گریمانەکانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل

ئێران دەتوانێت لە ڕێی هێرش بۆ سەر ئامانجەکانی تورکیا و ئازەربایجان و بارزانی، هەم وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیڵ بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران بداتەوە و هەمیش پێش بەو مەترسییە گەورەیە بگرێت وا لە قەوقاز هەڕەشەی لێ دەکات.

*هەڵسەنگاندی ڕێوار ئابدانان ئەندامی دەستەی ڕێبەرایەتی کەجەکە بۆ ماڵپەری 'تریبوونی زەمانە' لە بارەی گرژی و گریمانەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

لەگەڵ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس، ئێستا کێشمەکێشی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە قۆناغێکی ترسناک گەیشتووە. جەنگی غەززە بەشێکی گرنگ و چارەنووسسازی پێواژۆی جەنگی جیهانیی سێهەمە، ئیسرائیل ناچارە بۆ پاراستنی هەژموونی باڵادەستی خۆی لە ناوچەکە ڕووبەڕووی پیلانڕێژی سەرەکیی شەڕەکە بێتەوە، واتە ئێران، ئەگینا جەنگی غەززە و قۆناغەکانی پاش ئەوە، پێشهاتی ترسناک بۆ ئیسرائیل دێنێت. لەلایەکی ترەوە ئێران بۆ پاراستنی جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی خۆی ناچار بوو جەنگی غەززە بنێتەوە، دەسەڵاتی ئێران و هاوپەیمانە یەمەنییەکانی لە گەرووی بابولمەندەب و توانای جەنگی بریکارەکانی ئێران لە ئێراق و سووریا و لوبنان بە توندیی گۆڕەپانەکەی لە ئیسرائیل و ناتۆ تەنگ کردووەتەوە. هەر لەم بەستێنەدا ئیسرائیڵ خۆی لە ژێر گەمارۆ و ترسێکى بیسنووردا دەبینێتەوە، ئاشکرایە لە ڕەوشێکی بەم شێوەدا ئیسرائیل ناچارە ئەمریکا و سەرپاکی هێزە جیهانیی و هەرێمییە هاوپەیمانەکانی بێنێتە پێشەوە، تا ئەو مەترسییە بڕەوێنێتەوە وا هەڕەشە لە بوونی دەکات.

ئەمریکا و ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ئۆکرانیا بە توندییی خەریکی ململانێن لەگەڵ ڕووسیا و لە ژێر فشاردان، لەبەر ئەوە ئیسرائیڵ ناچارە لە بەردەم هاوپەیمانە هەرێمیی و دەسکەلاکانیدا لە قەوقاز مانۆڕ بکات، یارمەتییە لۆجستیکییەکانی ڕژێمی فاشیستی تورکیا بۆ ئیسرائیڵ و ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئازەربایجان بۆ بڕینی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ ئەرمەنستان، ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرنامەکانی ئیسرائیڵ بۆ ئەم جەنگە وازیی دەکەن، لەلایەکی ترەوە هەموو نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرەی پانتورکیزم کە پێکهاتوون لە ئەردۆگان و عەلیێف و موجاهیدینی خەڵق و بارزانیی و مەقاشەکانی و جیشی عەدل و داعش (بە تایبەت داعشی ئاسیای ناوەڕاست کە بە داعشی خۆراسان دەناسرێت) هێڵی پێشەوەی ئیسرائیڵن بۆ دژایەتیی لەگەڵ ئێران.

هەروەها داعش لە کرمان و لەم دواییانەشدا لە مۆسکۆ چالاکیی سەربازیی ئەنجام دا، لە داهاتووشدا هێرشی بەرەی ڕۆژئاوای دژ بە ئێران و ڕووسیا و چین لە ڕێی بەکارهێنانی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە پەرە دەسەنێت، هەر لەبەر ئەمە باشترین بژاردەی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران هەڵی بژێرێت، بەئامنجگرتنی ئەم هێزە مەقاشانەی ئیسرائیلە، وە ئەگەر دەرفەتی تریان بۆ هەڵکەوێت، مسۆگەر ڕێی هەناسەی ئێران لە قەوقاس و ئاسیای ناوەڕاست دەبڕن. ئامانجە سەربازیی و ستراتیژییەکان لە خاکی تورکیا و ئازەربایجان و ناوچەکانی ژێر جڵەوی بارزانیی، لەو خاڵە سەرەکییانەن کە ئێران بە تایبەت دەتوانێت بە ئامانجیان بگرێت.

ئێران دەتوانێت لە ڕێی هێرش بۆ سەر ئامانجەکانی تورکیا و ئازەربایجان و بارزانیی، هەم وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیڵ بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران بداتەوە و هەمیش پێش بەو مەترسییە گەورەیە بگرێت وا لە قەوقاز هەڕەشەی لێ دەکات. پێچەوانەی ئەمانە ئەوە دەبێت چاوەڕێ بێت تا گۆڕەپانەکەی لێ تەسک بکەنەوە، لەلایەکی ترەوە گەر ئێران لەبری بەئامانجگرتنی سەنگەرەکانی ئیسرائیڵ لە قەوقاز و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانیی، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئیسرائیڵ ببێتەوە، ئەوا مسۆگەر جەنگ پێ دەنێتە قۆناغێکی ترسناک و وێرانکەرەوە.