دەوڵەتی داگیركەری تورك چەند ساڵێكە هەوڵدەدات رژێمی ئێران ڕاستەوخۆ پەلکێشی نێو شەڕێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی بكات بۆ ئەوەش چی لەدەستی بێت درێغی ناكات. شەوی رابردوو لەهێرشێكی ئاسمانی ئیسمائیل هەنیە سەرۆكی مەكتەب سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەتارانی پایتەختی ئێران كرایە ئامانج و هاوڕێ لەگەڵ یەك لەپاسەوانەكانی تیرۆر كرا.
ئیسمائیل هەنیە دوێنێ بەبۆنەی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆككۆماری هەڵبژێردراوی ئێران مەسعود پزیشکییان بەسەردانێكی فەرمی چووبووە ئەو وڵاتە و لەمەراسێمی سوێندخواردنی پزشكیان بەشدار بوو و شەوی رابردوو لەشوێنی حەوانەوە لەتاران لەهێرشێكی ئاسمانیداتیرۆر كرا.
ئەم تیرۆرە هاوكاتە لەگەڵ یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی سەرۆككۆماری نوێ ئێران مەسعود پزشكیان. هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنێك بەفەرمی تیرۆری سەرۆكی بزوتنەوەی حەماسی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام گۆمانەكان دەرخەری ئەو یەكەن كە ئیسمائیل هەنیە هاوشێوەی سەرۆككۆماری پێشووی ئێران ئیبراهیم رەئیسی لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری تورك تیرۆر كرا. ئەو مۆجامەلەیەش كە ماوەی چەند رۆژێكە لەلایەن ئەردۆغان سەرۆككۆماری دەوڵەتی داگیركەری توركەوە دژ بەئیسرائیل و بەپێچەوانەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە دژ بەدەوڵەتی تورك بەرپەرچ دەدرێتەوە، شتێك نییە بەدەر لەشەڕێكی فۆرمالیتەی راگەیاندن بۆ شوێن بزركردن و بەلارێدا بردنی رای گشتی.
دەوڵەتی داگیركەری تورك لەساڵیادی قاسم سلێمانیدا بەرێگەی گروپە چەتەكانی هاوكاری چەند تەقینەوەیەكیان لەنێو ئاپۆرای مەراسیمە جەماوەریەكەدا بەسەدان کەسییان كردە قۆربانی. بەهەمانشێوە بە پێدانی ئیستخبارات بەهێزە ئاسمانیەكانی ئیسرائیل لەشام باڵەخانەی كۆنسولخانەی رژێمی ئێرانیان كردە ئامانج و لەوێشدا بەدەیان چەكداری سوپای پاسدارانیان كۆشت و ویستیان بەو هێرشە، شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڵگیرسێنن. هەر شەوی رابردوو لەنێو بارەگای هێزەكانی حەشدی شەعبی لەبابل دەنگۆی تەقینەوەی بەهێز بڵاوكرایەوە و فرۆكەی بێ فرۆكەوانەكانی ئیسرائیلیش لەسوریا هێرشیان پێكهێنا.
هەموو هێز و لایەنەكانی شەڕ و ململانێ باش دەزانن كە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل كە لەحەوتی ئۆكتۆبەری ساڵی پار دەستی پێكرد بەفیتی دەوڵەتی تورك پێكهات و لەوێشدا هەوڵدرا بەهۆی پشتیوانیەكانی رژێمی ئێران بۆ حەماس، ئێران راكێشی نێوململانێەكە بكەن. دەوڵەتی داگیركەری تورك بەوەشەوە نەوەستا بەو رێككەوتنانەی لەگەڵ ئیسرائیل لەناوچەكە هەیەتی، هەوڵدەدات ئێران و ئیسرائیل بەهەرنرخێك بێت، رووبەرووی یەكتر بكاتەوە، بۆ ئەوەش پەنا بۆ هەر پیلان و كردەوەیەكی دژە ئەخلاقی و نامرۆڤانە دەبات. لەئێراقدا هەڵوەشاندنەوەی حەشدی تۆركمانی و دوورخستنەوەی سەرۆكەكەی، دەوڵەتی داگیركەری توركی تۆڕە و بەهەمانشێوە راكێشانی گوێ بنەماڵەی بارزانی بۆ ئەوەی لەنێوان دەوڵەتی تورك و رژێمی ئێراندا هاوسەنگی هێز و پەیوەندی بپارێزن بەهەمانشێوە ئەردۆغان و رژێمەكەی دڕدۆنگ كرد. رێككەوتنی ئەمنی نێوان ئەرمەنستان و ئێران خاڵێكی ترە كە لەلایەن دەوڵەتی توركەوە هەرس ناكرێت، بەهەمانشێوە هاتنە سەر دەسەڵاتی پزشكیانی"ئازەری-کورد"ئەردۆغان و دەوڵەتی تورك دژ بەپیلانە گڵاوەكانی خۆیانی دەزانن. لەكاتی كردنە ئامانجی فرۆكەكەی ئیبراهیم رەئیسی لەئازەربایجانیش شتێكی هاوشێوەی ئەم لێدانەی ئیسمائیل هەنیە بوو. لەوێشدا دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ ئەوەی ناكۆكیەكانی ئازەربایجان و رژێمی ئێران و ئیسرائیل بقۆزێتەوە لەوێدا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆككۆماری پێشووی ئێرانیان كردە ئامانج. ماوەی چەند رۆژە ئەردۆغان لەماوەی نۆ مانگی شەڕی ئیسرائیل و فەلەستینیش وەها خۆی وێنا دەكات كە لەو زیاتر كەس خەمخۆری فەلەستینیەكان و دۆزی رەوای ئەوان نییە، ئەوە لەحاڵێكدایە كە پەیوەندیە ئابوری و بازرگانی و ئەمنی و ئاسایشی و سەربازیەكانی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتی تورك لەرابردوو زیاتر گەشەیان سەندووە.
دەوڵەتی داگیركەری تورك پەیوەندیەكانی خۆشی لەپێناو سەركۆتكردنی گەلی كورد و پاكتاوكردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و گۆڕكردنی شەڕ لەناوچەكە و پەڵكێشكردنی رژێمی ئێران بۆ نێو ئاگری ئەو شەڕەیە. ئێستاش كە مەسعود پزشكیان سەرۆككۆماری نوێ ئێران باس لەبەردەوامی پشتیوانیەكانی دەوڵەتەكەی بۆ فەلەستین و حیزبۆڵڵا و حۆسییەكانی یەمەن دەكا، دەوڵەتی تورك ئەو هەلەی وەك دەرفەتێك بینی بۆ ئەوەی بەهاوبەشی لەگەڵ ئیستخباراتی هەرێمی سەرۆكی مەكتەب سیاسی بزوتنەوەی حەماس ئیسماعیل هەنیە لەتاران تیرۆر بكات. ئەمەش هەرچەندە لاوازی ئیستخباراتی و ئەمنی رژێمی ئێرانیش دەربخات، بەڵام ئەوەش راستیەكە كە دەبێت هەموو لایەك بیبینن كە دەوڵەتی تورك ویستی ئەوە بەرای گشتی بسەلمێنێت كە ئێران ناتوانێت حەماس و حیزبۆڵڵا و حۆسییەكان بپارێزێت و لەنێو دڵی وڵاتەكەشیدا سەركردەكانی ئەو رێكخراوانە دەكرێنە ئامانج و دەكۆژرێن. ئەردۆغان دەیەوێت دوای ئەو هەموو شكەستە سەربازی و سیاسیەی تووشی بووە پێویستی بەگەڕخستنی شەڕ و ناكۆكیە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەوەی لەهەڵبژاردنە پێشوەختەی وڵاتەكەشی دەنگی نەتەوەپەرەستەكان و ئیسلامگەراكان قازانج بكات، هەموو چەواشەكاریەك دەكات، بەشێكی تری ئەو هەوڵەشی بۆ خۆشیرین كردنە لەنێورای گشتی گەلی عەرەبدا، هەرچۆن بەپرۆپاگەندەی چەواشەكارانە لەسەر عێراق و سوریا دەوێن، بەهەمانشێوەش دەیانەوێت لەسەر فەلەستینەكان و رای گشتی عەرەب سیاسەت و شەڕێكی تایبەت بەرێوە ببەن.
ئەگەر رژێمی ئێران بیەوێت هاوشێوەی پێشوو لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەری توركدا هەڵسوكەوت بكات، ئەوا بێ یەك و دوو ئەو وڵاتە تووشی قەیرانی نێوخۆیی و دەرەكی جددی دەبێتەوە و بگرە ئەو شەڕ و ململانێە جیهانی و هەرێمیە دەربازی نێو ئێران دەبێت. ئەردۆغان و دەوڵەتەكەی بۆپێكهێنانی ئەو ئامانجەشیان هەموو دەرفەتەكان بەكاردێنن و هیچ درێغ لەوەش ناكەن كە سەرۆككۆماری نوێ ئێرانیش بكەنە ئامانج، جا چ بگرە، كەسانی وەك هەنیە و نەسرۆڵڵا و سەركردەكانی حۆسیەكان و حەشدی شەعبیش. بۆیە بەپەلە دەبێت لەبەرامبەر داگیركەریەكانی دەوڵەتی تورك لەسەر خاكی ئێراق ببنە خاوەن هەڵوێستی جددی.