گروپە چەتەكانی داعش، بەرەی نوسرە و ژمارەیەك گروپی تری چەتەی سەر بەدەوڵەتی داگیركەری تورك لەساڵی ٢٠١١ەوە لەدەستپێكردنی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان"باكوری سوریا"، خۆیان بەڕێكخستن كرد و بەڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق ـ شام لە رەقا و لەسەرەتای مانگی ژۆئیەی ٢٠١٤ دەوڵەتی داگیركەری تورك ئاڵای خەلافەتی لەقۆستەنتەنیەوە گواستەوە رەقا و رادەستی ئەبوبەكر بەغدادی كرد و لە ٢ی ژۆئیەی ٢٠١٤ پەلاماری شاری كۆبانێیاندا و بەكاولكردنی گوند و گوندەوار و ناحیەكانی دەوروبەری كۆمەڵكوژی گەورەیان لەو شارە كوردیە بەڕێوە برد.
گروپە چەتەكان بەگشتی بەرهەمی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارین، بۆیە هەر بەدەستپێكردنی شۆڕشی گەلان لەوڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی لەسوریا سیستەمی مۆدێرنیتە بەتایبەتی ناتۆ و ئەمریكا و چەند وڵاتێكی ئەوروپایی بۆ ئەوەی بتوانن هەندێ ئەنجامی بەربەچاو لەسوریا بەدەست بخەن و لەماوەیەكی كورتدا رژێمی بەعسی بەشار ئەسەد بڕوخێنن راستەوخۆ و بەڕێگەی دەوڵەتی داگیركەری تورك یارمەتی و هاوكاریان پێشكەشی گروپە چەتەكان كرد.
دەوڵەتی داگیركەری توركیش بەو یارمەتی و هاوكاریە نێودەوڵەتیانە رێكخستنی خۆی لەنێو ئەو گروپە چەتانە بونیادنا و هەوساری چەتەكانی خستە ژێر دەستی خۆیەوە و بەڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام لەلایەن داعشەوە دەوڵەتی تورك رووی ئەو گروپە چەتانەی بەرەو كوردان وەرچەرخاند و پەلاماری شاری كۆبانێیاندا و بەهەزاران خەڵكیان كۆمەڵكوژ و بەهەزارانیش جێ و واری خۆیان بەجێهێشت. تا ئەوەی كە بەدەستێوەردانی گەریلاكانی ئازادی كوردستان و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و خەڵكی وڵاتپارێزی شارەكە بەرخۆدانیەكی بێ وێنە لەسەدەی بیست و یەكەمدا لەبەرامبەر بەترسناكترین گروپی چەتەكان لەمێژوو هاتە ئاراوە و چەتەكان تێكشكێنران و لەكۆبانێ و دەوروبەری وەدەرنران.
دەوڵەتی داگیركەری تورك لەبەرەیەكی ترەوە بەڕێگەی گروپە چەتەكانی داعش پەلاماری شاری موسڵ و دەوروبەریان دا و لە سێی ئابی ٢٠١٤ پەلاماری شەنگاڵ و ئێزیدیەكانیاندا و كۆمەڵكوژیەكی گەورەیان لەسەر كۆمەڵگەی ئێزیدی بەڕێوە برد، بەڵام لەوێشدا جارێكی تر بەهەوڵ و كۆششی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و گەریلاكانی ئازادی كوردستان چەتەكان تێكشكێنران. دواجار پەلاماری دەوروبەری كەركوك و هەولێریاندا، جارێكی تر گەریلاكانی ئازادی دەستەوەستان نەمان و هەر لەمەخمور و گوێرەوە بگرە تا سەعدییە و جەلەولا وەك قەڵغانێك بەهانای گەلەكەمانەوە لەو هەرێمانە چوون و رێگەیان نەدا گروپە چەتەكان پێشڕەوی بكەن. تا ئەوەی كە دواجار لەموسڵ وەدەرنران و پاشان هێزەكانی سوریای دیموكراتیك قەسەدە لەرەقا و باخۆز كۆتاییان بەخەلافەتی داعش هێنا.
كۆتایی هێنان بەخەلافەتی داعش دەوڵەتی داگیركەری توركی شێت و هار كرد. ئەوە بوو لەڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و فڕۆكەی شەڕكەر پەلاماری شەنگاڵ و رۆژئاوای كوردستانیاندا. لە ٢٠١٨ پاشماوەكانی گروپە چەتەكانی داعش و بەرەی نوسرە و ئەرتەشی تورك و هەندێ كەتیبەی دیكەی سەر بەدەوڵەتی تورك پەلاماری عەفرینیاندا و دوای نزیكەی دوو مانگ ئەو هەرێمەیان لەكوردان داگیركرد و لەو كاتەوە، رۆژ نییە گۆێبستی رفاندن و بێ سەروشوێنكردنی ژن و گەنجی كورد لەو هەرێمە بەدەستی گروپە چەتەكانی سەر بەدەوڵەتی داگیركەری تورك نەبین. بەهەمانشێوە لە ٢٠١٩ گروپە چەتەكانی سەر بەدەوڵەتی تورك پەلاماری گرێ سپی و سەرێكانیاندا ئەو هەرێمانەشیان داگیركرد. بەڵام جارێكی تر بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموكراتیكی رۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكراتیك و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە سورن لەسەر ئەوەی كە ئەو گروپە چەتانە بەهەر نرخێك بێت لەهەرێمە داگیركراوەكاندا وەدەربنێن و لەهەردەرفەتێكدا زەبریان لێدەوەشێنن. دەوڵەتی داگیركەری تورك و هاوپەیمانی ئاكەپە ـ مەهەپە و كۆنتراگەریلا"هۆدا پار" لەسەر لەناوبردنی تەواوەتی كوردان رێككەوتوون.
دەوڵەتی داگیركەری تورك بەداگیركردنی هەرێمەكانی عەفرین و گرێ سپی و سەرێكانیەوە سنوردار نەماوە و دیمۆگرافیای ناوچەكەی بەچەتەكان تەنیوەتەوە و پاشماوەكانی چەتەكانی لەو هەرێمە كوردیانە بەجێكردوە و كۆمەڵكوژیەكی جۆگرافی و ئەنتۆلۆژی لەو هەرێمانە پێكهێناوە. بەڵام بەهۆی خۆڕاگری رێبەر ئاپۆ لەزیندانی ئیمراڵی و بەرخۆدانی بێ وێنەی گەلەكەمان لەگۆڕەپانەكانی تێكۆشاندا و زەبری كەمەرشكێنی یەك بەدوای یەكی گەریلاكانی ئازادی كوردستان لەبەرەكانی شەڕ و بەرخۆداندا، دەوڵەتی داگیركەری توركی دردۆنگ كردوە و ئۆقرەی لەزیهنیەتی فاشیستی ئەو دەوڵەتە بڕیوە. بەهەمانشێوە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری داگیركەری بەپێشەنگایەتی ئەمریكا و ئەوروپا و ئیسرائیل لەناوچەكە سەریان لەبەرد كەوتووە و بەهۆی رادەستنەبوونی كوردی ئازاد و بەرخۆدانی گەوهەری نرخە دیموكراتیەكانی گەلانی ناوچەكە، لەتەنینەوەی تۆڕە جاڵجاڵۆكیەكانی پیلانگێڕی نەكەوتوون و جارێكی تر دەیانەوێت بە پیلانگێڕیەكی هەرێمی و نێونەتەوەیی زەبر لەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بوەشێنن و بەوشێوەیەش لەكەسایەتی گەلی كورددا، بەرەو پرۆژەی داگیركەری رۆژهەڵاتی ناوین بدەن.
لەسەرەتای مانگی پووشپەڕەوە دەوڵەتی داگیركەری تورك بەهاوكاری هێڵی رادەستبوو و خیانەتكاری كورد، بنەماڵەی بارزانی و پەدەكە لەهەرێمەكانی ئاڤاشین و گارێ و مەتینا و زاپ بەسەدان زرێپۆش و هەزاران جەندرمە و كەرەستەی سەربازی ئاودیوی هەرێمی بادینان كراون، بەشێكی زۆری ئەو هێزەی لەسەرناوی ئەرتەشی تورك هێنراونەتە ناوچەكە، زۆرینەیان لەو پاشماوانەی گروپە چەتەكانی داعش و بەرەی نوسرەیە؛ چونكە ئاكەپە و مەهەپە و هۆداپار رێككەوتوون كە لەبەرەكانی شەڕدا زیاتر لەوەی كە لە سەربازانی تورك كەڵك وەرگرن هەوڵدەدەن جاشە كوردەكان لەدیوی باكور و باشورەوە هاوشانی چەتەكانی داعش و بەرەی نوسرە لەبەرامبەر بەگەریلا لەو هەرێمانە بكەنە بەمۆڵگەی چەتەكان، ئەم پیلانە بەچاوساخی بنەماڵەی بارزانی و پەدەكە بەڕێوە دەبردرێت. هاوردەكردنی چەتەكانی داعش بۆ ئەو ناوچەیە بەواتای بەستنەوەی هێڵی عەفرین بەرەو سەرێكانی و گرێ سپی و بادینانە وەك دروستكردنی رێڕەوێكی چەتەكان بۆ دابڕانی كوردان لەیەكتر و وەدەرنان و چۆڵكردنی خەڵكی گوندەكانی بادینان و رادەستكردنی ئەو هەرێمە بەدەوڵەتی داگیركەری تورك. ئەم پیلانە، پیلانێكی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی و هەرێمییە. گەلەكەمان لەهەرێمی بادینان لەبەردەم مەترسی قڕكردن دایە و هۆكاری سەرەكی ئەو مەترسیانەش بنەماڵەی بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەدەكەیە. چونكە تا ئەم ساتەش لایەنە سیاسیەكان وەك پێویست لەبەرامبەر بەو داگیركەریەی دەوڵەتی تورك دەنگیان دەرنەبڕیوە. دەوڵەتی عێراقیش لەو بارەیەوە لەگەڵ دەوڵەتی توركدا رێككەوتووە. تەنیا لەبەر ئەوەی كە بارزانی و ئەوانەی ئێستا لەنێو حكومەتدان نایانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختەی هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوە بچێت. بارزانی و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەپێناو مانەوەیان لەدەسەڵات و پاراستنی كورسیەكانیان لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەری توركدا رێككەوتوون. ئەم پیلانگێڕیەش هەم داهاتووی هەرێمی كوردستان و هەم یەكپارچەیی خاكی عێراق و هەم لەدرێژخایەنیشدا پێكەوەژیانی گەلانی ناوچەكە دەكاتە ئامانج لەپێناو داگیركەری و هەوڵ و پرۆژەكانی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری.
هــ. ب