کارنامەی یەکساڵەی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادیی» لە گەرمەی جەنگی جیهانیی سێیەمدا

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی «ژن، ژیان، ئازادیی» بە سەرنجڕاکێشیی و تازەگەریی و ڕادیکاڵییەتی خۆیەوە پێی بۆ گۆڕەپانەکە هەڵهێنا و پەنجەمۆری خۆی لە مێژووی سیاسیی ئێران کوتا.

ئەڵتەرناتیڤی پارتە کۆنەپەرستە کوردییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی فیتاوفیتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی نادیموکراتیی ئێران، دەسەڵاتگەرا و جەنگخوازانە و دژەگەلە، هەر بۆیە پشتگیری ئەم پارت و ئۆپۆزیسیۆنە لە پرسی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» خراپترین شت بوو، چونکە لە سۆنگەی پیلانگێڕییە سیاسییە چەپەڵەکانی پشت پەردەی ئەم پارت و ئۆپۆزسیۆنانە و ئەلتەرناتیڤە ترسناکەکانیان بۆ ئاییندەی ئێران، کەڵکەڵەی دیموکراتیی و پێشکەوتنخوازانە یەکسەر بۆ پەراوێز داکشا.

پاش ساڵێک لە بیچمگرتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی «ژن، ژیان، ئازادیی» دەتوانین سەبارەت بە جووڵەی ڕژێم و بزووتنەوەکە و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی و کورد و لایەنە سیاسییە جیهانیی و هەرێمییەکان لەمەڕ ئەم بابەتە هەندێک شیکاریی بکەین، بە کورتیی:

١. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی «ژن، ژیان، ئازادیی» بە سەرنجڕاکێشیی و تازەگەریی و ڕادیکاڵییەتی خۆیەوە پێی بۆ گۆڕەپانەکە هەڵهێنا و پەنجەمۆری خۆی لە مێژووی سیاسیی ئێران کوتا، بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادیی» بەرهەمی خەونێکی جڤاکیی نوێدەمە، بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵە بۆ بیرکردنەوەیەکی جیاواز و ژیان و بەرخۆدان لە پێناو پاراستنی هەمەچەشنییەکانی ناسنامەی خۆی لە بەرانبەر دیکتاتۆرییەت و دەزگای ستەم و چەوسانەوە. سا هەرچەندە نەیتوانیوە هەلومەرجی سیاسیی لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگە هەڵگێڕێتەوە، لێ کاریگەرییەکی قووڵ و نەپساوە و هەرماوی خستووەتە سەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئێران و فەرهەنگەکانی.

٢. ڕژێم بەرانبەر بزووتنەوەکە تووشی بەزینێکی ئایدۆلۆژیی و باوەڕیی بووە، ئێستا بیر و شێوە ژیان بەپێی پێوەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە لای زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێرانەوە بە بیر و شێوە ژیانێکی کۆنەپەرەستانە و وەلاخراو هەژمار دەکرێت.

شکستی ئایدۆلۆژیی ڕژێم بووەتە هۆی ئەوەی کە سەرپاکی سیستەمەکە لە پووچیی و گێژاوێکی سەربەگێژدا پەلوپۆ بکوتێت. ڕژێم ناتوانێت ناوەڕۆک و ڕامانە کۆمەڵایەتییە پاشڤەڕۆ و بەزیوەکەی خۆی بگۆڕێت، بۆ پڕکردنەوەی ئەم پووچییە لە بواری یاساییی و سیستەمی پەروەردەدا دەستی بە بەرنامەڕێژیی کردووە تا بازووی گەل بشکێنێتەوە، بەڵام سەر ناکەوێت، چونکە تێکڕای بەرنامەکانی ڕژێم هەر بەپێی ئەو ڕامان و ئایدۆلۆژیا بەزیوە هەڵچنراوە. لەگەڵ زەقکردنەوەی فاشیزمی ئایینیی لە خوێندنگە و زانکۆ ژینگەی گشتیی کارێك دەکات، کە ڕژێم بەرانبەر گڕی تووڕەیی کۆمەڵگە چۆک دابدات. 

بەهۆی ئەو پشتیوانییە فراوانەی بیری جیهانیی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی «ژن، ژیان، ئازادیی» ئێستا ستەمی ئایینیی و سیستەمی  ئیسلامی سیاسیی بە یەکێک لە بێزراوترین ڕژێمەکان دادەنرێت، بەڵام پەیڕەوی پارت و ناوەندەکانی ئۆپۆزسیۆن، تەنانەت ئەوانەشی وا لە ڕوانگەی فەلسەفەی خەباتەوە هاوڕای «ژن، ژیان، ئازادیی»ـن، پەیڕەوێکی پەسەندکراو و پەژرێنراو نییە، چونکە بەرەی ڕاستڕەو و نەتەوەپەرەست و پیاوسالاری ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات، پێچەوانەی پشتیوانیی سەرزار و درۆیینەی لە بزووتنەوەکە، جووڵەکانیان لە بنەڕەتدا ئاوی لە ئاشی بەرژەوەندییەکانی ڕژیم کرد دژی بزووتنەوەکە. بەداخەوە بەرەی شۆڕشگێڕیش جووڵەیەکی مەتینیان نەکرد، بە گشتیی ڕوانگەیەکی لاواز و تا سنوورێکیش شەرمنانەیان نیشان دا. 

٣. لەگەڵ ڕۆڵی باڵکێشی ژنان لە بزووتنەوەکەدا، چالاکوانە ژنەکانی دەرەوەی وڵات، هەرچەندە هەوڵ و ڕەنجیان کێشا، لێ نەیانتوانی بەر بە جووڵەی بەرە پیاوسالار و دەسەڵاتخواز و ڕاستڕەو و کۆنەپەرەست و فاشیستەکان بگرن و ببنە بەشێک لە پێشەنگێتیی بزووتنەوەکە (لە گۆڕەپانی دەرەوەی وڵات). لەم سۆنگەوە گۆڕەپانەکە بۆ جووڵانەوە دەسەڵاتخواز و نەتەوەپەرەستەکانی ئۆپۆزسیۆن بە کراوەیی مایەوە.

٤. بەشێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوی دەسەڵاتخواز و بزووتنەوەی ئایینیی توندڕۆ (موجاهیدین) بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان و نۆکەرە هەرێمییەکانیان، لە ڕێی ئەو بابەتە لاوەکییانەی دەیانورووژاند، گورزیان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی «ژن، ژیان، ئازادی» وەشاند. لە بابەتی هاوپەیمانیی هەندێک لەم هێزانەوە بگرە لەگەڵ بزووتنەوەی فاشیستی پانتورکیزمی ناوچەی قەوقاز دژی ئێران تا بابەتی بەیعەت و ڕۆڵی نوێنەرایەتیی لای بەشێکی تری ئەم ئۆپۆزسیۆنە، دەتوانین بێژین بەرەی ڕاستڕەوی دەسەڵاتخواز و موجاهید بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە دەسەڵاتخوازییەکەی خۆیان، سەرپاک خەریکی بەلاڕێدابردنی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادیی» بوون.

بزووتنەوە ناسیۆنالیستە کۆنەپەرەستە کوردییەکانیش بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی ئەم دوو بەرە لادەرە، گورزێکی کەمەرشکێنیان لە وزەی پێشەنگانەی کورد لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕ و دیموکراتیی «ژن، ژیان، ئازادیی» وەشاند. ڕەفتاری ئەم پارتە کۆنەپەرەستانە گۆشەنیگایەکی مۆدێڕن و دیموکراتیی بۆ بزووتنەوەکە ڕەنگڕێژ نەکرد.

ئەلتەرناتیڤی پارتە کۆنەپەرەستە کوردییەکان و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی فیتاوفیتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی، نادیموکراتی دەسەڵاتگەرا و شەڕخوازانە و دژەگەلن، هەر بۆیە پشتگیریی ئەم پارت و ئۆپۆزسیۆنە لە پرسی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادیی» خراپترین شت بوو، چونکە لە سۆنگەی پیلانگێڕییە سیاسییە چەپەڵەکانی پشت پەردەی ئەم پارت و ئۆپۆزسیۆنانە و ئەلتەرناتیڤە ترسناکەکانیان بۆ ئاییندەی ئێران، یەکسەر کەڵکەڵەی دیموکراتیی و پێشکەوتنخوازانە بۆ پەراوێز داکشا.

بزووتنەوە شۆڕشگێڕیی و دیموکراتخوازەکانی تریش بەهۆی جووڵەی لاواز و شەرمۆکیی و دواکەوتن لە سیاسەت، ئۆباڵی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» و گەلی ئێران و کوردستانیان دەکەوێتە مل. چونکە ئەرکی شۆڕشگێڕانە و مێژوویی خۆیان بە باشیی بەجێ نەهێنا، نە توانیان درووشمی دیموکراتییانە و پێشکەوتنخوازی «ژن ژیان ئازادی» بگۆڕن بۆ بەرنامەیەکی سیاسیی و ڕێکخراوی ڕوون، نە توانیشیان بزووتنەوەکە بەهێز بکەن و پێشی چەواشەکاریی هاوپەیمانیی پارتە پاشڤەڕۆ کوردییەکان و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخوازی ئێرانیی (موجاهیدین و شاخوازەکان) بگرن.

٥. هاوپەیمانیی ئەو پێڕەی پارتە کوردییە ناسیۆنالیستە پیاوسالار و دەسەڵاتخواز و نەریتخوازەکان لەگەڵ ڕاسترەوەکانی دەرەوەی ئێران گورزێک بوو بۆ بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادیی» چونکە کوردان لە ڕێی شۆڕشی دیموکراتیی و بەردەوامیی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی»ـیەوە دەتوانن شانەوشانی خەڵکی ئێران بە مافەکانیان بگەن، نەک بە ڕێبازیی نەتەوەپەرەستانە و دەستکێشێتیی بۆ هێزە ڕاستڕەوە ئێرانییەکان و زلهێزە جیهانییەکان.

٦. ترسی دەوڵەتە کۆنەپارێزەکانی ناوچەکە لە ڕابوونی شۆڕشگێڕانە و دیموکراتیی «ژن، ژیان، ئازادی»، وای کرد ئەم دەوڵەتانە هەوڵ بدەن ئەم شۆڕشە بکەنە دەسپێچی فشار لە ڕژێمی ئێران (بۆ نموونە سعوودییە)، زلهێزە جیهانییەکانیش تایبەتمەندیی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» دژی سیستەمی سەرمایەداریی فام دەکەن و بە مەترسیی بۆ سەر خۆیانی دەزانن. سا بۆیە وەک دەرفەتێکیان دیت تا بیکەنە دەساوێژی دەستەمۆکردنی کۆماری ئیسلامیی و باجگیریی لەم ڕژێمە.

٧. لەگەڵ هەموو ئەم هەورازونشێوانە، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی «ژن، ژیان، ئازادی» لە نێو کۆمەڵگەدا بەردەوامە، فەرهەنگسازیی و گۆڕینی بیری هەیی بە هەوێنی ئەم بزووتنەوەیە بۆ کەلتووری بەرگرییەکی نەپساوە لە سەرپاکی جڤاکدا، گرنگترین هەنگاوە، لەو ڕێگەوە دەتوانین هیوامان بە نەمریی بزووتنەوەکە و سەرکەوتنی یەکجارەکیی هەبێت، ئەو هونەرمەندە بەرپرسیار و توێژە ڕۆشنبیرەی وا لە نێو بزووتنەوەکەدان، بە تایبەت خوێندکارانی زانکۆ، تێکۆشانی ئەرێنیی و بەهاداریان لەم بەستێنەدا ئەنجام داوە.

٨. سەرسووڕمێنترین ئەو بارگۆڕانانەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی «ژن، ژیان، ئازادی» تا ئێستا چێی کردووە، دەتوانین ئاوا پەنجەنمایان بکەین: گۆڕانی بنەڕەتیی لە جیهانبینیی، هەڵکشانی گوتاری ئازادیی ژن بۆ ئاستی ناوەندیی، گەشەی ڕامانی یەکسانیی ناسنامە، یەکێتیی نێوان گەلە جیاوازەکانی ئێران، هەڵکشانی کەلتووری بەرخۆدان دژی چەوسانەوە و ستەمکاریی، بێزرانی پیاوسالاریی، پەرچدانەوەی ناسیۆنالیزم و بیری نەژادپەرەستان (جا چ پانئێرانیزم بێت چ کوردیی و ئازەریی و...)

هەڵکشانی کەڵکەڵەی سەرپاکی ناسنامە و پێڕە جڤاکییەکانی دانیشتووی ئێران بۆ خۆبەڕێوەبەریی و خۆسەریی دیموکراسیی و چەمۆڵەنان لە هەموو چەشنەکانی چەپۆکسالاریی و سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەت، پەرچدانەوەی بیری کۆنەرێتیی و بەیعەت، کەوتنی دەمامکی گوتاری درۆینەی ئیسلامی سیاسیی و گۆڕانی بۆ دژەگوتار لای گەل، خوێندنەوەی دەستی هێزە ئۆپۆزسیۆنە ناسیۆنالیستە دەسەڵاتخواز و بەرژەوەندخوازەکان، جا چ ئێرانیی بێت یان کورد لای خەڵک، بە گشتیی دەتوانین بێژین؛ گەرچی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ڕووی سیاسییەوە سەرنەکەوت، بەڵام لە ڕەهەندی فیکریی و فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتییەوە فرە سەرکەوتووانە جووڵاوەتەوە، مژدەی ڕابوون و سەرکەوتن و دەستکەوتی سیاسییە بۆ ئاییندەش...

٩. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی وڵات بەردەوام سیاسیەتی زەبروزەنگ و هەژمونخوازیی بەڕێوە دەبات، هەروەها لە ناوچەی لە جەنگ­هەڵژەنراوی قەوقاز و ئێستاش لە دۆخی جەنگی ئیسرائیل- حەماس، کەوتووەتە بەرەیەک، ئەمە وڵات پەلکێشی جەنگ و پێکدانانی زیاتر دەکات. تەنانەت گەر خودی ڕژێمیش ڕاستەوخۆ پێ لە جەنگەکە هەڵنەژەنێت، بەڵام ئەو خەرجییە  قورسەی وا دەستکێشەکانی ڕژێم شەڕی نوێنەرایەتیی پێ دەکەن، بارێکی قورسە و شانی کۆمەڵگەی ئێرانیی شل دەکات. ڕژێم خەرجیی ئەم جەنگە فراوان و ناکۆتایە لەو نانەی لە سەر سفرەی خەڵکی ئێرانی دەدزێت، دابین دەکات، شەڕفرۆشییەکانی ڕژێم لە ناوچەکەدا بۆ پاراستنی خەڵکی ئێران نییە لە کاریگەرییەکانی جەنگ لە ئێران و هەنگاوی پێشگیریی نییە بۆ پاراستنی وڵات، بەڵکوو سەرتاپێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووریی و چینایەتییەکانی شەڕخوازانی حکومەتە، ئەویش بە دەستپێچی پیشەسازیی جەنگ و بەردەوامیی بەرنامە دەسەڵاتگەرییەکانی لە ناوچەکە.

١٠. بە ڕوانین لەو گرژیی و پێکدادانە تازانەی ناوچەکە وا گەلی ئێران بۆ خەرەندی مەترسیی پێکۆڵ لێژ دەکاتەوە، ستراتیژی بەردەوامیی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» و هەنگاونان لە سەر ڕاستەڕیی پێکهێنانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی نێوان گەل و ناسنامە هەمەچەشنەکانی ئێران، هەم دەتوانێت بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» بۆ ئاسۆی ئامانجەکانی هەڵکشێنێت و هەمیش مەترسییەکانی جەنگی جیهانیی سێیەم لە سەر خەڵکی ئێران دەڕەوێنێتەوە، بە تایبەت کاتێک لەگەڵ پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، وڵاتانی ناوچەکە و بۆ نموونە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فوو بە ئاگری ئەم جەنگەدا دەکەن، ئەم مەترسییانە ڕژدتر و پتر توند بوونەتەوە.

١١. گەلی ئێران بەرانبەر فاشیزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتە شەڕانگێزەکانی ناوچەکە، کە تا دێت ئاگری جەنگی جیهانیی سیێەم دەگەشێننەوە، تەنێ یەک چەکیان بۆ خۆپاراستن لە دەستە، ئەویش بەردەوامیی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» و سەربارخستنییەتی بۆ چوارچێوەی بەرخۆدانی دیموکراتیی، بەردەوامیی ئەم بزووتنەوەیە هەم گەلانی ئێران و کەلتوورە سەرکوتکراوەکان لە بەرانبەر ڕژێمی ئێران هەڵدەستێنێتەوە و هەمیش پیلانی ئەو وڵاتە شەڕانگێز و هەرێمیی و جیهانییانەی وا بە پاساوی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێم، فیت گەلی ئێران بە ئامانج دەگرن، پووچەڵ دەکاتەوە.