"گەلی ئێران بڕیاریداوە کە سەری بۆ مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم دانەنەوێنێت"

ئەگەر ئێران بیردۆزی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی باش جێبەجێ بکات، دەتوانێت ڕێگا بۆ چارەسەری گرنگ خۆش بکات. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ناوەندگەرایی، واقیعێکی فیدراڵی لە ناوەڕۆکی ئێراندا هەیە.

کەلتوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە زانست و ئایدیۆلۆژیای پۆزەتیڤیستی مۆدێرنیتەی ئەوروپی ناتوانرێت هەبڵسەنگێندرێت. کاتێک بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە بەم شتە دەناسرێت، ئەوا دەرئەنجامەکەی رۆژهەڵاتناسیە. ئەوەی ئەم هێڵەی لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا خستوویەتییە ڕوو، لەگەڵ واقیعی مێژوویی و لەگەڵ واقیعی ڕۆژانەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناگونجێت. بە یەک وشە جیاوازی نێوانیان وەک شاخ وایە. تێگەیشتن لە حەقیقەتی رێبازە نەریتییەکان لە ژێر کاریگەری رۆژهەڵاتناسیدا (بە شێوەیەکی سەرەکی شەپۆلەکانی ئیسلامی و هەموو جۆرە رێبازە کەلتورییەکان) دوورن لە راستی و تەنیا ئەدەبی وشکن.

فۆڕمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم بە پارادایمی تایبەتی خۆی جێگیر کردووە، هەم لە مێژوودا و هەم لە دۆخی ئێستادا جێی نابێتەوە. ئەو جیاوازییە گەورەیەی کە لە ململانێ و فرەچەشنی ئێستا سەریەهڵداوە، بەو شەڕە چڕەوە ڕوون دەکرێتەوە کە زیاتر لە دڕندەییە. نە سروشتی قووڵ و نە دواکەوتوویی کەلتوری لەم نێوەندەدا بەرپرس نین. کێشەکە پەیوەندی بە شێوازی جێبەجێکردنی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم و شێوازی ئەم مۆدێرنێتیەوە هەیە. هەوڵ دەدەن کەلتورێکی هەزاران ساڵە (کلتوری ماددی و مەعنەوی) پارچە پارچە بکەن و بریکارەکانیان (پیشەسازی و کاپیتالیزم دەوڵەت-نەتەوە) لەنێویدا جێگیر بکەن. ئەمەش هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو دڕندەییەیە کە ڕوویداوە و ڕوودەدات. ئەوەی ڕوویداوە جیاوازی نییە لەگەڵ دڕندەیی و قڕکردنی ڕابردووی نزیک.

مرۆڤ هەرچەند هەڵوێستە لەسەر سەپاندنی دەوڵەت-نەتەوە بکات کەمە، کە هاوشێوەی چەقۆیەک کلتوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەت کردووە. چونکە زەبر و زەنگی توند بەم چەقۆیە دەستی پێکرد. دەست لە چ کارەساتێک بدەین، دەرئەنجامەکەی ناگۆڕێت. لە ناوەوەی هیندستانەوە تا سیبیریا، لە بیابانەکانی مەغریبەوە تا بیابانەکانی عەرەبستان، هەموو کەلتورێکی ڕەسەن یان کۆچەری پشکی خۆی لە لێدان لەم چەقۆیەی وەرگرتووە. هێشتا برینەکە خوێنی لێدەچۆڕێت. هەموو ئەو شەڕانەی هیندۆسی و موسڵمانان کە رۆژانە لە هیندستان و کشمیر و ناوچەی ئویغور و رێککەوتنی ئەفغانستان و پاکستان و شەڕی چیچان لە رووسیا و شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین و لوبنان و وڵاتانی دیکەی عەرەبی، شەڕی کورد و تورکیا ، عەرەب و فارس، شەڕی مەزهەبەکان لە ئێران، یەکڕیزیی نەتەوەیی لە باڵکان، نەەێشتنی ئەرمەنی و ڕۆمانی و سوریانی لە ئەنادۆڵ؛ زۆر شەڕ و کارەساتی وەک ئەمانە ئایا دەرئەنجامی هەژموونی کاپیتالیزم نین؟

کێشەکانی نێو فارس و کۆمەڵگەی نەتەوەیی ئێران

ئە گەر دەستێوەردانەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە یەكێتیی دەوڵەتە نەتەوەكانە، نەتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت، ئەگەر رێكخراوی كۆنفرانسی ئیسلامی كە یە كێتیی دەوڵەتە نەتەوەكانی ئیسلامیە، نەتوانێت كاریگەر بێت، ئەگەر دیپلۆماسی بێشوماری دەوڵەتە نەتەوەییەکان هەموو ڕۆژێک جگە لە بێزارکەری هیچی تر نەبێت، هۆکاری ئەمە پەیوەندی بە ڕێکخستن و مێشکی دەوڵەتی نەتەوەییەوە هەیە. ئەم هەڵەیەی کە هەزار جار توندترە لە توندی ئایینی سەدەکانی سەرەتا و ناوەڕاست، نابێ سەرمان سوڕبێت، ئەگەر هەمیشە بە شێوەی فاشیزم و لە هەموو شوێنێک بە کردەوەکانیەوە لەبەردەمماندا دەربکەوێت. دەوڵەتی نەتەوە هەمیشە بە شەڕ بنیات نراوە. تاکە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە کە لە ڕێگەی شەڕەوە پێک نەهاتبێت. لەوە خراپتر، ئایا دەوڵەتێکی نەتەوەیی هەیە کە لەناو خۆیدا لەگەڵ کۆمەڵگادا شەڕ نەکات و لە دەرەوەش لەگەڵ دەوڵەتە نەتەوەییەکانی دیکەدا شەڕ نەکات؟

کێشەکانی ناو کۆمەڵگای نەتەوەیی ئێران یان فارس دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزمی دوو سەد ساڵی ڕابردوو و شارستانێتیە مێژووییەکان.

کۆمەڵگای ئێران هەم لە ڕووی نەتەوەیی و هەم لە ڕووی ئایینییەوە خاوەنی شوناسێکی زۆر و خاوەنی کەلتورێکی دەوڵەمەندە. پێشوازی لە هەموو ناسنامە ئایینی و نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئەستەمە تەنیا لە ڕێگەی هەژموونی ئایدیۆلۆژیی ڕەگەزی یان ئایینەوە ئەم فرە شوناسە پێکەوە هەڵبکەن. بە شێوەیەکی زۆر ورد نەتەوەپەرستیەکی ڕەگەزی و ئایینی بەڕێوە دەبات. لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم جێبەجێ دەکات، بەڵام کاتێک کە سوودی هەبێت، پەنا بۆ پڕوپاگەندەی دژە مۆدێرنیزمیش دەبات. بۆتە وەستایەک بۆ تێکەڵکردنی پێشهاتە دیموکراسی و شۆڕشگێڕیەکان لە کلتوری شارستانیەتی نەرێتیدا. دەسەڵاتێکی دیسپۆتیک بە وەستایانە بەڕێوە دەبات. یەکێکە لە دەوڵەتە پڕ کێشە و مشتومڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەوڵەتی نەتەوەیی ئێران لەبارە بۆ بڵاوبوونەوە، تەنانەت ئەگەر سەرچاوە نەوتییەکانیش بۆ نەرمکردنی گرژییەکان بەکاربهێنێت. هەروەها لێرەدا ناکۆکیەکان لەگەڵ هەژموونی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا زۆر کاریگەرە.

لە بنەمای خۆیدا وەک ئیرادەیەکی فیدراڵی وایە

ئەگەر ئێران بیردۆزی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی باش جێبەجێ بکات دەتوانێت ڕێگا بۆ چارەسەری گرنگ خۆش بکات. سەرەڕای هەوڵەکانی ناوەندگەرایی، ئێرانێکی فیدراڵیی لە ناوەڕۆکدا هەیە. کاتێک بناغەی شارستانی دیموکراتیک لەگەڵ بناغەکانی فیدرالیزم (ئازەری، کورد، عەرەب، بەلووچ، تورکمان) کۆدەبنەوە، ئەوکاتە پرۆژەی کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتیکی ئێران دەتوانێت مانای هەبێت و بە ئاسانی ببێتە ناوەندێک. هەروەها نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لەم پڕۆژەیەدا ڕۆڵی گرنگیان هەیە. ئایندەی گەشی ئێران و رۆڵی مێژوویی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بە یەکخستنی بناغەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک (کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئابووری و ئیکۆلۆژی) و بە پراکتیکردنی دەبێت. هێزی کۆمەڵگای نەتەوەیی ئێران بۆ ئەمە بەسە و واقیعی نەتەوەیی دموکراتیکی ئێرانیش ئەمە فەرز دەکات.

ئێران یان لە بناغەدا دەگۆڕێت یان ...

ئێران تەنیا خاوەنی کەلتوری نەتەوەیی فارسی نییە؛ لە هەمان جوگرافیادا چەندین کەلتوری نەتەوەیی هەیە. دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو یەکدا تایبەتمەندی نەتەوەیی و ئایینییان پەرەپێداوە. ئێمە ناتوانین تەنیا سیفەتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئێران وەک کۆمەڵگا و دەسەڵاتێکی باڵا بناسێنین. ئەگەر گەل وەک فۆرمێکی خۆسەر کە تیایدا سیفەتە ئایینی و نەتەوەییەکان تێکەڵ دەکرێن بناسێنرێت ، مرۆڤەکان دەتوانن زیاتر لێی فێربن. هەرچەندە جارجارە هەردوولا هاتوونەتە پێشەوە، بەڵام مرۆڤ بە درێژایی مێژوو دابەشبوونێکی زۆر ڕیشەیی لە نێوانیاندا نابینێت. بۆ نموونه‌ نە وەک عه‌ره‌ب بوون بە‌ كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كلاسیك و نە وەک جووەکان بوون بە‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی ئایینی. بە شێوەیەکی سروشتی وەک ئەوە وایە مۆدێلی سێیەم خوڵقابێت. بوونی ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەکان و بیروباوەڕی ئایینی ڕۆڵێکی گرنگی لەم کارەدا هەبووە. کاریگەری دوو سەد ساڵی ڕابردووی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم لەسەر ئەم ڕاستییە بووە. نە ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نەتەوەپەرستی وه‌ک وڵاتانی ئه‌وروپی‌، نه‌ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک وڵاتانی عه‌ره‌بی جێبەجێ کردووە. تایبەتمەندییە مێژووییەکانی خۆی پاراستووە، بە بەراورد بە هەردوو مۆدێلەکە، ئەدای خۆی لەدەست نەداوە. شای ئێران نەیتوانی لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە و لەژێر ئەوەشدا ئەو راستیە هەیە کە باسمان کرد.

بەڵام ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت و بەردەوامی بە هەبوونی خۆی دژی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم و کاپیتالیزمی جیهانی بدات. یان گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دەبێت (ئەمە بۆ دەوڵەت و دەسەڵات زۆر قورسە؛ ئەگەر بیەوێت ببێتە دەوڵەتی نەتەوەیی لیبڕاڵ، ئەمە دەبێتە هۆی ڕووخانی)؛ یان دابەش دەبێت و چینی خوارەوە دەکاتە موڵکی خۆی لەسەر بنەمای بەها دیموکراسییە مەدەنییەکانی ڕێوڕەسمی ئیسلامی و بەها ڕۆژانەییەکانی مۆدێرنیتە دیموکراتییەکان و دەبنە یەکێک لە یەکەم هێزە بنیاتنەرەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە ڕزگارکردن لە گێژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە شێوەیەکی شایستە وەک رابردوو جارێکی دیکە جێگەی خۆی لە مێژوودا دەگرێتەوە.

هەر ئێستا دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ئەفغانستان و پاکستان بە شێوەیەکی مەترسیدار سەرقاڵی سازشن. ڕەنگە شەڕەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی سەدەی ڕابردوو کارەساتێکی گەورەتر لە بۆمبی ئەتۆمی بۆ ئەم گەل و کەلتورانە هێنابێت.

ئەو گەلانەی کە ئاماژەیان پێکراوە ڕووبەڕووی پیلانگێڕی و وێرانکاری و رەشەکوژی کە لە مێژوویاندا هەرگیز نەبینراوە دەبنەوە. ڕەنگە ئێران لە هەر ساتێکدا ڕووبەڕووی کارەساتی ئەتۆمی ببێتەوە. کەلتوری ئێران هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ مۆدێرنیتەی کاپیتالیزمدا بەریەککەوتنی هەبووە. بەرەنگاری هەموو یاسا سەپێنراوەکان دەبێتەوە. شیعەییزم وەک دیاردەیەکی لۆکاڵیتر و مێژووییتر دەسەپێندرێت، پێشتر لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە تێگەیشتوون کە نەتەوەپەرستیە، خوڵقاندنی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزمە و شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەم دەمامکەوە پووچەڵ دەکرێتەوە، بۆیە لەبەرامبەردا دەوەستنەوە. ئەو ڕووداوانەی لە ئەفغانستان و پاکستان ڕوودەدەن جیاوازییان نییە. سەرەڕای پڕوپاگەندەی حیزبولڵا و قاعیدە و تاڵیبان، بەڵام ناتوانرێت راستیەکان پەردەپۆش بکریت. مرۆڤ نابێت لەبیری بچێت کە ئەم سێ ڕێکخراوە دەمامکدارە کە بریتین لە حزبوڵڵا و قاعیدە و تاڵیبان لەلایەن دەوڵەتە نەتەوەییە کۆیلەکانەوە دامەزراون و ئێستا وەک ئامرازی ڕەشبگیری و کوشتن لەلایەن ئاغا هەژموونەکانیان کە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بەکاردەهێنرێن، بۆ ئەوەی حەو دەوڵەتە خولامانە بتوانن سودێکی زیاتر بەدەست بهێنن. بە واتایەکی تر ئەم کەرەستەی کوشتن و ڕەشبگیری و پیلانگێڕییان پێکەوە بۆ دیسپلینکردنی یەکتر و بەکارهێنانیان لە دژی یەکتر بۆ زیادکردنی پشکی خۆیان دروست کراون. ڕەنگە، لە مێژووی یارییەکەدا، هەرگیز ئامرازێکی وەها ئاڵۆز بۆ یاری پیلانگێڕی نەبووبێت. یاریکردن بەم ئامرازە یارییە پیلانگێریانە، مرۆڤەکان و کەلتورەکانیانی کوشتووە و ڕوونە کە بەم ئامرازانە نە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نە دەوڵەتە نەتەوەییەکان شەریکی ئاغاکان نابن و گەندەڵ و ئیفلاس دەبن.

ڕەنگە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داهاتوو لە ڕێگەی ئێرانەوە بنیات بنرێت

بە تایبەتی ئێران، کەلتوری دەوڵەتی خۆی کە زۆر کۆنە و بەکار دەهێنێت و گواتە پێی وایە دەتوانێت بە مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم ئەو کارە بکات، لە ڕاستیدا وێنەیەکی لەو شێوەیە دەدات و چاوەڕێی قبوڵکردنە لەلایەن سیستەمەوە. بەکارهێنانی مێژوو بەم شێوەیە ڕەنگە دیارترین شێوەی شکست بێت. تێکەڵبوونی مۆدێرنیتە لەگەڵ کەلتوری مێژوویی و کەلتور لەگەڵ مۆدێرنیتە تەنیا بە 'سواڵکردنی عەجەم' دەتوانرێت ڕوون بکرێتەوە. بە هۆی ئەم هۆكارانەوە ئەگەری ئەوە هەیە ئایندەی نزیكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر ئێران شێوە بگریت. لە راستیدا ئێران لە ناوەندی گفتوگۆی مۆدێرنیتەدایە. ناسیۆنالیزمی شیعه‌ چه‌ند دژایه‌تیی بکات، باسی ئایدیۆلۆژی و سیاسی سه‌باره‌ت به‌ مۆدێرنیته‌ بکات، به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌کردن و به‌رده‌وام ده‌بێت. خەڵکی ئێران لە گەلانی دیکە زیاتر مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم دەناسن و وا دیارە ئیرادەیان هەیە کە سەری بۆ دانەنەوێنن. ناسیۆنالیزمی ئێستای شیعەکان چەندە دژە ئیسرائیلی و دژە ئەمریکی و دژە رۆژئاوایی بێت، لە درێژخایەندا خەڵکی ئێران بە دوای مۆدێرنیتەی خۆیاندا دەگەڕێن و ناتوانێت رێگریان لێ بکات لەم گەڕانەدا. تەنانەت ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلیش رێکبکەویت، ناتوانێت هەڵوێستە دەمامکدارەکەی بشارێتەوە.

گەڕان بەدوای حەقیقەتدا لە کەلتوری ئێراندا بەهێزە

گەڕان بەدوای حەقیقەتدا لە کەلتوری ئێراندا بەهێزە. هەروەها لە ئێران کەلتوری ژیانی کۆمەڵایەتیی بەقەد مێژوو کۆن هەیە. بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکی ئێراندا شەڕێکی ڕاستەقینەی مۆدێرنیتە دەبینین. لە ڕاستیدا شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ شەڕی مۆدێرنیتە بوو، بەڵام لە ڕێڕەو دەرچوو. خەڵکی ئێران وانە لەم شۆڕشە و سەردەمە مێژووییە وەردەگرن، لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی شەڕەکانی مۆدێرنیتەوە کە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ سەردەمێکی نوێ، ببێتە هۆی ڕووداوگەلێکی شایستەی مێژووی بۆ خۆیان کە شایستەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیه‌ باسكردن له‌ سه‌ر مۆدێرنیته‌ی دیموكراتیك و ئه‌زموونه‌ پراکتیەکانی زۆر گرنگ و فێركارییه‌.

ئێران توانای لەو شوێنەدایە کە لە هەر ساتێکدا دابەش بێت، بۆیە دەوڵەتی نەتەوە وەک بۆمبێکی ئەتۆمی وایە کە لە ژێری دانراوە. ناسیۆنالیزمی شیعه‌ به‌رده‌وام ده‌وڵه‌تی نەتەوە قورستر ده‌كات و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ته‌ماحه‌ مۆدێرنێتیەکانی، ئه‌مه‌ نابێته‌ ڕاگرتنی لێكترازان و پارچەبوونی ئێران، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خێراتری ده‌كات. تیۆری نه‌ته‌وه‌ی دیموکرات وه‌ک ده‌رمانێک وایە، به‌تایبه‌تی بۆ ئێران، که‌ پێویسته‌ رۆژانه‌ به‌کاربهێنرێت. کەلتوری ئێران و گەلەکەی بە بەرەنگاری مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم بەختەوەرن و تەنیا بە عەقڵیەتی نەتەوەیەکی دیموکراتیک دەتوانن بگەنە دنیای ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی کە تامەزرۆن. ئێران بە تیۆری نەتەوەی دیموکرات دەتوانێت رەشکوشتن و پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی پووچەڵبکاتەوە و ئاشتییەکی شکۆمەندانە بەدی بهێنێت.

ئەمڕۆ یەکێک لە کارەساتە گەورەکانی سەقامگیری دەوڵەتی نەتەوەیی لە سنووری ئەفغانستان و پاکستان ڕوودەدات. جگە لەمەش کێشەی کشمیر بە تەواوی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتپارێزی نەتەوەیی. کێشەکانی پاکستان-هیندستان، پاکستان-بەنگلادێش بەهەمان عەقڵیەتی نەژادپەرستی دروست بووە و تا ئێستاش لە ئارادایە. چارەسەر و ئاشتییەکانی دەوڵەت-نەتەوە، بە پێی سروشتی خۆی، شەڕ و چارەسەرنەبوونی لێدەکەوێتەوە. ئەم نموونە ئاشکرایانەش کە لەسەرەوە باسکرا ئەم ڕاستییە ڕوون دەکەنەوە. لە ئەفغانستان دەیانویست مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی لە نەتەوەپەرستی کۆماری و پاشایەتی و پێکهاتەیی جێبەجێ بکەن. لە ئەنجامدا کۆمەڵگایەکی ئەفغانی هەیە کە دابەش بووە و ناتوانێت لە ناوەڕاستی ئەم توندوتیژیدا بەردەوام بێت کە هیچ بنەمایەکی نییە و کوێرە. جگە لە چەمک و تیۆری نەتەوەی دیموکرات، هیچ عەقڵیەت و ئیرادەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی ئەم گرووپانە و گەیاندنیان بە ئازادی و ژیانێکی دیموکراسی نییە. کێشە کۆمەڵایەتییەکان تا لە ڕووی فیکرییەوە جیا نەکرێنەوە، لە ڕووی پێکهاتەییەوە چارەسەر ناکرێن. عەقڵیەتی نەتەوەی دیموکراتیک لە ئاسیای ناوەڕاستەوە تا هیندستان باشترین چوارچێوەی یەکگرتن بۆ گەل و کەلتورە زۆر جیاوازەکان دابین دەکات. لەبەرئەوەی مرۆڤ و کەلتورەکانی ئەم شوێنانە بە درێژایی مێژوو لە ژێر سەقفی سیاسی هاوبەشدا وەک کۆنفیدراسیۆن و ئیمپراتۆریەت ماونەتەوە، ئەگەر راستیش نەبێت، توانیویانە بەم شێوەیە بوون و خۆسەری خۆیان بپارێزن. نەتەوەپەرستیی عیلمانی بێت یان ئایینی، هەتا عەقڵیەتی دەوڵەتی نەتەوەیی بەردەوام بێت، کۆمەڵگا زیاتر دابەش دەبێت و دژی یەکتر دەجەنگێت. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زۆر وابەستەی ئیسلامن بەڵام وەک ئایدۆلۆژیای تیرۆر دەیخەنە ڕوو و بەمەش ئەم کەلتورە ناشرین دەکەن. یەکێتیە دیموکراتیکەکانی نەتەوەیی ئەوەندەی بۆ ئێرانن جێبەجێ دەکرێت، پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ ئەم جوگرافیایە بەرفراوانە جێبەجێ بکرێت. دەوڵەتە نەتەوەییەکانی وەک پاکستان لە ئێستاوە بەرەوە هەڵوەشانەوە دەچن و باشترین جێگرەوە پڕۆژەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە وەرگیراوە.

ف.ق