هونەر زمانێکە بۆ بەیانکردنی حەقیقەت

هونەر زمانێکیتری بەیانکردنی حەقیقەتە. هونەر لە خۆیدا هەڵگری جوانییەکانی ژیانە. هونەر وێنەدانەوەی ڕاستینەی گەردوونە. هونەر ڕێبازی مانەوە و نەمری مرۆڤە. لە ڕێگەی هونەرەوە مرۆڤ دەخوازێت خۆی لە مردن و لە ناو چوون ڕزگار بکات.

لە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆوە هونەر گوزارشت لە حەقیقەتی مێژوو و زانین و باوڕی و ئیتیک و ئیستاتیکای هەر کۆمەڵگەیەک دەکات. وەک ڕێبەرمان دەڵێت: "هونەر گەورەترین گۆڕەپانی شەڕە". شەڕێک لە پێناو ژیانەوەی ئازادی و یەکسانی، شەڕێک لە پێناو ئاواکردنی کەسایەتیەکی خاوەن هۆشیاری و باوڕی. لەو ڕۆژەوەی مرۆڤ هەستی بە جیاوازییەکانی خۆی لەگەڵ چواردەوری کردووە، ئیدی دەستی داوەتە کاری هونەری. بۆیە هونەر کردەیەکی ئاواکردنی مرۆڤە. مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و کەددار لەبەرانبەر کۆمەڵگە و ژینگەکەی. گەر لە نێو تێکۆشانی ٤٥ ساڵەی پەکەکە گوزەرێک بکەین، زەحمەتی لەوەدا نابینین کە درک بە گرنگی ڕۆڵی هونەر بکەین لە ئافراندنی کەسایەتی شۆڕشگێڕ و ئاواکردنی کولتوور و کۆمەڵگە و مرۆڤێکی نوێدا.

پەکەکە درکی بەوە کردووە کە هیچ شۆڕشێک بەبێ هونەر و شعر و مۆسیقا نابێتە شۆڕش، لە ڕوانگەی خوێندنگەی ئاپۆییەوە "وێنە، مۆسیقا، پەیکەر تاشی، شانۆ و ئاواز..."پێکەوە دەبنە پێناسەیەک بۆ ناسینەوەی هونەر؛ بەڵام ئەمانە پێکەوە نابنە حەقیقەتی هونەر! چونکە گۆڕەپانی هونەر پانتایەکی فراوانتری لەگەڵ ڕاستینەی ژیاندا هەیە. سیاسەت بۆخۆی گوزارشت لە هونەر دەکات؛ لە ڕێگەی هونەرەوە ئێمە چۆن کۆمەڵگەیەک بوونیاد دەنێین؟ ئەمە پرسێکە پێویستی بە وەڵامدانەوەی شۆڕشگێڕانە هەیە. ناکرێت مرۆڤ لە گۆڕەپانی هونەردا کار بکات و خاوەن کارەکتەرێکی سیاسی نەبێت؛ ناکرێت مرۆڤ خۆی بە شۆڕشگێڕ بزانێت و خاوەن ڕۆحیەتێکی هونەرمەندانە نەبێت.

پەکەکە دەخوازێت لە ڕێگەی هونەرەوە گوزارشت لە ڕاستینەی ڕۆحیەتی کوردی ئازاد بکات. گەر سەرنجی دیرۆکی کوردان بدەین دەبینین کە مرۆڤی کورد بەبێ ستران و مۆسیقا بژی. گرنگە لە هونەرمەندانی خۆمان بپرسین، چۆن دەتوانین  لە ڕێگەی دروستکردنی هونەرەوە کۆمەڵگەیەکی ئازاد بونیاد بنێین و تێکۆشانی بۆ بکەین؟ ئەمە پرسیارێکە پێویستە هەر هونەرمەند و شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیرێکی کورد وەڵامی بداتەوە. ئێمە دەخوازین لە ڕێگەی جادووی هونەرەوە چ جۆرە کوردێک ئاوابکەین و پیشان بدەین؟ پەکەکە دەخوازێت لە ڕێگەی گۆڕەپانی هونەرەوە چییەتی کورد پیشانی دوونیا بدات. بۆیە دەخوازێت سەرەتا لە ڕۆح و زیهنیەتی هونەرمەنداندا گۆڕانکاری درووستبکات. لە خۆڕانییە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "هونەر باڵگرتنەوەی ئەقڵ و ڕۆحە".

ڕێبەر ئاپۆ ئەو هونەرمەندەیە کە زیاتر لە پەنچا و پێنج ساڵە لەسەر تەختی شانۆ نمایش دەکات بە ڕۆحیەتێکی منداڵانەوە بۆ ئاواکردنی ژیانێکی ئازاد. لەمڕۆدا لە ژێر چەواژەکردنی ئایدۆلۆژیای سیستەمی سەرمایەداری هونەر کراوەتە ئەو ئامڕازەی کە لەسەر "لاوازکردنی مرۆڤ، خریزەکانی و داگیرکردنی زیهن و ڕۆحی مرۆڤ و دوور خستنەوەی لە کۆمەڵگە" سەرمایە گوزاری دەکات. ئەمە لەکاتێکدا هونەر وەک هەموو بەها مەعریفی و ڕۆحیەکانی تری مرۆڤ لە مێژوودا گرێدراوی ڕاستینەی پێویستییەکانی کۆمەڵگەیە نەک دەوڵەت و سەرمایەداری. سێبەری هونەر لەسەر کایەکانی "کولتوور، ئەخلاق، سیاسەت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پڕاکتیکی ژیان دادەنێت". بۆیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "پەیوەندی لەگەڵ ژن دەچوێنم بە ئاوازێک کە لە ئامێرێکی مۆسیقاوە دێتەدەر".