نووسەری میسڕیی، ئیسلام زەیف ئاماژەی بەوە کرد کە فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نوێنەرایەتی سەرپاکی گەلان دەکات و وتی: ''ئەم فەلسەفەیە لە ئەزموونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەلماندی کە دەتوانێت ببێتە چارەسەریی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.''
نووسەری میسڕیی، ئیسلام زەیف لە دەستپێکی قسەکانیدا سڵاوی لە بەرخۆدانی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەرخۆدانی ژنان کرد بەرانبەر هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.
ئیسلام زەیف ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەهۆی بێدەنگیی ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە بەردەوامیی بە هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ڕاسەری هەرێمەکە دەدات، ئەو گوتی: ''ئەم بێدەنگییە نیشانەی ڕازیبوونە بە پێشێلکردنی ئازادیی گەلان.''
زەیف بانگەوازیی لە گەلانی ئازادیخواز کرد تا پشتگیریی لە گەلانی هەرێمەکە و گەلی غەززە بکەن.
بە بۆچوونی نووسەرێکی وەک زەیف، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین جیا ناکرێتەوە، بەڵکوو دۆخی ناوچەکە پاش دەستپێکردنی پیلانگێڕییەکە ڕاڤە دەکات، هەروەها وتی؛ ئامانجی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ڕفاندنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان سڕینەوەی تەڤگەری ئازادی کوردستان بوو.
هەروەها ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک ڕێبازی هەرە گونجاوی ڕزگاریی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. جا گوتی: ''جیاوازیی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە شۆڕشەکانی تری کوردستان ئەوەیە کە تەڤگەری ئازادی کوردستان پڕۆژەیەکی نەتەوەپەرەستانە پێشکەش ناکات. ئەم پڕۆژەیە لە سەر بنەڕەتی هەمەچەشنیی و نەتەوەی دیموکراتیک ڕەنگڕێژ بووە، ئەمەش خزمەتی تێکڕای گەلان دەکات، پڕۆژەی تەڤگەری ئازادی کوردستان بۆ ڕزگارکردنی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتیی ڕێچارەی هەرە گونجاوە. بەڵام هێزە ئیمپریالیستەکان ئەم پڕۆژەیەیان بە هەڕەشە بۆ سەر هەژموونی خۆیان زانی، سا بۆیە ڕێبەرێتییان ڕفاند تا پڕۆژەکە تێک بشکێنن.''
زەیف ئاماژەی بەو گرنگیدانەی ڕێبەر ئاپۆ کرد بە گەنجان و ژنان و وتی: ''فەلسەفەی ڕێبەرێتیی لە تێکۆشانی بەرانبەر داعش و کەرتوپەرتکردنی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی بەرانبەر چەتەکان و سیستەمی فاشیزم ئەنجامی گرت.''
ئیسلام زەیفی نووسەر داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی کرد و ئاوا کۆتایی بە قسەکانی هانی: ''ڕاستییەکەی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتێکی ناوین دەژێین کە پڕە لە گەل و ئاڵەنگاریی، هەروەها هێزە فاشیستەکان پیلانی خۆیانی تێدا دەگێڕن. لە سەر ئەم بنەمایە ئێمە داوای ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین، سیاسەتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دژی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و سەپاندنی گۆشەگیری پەرچ دەدەینەوە.''