لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە ئەنجامی شەڕ و بەرخۆدانی ١١مانگی، شاری شەنگال ئازاد کرا. بنەمای دەستپێکردنی ڕزگاری شەنگال، بە کردنەوەی ڕێڕەویک بوو لە نێوان شەنگال و ڕۆژئاوا. ئەم ڕێڕەوە لەلایەن هێزەکانی یەبەشە-یەژەشە بە پاڵپشتی هێزەکانی یەپەگە-یەپەژەوە کرایەوە.
لە ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٤، "هەڵمەتی ئازادی شەنگال" بە جۆش و خرۆشێکی مەزنەوە بە سڵاو و پیرۆزباییەکانی گەلەوە پێشوازی لێکرا. لە شاخی شەنگالەوە بەرەو ناو شاری شەنگال و گەڕەکەکانی شار شەڕڤانان دەستیان بە چالاکی کرد. هەموو شەڕڤانان بە هیوای ڕزگاری شەنگالەوە کەوتنەڕێ. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا جەماوەرێکی زۆر لە گەنجانی ئێزدیمان بە چەکی کەسیی خۆیانەوە و بە هەستی تۆڵەکردنەوەی ژن ومنداڵە ڕفێنراو و کۆمەڵکوژکراوەکانیان لە داعش، لە هەڵمەتەکەدا بەشداریان کرد.
لە هەڵمەتەکەدا شەڕیكی قورس دەستی پێکرد. شەڕڤانانی ئازادی هەنگاو بە هەنگاو دەستیان بە تێکۆشان کرد، یەک لە دوای یەک پێگەکانی داعشیان تێکشکاند و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە ڕۆیشتن. چەتەکانی داعش ڕووبەڕووی زیانێکی قورس بوونەوە و هەڵاتن. گەڕەک بە گەڕەک شوێنەکان لە داعش بە تەواوی پاککرایەوە. پاش تێکشکاندنی داعش، دەستبەجێ شەڕڤانانی ئازادی پێگەکانیان دروست دەکەن و لە هەموو شوێنە ستراتیژییەکان سەنگەری خۆیان دادەنین. لە زۆر شوێندا تەنیا 50 مەتر لە نێوان سەنگەری شەڕڤانان و داعشدا مەودا هەبوو، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی دروستکردبوو. ڕاستە شەڕ مەترسی هەیە بەڵام، ئازادی پێویستی بە بەدیل و لەخۆبوردووویی مەزن هەیە. ئەمەش بارێکی قورسی لەسەر پشتی شەڕڤانانی ئازادی دروستکردبوو. بەڵام بە ئومێد و باوەڕێکی مەزنەوە، بە هەستی تۆڵەسەندنەوەی ژنە دیلەکان ئەم بارگرانییەیان لە ئەستۆ گرت. لەسەر ئەو هەست و ڕۆحیەتە بۆ ماوەی ١١ مانگ لەو شوێنانە لەناو ئەو ماڵە وێرانانەدا لە سەرمای زستانەوە هەتا، گەرمای هاوین بەردەوام لە هەموو مەرجەکاندا بە تینوێتی و برسێتی بەرخۆدانیان کرد. وتنێک هەیە دەڵێن "باشترین پاراستن هێرشکردنە" بۆ پاراستنی خۆت و پێگەی خۆت، پێویستە بەردەوام لە هێرشدا بیت. لەو هێرشانەدا ١٨ شەڕڤان شەهید بوون. ١٨جەنگاوەر، ١٨ ڕۆحی ئازاد، ١٨ پرشنگی خۆر و هیوا بۆ داهاتوو و ئازادی شەهید بوون و بۆ هەمیشە لە ئاسمانی درەوشاوەی وڵات ڕووناکی بە ڕێبازی شۆرش دەبەخشن.
پڕۆسەی ١١مانگە، مانەوە لە دووری ٥٠مەتر لە هەندێ لە گەڕەکەکان، کارێکی ئاسان نەبوو بۆ شەڕڤانان. ئیتر سەبریان بەسەرچووە، بەردەوام دەپرسن ؛"بۆچی هەڵمەتەکە دەست پێناکەین؟" بەڵام لە هەر وەڵامێکدا 'هەناسەیەکی بەهێز وەردەگرن. بە واتایەکی تر ١١مانگە چاوەڕێی دەستپێکردنی ڕزگارکردنی هەڵمەتەکە دەکەن. چونکە هەم ژمارەی داعش و هەم ئەو تەکنەلۆژیای لە دەستیاندا بوون لە ژمارەی شەڕڤانان زیاتر بوو، بەڵام فەرمانداری بە گوێرەی تاکتیک و ئەزموون لە هەوڵی ئامادەکاری هەڵمەتەکەدا بوو.
داعش لە شەوێکدا شارەکانی موسڵ و ڕەقە و چەندین شاری دیکەی گرت. لە یەک شەودا، لە شەوی ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، هێزەکانی یەبەشە-یەژەشە، یەپەگە-یەپەژە و گەنجانی ئێزیدی بە ٢هەزار شەڕڤانی ئازادی لە گەڕەکی قزلکەنت بەرەو ناو شاری شەنگال هەڵمەتی ڕزگاریان دەست پێکرد.
سەرەتادا بەسەرجەم بەرزایی و جادەکاندا دابەش بوون، گروپ، گروپ، تیم، تیم. بە تەواوی چیای ڕاسەری شەنگال لەلایەن شەڕڤانانەوە ڕزگار کرا. ئیتر ساتی ڕزگاری سەرانسەری دەستی پێکردووە، ئیتر مێژووی تۆڵەسەندنەوە دەنووسنەوە. گەریلاکانی ئازادی بوون بە هیوا و چاوەڕوانی بۆ گەلەکەیان. هەموو دڵەکان بەیەکەوە لێی دەدات، هەموو ویژدانەکان بە هەستی تۆڵەسەندنەوە دەست بەکار بوون. ئیتر ماڵ بە ماڵ، شەقام بە شەقام دەستیان بە پشکنین دەکەن. ژنانی یەژەشە-هەپەژە ڕوویانکردە قوتابخانە سوور کە هەموو ژنە دیلەکانیان لەوێ کۆکردبووەوە. قوتابخانەکە لەلایەن ژنانی شەڕڤانەوە ڕزگار کرا و ئاڵای خۆیان بەسەر ئەم قوتابخانەیە هەڵدەکەن. ئیتر داعش تێگەیشت ناتوانێ لە بەرامبەر ئەو بەرخۆدانەدا بوەستێ، بۆیە بەدوای ڕێگایەک بوهەڵهاتن دەگەڕا. بەڵام شەرڤانانی ئازادی دەرفەتی هەڵهاتینای پێ نەدان. زۆرێک لەو چەتە بکوژانەی گەلی ئێزدی، کوژران و تۆڵەیان لێکرایەوە.
لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ شاری کۆنی شەنگال بە تەواوی لە دەستی داعش پاککرایەوە. بەو شێوەیە وەڵامی ئەو فەرمانە درایەوە کە بە ئامانجی جینۆسایدی گەلی ئێزدی ئێمە ڕوویدا. پێشمەرگە کە لە ناوچەکانی شەنگال ئەرکی دابین کردنی ئاسایش بوو، گەلی ئێزدی ئێمەیان بۆ چەتەکانی داعش بەجێهێشت و هەڵهاتن. لە ڕاستیدا فەرمانەکە سنووری جینۆسایدی تێپەڕاند، کۆمەڵکوژییەکە لە پێش چاوی هەموو جیهاندا ڕوویدا. زۆرێک لە بنەماڵە کۆنەکان لە ڕەگەکاندا لەناو بران. نموونەیەکی ڕوون دانیشتوانی گوندی کۆچۆیە کە یەکیان لێ نەهێشتن. ئەوانەش ماون لەوانەن لە ماڵ و حاڵی خۆیان کۆچبەری دەرەوەی شەنگال بوونە. بزووتنەوەی پەکەکە بە ڕەنجێکی زۆرەوە بە هەزاران گەریلای بە هانای گەلی شەنگالەوە نارد و گەلی ئیزیدیان پاراست لەوەی کۆمەڵکوژییەکی گەورەتر نەدات. داعشی بکوژ گەل و خاکی پیرۆزی شەنگالی بە ئامانج گرتبوو، بەڵام هێزەکانی یەبەشە بە پشتیوانی یەپەگە-یەپەژە شەنگالیان لە چنگی داعش ڕزگار کرد. گەورەترین دیاری یەکگرتنەوەی ڕۆحی ئێزدی و جەستەی خاکی پیرۆزە. ڕۆژی ڕزگارکردنی شەنگال لەم ڕوانگەیەوە ڕۆژی گەڕانەوەی ئێزدییەکان و شەنگالیەکانە، ئەمە ڕۆژێکی مێژوویی و پیرۆزە، هاوکات ڕۆژی کەرامەت و سەرکەوتنە. ئێستا گەلی ئێزدی ئێمە لە ژێر چەتری سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و پاراستنی ڕۆحی ئازاددا خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن. بەڵام ئێزدییەکان لە هەر شوێنێک بن دەبێت شەنگالی ئازاد و پیرۆز لە دڵ و مێشکی خۆیدا بە زیندوویی ڕابگرن و لە هەر کاتێکدا خاوەنداری لێبکەن.
هەڵمەتی ئازادی شەنگال وەڵامدانەوەیەکی تۆڵەسەندنەوانە بوو، وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ بەرگریکردن و بۆ خۆ بەڕێکخستن و گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. کەس باوەڕی نەدەکرد ڕۆژێک شەنگال ڕزگار بێت و ڕۆژێک بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. بەڵام شەڕڤانان بە تێکۆشانی خۆیان شەنگالیان ڕزگار کرد و گەلی ئێمەی ئێزدییان گەڕاندەوە بۆ شوێنی خۆیان. ئێستا شەنگال لە ژیانی ئازاددا دەژیت.
ئێمە لە کەسایەتی فەرماندەی ناودار و تێکۆشەری ڕزگاری شەنگال عەگید جڤیان، دڵشێر هەرەکۆڵ، مام زەکی، حەسەن سەید، دژوار فەقیر، دیندار و پیر چەکۆ، یاد و سەرکەوتنی ڕزگاری شەنگال پیرۆز دەکەین و بەڵێن دەدەن تێکۆشانی ئەوان بە ڕێکخستن کردنی شەنگالێکی سەربەخۆ و ئازاد بگەیەنینە بەرزترین ئاست.