کاردانەوەکان بەرامبەر قەیوم و پیلانگێڕی، ئیستەنبوڵیشی تەنیەوە

ئەردۆغان خاڵی لاوازی هەمووان دەزانێت. بە بیانووی ئەوەی دەوڵەت لە مەترسیدایە، هەمووانی کردووەتە خزمەتکاری سیاسەتەکانی. بە فێڵ و تەڵەکەی نەرمینوادنیش جەهەپە سەرقاڵ کرد و توانی کات قازانج بکات.

دەوڵەتی باخچەلی وتی، "با عەبدوڵڵا ئۆجالان بێت، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات و داوا لە رێکخراوەکەی بکات چەک دابنێن". دوابەدوای ئەمە دەرگا بەڕووی قسە و باس، کەشێکی پڕ مشتومڕ، ناڕوون و پڕ گفتوگۆ لە تورکیا کرایەوە. جەهەپەش دەستی بەرزکردەوە و وتی، "کوردەکان دەبێت لەم دەوڵەتەدابن. بەڵێن بە کوردەکان دەدەین کە لە هەلومەرجێکی یەکساندا لەگەڵ تورکەکان لە تورکیا بژین". لەراستیدا ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە جەهەپە وەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن چەندە لەدواوەیە، بێتوانایی لە گرتنەدەستی دەستپێشخەری و دیاریکردنی رۆژەڤ نیشان دەدات. لە بری ئەوە کەسێکی نەژادپەرست، بێکاریگەر و دژە کوردی وەک باخچەلی، دەستی خۆی پێشبخات، جەهەپە کە بە ورەیەکی بەرزەوە بووە دیاردەی هەڵبژاردن، بە دەنگی کوردەکان لە بەدەستهێنانی سەرۆکایەتی کۆمار نزیک بووە و گەورە شارەکانی بردەوە، چاوەڕێ دەکرا کە بە راگەیەندراوێک رێگەچارەیەک بۆ پرسی کورد بخاتەڕوو.

پرسی کورد گرێپوچکە و بنبەستێکە کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە گیرۆدەی بووە و تێچووی زۆری خستووتە سەریان و زیانی گەورەی گیانی بەدواوە بووە. بۆ یەک سەدەی تەواو، نکۆڵی لە هەبوونی کورد کراوە، کولتورەکەیان قەدەغەکراوە و رووبەڕووی تواندنەوەی کولتوری کراونەتەوە. ئەوانەی دژی ئەمە دەوەستنەوە و داوای مافەکانیان دەکەن، وەک تیرۆریست، جوداخواز و یاخیبوو رادەگەیەندرێن. گوایە ئەردۆغان پرۆسەی ئاشتی دەستپێکردبوو. چەندین ساڵ دانوستان لەگەڵ ئیمراڵی ئەنجامدرا. ئەگەر سەرنج بدرێت لەم دانیشتنانەدا هیچ بەرنامەیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد بوونی نەبوو. ئەردۆغان لە کاتی بەرێوەچوونی جەژنی زمانی تورکیدا دەڵیت: "زمانی دایکیی خەڵک هێندەی شیری دایکیان حەڵال و رەوایە". بەڵام تەنانەت لەم بەناو پرۆسەیەی ئاشتیدا، هەرگیز بە کوردەکانیان نەوت کە چ مافێکیان بۆ دەگێڕنەوە. لەبارەی مافی پەروەردە بە زمانی دایکی هیچیان نەوت. پەروەردە، ناسنامە و کولتور و زمانی کوردی بەرەنجامی هەبوونی ئەم گەلەیە. بە دەربڕینێکی دیکە مافی سروشتین.ئەگەر گەلێکن کەواتە زمان و کولتوریان هەیە. بە دڵنیاییشەوە مافی ئەوەیان هەیە بە زمانی خۆیان بدوێن، بنوسن و پەرەی پێبدەن. بەڵام هەرگیز ئەم مافە بە کورد نەدراوە. دەوترێت کە بەئاراستەی مافەکانی کورد هەندێک هەنگاو نراوە و قەدەغەی سەر زمانی کوردی لابراوە. لە راستیدا هەموو ئەمانە فێڵ و داو بوون. ئەوان دەیانویست نکۆڵی، کۆمەڵکوژی، جینۆساید و سیاسەتی یەک دەستکردن و تواندنەوە پەردەپۆش بکەن. ئێستا هاتوون و باس لە خوشک و برایەتی هەزاران ساڵە و بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی دەکەن. کوردەکان ئەم جۆرە خوشک و برایەتییەیان ناوێت. کوردەکان دەیانەوێت هاووڵاتی یەکسان بن. ئێوە دەستەواژەی پوچەڵی خوشک و برایەتی دادەتاشن کە تەنیا خەڵەتاندن و چەواشەکارییە، ئەوان بە خوشک و برا بانگ دەکەن بە بێ ئەوەی هیچ کێشەیەک چارەسەر کرابێت، بەڵام لە هەمان کاتدا سوکایەتیان پێدەکەن، ئەو مافەی بۆ خۆتانی بە رەوا دەبینن بەوانی نادەن، بەڵکوو لەپای داواکردنی ئەو مافانەدا دەیانکوژن. هەڵپەڕکێ و گۆرانی کورد قەدەغە دەکەن و سزای دوورخستنەوە و تاراوگەیان بەسەردا دەسەپێنن. بە هەزاران کورد ئێستا لە زیندانن. زیندانەکان هەموو کات پڕبوون لە کورد.

ئەردۆغان چی بەدەمدا دێت دەیڵێت، باخچەلی چۆنی بوێت سوکایەتی بە هەمووان دەکات، هەموو مافێکی هاووڵاتیبوونی ئەو وڵاتەی هەیە و سوودمەند لێیان، بەڵام مافی یەکسان بە کوردەکان نادرێت. بە ئاسانی دەشتوانن دەست بەسەر شارەوانییەکانی کوردستاندا بگرن. نوێنەران و هەڵبژێردراوانی کورد بە ئاسانی دەخرێنە زیندان و دووردەخرێنەوە. کوردەکان هەموو کات وەک خەڵکانێکی پلە دوو بینراون. دەیانوت "تورکیا بۆ تورکەکانە"، نەوترا "ئەم وڵاتە بۆ دانیشتوانی تورکیایە".  برگەی هاووڵاتیبوون لە دەستوری هەمیشەیی تورکیادا روونە. ئەردۆغان گۆڕانکاری و هەمواری زۆری لە دەستوری هەمیشەییدا سازکرد. بۆچی ئەم پێناسەیەی هاووڵاتیبوونی نەگۆڕی؟ ئێستا سەرۆک شارەوانی ئەسەنیورتی بە پاساوی دیدار لەگەڵ رەمزی کارتاڵ و کوردەکان راپێچی زیندان کردووە و دەڵێن: "ئەو پەیوەندی لەگەڵ کەسانی جیاجیا هەیە، بۆیە جوداخواز و تیرۆریستە". بەپەلە لە جێگەکەی ئەو قەیومیان دانا. واتە لە ئەگەری روودانی تاوانیش، دەبێت چاوەڕێی پرۆسەی دادگایی بکەن. دەستگیرتان کرد، ئەی بۆ قەیومتان دانا؟ شارەوانی ئەنجومەنی هەیە. کەسێک لەئەنجومەنەکە دیاری دەکرێت و ئەوان کاروباری شارەوانی رادەپەڕێنن. لە راستیدا هەموو ئەمانە داوێکن بۆ لەسەر رێگەی دیموکراسی نراونەتەوە. چەندە عەقڵیەتێکی خراپەکارە. ئەوان بۆ بەرهەمهێنانی خراپەکاری و کردەوەی قێزەون زۆر هەوڵ دەدەن. ئەوان داو بۆ هاووڵاتیانی خۆیان دادەنێن. ئەوان دەسەڵاتی دادوەری و بوروکراسی دەوڵەتی لە دژی هاووڵاتیانیان بەکاردەهێنن. جۆرێک دەجوڵێنەوە کە هەرگیز نامرن. داونانەوە بۆ هاوڵاتیان قێزەونترین کردارە.

ئەحمەد ئۆزەر، ئوزگور ئۆزەل یاخود هەر کەسێکی دیکەی وەک ئەوان هاووڵاتی ئەو وڵاتەن، هەروەک خۆیان مافیان هەیە، ئەوانیش مافی سیاسەت و بەڕێوەبردنیان هەیە. ئەم هەموو چاوچنۆکیە بۆ دەسەڵات، پێشێلکردنی دەستوری هەمیشەیی، بنەماکان، دادپەروەری و یاسا و هتد.. بۆچی دەستبەرداری هەموو ئەوانە بوو؟ ئەوان سیستمێکیان دامەزراندووە کە لە دژی هاووڵاتیانی پیلان دەگێرێت، هاووڵاتیانی تیرۆر دەکات، گوشاریان دەخاتە سەر و بە تاوانبار ناودێریان دەکات و دەستگیریان دەکات. بەپێی ئەم سیستمە، بە گوێرەی دوایین لێدوانەکانی باخچەلی-ئەردۆغان، هیچ رێگە چارەیەک لە ئارادا نییە. هیچ پرۆژەیەک بۆ دیموکراتیککردن بوونی نییە. ئایا هیچ شتێکیان لە بارەی چارەسەری پرسی کورد راگەیاندووە؟ نا، باخچەلی دەڵێت " ئۆجالان بێت ولە پەرلەمانەوە هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەی رابگەیەنێت". ئەو دوایین شتێک کە دەبێت رووبدات هێناویەتی خستوویەتیە یەکەمەوە. واتە لە راستیدا هەڵوەشاندنەوە، بە بنبەست گەیاندن و پاکتاوکردن مەبەستیەتی. ئەو کەسێکە کە ساڵیانێکی زۆری تەمەنی بۆ خراپەکاری تەرخان کردووە. بەم جۆرە نییە کە ئەوانە نەزانێت.

لە راستیدا پرۆژەکە ئەمەیە: بە تایبەتی رۆشنبیران، کۆڕ و کۆمەڵە رۆشنگەری و گروپە دیموکراتیکەکانی تورکیا دەبێت بزانن کە خەڵکی کورد رووبەڕووی پڕۆژەیەکی گەورەی نکۆڵی، کاولکاری و قڕکردن بوونەوە. لانیکەم دەبێت لێکدانەوەیان بۆ ئەو ئەگەرە هەبێت.

ئێمە نابێت گیرۆدەی خەیاڵی خاو بین، نابێت خۆمان بە لێکدانەوەی گەشبینانەوە سەرقاڵ بکەین یاخود تووشی سەرلێشێواوی بین، کە لەلایەن کەناڵە تەلەڤزیۆنیەکانەوە پەرەی پێدەدرێت. با لەیادمان بێت: لەدوای سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆامر، ئەو لەگەڵ کارمەندانی دیپلۆماسیدا دیداری کرد. لەوێ بنەماکانی خۆی خستەڕوو. وتی: "دۆستانی تورکیا زیاد دەکەین، دوژمنانی کەم دەکەینەوە". کەواتە دوژمن کێیە؟ هەڵبەت کوردەکان! لەئێستادا جگەلە کوردەکان تورکیا لەگەڵ هیچ دوژمنێکدا لە شەڕدا نییە. سوپا نەک هەر بۆناو سنوورەکانی وڵاتەکە، بەڵکوو بۆ سوریا و عێراق رەوانە کراون و هەموو رۆژێک ناوچە کوردییەکان بۆردومان دەکەن و جوگرافیاکەیان وێران دەکەن. هاوشێوەی ئەوەی لە عەفرین بەسەر کورددا هێنراوە لە جیهاندا نابینرێت. موڵک و سامانی هاووڵاتیان لە رێگەی چەتەکانەوە تاڵان دەکەن و دەستیان بە گۆڕین و پاکتاوی دیموگرافی کردووە. ئایا خوشک و برایەتی ئەمەیە؟ ئایا تێکۆشان لە دژی تیرۆر ئەمەیە؟ ئەوان خراپترین جۆری تیرۆریزم پەیڕەو دەکەن. ئەوان ترس و تۆقاندن بڵاودەکەنەوە. هیچ شوێنێک نەماوە پەلاماری نەدەن. ناوچە و شوێنێکیان نەهێشتووەتەوە لە رێگەی هێزی ئاسمانیانەوە نەیانکردبێتە ئامانج.

لە راستیدا بەرەیان بە رووی کوردەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتەش بەرتەسک کردووەتەوە. ئەوان هەموو تواناکانی دەوڵەت و هەزار و یەک ئیمتیازیان بەکارهێناوە تا هەمووان لە چوارچێوەی سیاسەتی چەپەڵی خۆیان لە دژی کورد بەکاربهێنن. دواجار عێراقیشیان تێوەگلاند. لانیکەم دەوڵەتی عێراق چاوی بە رووی کۆمەڵکوژی و بۆردومانەکانی کورد دەنوقێنێت. لەوێ رەوایەتیان بەدەستهێنا. ئێستا پەستانیان خستووەتە سەر بەشار ئەسەد و بەردەوام پەیامی بۆ دەنێرن. بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەویش رێبکەون. ئەویش رووسیا وەک نێوەندگیر بەکاردەهێنێت. دیار نییە کە رووسیا لەم دۆخەدا چی دەوێت. هەروەک چۆن رووسیا عەفرینی رادەستی ئەوان کرد و کایەی ئاسمانی خۆی بۆکردنەوە، دوور نییە بۆ ناوچەکانی دیکەش هەمان شت بکاتەوە و ئەم مەترسییە لە ئارادایە.

ئێستا نۆرەی بەرەی ناوخۆیە. بەبیرکردنەوەی خۆیان ئەوان کوردەکانی دەرەوەیان بەوجۆرەی دەیانویست، گۆشەگیرکردووە. پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عەرەبەکان، یۆنانییەکان، ئیسرائیل و هەموو دراوسێکان باشتر کردووە. تەنیا پەلاماری کورد دەدەن. هێرشەکانیان بۆ سەر کورد چڕتر کردووەتەوە. ئێستا کاتی داڕشتنی رووکاری ناوخۆیە. کاتێک دەڵێن تیرۆریزم یان پەکەکە، ئاو لە جوڵە دەوەستێک، بیرکردنەوە رادەگیرێت، زمان تەتەڵە دەکات، گوێکان کەڕ دەبن و بابەتەکە دادەخرێت.

ئەردۆغان خاڵی لاوازی هەمووان دەزانێت. بە بیانی ئەوەی دەوڵەت لە مەترسیدایە، هەمووان کردووەتە خزمەتکاری خۆی. بە فێڵی نەرمینواندن جەهەپە سەرقاڵ کرد و کاتی قازانج کرد. حزبە بەرهەڵستکارەکانی دیکەش لە نەژادپەرستی و نایۆناڵیزمەوە تێوەگلاون. بە وتنی "تورکیا لە مەترسیدایە. ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەرمان. کاتی ئەوەیە تورکیا یەکگرتوو بێت" هەموانی پەلکێشی لای خۆی کردووە و لە ئەنجامدا کوردەکان گۆشەگیر دەکات. لە راستیدا ئەردۆغان لە کۆتا لێدوانیدا دەڵێت: "بانگهێشتی قەندیل ناکەین، تیرۆریزم لە کوێ بێت لەناوی دەبەین. لە هەر شوێنێکی ئەوروپا، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت لەناوی دەبەین" زمانێک کە لە خوشک و برایەتی بدوێت، ئەم قسانە ناکات، بەم جۆرە بیر ناکاتەوە. ئەو بەراستی دەیەوێت بە گۆشەگیرکردنی کوردەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دانانی دیوار کە لە دەرەوەی وڵاتەکەی لە دژی کورد سازی کردوون، یان بە سەپاندن سیاسەتی گۆشەگیری  لە ناوخۆ تا ئەو جێگەی پێی دەکرێت لەناویان ببات. وەزارەتی بەرگریی بەو بودجە زەبەلاحەی لەبەردەستیدایە، بەردەوام لە هەوڵی کرینی چەکی نوێدایە. ئەمەش لە کاتێکدایە تورکیا لەگەڵ کەسدا لە جەنگدا نییە، تەنیا دژی کورد نەبێت. کوردەکان نە هێزی ئاسمانی، بە سوپا و نە دەوڵەتێکی دەرەکی پشتیوانیان نییە. ئەمە چ سیستمێکی شەڕە، لەم دۆخە نایەکسان و نابەرابەرەدا؟ دەستەواژەی خوشک و برایەتی هەزار ساڵەیان هێناوەتە بەرباس، ئەی کەواتە بۆ رق و دوژمنکاریتان لە دژی کوردەکان هیچ سنوورێک ناناسێت؟ ئەوان دەڵێن دەبێت کۆتایی بە کوردەکان بهێنین و ئەوان لەناو ببەین، نەیانهێڵین و ریشەکێشیان بکەین؟ بۆجی ئەم بابەتە ناخەنە بەرنامەی کار و بەشێوەی خوشک و برایانە چارەسەری ناکەن. مادام خوشک و بران بە دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەری بکەن. نا! من فەرمان دەکەم و ئێوەش چارەسەری بکەن. ئەگەر ملکەج نەبن گورزتان لێدەدەن، سەرکوتتان دەکەم و دەتانسوتێنم..

لەو کاتەیدا نسێبین، سور و جزیر بۆردومان دەکران، باخچەلی و ئەردۆغان دەیانگوت "نە بەردێک بە سەر بەردەوە دەهێڵینەوە نە سەرێک لەسەر شانە دەهێڵینەوە". ئایا داوای لێبوردنیان کرد و رەخنەیان لە خۆیان گرت؟ ئایا وتوویانە کە مێشکە خوێنڕێژییەکەیان دەگۆڕن؟ نا باخچەلی دەڵێت: "ئەگەر ئەو دەستەی درێژم کردووە نەیگرن، ئەوا گورزیان لێدەدەم". ئایا لە پشت ئەم هەڕەشانەوە دەتوانرێت ئاشتی و خوشک و برایەتی بچەسپێندرێت؟ ئاشتی لەنێوان کەسانی یەکساندا دێتە کایەوە. لەنێوان کەسانێکدا دێتە ئاراوە کە دان بە یەکتردا دەنێن. بە دوژمنکاری و بە بیانی دادانی لایەنێک بەم ڕادەیە، ناتوانێت ئەو ئامانجە بەدیبهێندرێت.

ئەحمەد ئوزەر کەسێکە کە خاوەنی زانابوون، توانای گفتوگۆ و قسەزانە و بەهرە و توانستی لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی هەیە. لە هەڵبژاردندا خۆی پاڵاوت و لەلایەن خەڵکەوە دەنگی بەدەستهێنا. لادان و دوورخستنەوەی لە ئەرکەکەی هەوڵێکە بۆ سەرلێشێواندنی جەهەپە. ئەگەر بڵێت ئۆزگور ئۆزەلیش پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە هەیە چی روودەدات؟ هاوسەنگی و باری دەروونیان تێکدەچێت. لە راستیدا، لە کاتی هەڵبژاردندا بە وتنی ئەوەی جەهەپە و کلیچدارئۆغڵو هاوپەیمانییان لەگەڵ قەندیل سازکردووە، پرۆپاگەندەیان بڵاوکردەوە. ئەوان بە وتنی ئەوەی جەهەپە تیرۆریستێکی هێناوە و کردوویەتیە سەرۆک شارەوانی، گەمە بە هاوکێشەکان دەکەن. کەواتە بەم جۆرە جەهەپە بێکاریگەر و تیرۆریزە دەکەن. ئەوان بۆ چەندین ساڵ هاوڕێیەتی فەتحوڵاییەکانیان کرد و رێگەیەکی زۆریان پێکەوە بڕی و بە واتای راستەقینە دەستیان بەسەر دەوڵەتدا گرت. ئەوان ئەمە نابینن. ئایا لەبەر ئەوەی چەندین ساڵ پێس ئێستا ئەحمەد ئۆزەر لەگەڵ خزم و کەسوکارەکەی بە تەلەفون قسەی کردووە، ئێستا بەرۆکی دەگرن و دەیخەنە زیندانە و دەستبەجێ کاربەدەستێکی حکومی لە شوێنەکەی دادەنێن. ئەوەندە پەلەیان بوو وەک ئەوەی کەلوپەل لە شوێنێکی سووتاو بهێننە دەرەوە. ئەمە چ پیلانگێری و چ رقێکە! ئەردۆغان بە بێ هیچ تەریقبوونەوە و ویژدان و دادپەروەرییەک لەبەردەم خەڵک لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن بەرگریی لەم ستەمکارییە دەکات. ئایا لە رێگەی ئەمانەوە دیموکراسی و ئاشتی لە تورکیا دەستەبەر دەبێت؟ ئایا خوشک و برایەتی لەگەڵ ئەوان دێتەدی؟ لانیکەم ئەوانەی کوردبوون و دیموکراتیک بوون بە هەند وەردەگرن با بیر لەم بابەتە بکەنەوە و هەڵوێستیان هەبێت. ئێمە نابێت بوار بۆ ئەم شەڕە دەروونی و شەڕە تایبەتە خۆش بکەین.