کاڵکان: ساڵی ٢٠٢٢ ساڵی شۆڕش و ساڵی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ڕایگەیاند: ساڵی ٢٠٢٢ ساڵی شۆڕشە، ساڵی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییە، بۆیە پێویستە ئەم تێکۆشانە لەسەر بنەمای سەرکەوتن ئەنجام بدرێت و بەڕێوەبچێت.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لەبارەی پڕۆسەی ئێستا وتارێکی بۆ ماڵپەڕی پەکەکە بە ناونیشانی "https://www.pkk-online.com/tr/index.php/boeluemler/degerlendirmeler/635-2022-devri-m-yilidir-devri-mci-halk-savasi-yilidir" نووسی.

دوران کاڵکان ڕایگەیاند، ڕژێمی پاکتاوکار و جینۆسایدی کەلتووری لە بەرزترین ئاستدا لەسەر بنەمای چەمکی شەڕی تایبەتی هەمەلایەنە بۆ پاکتاوکردن و لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادی هێرشی دەکرد و ڕاشیگەیاند، سەرباری ئەو هێرشە هەمەلایەنانە بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوە شۆڕش بەردەوامە و تێکناشکێت.

دوران کاڵکان ئەوەشی ڕاگەیاند، دەبێت وەک بزووتنەوەیەک هەڵوێست و وەستانەوەیان لە دژی ئەوە لەسەر بنەمای تێکۆشانی سەرتاسەری و هەمەلایەنە و لەسەر بنەمای ستراتیژی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بێت و وتی: "ئەمە بۆ ئەو مرۆڤانەى تێدەگەن بە مانای ئەوەیە، کە 'دەتوانیت بە هەموو شێوەیەک تێبکۆشیت'. بۆیە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئێمە لە پرۆسەیەکی بەهێزی شەڕ و تێکۆشانداین.

ئێمە لەناکاو نەچووینەتە ناو پرۆسەیەکی لەو شێوەیە. نابێت لە پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و وەک ئەوانەی پێشوو تێبگەین. نابێت لە ڕووی نوێبوونەوە و گۆڕانەوە هیچ لاوازییەک هەبێت. کات کاتی ئەوەیە بە شێوەیەکی قوڵ و دروست لێی تێبگەین و بە ئیرادە و دەستپێشخەریی ورد جێبەجێی بکەن و لێی تێبگەین.

دوران کاڵکان لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، بەرەی دژبەر بەنیازە لەسەر بنەمای چەمکی شەڕی تایبەتی هەمەلایەنە درێژە بە هێرشەکانی بدات و وتی، لەبەر ئەوەش هێرشەکان لەسەر بنەمای چەمکی شەڕی تایبەتی هەمەلایەنە بەردەوامییان دەبێت و هێرشەکان بە شێوەیەک ئەنجام دەدەن، کە لە هەر شوێنێک دەرفەتیان هەبوو پاکتاوکاری و سڕینەوە ئەنجام دەدەن.

لە درێژەی وتارەکەی دوران کاڵکاندا هاتووە: "بەڕاستی دەیانەوێت رێ لەو پێشکەوتنانە بگرن، کە لە چوار پارچەی کوردستان بە پێشەنگایەتیی شۆڕشی ئازادی بەڕێوەدەچێت و دەیانەوێت بەوەش ڕێ شۆڕشی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرن، کە بە پێشەنگایەتیی بزووتنەوەى ئازادی بەڕێوە دەچێت. لە ژێر ئەم هێرشانەوە ئەم ڕاستییە هەیە و دواکەوتوویی جیهانی و ناوچەیش لە پشت ئەو هێرشانەوەیە".

دوران کاڵکان ڕایگەیاند، لە ڕێگەی چەمکی هێرشەکەوە بۆ پاکتاوکردن و لەناوبردنی پەکەکە، چەندین بازنە و لایەن هەوڵ دەدەن درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن، تەمەنی خۆیان درێژ بکەنەوە و پێکەوە هاوپەیمانی دروست بکەن و وتی: "تەیب ئەردۆغان- ئاکەپە مانەوەی خۆی لەسەر دەسەڵات بەستووەتەوە بەمەوە. تەنیا لەم ڕێگەیەوە دەتوانن خۆیان لە ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیی بپارێزێن و هاوپەیمانی لەگەڵ یەکتر بکەن. لە هەمان کاتدا پشتیوانی لە هێزە نێونەتەوەییەکانیش وەردەگرن. ئەوە ئامانجی ئەوانە. لە ناوەند و چەقی  ئەمەدا هاوپەیمانیی ئاکەپە - مەهەپە – پەدەکە هەیە. وەک پێشتر چەندین جار وتومانە، سیاسەتی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) سیاسەتێکی هاوبەشە. ئەم دوو هێزە مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا بەستووەتەوە بە شەڕ لە دژی پەکەکە. پارتی (پەدەکە) هەوڵ دەدات بە شەڕ لە دژی پەکەکە تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە و حیزب و لایەنەکانی دیکە ناچار بکات بەشداری لەم شەڕەدا بکەن، ئاکەپەش هەوڵ دەدات بە سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی بە وتەى 'لە دژی جیاکاری شەڕ دەستیپێکردووە" پشتیوانی بۆ خۆی کۆبکاتەوە".

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ئاماژەی بەوەدا، هێزی گرێبەست و بەکرێگیراویش بۆ ئەو هێرشانە بەکار دەهێنن و وتی: "هەندێک ڕێکخستن و هێز بە شێوەی نهێنی – ئاشکرا رێکخستووە، پەیوەندییان پێوەکردووە و بەکاریان دەهێنێت. هێرشەکان لە هەردوو لاوە ئەنجام دەدرێن، هێرشی هاوبەشن. لەم ئاستەدا هێرش دەکرێتە سەر ئێمە.

دوران کاڵکان لە درێژەی وتارەکەیدا باسی ئەوەشیکردووە: "بۆ ئاکەپە و تەیب ئەردۆغان مانەوە لە دەسەڵات  هەبوونیان بووە بە یەک. بووەتە بابەتی مان و نەمان. ئەو ڕۆژەی لە دەسەڵاتدا نەمێنێت و بکەوێت، لەم جیهانەشدا جیهانە کۆچ دەکات. ئەو باش ئاگاداری ئەمەیە و لەگەڵ هەموو کەسێک شەڕ دەکات بۆیە لێکدانەوە بۆ چەندین لایەن دەکات و دەڵێت: "ئاکەپە تا کۆتایی شەڕ دەکات. ئەگەر لە هەڵبژاردندا شکست بهێنێت ئەوا بە خێرایی دەستبەرداری دەسەڵات نابێت و هێزی میلیشایی نهێنیی خۆی دروست کردووە و خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات'. فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە لەسەر هێڵێکی ئاوا پێکهاتووە".

لەو چوارچێوەیەدا کاڵکان تیشکی خستە سەر گرنگی تێکۆشانی ساڵی ٢٠٢٢:

"لەبەر ئەوە ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێکی ستراتیژییە بۆ شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی، ساڵی بەرخودانی هەمەلایەنەیە. ئەو تێکۆشانەش لە بنچینەدا لە دژی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە، لە دژی سیاسەت و عەقڵییەتی بکوژ و پاکتاوکار ئەنجام دەدرێت، بۆیە دەبێت تێکۆشانێکی یەکگرتووانەی لەو شێوەیە بەڕێوەبچێت.

نزیکایەتی وەک 'هێرش دەکەنە سەر ئێمە، ئێمە لە دژی ئەوە خۆمان دەپارێزین' بەس نییە. بۆ ئەنجامدانی شۆڕش مەرجە خەباتێکی کارا ئەنجام بدرێت، خەباتی چالاک، خەباتێکی شۆڕشگێڕانەی چالاک بەڕێوەبچێت.

بۆیە ساڵی ٢٠٢٢ ساڵی شۆڕشە، ساڵی شەڕی گلی شۆڕشگێڕییە. دەبێت ئەو تێکۆشانەش لەسەر بنەمای سەرکەوتن ئەنجام بدرێت".

دوران کاڵکان لە کۆتایی وتارەکەیدا ئاماژەی بە شەڕ لە ناوچەکەدا کردووە و دەڵێت: "لە نێوان سیستمی جیهانی و دۆخی پێگەپارێز و ستاتۆ پارێزیی دەوڵەت – نەتەوەدا شەڕ و ناچارەسەری بەردەوام دەبێت. لەو بارودۆخەدا دەرفەتیش بۆ هەنگاو و هەڵمەتی  شۆڕشگێڕانە دەڕەخسێت. لەو حاڵەتەدا بارودۆخی کوردستان گرنگە. کوردستان لەڕووی فیکری و پراکتیکییەوە پێشەنگە. بۆیە شۆڕشی کوردستان خاوەن ڕۆڵ و ئەرکە، خاوەنی ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە. ئاشکرایە لە ژێر ئەم مەرجانەدا هەم شۆڕشی ئازادی کوردستان سەردەکەوێت و هەم ڕێ بۆ هێنانەدی و چەسپاندنی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێتەوە".

ژ.ت