هەڵبژاردن دەکرێت یان نا؟
پارتی دیموکراتی کوردستان و باڵی مەسرور بارزانی شەڕی مانەوە دەکەن لەدەسەڵاتدا و نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، چونکە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن پارتی پەل و پۆ دەکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان و باڵی مەسرور بارزانی شەڕی مانەوە دەکەن لەدەسەڵاتدا و نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، چونکە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن پارتی پەل و پۆ دەکرێت.
باشووری کوردستان بە دۆخێکی ناهەمواردا تێدەپڕێت لە لایەک سڕکردنی پەڕلەمان و لە لایەک نەبونی حکومەتێکی یەکگرتوی خزمەتگوزار کە دڵی هاولاتیان ڕازی بکات، لەولاتر هێنانی سوپای داگیرکەر و داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی باشوور و نەبونی کۆدەنگی نیشتیمانی و ئۆپۆزسیۆنێکی کارا هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت چەند سیناریۆیەک چاوەڕوانی دۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان دەکات
سیناریۆی یەکەم:
بونی ململانێی سیاسی و گەندەڵییەکی زۆر وایکرد کە کۆمەڵێک دۆسیەی تایبەت بە بەرپرسانی پارتی و بنەمالەی بارزانی لە دادگای فیدڕالی ئەمریکا بکڕیتەوە و زیاتر لە پەنجا کەس ناویان لە دۆسییەکاندا بێت و تۆمەتباربکرێن بە گەندەڵی، تیرۆر، سپیکردنەوەی پارە، سەرکوتی ئازادیی و مافی مرۆڤ، ڕەشبگیری و هاوکاری داعش بە تایبەت لە کەیسی ئێزیدییەکان و چەند مەلەفێکی مەترسیداریتر
بە پێی ئەو کاتەی بۆ دادگاییکردنەکە دانراوە مانگی ٩ی ئەمساڵ دادگاییکردنەکە بەڕێوە دەچێت کە کەسانی پلەیەک و پلەدووی ناو بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراقی تێدایە جگە لە نێچیرڤان بارزانی، لە ئێستادا کە سەرجەم پارەکانیان بلۆککراوە لە ئەگەری ساخبونەوەی تۆمەتەکان ڕاستەوخۆ سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچو هەروەها سەرۆکی پارتی سڕ دەکرێن و لە کایەی سیاسی و وەرگرتنەوەی دەسەڵات دوور دەخرێنەوە، لە بەرامبەریشدا لە ئەگەری بونی بۆشایی پەڕلەمان و حکومەتدا دەسەڵاتی ڕەها دەدرێتە سەرۆکی هەرێم و جارێکی تر دەسەڵاتە خۆجێیەکان کارا دەکرێتەوە هەرچەندە ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بەسەرچووە بەڵام حەلی کاتی دەکرێت.
سیناریۆی دووەم:
پارتی دیموکراتی کوردستان و باڵی مەسرور بارزانی شەڕی مانەوە دەکەن لەدەسەڵاتدا و نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، چونکە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن پارتی پەل و پۆ دەکرێت، بیریشمان نەچێت کۆنفرانسی لق و ناوچەکان گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن و جارێکیتر پارتی ناتوانێت ئەو ژمارە زۆرە ئەندامەی ئاشتبکاتەوە و بەشێکی زۆریش لەوانەی لە پارتی زویربون خۆیان هەڵگرتووە بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و پارتیش ئەوە باش دەزانێت کە ئەم هەڵبژاردنە بە دڵی ئەو نابێت ئەگەر دوو پۆستی سیادی لەدەست نەدات دڵنیایە لەوەی کە دانەیەک لەدەست دەدات بۆیە دەیەوێت قەناعەت بە یەکێتی بکات سەرۆکی پەڕلەمان وەربگرێت لەپێناو مانەوەی مەسرور بارزانی لە پۆستی حکومەتدا و لەبەرامبەریشدا یەکێتی دەیەوێت دوو پۆستی سەرەکی لە پارتی وەربگرێتەوە بە دەنگی هاوڵاتیان و ئەو هاوپەیمانیانەی دووای هەڵبژاردن پێکی دەهێنێت، دۆخی خراپی ناوخۆی پارتی و هەوڵدان بۆ خۆنزیککردنەوە لە هێڵی نیشتیمانی لە لایەن یەکێتییەوە هەلی سەرکەوتنی زیاترکردووە و هەر ئەمەشە پارتی ترساندووە لە هەڵبژاردن.
سیناریۆیی سێیەم:
پیلانی تورکیا بۆ داگیرکاری و هێنانی ئەو هەمووە هێزە زۆرە بۆ سنوری ژێر دەسەڵاتی پارتی کە بەشێکی زۆریان چەتەی داعش و چەتەکانی سوریان و دروستکردنی ئەو لۆبییانەی کە خودی مەسعود بارزانی لەناو کابینەکەی سۆدانی و کۆمکاری عەرەبی بۆ تورکیای دروستکردووە، چانسێکی تری داوەتە دۆستەکەی بنەماڵەی ئەردۆغان کە بنەماڵەی بارزانییە بەناوی بونی شەڕ و دۆخی ئاڵۆز لە ناوچەکانی دهۆک و هەولێر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت و ڕەنگە دووای بە سەرۆک خێڵی ناوچەی بارزان تورکیا دڵیان ڕازی بکات چونکە هاتنی ئەمجارەی تورکیا دڵی بارزانییەکانیش داگیردەکات و ئەو گوند و ناوچانەی جێنفوزیانە ڕاستەوخۆ لە لایەن سەربازانی تورکیاوە بەخێرهاتن دەکرێن
بۆیە دەرئەنجام پێمان دەڵێت هەموو ئەگەرەکان بەو ئاڕاستەیەن کە هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت و هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی وەک شتێکی ڕەمزی دەمێنێتەوە، هەرچەندە هەڵەی حوکمڕانی وەها هاوڵاتیانی بێ هیواکردووە کە بە ناچاری بڵێن ئۆخەی کە ئەم دەسەڵاتە نامێنێت، بەڵام ئەمە زۆر مەترسیدارە و نابێت ڕێگەبەوە بدرێت لە پێناو خواستی چەند کەسێکدا خوێنی شەهیدان بە فیڕۆبچێت، هەرچیش تایبەتە زۆریشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان داش عێراق کە ئێستا لە ڕووی سەربازییەوە بەدەستی خۆی خۆی گەمارۆداوە و پێگەی سەربازی خۆی لاوازکردووە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە باڵی نێچیرڤان بارزانی کە ئێستا جێگری یەکەمە بچوک دەکرێتەوە بەمەش دۆخی ناوخۆی ئەو حیزبە و ناوخۆی هەرێمیش ڕەنگە شێواوی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
هـ. ب