هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتی داعشیان خستە تەڵەكەوە!!

گروپە چەتەكانی داعش لە رۆژی دەركەوتنیانەوە چە بەشێوەیەكی راستەوخۆ و چە ناڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكانەوە؛ و لەرێگەی ئیستخباراتی وڵاتانەوە لەپێناو بەرژەوەندیەكانی خۆیان بەتایبەتی لەرۆژهەڵاتی ناوین بەكاریان هێنان.

گروپە چەتەكانی داعش لە رۆژی دەركەوتنیانەوە چە بەشێوەیەكی راستەوخۆ و چە ناڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكانەوە؛ و لەرێگەی ئیستخباراتی وڵاتانەوە لەپێناو بەرژەوەندیەكانی خۆیان بەتایبەتی لەرۆژهەڵاتی ناوین بەكاریان هێنان. سەرەتا لە نەیجەریا لەسەرناوی بۆكۆحەرام؛ پاشان لەلیبیا و یەمەن و سوریا و عێراق و ژمارەیەك لەوڵاتانی عەرەبی دەستیان بەجمۆجوڵ كرد، بەڵام كاتێك رەوشەكە نزیكبوو لەكۆنترۆڵ ئەو هێزانە دەربچێت هەوڵیاندا بەشێوەیەك لەشێوەكان چەتەكان كۆنترۆڵ بكەن و بیانخەنەوە ژێر هەیمەنە سیاسەتە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكانی خۆیانەوە. لەلایەك هێزە كۆنەپارێز و ستاتۆپارێزەكانی هەرێمی و لەلایەكی ترەوە هێزە هەژەمۆنپارێزە جیهانیەكان هەریەكە لەلای خۆیەوە ویستیان ئەوە بوو ئەو گروپە چەتانە لەچوارچێوەی سیاسەتەكانیاندا ئاراستە بكەن.

 یەكێك لەو وڵاتانەش كە زیاترین سودی لەگروپە چەتەكانی داعش بینی؛ دەوڵەتی تورك بوو. بەڵام بۆچی دەوڵەتی تورك توانی ئەوەندە قازانج لەچەتەكانی داعش بكات؛ جێگەی سەرەنج و پرسیارە. ئەو هەماهەنگی و هاوكاری و پەیوەندییانەی دەوڵەتی تورك لەگەڵ چەتەكانی داعش هەم لەلایەن هێزە هەرێمی و هەمیش لەلایەن هێزە نێودەوڵەتیەكانەوە بەبەڵگە بەسەدان جار پشتڕاستكرایەوە؛ بەڵام  هەر دوو لاكەش خۆیانیان لێ بێ بەری دەكرد و جارناجارێك بەلێدوانێكی سواو هەوڵیاندەدا ئاراستەی فۆكسەكان لەسەر دەوڵەتی تورك و داعش بڕەوێننەوە و وای نیشان بدەن كە گوایا داعش بەزیرەكی خۆی لەئەوپەڕی ئەوروپا و و ئەمریكا و ئۆسترالیا و كەنەداوە،  یانیش لەو پەڕی ئاسیای ناوین "چین و روسیا و هندۆستانەوە"سەری پێوە دەنن و دێنە توركیاوە و لەوێشەوە بۆ سوریا و لیبیا و ئەزەربایجان و تونس و عێراق رەوان دەكرێن، لێ مەخابن هەر كەس دەزانێت ئەو راست نییە.

دەوڵەتی تورك لەپاش رووخانی سۆڤییەتەوە؛ لەلایەن هێزە هەژەمۆنپارێزە جیهانیەكانەوە بەتایبەتی ئەمریكا و ئەۆروپاوە رۆڵێكیان پێ سپارد. ئەو رۆڵەش ئەوە بوو كە لەناوچەكەدا ئێدی دەبێت پێشەنگایەتی ئیسلامێكی نەرم بكات؛ چونكە لەنیوەی سەدەی بیست بەگشتی لەناوچەكەدا هەم لەئێران و هەمیش لەتوركیاش پشتیوانی هاتنە سەر كاری بزوتنەوە ئیسلامیەكان لەشێوەی ئیخۆان و ئەلقاعیدە و هاوشێوەكانی كرا بۆ ئەوەی وەكو پشتێنەیەكی سەوز رێگە لەبڵاوبوونەوە و كاریگەرییەكانی بزووتنەوە چەپ و سۆسیالیست و ماركسیستیەكان و تەنانەت ملی مەزهەبیەكانیش بگرن. رۆڵێكی وایان دابووە هەندێ لەدەوڵەتانی ناوچەكە، بەڵام بەرووخانی سۆڤییەت ئێدی ئەو حەرەكەتە ئیخۆانی و ئیسلامییە توندڕەو و ناسیۆنالیستیانە ببوونە بەڵایەك بەسەر سیستەمی جیهانیەوە، بۆیەش هێزە هەژەمۆنپارێزەكان ویستیان لەرێگەی دەوڵەتی توركەوە كە نزیكەی پێنجا ساڵە كاری گاردینی بۆ وڵاتانی ئەۆروپا و ئەمریكا دەگێڕێت، فۆرمێكی دیكە لەئیسلام لەناوچەكەدا پەیڕەو بكەن و بەوشێوەیەش كاریگەری لەسەر وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكان دابنێن، بەڵام لە 2002ەوە بەهاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان"ئاكەپە"، لەتوركیا و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، داشەكان وەكو ئەوەی وڵاتانی ئەۆروپایی و ئەمریكا دەیانوویست نەجۆڵێندران و ئاكەپە، ویستی لەراكێشانی سۆز و هەستی نەتەوەپەرەستی توركی ـ ئیسلامی مۆدێلێكی نوێ بەگوێرەی خۆی دامەزرێنێت كە ئامانجە سەرەكییەكەشی دژایەتی بزوتنەوەی كوردی و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بێت.

 هەر بۆیەش لەكاتی سەرهەڵدانی وڵاتانی عەرەبیش بەتایبەتی سوریا و یەمەن و لیبیا و میسر ئەردۆغان و دەوڵەتی تورك ویستیان هەندێ گۆڕانكاری لەفۆرمی سیستەمە دەسپۆتەكانی ناوچەكەدا بكەن و هەرهیچ نەبێت، دەسەڵاتە ناوەندیەكان بەسەر هەرێمەكاندا دابەش بكەن و سیستەمێكی ئابوری نەرم بۆنیاد بنێننەوە، تا لەقازانجی سیستەمی ئابوری جیهانیدا بێت و ئەو پرۆسەی بەناوی گلۆبالیزیمی ئابوری لەنێوان وڵاتە هەژەمۆنپارێزەكاندایە بەئاسانی چەرخەكەی بگەڕ بخرێت. كەچی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورك ویستیان ئەم دەرفەتە لەقازانجی خۆیان بەتەنیا بشكێننەوە؛ ئەوە بوو لەگەڵ بەرەی ئیخوانیەكاندا دەستیان بەیەكە كرد و هەوڵی كۆدەتایاندا و ویستیان بەمشێوەیە دەسەڵاتە خۆجێیەكان بۆ برایانی ئیخۆانی قۆرخ بكەن.

 لەلایەكی ترەوە ئەردۆغان و دەوڵەتەكەی بەهەموو شێوەیەك ئەو رووی ئەو گروپە چەتانەی كردە كوردەكان لەسوریا و عێراق و توركیاشدا و بەمشێوەیە؛ لەدوو لاوە بووە بەربەرستێكی گەورە لەبەردەم گۆڕانكارییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكانەوە؛ واتا هەم رێگەی نەدا هێزە نێودەوڵەتیەكان بەو ئاراستەیەی دەیانوویست تەداخۆلی كاروباری سیستەمە هەرێمایەتیەكان، یان با بڵێین دەوڵەتە هەرێمیەكان بكرێت و هەمیش بەو گروپە چەتانە بەهەموو رەنگێك پەلاماری دەستكەوتی گەلی كورد و ئازادیخوازانی دا. ئەم پلانەی دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان تا ئەو كاتەی كە ئێدی هێزە نێودەوڵەتیەكانیش گەیشتنە ئەو قەناعەتەی خەرێكە لەغاوی گروپە چەتەكان لەدەستیان دەردەچێت، بەهاوكاری هێزە ئازادیخوازەكانی كورد و ئازادیخوازانی جیهانی پەلاماری داعشیاندا و هاوپەیمانی دژ بەداعشیان دامەزراند و بەوشێوەیەش هەتا ئاستێك بەربەستیان لەبەردەم پەلامارە وەحشیانەكانی داعش دانا. دوابەدوای كۆتایی هاتنی پەلامارە هێرشبەریەكانی داعش، پێویست بوو ئەو ئەندامانەی گروپە چەتەكانی داعش كە لەزیندانەكاندا بەندكراون رادەستی ئەو وڵات و دەوڵەتانە بكرێنەوە كە لەوێوە هاتوون.

بۆ ئەوەی هەندێ راستی ئاشكرا بكرێت؛ پێویستی بەدادگایەكی نێودەوڵەتی هەبوو!!

بەرێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوا و باكوری سوریا، كە زۆرترین چەتەی داعشیان لەزیندانەكانی خۆیاندا بەند كردووە و لەئێستادا لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتكدان، بەسەدان جارە داواكارە كە دادگایەكی بێ لایەن و نێودەوڵەتی بۆ دادگایی كردنی ئەو گروپە چەتانەی كە دەستیان بەخوێنی هەزاران خەڵكی بێ تاوان سوورە، مۆڵك و ماڵی هەزاران خەڵكی بێ تاوانیان تاڵان كردووە، زەرەر و زیانێكی زۆریان بە نرخە هاوبەشەكانی مرۆڤایەتی گەیاندە، دابمەزرێت تاكو ئەو كەس و لایەنانەی لەپشت ئەو چەتانەوەن بەدیار بكەن، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەموو ئەو هێزانە چە هێزە هەرێمیەكان و چە هێزە هەژەمۆنپارێزە جیهانیەكانیش خۆیان لەقەرەی ئەم داواكاریە نادەن، واتا نایانەوێت هەندێ راستی لەزمانی خودی چەتەكانەوە لەپێشبەری رای گشتیدا ئاشكرا بكرێن، بۆیەش بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدەن ئەو داواكاری لەبەرچاو نەگرن و بەشێوەیەك لەشێوەكان پشتگوێ بخەن.

بۆچی ویستیان داعش بدەنە تەڵەكەوە؟!

بەمانەوەی ئەو چەتانەی داعش لەزیندانەكاندا، هەردەبوو هێزە نێودەوڵەتیەكان رێگەیەكیان بۆ بدۆزنەوە، یا كۆشتنی بەكۆمەڵ یا دادگایی كردن و ئاشكراكردنی هەندێ لەراستیەكان و گەڕانەوەیان بۆ ئەو وڵات و دەوڵەتانەی لێوەهاتوون. هێزە ئیستخباراتیەكان باشترین رێگە بۆ ئەوەی لەدەستی ئەو چەتانەوە رزگاریان بێت، كۆشتنیانە. چونكە تا ئاستێك بەرێگەی ئەو چەتانەوە گەیشتوونەتە ئامانجەكانی خۆیان، ئێدی هەبوون و زیندووبوونی ئەوان لەوە زیاتر دەبێتە بەڵا بەسەریانەوە، بۆیەش بەداڕشتنی ئەم پلانەیان لەسەر زیندانی غوێران لەحەسەكە، ویستیان قەتلۆعامێكی بەكۆمەڵی ئەو چەتانە بكرێت. چونكە لەو قەناعەتەدا بوون كە هەڵهاتنی ئەو هەموو زیندانیە و لەكەشێكی وەها پارێزراودا، ئیمكانی نییە و یا دەكۆژرێن یا رزگاریان دەبێت. واتا ئامانجی سەرەكی هێزە نێودەوڵەتیەكان و هێزە هەرێمیەكان بەكۆشتدانی چەتەكان بوو نەرزگاركردنیان بوون لەزیندان، تەنانەت لەلێدوانەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و تەحالۆفی نێودەوڵەتی لەدژی داعشیش دا ئەم راستیە ئاشكرا بووە. ئێستاكەش كە بینیان پلانەكەیان بەسەركەوتوویی پێكنەهات، هەر یەكە لەروسیا و سوریا بەتایبەتی داواكارن كە دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر حەسەكە دروست بكرێت، و ئەو هێرشە بووە رەوایەتیدان بەمانەوەی هێزەكانی نەزانم كێ لەسوریا. دەیانەوێت بەم فرت و فێڵانە خۆیان لەراستی مەسەلەكان بدزنەوە.

ژ.ت