خالید ڕەشید: بۆ ئۆکراینیا دێنە دەنگ، بۆ داگیرکاری تورکیا بێدەنگن

هونەرمەند خالید ڕەشید ڕەخنە لە دەسەڵاتداران هەرێمی کوردستان دەگرێت و بەوەی بۆ ئۆکراینیا دێنە دەنگ، بەڵام بەرامبەر بە داگیرکاری تورکیا بێدەنگن و هەرێم وێڕای ئەوەی چەکیان هەیە کەچی زیڕەیان لە دەبابە و فرۆکەکانی تورک کردوە و ناوێرێ ڕووبەڕوویان ببنەوە.

خالید ڕەشید، هونەرمەند و گۆرانبێژی دیار و بەناوبانگی باشوری کوردستان، ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتداران و میدیاکانیان لە هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: بۆ ئۆکراینیا دێنە دەنگ، بەڵام بەرامبەر بە داگیرکاری تورکیا بێدەنگن و زیڕەیان کردوە لە دوو دەبابە و فرۆکەکانیان کردوە و ناوێرن ڕووبەڕووی داگیرکاری تورکیا ببنەوە.
خالید ڕەشید، کە ئەم ڕەخنانەی لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبۆ نوسیوە دەشڵێت: دوێنێ تورکیا بۆردومانی گوندی هێرۆری لە بادینان کردووە یەک پیاوی ناو ئەو دەسەڵاتە ورتەی لە دەمەوە نەهاتووە، کەچی باسی بۆردومانی شاری خارکیڤ، کیێڤ و گوندەکانی ووڵاتی ئۆکراینیا شەو و ڕۆژ سەدان جار دەیڵێنەوە!
ئەو هونەرمەندە داوای هەڵوێست لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات دژی ئەو بارو دۆخە بوەستێتەوە و وتویەتی: دەبێت یەخەی ئەو دەسەڵاتە بگیرێت و پێی بوترێت: بەبێ هەبونی جەنگی جیهانی ئەم وێرانستانە، ئەم هەموو ئیهانە و ستەمە بۆچی دەکەن؟ هەڕێم بەبێ ئەوەی لە جەنگی جیهانیدا بێت بۆچی نە ئاو، نە کارەبا، نە مووچە، نە هیچی ترتان پێدابین ناکرێت؟

دەقی نوسینەکەی هونەرمەند خالید ڕەشید:

یەکێک لەپەیام نێرەکانی کەنالی رووداو لە ووڵاتی ئۆکراینیاوە بەدڵێکی پرەوە هەواڵی ئەوەی راگەیاند؛ کە لەیەکیک لەشارەکانی ئۆکراینیا کارەبا و ئاوی گەرمیان لێبراوە. ئەو هەموو هاوخەمیەی کورد ئەو هەموو شرۆڤەیە خوا بەوە رەحمی کردوە کە گەلانی دنیا و ئۆکراینی کوردی نازانن ئەگینا دەبووینە سینارێۆی  پێکەنین و هەموو کۆمێدیەکانی جیهان. ئاخر میللەتیک بەبێ ئەوەی لە جەنگی جیهانیدا بێت نە ئاو، نە کارەبا، نە مووچە، نە هیچی هەبێت، ئەم هەموو خۆ شپرزەکردن و نوسین و شرۆڤەکردنە جێگەی قاقای گریان و خورەی پێکەنین نیە؟ گوێتان لەزۆربەی ڕۆژنامەنوسەکانی جیهان نەبوو کە وتیان؛ ئەم جەنگە جەنگی مرۆڤی چاوشین و قژ زەردەکانە،  ئۆکراینەیەکان وەکو ئێراقی و ئەفغانی و ئەفریقی نین، مرۆڤی باڵان چونکە چاو شینن؟ وازحە قوربان مانای هیچ خۆتان تیکمەدەن. دوێنێ تورکیا بۆردومانی گوندی هێرۆری لە بادینان کردووە یەک پیاوی ناو ئەو دەسەڵاتە ورتەی لەدەمەوە نەهاتووە، کەچی باسی بۆردومانی شاری خارکیڤ، کیێڤ و گوندەکانی ووڵاتی ئۆکراینیا شەو و ڕۆژ سەدان جار دەیڵێنەوە! ئاخر ئەگەر میللەتێک ڕێز لەکەرامەتی خۆی بگرێت یەخەی ئەو دەسەڵاتە ناگرێت و بڵێت: بەبێ هەبونی جەنگی جیهانی ئەم وێرانستانە، ئەم هەموو ئیهانە و ستەمە بۆچی دەکەن؟ بینیتان چۆن خەڵکی ئۆکراینیا داکۆکی لەخاکی خۆی دەکات، بەرامبەر گەورەترین هێزی دنیا؟ خۆ ژمارەی چەکدارانی ئۆکراینیا هەر هێندەی چەکدارانی دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبەن. ئەو چەکانەی کە بەدەست ئۆکراینەیەکانەوەیە هەر هەمووی لە هەرێمی کوردستانیش هەیە. هەر لەت ۆپی تەیارەشکێنەوە تا دەگات بە تۆپی دەبابەشکێن و هتد. کەچی زیڕەیان کردوە لە دوو دەبابەی تورکی و فرۆکەکانیان بە رۆژی ڕووناک تەعەدا لەخەڵکی گوندەکانمان دەکەن، بومباران دەکرێن، یەک قسە یەک هەڵوێست بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە نانوێنن. هیوادارم لەمە زیاتر گەنجانی خاوەن کەرامەت بێدەنگی هەڵنەبژێرن، چونکە ساڵ بەساڵ ئەمانە ستەمو باج و سەرانە زیاد دەکەن. بێدەنگی هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ستەمە. دەنا سوێند بە خودای پەروەردگار بەرگەی یەک هەفتەی ڕاپەرینی خەڵک ناگرن. هێندەیان دزی و زوڵم کردوە کە ئیرادەی یەک هەفتە مقاوەمەی خەڵکیان نیە.

 

هـ.هـ