوونی.
یادی بەخێر شێرکۆ بێکەسی شاعیر لە گەڵ ئاشکرا بوونی پیلانگێڕی و رادەستکردنەوەی رێبەر ئاپۆ بە دەوڵەتی تورکیا لە ١٥-٢-١٩٩٩ گووتی، پڕشنگی رۆح دەسگیر ناکرێ، واتا رۆح و هزری ئازادی رێبەر ئاپۆ دیل ناکرێ. لە تێکۆشانی ٢٥ ساڵی زیندانیش، رێبەر ئاپۆ سەلماندی کەوا هێزە هەژموونگەرا و داگیرکەرەکان ناتوانن ئیرادە و هزر و باوەڕی و رۆحی ئەو بۆ ئازادی دیل بکەن. بەپێچەوانە زیندانی کردە شوێنی لەدایکبوونی پارادایم و ستراتیژی نوێ، بۆیەش بەناوی کرد، بە لەدایک بوونی سێیەم.
لە ٥١ ساڵ لە تەمەنی شۆڕشگێڕیەتی رێبەر ئاپۆ، ئەوا ماوەی ٢٥ ساڵە ئەو خەبات و تێکۆشانە لە زیندان بەڕێوە دەبات، سێ ساڵیشە لەژێر گۆشەگیریەکی توندایە، کە تەنها خێزان و پارێزەریش ناتوانن بیبینن. بۆیە کاتێک سەیری گشتی ئەو تێکۆشانەی رێبەر ئاپۆ دەکەین هەمووی لە مەحاڵ دەچێ و هیچ قۆناخێکی بەشێوەیەکی ئاسایی بەدی نەهاتووە، جا لە ٢٥ ساڵی زیندانی ئیمرالی، مەحاڵەکان بوونە چەند قاتی تر، ئیتر بەرخوادن لە دەریای مەڕمەڕە، هەروەها ئافراندنی پارادایم و ستراتیژی نوێی تێکۆشان، هەروەها سیستەم و مۆدێڵێکیتر بۆ بەڕێوەچوونی گەلی کوردستان، بۆ ئەمانەش بە هەزاران لاپەڕە نووسین و دیالۆگ و گفتوگۆیەکی زۆری بەڕێوەبردن، بەوپەڕی باوەڕبەخۆبوون هەموو رێبازە دیموکراتەکانی بۆ چارەسەری سیاسیانەی کێشەی کوردی پێشکەشی دەوڵەتی تورکیا کرد و پێیڕاگەیاندن کە خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزە بۆ چارەسەری.
٨ ساڵە گۆشەگیری لەسەر گۆشەگیری و سزای دسپلین لەسەر سزا بەسەر رێبەر ئاپۆ دەسپێنن، لە ماوەی ئەو ٨ ساڵەدا تەنها لە بەهاری ٢٠١٩ لە ئەنجامی تێکۆشان و بەرخودانی هەڤاڵانی زیندان بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن و چالاکی فیدایانەی هەڤاڵان زولکف و ئەیتەن ...هتد چەند دیدارێک ئەنجامدران، وەکوتر بەهیچ جۆرێک رێگەیان بە دیدار نەداوە. ئەو قسە کردنە چەند خولەکیەی لە ٢٠٢٠ بە تەلەفۆن ناتوانین بەدیدارێکی ئەوتۆی بژمێرین، چونکە رێگە نەدراوە کە رێبەر ئاپۆ پەیامەکانی بگەێنێ، هەمانکات هیچ لێدوان و قسە کردنی تریشی بەدوادانەهات. دەبێ ئەو پرسیارە بکەین لە ماوەی ٢٥ ساڵی زیندان، رێبەر ئاپۆ زۆرترین پرۆژە و پلانی بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێشکەش کرد، دوو جار گرووپی ئاشتی بانگ کردۆتەوە بۆ تورکیا، وەک نیازپاکی، هەمانکات دووجاریش هێزەکانی گەریلای لە سنورەکانی تورکیا بردۆتە دەرەوە، لەکۆتا لێدوانیشدا گووتی، ئەگەر دەرفەت بدەن ئەوا دەتوانم لەماوەی هەفتەیکدا پرسەکان چارەسەر بکەم، بەڵام دوژمن لە دەرەوەی شەڕ، کوشتن، داگیرکەری و زیندانی کردن و زیاتر خۆپڕچەکردن هیچ پرۆژە و پیلانێکیتری نەبووە؟ باشە بۆچی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەو رادەیە لە پرۆژەو پلانەکانی چارەسەری رێبەر ئاپۆ دەترسێ، بۆچی تا ئەو رادەیە پێداگری لەسەر شەڕ و کوشتن و لەناوبردن دەکاتەوە، بۆچی ناتوانن لە دەرەوەی زمانی قڕکردن و توانەوەو پاکتاوکاری بەهیچ زمانیتر قسە بکەن؟
لە ٢٥ ساڵی پیلانگێڕیدا وەک چۆن رێبەر ئاپۆ پارادایم و هزر و فەلسەفەکەی کردۆتە گەردوونی و لە پێناو جیهانێکی ئازاد و دیموکرات و کۆنفیدراڵ خەباتەکەی قووڵترکردۆتەوە، بەهەمان شێوە لەلایەنی ئازادیخواز و دیموکراتخواز و سۆسیالیست و ژینگەپارێز و ژنان و گەنجانەوە لە ئاستی جیهانی، بە هەڵمەتی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ و چارەسەری بۆ دۆزی کورد، وەڵامدرایەوە. بێگومان ئەوا جاری یەکەمینە لە ئاستی جیهانی زانایان و فەیلەسوفانی وەک ژیژک و چۆمسکی ...هتد پێشەنگایەتی بۆ هەڵمەتی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ بکەن و هەمانکات رۆژێکی جیهانیش دیاری بکەن بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکانی. دەبێ چی لەمە گەورەتر هەبێ کە ئەمڕۆ پارادایمی رێبەری شۆڕشی کوردستان، بۆتە سەرچاوەی مۆڕاڵ و هێز بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی پێشکەوتووخواز.
هەڵبەت لە ٢٥ ساڵی رابردوو وەک چۆن رێبەر ئاپۆ هەمووشتێکی کرد لەپێناو ئەوەی نەهێڵێ داگیرکەران و نۆکەران و پاکتاوکاران هیچ کەلێنێک بخەنە نێوان خۆی و گەلی کوردستان، گەلی کوردیش بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، هەموو توانست و هێزی خۆی خستەگەڕ لەپێناو پاراستن و ئازادی رێبەرەکەی. بۆیە بە کەمپینی کەس ناتوانێ رۆژی ئێمە تاریک بکا لە ١٩٩٨ دەستی پێکرد، تا بە ئەمڕۆی گەیاندووە، هەڵبەت ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕیەکانی گەریلا و هەموو ئەو رێپێوان و خۆپیشاندانەی گەلی کورد لە کوردستان بەڕێوەی دەبات مەبەست و مەرامی یەکەمیان ئازادی رێبەر ئاپۆیە. بێگومان نە گەلی کورد و نە هیچ مرۆڤێکی ئازادیخواز و خاوەن ئەخلاق و ویژدان نایەوێت رۆژێک زیاتر رێبەر ئاپۆ لەزیندان بمێنێتەوە، واتا وەک چۆن شەهید ڤیان جاف گووتی، نامەوێت حەوتەمین ساڵی دیلی رێبەر ئاپۆ لەزیندان ببینم. ئێمەش نامانەوێت ٢٦ ساڵەی رێبەر ئاپۆ لە زیندان ببینین، بۆیە هەر ئێستا ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد.
هـ . ب