جەنگ وەک چارەنووسی مرۆڤ
پێویستە باوەڕ بکەین ئەوەی دەکەوێتە پێش یاسا و هەژموونی یاسا و ئاسایش و بەرقەراربوونی ئاسایش، خودی جەنگە، خودی شەڕە، وەک فۆکۆ دەڵێت: (ئاشتی، ئاسایش و یاسا، لە قوڕ و چڵپاو و خوێناوی جەنگەکانەوە درووست بوون.)
پێویستە باوەڕ بکەین ئەوەی دەکەوێتە پێش یاسا و هەژموونی یاسا و ئاسایش و بەرقەراربوونی ئاسایش، خودی جەنگە، خودی شەڕە، وەک فۆکۆ دەڵێت: (ئاشتی، ئاسایش و یاسا، لە قوڕ و چڵپاو و خوێناوی جەنگەکانەوە درووست بوون.)
لە سیمینارەکانی لە ساڵی (١٩٧٥-١٩٧٦)ـدا لە سەر هێز و گوتاری مێژوو/سیاسی سەبارەت بە هێز، فۆکۆ باس لەوە دەکات کە ئێمە بە یەک وشە دەتوانین بڵێین گوتاری مێژوویی-سیاسی سەبارەت بە هێز و دەسەڵات لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا، واتە سەدەی شانزە و سەرەتای سەدەی حەڤدە، قسەکردنە لە سەر ئەو کۆمەڵگەیەی بە جێمان هێشتووە یان هەوڵمان داوە بەجێی بێڵین، ئەویش کۆمەڵگەیەک بووە کە خودئاگییە مێژژوییەکەی بە یەک وشە ڕۆمانی_(Roman) بووە، هێز و دەسەڵات و پەیوەندییەکانی هێز لە دەوری یەک چەمک و یەک تێما خولاتەوە، ئەویش چەمکی سەروەریی و ئەفسانە و ڕیتوالەکانی مانای سەروەرییە کە لێرەدا مەبەستی لە دەسەڵاتی ڕەهای کەنیسە وسیستمی پاشایەتیە. لێ بە ڕای فۆکو کۆمەڵگەی مودێرن بە پێچەوانەی کۆمەڵگەی پێشووی خۆی، گوتار و خودئاگایی مێژوویی لە دەوری چەمکی سەرەوەری و ڕەسەنایەتی سەرەوەری وەک هێزی ڕەها ناخولێتەوە، بەڵکوو لە دەوری چەمکی شۆڕش، بەڵێنەکانی شۆڕش و هەموو پێشبینی و ئاکامەکانی بۆ ژیانێکی ئازاد لە داهاتوودا.
هەڵبەت تێزەکەی فۆکۆ قسەکردنە لە ئەورووپا و خۆرئاوا کە چۆن گوتاری میژوویی-سیاسی لە ململانێی ڕەگەزیی(Race struggle)ـەوە گۆڕاوە بۆ ملمالانێی چینایەتیی (Class Struggle)، لێرەیشدا ئاماژە بە مارکس دەکات و دەڵێت، وەک ئەوەی مارکس لە نامەیەکیدا لە ساڵی (١٨٨٢)دا بۆ ئێنگڵس دەنووسێت: (کە تۆ زۆر باش دەزانیت سەرچاوەی ئایدیا و فکرەکانمان سەبارەت بە ململانێ چینایەتی لە کوێوەوە سەری هەڵداوە، باش دەزانیت ئێمە ئایدیاکانمان لە ئیشی میژوونووسە فەڕەنسیەکانەوە وەرگرت، ئەوانەی قسەیان لە سەر ململانێی ڕەگەز کردووە…) .هەر بۆیە قسەکردن لە سەر شۆڕش و پڕۆژەی شۆڕش بێ گەڕانەوە بۆ گوتاری مێژوویی- سیاسی سەبارەت بە سەرەوەریی نابێت.
پێویستە بزانین ئاشتیی، ئاسایش، دەسەڵات، دەوڵەت، دیاریکردنی سنوور، زادەی کێشـمەکێشی سیاسی، شەڕ و جەنگی گەورەیە… پێویستە باوەڕ بکەین ئەوەی دەکەوێتە پێش یاسا و هەژموونی یاسا و ئاسایش و بەرقەراربوونی ئاسایش، خودی جەنگە، خودی شەڕە، وەک فۆکۆ دەڵێت: (ئاشتی، ئاسایش و یاسا، لە قوڕ و چڵپاو و خوێناوی جەنگەکانەوە درووست بوون.(
هەر بۆیە گەر لەم دیدەوە بڕوانینە سەر دۆخی ئێستای کورد ئەوا دەڵێن؛ شەڕی گەورە و خوێناویی و جەنگی مان و نەمان… ئەو جەنگەیە وا بوون و نەبوونی ئێمە یەکلایی دەکاتەوە وەک کەیانێکی سەربەخۆ، وەک کورد و دەبینە دەوڵەت. هەڵبەت ئەمە بە مانای ڕۆمانتیزەکردنی جەنگ و ئافاتەکانی جەنگ نییە… ئەمە بە مانای ڕۆمانیتزەکردنی خوێن و ڕشتنی خوێن نییە، چونکە کورد لەوەتەی مێژوو چاوی بڕ بکات، خوێنی لێ ڕژاوە و لێ دەڕژێ.
لێ لەملایشەوە لە سەر ئاستی دونیا و بە گەڕانەوە بۆ دیدی فۆکۆ لە سەر جەنگ، ئەوا ئەوەی هەمیشە دەگوزەرێت و ئامادەگی هەیە، شەڕە. تەنانەت لە کاتی ئاشتی و ئارامیشدا شەڕێک هەیە، شەڕی هەموو پیاوێک دژی هەموو پیاوێک. بە ڕای فۆکۆ ئەوەی دەکەوێتە پیش جەنگ و دوای تەواوبوونی جەنگ شەڕی پیاوەکانە لەگەڵ یەکتری، فۆکۆ دەیەوێت جەخت لەوە بکاتەوە پیاو خۆی بەرهەمی شەڕە و هەر لە ناو شەڕیشدا دەتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت. پیاو بە درێژایی مێژوو و بەر لە مێژوویش هەر شەڕی کردووە و جەنگاوە. فۆکۆ دەڵێت: هەر کات باسی جەنگ دەکەین، ئەوا یەکسەر قسەکەی هۆبزمان بیر دێتەوە کە دەڵێت: جەنگ بنەمای پەیوەندییەکانی هێزە و هاوکات هەر جەنگ خۆیشی پڕەنسیپەکانی ڕاڤەکردنی جەنگە. ئەوە هەر بە تەنها یەک جەنگ نییە دەکەویتە پشت یاسا و سەربەخۆیی و ئازادیی، جەنگ وەک ئەوەی لە پشت سەرەوەریی و دەوڵەتەوە یان ئەوەی هۆبز بە لێڤیثان ناوی دەبات، بەڵکوو جەنگێکی تری بەردەوامیش هەیە، ئەویش جەنگی پیاوە بەرانبەر پیاو.
مادام هەر شەڕە دێرین و کۆنەکەیە ئێستایش لورەی دێت، ئەوا کاتێک دێتە سەر سیاسەت، مرۆڤ (سیاسی) دەبێت زۆر زیرەک و زانا بێت لە جەنگدا… بزانێت چۆن دەجەنگێت و زانا و عارف بێت بە تەکنیک و ستراتیژی جەنگ، بزانێت چۆن دەوستێتەوە و بەرخودان دەکات، چونکە زۆر بە سادەیی جەنگ ئەو کاتە تەواو دەبێت تۆ سەرکەوتوویت و جەنگەکەت بردووەتەوە، ئەگینا ئاگربەست و وەستانی شەڕ مانای ئەوەیە نییە جەنگەکە تەواو بووە، بەڵکوو هەر وچانێکە بۆ خۆکۆکردنەوەی ئەویتری دوژمن، بۆ کۆکردنەوەی هێزی زیاتر، فێربوونی ستراتیژیی و تاکتیکی تر بۆ هەڵگرسانی جەنگێکی تر، تا ئەو کاتەی سەرکەوتن بە دەست دێت تۆ هەر لە جەنگدایت. هەر بۆیە بۆ ئێمەی کورد گرنگە بزانین ئەو دوژمنەی لە ڕابردوودا هەمان بووە، ئیستایش هەر هەمانە، نەک ئەوەش، بەڵکوو کەڵبەکانی تیژتر بووە. دوژمنی دوژمنەکەمان لە دۆخی ئاوارتە و یەکلاکەرەوەی وەک ئێستا دەکرێت ببنە دۆست و هاوپشتی یەکتر.
هەر بۆیە کاتێک باسی تاکتیک و خۆئامادەکردن بۆ جەنگ و ئاکامەکانی دەکرێت، ئەوا پێویستە ئاماژە بە دیدی ئۆجالان لەمبارەیەوە بکەین. وەک سیاسیەک ئۆجەلان ئاماژە بە (Joseph Fouché)، دەکات و دەڵێت؛ ئەو کەسێکە خاوەنی ڕیبازێکی زۆر سەیرە لە سیاسەتدا و تاکتیکی زۆر دەگمەنی هەیە. ئۆجالان پیشنیاری ئەوە دەکات بۆ هەموو سیاسییەک کاتێک بابەتەکە پەیوەندیی بە جەنگ و تاکتیکی جەنگەوە هەبێت. ئۆجالان دەڵێت: (گەر دەتانەوێت لایەنی سەربازیی و سیاسیتان کارا و بەهێز بێت، ئەوا تایبەتمەندییەکانی فۆشێ ڕەچاو بکەن کە بریتین لەمانە: دەستنیشانکردنی هەندێ هاوسەنگیی کە بتوانیت پشتیان پێ ببەستیت، هێندە دڵنیا بیت لە بوون و پاڵپشتیان کە وەک مۆخی ناو ئێسقانی خۆت هەستیان پێ بکەیت.
دەبێت ئەو زەمینە و بەستێنە بناسیت وا پشتی پێ دەبەستیت. دەبێت شێواز و هێزی خەباتی هاوسەنگ زۆر باش بزانیت و بیناسیت، ئەو هاوسەنگییەی پشتی پێ دەبەستیت، چۆن کار دەکەن، هێزەکەیان چەندە، ئەوانەی نوێنەرایەتیان دەکەن کێن؟ دەبێت بێ کەموکووڕیی زۆر باش بیناسیت. نەخاسمە بۆ سیاسەت هیچ ڕێگەیەکی تر نییە! دواتر کێ بێنیتە لای خۆت، کێ بخەیتە بەرانبەرت؟ دەبێت ئەوە باش بزانیت، نەک هەر باش بیزانیت وەک سیاسیەک، بەڵکوو دەبێت وەستایانە ئەو کارە بکەی نەک تێکوپێکی بدەیت*.)
هەر بۆیە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە گەڕانەوە بێت بۆ چەمکی سەرەوەر (Sovereignty)، سەروەریی وەک ئەقڵ و توانای بڕیاردان لە دۆخی ئاوارتەدا بە مانا و پێناسەی کارل شمیت، لێ من لیرەدا کاتێک کە دەڵێم (سەروەر) مەبەستم لە یەک کەس نییە کە خاوەن دەسەڵات و هەژموونی موتڵەق بێت، ئەگەرچی ڕاستییەکەی لە دۆخێکی ئەوادا کورد پێویستی بە یەک دەنگی خاوەن بڕیارە، واتە قسەکردن سەبارەت بە سەرۆک نییە، چونکە ئەو کاتە دەبیت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە سەرۆک کێیە؟ سەرۆک دەبێت چۆن بێت؟ ئەمەیش بابەتی ئەم نوسینە نییە. بەڵکوو بۆ من قسەکردنە لە سەر پرسی سەرەوەریی سیاسی (Political Sovereignty) بە مانا فۆکۆییەکەی، واتە قسەکردنە لە سەر دەسەڵات کە چۆن دەسەڵات و هەژمونی هێز بۆ جەنگ و پەیوەندییەکانی کورت دەبێتەوە.
چونکە بۆ فۆکۆ پرسیارەکە زیاتر ئەوەیە ئایا دەسەڵات و سەرەوەریی سیاسی بە تەواوبوونی جەنگ لەدایک دەبێت؟ بەو مانایەی بمانەوێت یان نەمانەوێت هەر کات قسەکە دەربارەی جەنگ و ئاکامەکانی جەنگ بێت، ئەوا دەچینەوە سەر پرسی دەسەڵات و هەژمونی هێز. چونکە خودی ئەو هێزو دەسەڵاتەی کە کورد هەیەتی زادەی جەنگ و ئاکامەکانی جەنگە، دەسەڵاتی سیاسی و هەژمونی هێز ئەو کاتە بە دەست دێت کە بتوانیت کۆتایی بە جەنگ بێنیت و خودی جەنگ بگۆڕیت بۆ ئاشتیی و سەقامگیریی، ئەویش بە بردنەوەی جەنگەکە وەک براوەیەک. ئەگەرچی کورد بە درێژایی مێژوو و بوونی خۆی وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت، هەمیشە و بەردەوام لە دۆخی ئاوارتەدا ژیاوە، هەمیشە بەردەوام لە شەڕێکی نابەرابەردا بووە، شەڕی مانەوەی وەک ناسنامە، وەک نەتەوە و وەک زمان کردووە. لێ ئێستاکە دیسانەوە جارێکی تر کورد و کەیانی کورد لە هەر چوار پارچەکەدا بە گشتیی و لە ڕۆژئاوا بە تایبەتیی، لە ژێر هەڕەشەی جەنگێکی تردایە، ئەم هەڕەشەیە بۆ خۆی دەکرێت بە ئەگەر و مومکنی بردنەوەی جەنگەکە و سەرکەوتنی کورد ببینرێت. بەو مانایەی بوون و کەیانی تۆ وەک قەوارە هەر بەتەنها ئاسایش و ئارامیی دیاریی ناکات، بەڵکوو قەیران و جەنگە گەورەکانیش دیاریی دەکەن، نەک ئەوەیش بەڵکوو خودی قەیران و کارەساتە گەورەکان دەبنەوە بە دۆخە ئاوارتەکە، توانای تۆ وەک ئەقڵ سەروەریی سیاسیی نەتەوەیەک دیاریی دەکات و دەیخاتە ژێر پرسیارەوە. هەڵبەت لەگەڵ هەموو ئەم قسانەیش، ئێمە دەزانین سیاسەتی گەورەی جیهان و زلهێزەکان چارەنووسی ئەو ناوچەیە دیاریی دەکەن. لێ ئەمە مانای ئەوە نییە کورد وەک بەشێک لەو جەنگە و هاوکێشە جیهانییەکە کاریگەریی نییە.
هەر بۆیە گەر پرسیارێکی سادە بکەین و بڵیین کام دەسەڵاتە ئێستا هێندە لە باریدایە بڕیار لەم دۆخە بدات وەک دۆخێکی ئاوراتە، هاوکات لە باریدایە هەموو پێوەرەکانی دەسەڵاتی خۆی بەکار بێنیت بۆ جۆرکردن و ئیحتواکردنی دۆخەکە، بۆ پارێزگاریی خۆی و کەیانەکەی وەک بوونێکی سیاسی لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی ببێتەوە هێز و دەسەڵاتی پاش جەنگ؟ چونکە لە دۆخی ئێمەی کوردا مژارەکە بە تەنها هەر پارێزگاریکردن نییە لە خۆت و بوونی خۆت لە پارچەیەک و بە دەست هێنانی هێز لە پارچەیەکدا، بەو مانایەی بوون و ئاسایشی هەر پارچەیەک بەستراوە بەویترەوە، بوون و مانەوەی ڕۆژئاوا بەستراوە بە باشوورەوە، باشووریشمان بە ڕۆژهەڵات و باکوورمانەوە. کاتێک دەوترێت دۆخی ئاوارتە، ئەوا ئەو دۆخەیە وا ناتوانیت پێشبینیی بۆ پاشهاتەکانی بکەیت، لێ بۆ ئێمەی کورد بەو مانایەی ئێمە هەمیشە و بەردەوام لە دۆخی ئاوارەتەدا ژیاوین، ئەوا ناکرێت پێشبینیی بۆ پاشهات و دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە نەکەین یان لانی کەم ئەقڵی سیاسیی هێندە خۆی ئامادە نەکردبێت بۆ سیناریۆی جیاواز و پاشهاتی جیاواز.
* پەڕتووکی کوشتنی پیاوێتیی- گفتوگۆی ماهیر سایین لەگەڵ عەبدووڵا ئۆجالان- ل ١٥٩
لێرەدا ئۆجالان ئاماژە بە موستەفا کەمال تورک دەکات کە پرەنسیپی نییە و پرەنسیپەکانی دژەشۆڕشن، دواکەوتوون و فاشیزمە. تاکتیکار و گێرەشیوێنێکی گەورە بوو. هەر لەم باسەدا ئەوە دەڵێت ئەو فۆشێی باش ناسیوە. ئۆجالان دەیەوێت جەخت لە سەر ئەوە بکاتەوە ئەو خۆی لە کەمالیزمەوە فێری هەقیقەتی دوژمن و توانا و تاکتیکەکانی بووە، بەو مانایەی بۆ ئەوەی سیاسەت بکەیت و بجەنگێت، ئەوا دەبێت زۆر زیرەک و وەستایانە شارەزای دوژمنەکەت بیت.
سەرچاوە: ئازادیی کۆمەڵگە