دەبێت پەکەکە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە، یانی لەدایکبێتەوە! لە دایکبوونەوەش بەبێ دڕین و هەڵوەشاندنەوەی فۆرم و چوارچێوە کۆنەکە ئیمکانی نییە، ئەمەش کردەیەکی سەخت و دژوارە، تەنها بە کەسێکی وەک ئۆجالان دەکرێت کە هێندە ئەمەکدارە بۆ گەشە و گۆڕان، لەو پێناوەدا تەنانەت ڕەحم بە خۆشی ناکات. کەسێک لەمە تێنگات، لەوەش تێناگات ئۆجالان شەخس نییە، ئاوێتە و هەڵشێلراوە لەگەڵ بوونی کورد.
کەسانێک هەن ئۆجالان وەک کەسێتییەکی خۆپەرست تەماشا دەکەن و دەڵێن ئاپۆ بە ئاستێک لوتبەرز و لەخۆباییە، حسێب بۆ کەس ناکات! بەبێ ئەوەی لەخۆیان بپرسن کەسێتییەکی ئاوا ئیگۆیست (خودئەڤین) چۆنە بەرگەی ٢٦ ساڵ زیندانی سەخت و گۆشەگیری گرتووە! ئۆجالان بەگەرمی و وزەی گەلەکەی بەپێوەیە، کەسێتی ئەو دۆنادۆنی کردووەتە جەستەی کورد، تواوەتەوە لە بوونی کورددا، یان دەرکەوتنی کوردە لە کەسێکدا، کەسێکی ناکەس، ئۆجالان قومارێکی وجودی کردووە، کەسێتی جوزئی و سنوورداری خۆی دۆڕاندووە، کوردی بردووەتەوە، بەو شێوەیەش ئۆجالان هەرجارێک کە باسی خۆی دەکات، باسی کورد دەکات.
ئێمە گەر لەو بنەما نا شەخسییەی ئۆجالان تێگەیشتین لە پەیوەندی ئۆجالان و پەکەکەش تێدەگەین، بەڵام کاتێک تۆ هێشتا پێتوایە، ئۆجالان بیریارە، نووسەرە، یان وەک لە باشوور دەوترێت خوێندەوارە، تیۆریزە بۆ پەکەکە دەکات و پەکەکەش ئیدی یان جێبەجێی دەکات یان نایکات، یان پێتوایە ئۆجالان پەیوەندی بە پەکەکەوە نییە، یان ئاواتەخوازی ئۆجەلان وەک بیریار و فەیلەسووف ناوی لەگەڵ پەکەکە نەهێنرێت و بە پاکی خۆی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی تەنها شیکاری کۆمەڵگا و مێژووی کوردمان بۆ بکات، ئەی دیارە لەو پەیوەندییە وجودییە تێنەگەشتووی!
تۆ هێشتا لەوە تێنەگەشتبی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وێنەی بزووتنەوەیەکی لەم شێوەیە کەمە، هێندە نەرم و دینامیکی و ئامادە بێت بۆ گۆڕان، تۆ هێشتا لەوە تێنەگیشتبی و نەزانی کە گرنگترین بنەما لای ئۆجالان بریتییە لە نەرمی و ئامادەیی بۆ گۆڕان، هێشتا لەوە تێنەگیشتبی کە ئۆجالان هەموو گەردوون لە ڕوانگەی بنەمای ئامادەیی بۆ گۆڕانەوە دەخوێنێتەوە، چۆن بەچەپ و ڕاستدا شیکار و خوێندنەوە دەکەیت و ڕادەردەبڕیت!
هێشتا نەزانی سیانەی (ئۆجالان- کورد- پەکەکە) وەک گڵ و ئاوی ئەزەل، وەک بەڵێنی سەردەمی (ئەلەست) لێک ئاڵاون و هەڵشێلراون، چۆن کەوتیتە تیوریزە و شیکاری بارودۆخەکە؟
تۆ هێشتا لەوە حاڵی نەبووی کە بنەمای بیری ئۆجەلان بونیادنانە، بەم بنەمایەش خانە بە خانە و خشت بە خشت کوردی بونیاد ناوەتەوە، ئا لەمە تێنەگەیشتووی و هێشتا لە ئاشبەتاڵ دەترسی! لەوە تێنەگەیشتووی و نازانی ئۆجالان ڕەحم بە بوونی خۆشی ناکات و هەر ماوەیەک جارێک خۆی هەڵدەوەشێنێت و دایدەڕێژێتەوە، لەگەڵیشیدا پەکەکە هەڵدەوەشێنێت و دایدەڕێژێتەوە، بەم حاڵەوە خەمی ئەوەتە ئۆجالان بڵێ یەڵا با وازی لێبێرین و بچینەوە بۆ ماڵ؟
ئەی گەر تاقەتی هیچ یەک لەوانەشت نییە، خۆ دەبێت بیرت بێت کە ئۆجالان نزیکی بیست ساڵێک پێش ئێستا پەکەکەی هەڵوەشاندەوە! چوونەوە بۆ ماڵ؟ یان بەو هەڵوەشاندنەوە پەکەکەی کرد بە گیانداری هەزار پێ؟ پەکەکە و ئۆجالان وەک ڕووبار دەڕژێت و دەخشێت و گڵ و ئاو و کانزا لە خۆی کۆدەکاتەوە، تەحمولی بەدەوری خۆدا پێچخواردن و پەنگ خورادنەوە ناکات، هەڵدەقوڵێت و ملدەنێت، لەگەڵی بیت دەبیتە بەشێک لە شەپۆلەکانی، گەرنا وەک عوسمانی خیانەتکار و هەموو بەزیوەکانی دیکە، وەک شێرپەنجە مامەڵەت لەگەڵ دەکات و لە جەستەی خۆی فڕێت دەداتە دەرەوە.
ئۆجالان هەر بەو گۆڕانە بێ ئەمانانەی تەنانەت کاری کردووەتە سەر بەستەڵەک و بەبەرد بوویەکی وەک فاشیزمی تورکیش! لەم بارەوە ئۆجالان لە بەرگی پێنجەمی مانیفێستۆدا باسی گۆڕانی تورک دەکات لە تورکی سپییەوە بۆ تورکی سەوز! تورکی سپی ئەو چینە بیرۆکراتی و دەوڵەتدارەبوون کە کۆماری تورکیان درووست کرد، ئەم چینە فاشیست، ڕەگەزپەرست و دەوڵەت پەرست بوون و تەنانەت تەحەموولی ناوهێنانی کوردیشیان نەدەکرد!
تورکی سپی بە هۆکاری زنجیرەیەک گۆڕانکاری دەرەکی و ناوەکی کە یەکێکیان پرسی کورد و خەباتی پەکەکە بوو، چیتر بەرگەی نەدەگرت و وەڵامی گۆڕانەکانی پێ نەدەدرایەوە، گۆڕانە ناوخۆیی و ناوچەیەکان پێویستی گۆڕانی تورکی سپی بە تورکی سەوزیان هێنایە کایە، تورکی سەوز بنکە ئابوورییەکەی وردە بۆرژوا و سەرخانەکەشی ئاوێتەیەکی فاشیزمی تورکی و ئیسلام بوو، ئەمەیان هەندێک نەرمتر بوو، توانای کرانەوەیەک بە ڕووی پرسی کورددا بکاتەوە و بەو شێوەیەش ئۆجەلان بە گۆڕانی خۆی و پەکەکە توانی بە شێوەیەکی ڕێژەیی تورکیاش بەدوای خۆیدا ڕاکێشێت بۆ گۆڕان.ئۆجەلان لە ڕێگای گۆڕانی خۆیەوە پەکەکەی گۆڕی، بەگۆڕانی پەکەکەش تورک و کۆمەڵگای تورکیشی بە ڕێژەیەک گۆڕی.
من دوای پەیامەکەی دوێنێی ئۆجالان، گەڕانێکم کرد بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و سەرنجمدا سەرباری ئەو ڕەشبگیر و شەبەیخون و پاڵپاڵێنەی هەڵوێست و ڕا و ئامۆژگاری بۆ پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجالان! یەکێک لە خوێندنەوەکان بۆ پەیامەکەی ئۆجالان شرۆڤەی پەیامەکەیە لە ڕوانگەی چیۆپۆلەتێکەوە، یانی بەستنەوەی پەیامەکە بەو گۆڕانکاریی و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتیانەی دوای ڕووداوەکانی ٧ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ هاتنە کایەوە.
خوێندنەوەی پەیامەکە لە ڕوانگەی دەوڵەت و جیۆپۆلەتیکەوە تەنها دیوێکی پرسەکەیە، دەبێت بزانین تێگەیشتنی ئۆجالان ڕێک پێچەوانەی ئەمەیە، ئیشکردنە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا کەمترین پێویستی بە دەوڵەت هەبێت، بە جیا لە کاراکتەری دەوڵەت و بەژەوەندی دەوڵەت هەوڵی بونیادنانی کۆمەڵگا دەدات، هەوڵی ڕێکخستن و چنینی کۆمەڵگا دەدات بەشێوەیەک دەوڵەت تەنها چوارچێوە و فۆرمێکی یاسایی بێت بەسەر کۆمەڵگاوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی پەیامەکە تەنها لە ڕوانگەی پەیوەندی دەوڵەتان، ململانێکانی ناوچەکە و پشتگوێ خستنی ئەم ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و بونیادییەی کورت دەهێنێت.
بەدەر لە خوێندنەوەی دونیا لە ڕوانگەی شەڕەقۆچی دەوڵەتانەوە، یەکێکی دیکە لە بنەماکانی دونیای ئۆجەلانیی پرسی مێژوویەتییە، ئەمە یانی چی؟ یانی ئەوەی کە هیچ ڕێکخراو، حیزب، یەکەی کۆمەڵایەتی و کەسێتییەک ئەبەدی نییە، بەڵکو ملکەچن بۆ نەرمی و سەیرورەی مێژوویی، ئۆجالان لە سەرتاپای تێزەکانیدا تەواو دژی وەستان و وشکهەڵاتن و بە بەردبوونە، بنەمای ڕەخنەکانیشی لە بەشێکی زۆر لە ئایدیۆلۆژیا و ئایین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەیە کە وشکبوون و توانای قبووڵکردنی گۆڕانیان نەماوە.
لەم ڕوانگەوە پەکەکە بەو پێیە شەخسی نییە، بەڵکو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە و قازانجی کەسی و تایفی دیلی نەکردووە، لە بنەمادا زات و سەنتەری نییە، بەڵکو زیاتر تۆڕە، تۆڕێکی کۆمەڵایەتی مێژووییە کە هەردەم لە جووڵە و گۆڕاندایە. ئەمەش وایکردووە زۆر مایەی تێگەیشتن نییە بۆ بەشێکی زۆر لە چاودێر و شرۆڤەکاران و گۆڕانێکی لەو شێوەی کە لە پەیامەکەی ئۆجالاندا هاتووە وەک ئاش بەتاڵ تەماشا دەکرێت!
شرۆڤەکاری باشوور مێژووی شکڵگرتنی پەکەکە و بیری ئاپۆی نەخوێندووەتەوە، ئەو هەموو شەپۆل و تەپاوتلەی پەکەکە ئاگادار نییە، هەندێک کڵێشەی ئامادەی سیاسی و دیبلۆماسی هەیە و بەسەر پەکەکەشدا جێبەجێ دەکات، تێنەگەیشتووە پەکەکە دیالێکتیکی ترین جوڵانەوەی کوردیە بە درێژایی هەموو مێژووی کورد، لێرەوە باوەڕم وایە، هەرکەس لە دیالێکتیک تێنەگات، نە لە ئۆجالان نە لە پەکەکە تێناگات.
بیری ئۆجەلان ئاوێتە و گیراوەیەکی ئاڵۆز و فرە پێکهاتەیە بەچەندین ڕەگەز و پێکهاتە، بەشێوەیەک، کەسی ئۆجالان لە یەک کاتدا بەیەکەوە گرێدانی دۆخی زاتی و بابەتیە، ئۆجەلان وەک زات و زەین، پەکەکە وەک دۆخی واقعی و ڕێکخراوەیی، بەیەکەوە گرێدانی دۆخی لۆکاڵ، کە لێرەدا کورد و مێژووی کوردە، لە گەڵ دۆخی گلۆباڵ کە کاپیتالێزم و مۆدێرنەی کاپیتالستیە، زۆر کۆمیدییە ئەو بونیادنانە مەزنە! ئەو پێکهاتە و گیراوە ئاڵۆزە وەک تەقوتۆقەکەی پارتی تەماشا بکەیت و وابزانی کەسێک دەتوانێت بڵێ با بچینەوە بۆ ماڵ ئیتر کردەنییە!
بەیارمەتی ئەو ڕەگەزانە، ئۆجەلان و لە گەڵیشیدا پەکەکە نمونەیەکی بێوێنەی خۆ تێپەڕاندن و خۆ هەڵوەشاندنەوە و خۆ پێکهێنانەوەن، هەمیشە ئۆجەلان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و لە گەڵ خۆشیدا پەکەکەش، بۆ نموونە دۆخی شەخسی خۆی لە دیندارێکی سادەوە بۆ سۆسیالیستی، لە سۆسیالیستییەوە بۆ نەتەوەیی، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی دۆخی خێزانی خۆی، جێهێشتنی خێزان و ڕەخنە کردنی و هەڵوەشاندنەوەی، سەبارەت بە پەکەکەش، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە 2002 و دواتر پێکێنانەوەی، پاشان 2002 بۆ 2004 ماوەی مافیایی و تەسفیە حسابی ناو پەکەکە و هەڵکشانی بۆ قۆناغی کەچەکە، بەشێکن لەو بەیەکدا چوونە شەخسی و ڕێکخراوەیی و زەینی و عەینیەی دۆخی کورد و پەکەکە و ئۆجالان.
پرسی بونیادنان یەکێکی دیکەیە لە پایە بنەڕەتیەکانی پەکەکە و بیری ئاپۆش، هەر بەم شێوە و ستراتیژە کۆمەڵگای باکووریش بونیادنراوە، ئامادە کراوە و ئێستا ئیدی لەسەر پێیە،ئەو نەرمی و دینامیکییەتە سیاسییەی باکووری کوردستان لە بۆشاییەوە نەهاتووە، ئەوە بەڕۆژێک و دوان وای لێ نەهاتووە، ئەمڕۆ فاشیزمی تورک حیزبێکی کوردی هەڵدەوەشێنێت بەیانی دانەیەکی دیکە لەسەر پێیە! ئەوە بەرهەمی پرۆسەیەکی دوور و درێژی هەوڵ و خەباتی چەند ساڵەی ئاپۆیە و تازە ئیدی گەڕانەوەی نییە و ئاشبەتاڵی پێ ناکرێت.
بەرگری و پارێزگاری لەخۆ کردنیش لە کۆی کۆمەڵگاکەدا چێنراوە، لە شەڕی ناو شارەکان و ڕووداوی خەندەقدا لە ساڵی ٢٠١٥ دەرکەوت چی بەرگری و بەرخۆدانێکی مەزن لە ڕۆحی ئەو کۆمەڵگایەدا چێنراوە، واتا ئەوکات کاتێک بڕیار لەو هەنگاوە درا هەڵەکە ئەوە نەبوو کە کۆمەڵگاکە ئامادە نەکراوە، بەڵکو نەپێکانەکە ئەوە بوو کە وەک سوریا تەماشای تورکیا کرا! کە دەرکەوت هەڵەیە، هەر خۆی خاڵە وردەکەش لێرەدایە کە بۆچی ئەزموونی خۆسەری لە سوریا قابیلییەتی جێبەجێکردنی هەبوو لە تورکیا نەیبوو؟
هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو کە پارادایمی بیرکردنەوەی ئۆجالان و پەکەکەش کۆمەڵگایە، کۆمەڵگاش لە نەبوونی قاڵبێکی ئاسنینی وەک دەوڵەتدا باشتر بوونیاد دەنرێت، هەربۆیە پارادیمە کۆمەڵایەتییەکەی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرپێ خرا چونکە دەوڵەت بوونی نەمابوو، هەڵەی پەکەکەش ئەوەبوو هێندە باوەڕی بە پارادایمەکەی خۆی هەبوو پێی وابوو بەبێ ڕەخسانی زەمینەی سیاسییش دەتوانێت خۆسەری لە باکووریش سەرپێ بخات، واتا بەڕادەیەک باوەڕی بە کارەکەی خۆی هەبوو، بەڕادەیەک کۆمەڵگای باکووری ئامادە کردبوو کە بیری چوو دەوڵەتی تورک چی دڕەندەیەکە و چاوەڕوانی ئەو کاردانەوە وەحشییەی دەوڵەتی تورکی نەکرد.
ئێستاش ئەو کۆمەڵگایە ئامادەیە، بۆیە تورک دژایەتی دەکات و لێی دەترسێت، شەڕی میدیایی و سیاسی لەگەڵ دەکات و هەر ڕۆژەی شارەداری شارێک لادەبات و قەیومی لەسەر دادەنێت، بەو شێوەیەش گەر گۆڕانێک لە بونیادی سیاسی و دەستووری دەوڵەتی تورکدا ڕوو بدات، باکوری کوردستان دەبێتە خاوەنی ستاتۆیەکی خۆسەر وەک ئەوەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.
کۆتا سەرنجم لەسەر هەستیاری کۆمەڵگای باشووری کوردستانە بەرامبەر ئاشبەتاڵ! بۆچی وایە؟
واتا پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی کورد لە باشوور هێندە لە ئاشبەتاڵ دەترسێت؟ چونکە بەشێوەی ناخودئاگاش بێت دەزانێت ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٥ ڕوویدا ڕێککەوت نەبوو! ئەوە ستراتیژە! چۆن؟ بۆ بەختی خراپی کورد لە باشوور، تانوپۆی کوردایەتی لەم پارچەیە پارتی چنیویەتی، تایبەتمەندی پارتیش ئەوەیە کە ڕێک بە پێچەوانەی پەکەکەوە کۆمەڵایەتی نییە و کۆمەڵگای بۆ گرنگ نییە( ئەم برسی کردن و پشتگوێ خستنەی ئێستای کۆمەڵگای باشووریش لە لایەن پارتییەوە بێ ڕیشە نییە)، هەربۆیە ستراتیژی پارتی بونیادنان و پاراستنی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو پاراستنی بنەماڵەی بارزانییە و ئەوەش وایکردووە خەڵک هەمیشە لەوە بترسێت پارتی جێی بهێڵێت! هەر وەک زۆر کردەیەکی ڕەمزیی و مانادارە کە دەزگایەکی وەک دەزگای پاراستن بە دەوری بنەناڵەی بارزانیدا بونیاد نراوە، واتا ناوکی پاراستنەکە نە کۆمەڵگا بەڵکو بنەماڵەیە.
لێرەوە ئەو ڕاستییەی کە پارتی سەر بەخەڵک نییە لە هەموو ئاستێکدا زەق و بەرچاوە، بۆ نموونە یەکێک لەو بوارانەی ئەم ڕاستییەی تێدا دەردەکەوێت دەرکەوتنی ئەو بنەماڵەیە لە پانتایی گشتیدا، کاتێک دەبینی کۆمەڵگا برسییە و ئەوانیش خۆیان و بۆینباخ و قۆندەرەکانیشیان بە ئاستێک بریقەی دێت، دەزانێت ئەوان لە چاوی کۆمەڵگاوە تەماشای خۆیان ناکەن و سەر بە ئێرە نین و هەر ساتێکیش دەکرێت خەڵک بە تەنها جێبهێڵن، ئەو بریقەدارییە هی ناوەندی دیبلۆماسی دونیایە، هی کۆمەڵگای کوردیی نییە، هی تەزوێر و ساختەییە، لە بەرامبەریشدا دەرکەوتنی هاوسەرۆکەکانی (خۆسەر) لەگەڵ یەکەم بینیندا دەزانی سەر بە هەمان چنراوی کۆمەڵایەتی کوردیین، نواندنەوەی چاوەڕوانیی و جیهانە ناوەکییەکەی کوردن، ئاستی بژێوی و مادی و کۆمەڵایەتی کورد نمایش دەکەن.
هەربۆیە هەرکەی کەمترین مەترسی لەسەر بنەماڵە درووست بووبێت خێرا خۆیان دەرباز کردووە و کۆمەڵگایان بەجێهێشتووە، ئەمەیە بووەتە مۆتەکەی باشوور، وایکردووە لەهەر گۆڕان و جووڵەیەکی ناوخۆیی و دەرەکیدا کابووسی ئاشبەتاڵ بوون و خەیاڵی خەڵکی باشوور داگیر بکات. هەر ئەمەش بووبە بەربەست کە خەڵکی باشوور تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و بوونیادنەرانەی ئۆجالان نەناسێت و دوا پەیامیشی بۆ هەڵوەشاندەوە و چەکدانانی پەکەکە وەک ئاشبەتاڵ و خۆڕادەست کردن تەماشا بکات.