خوێندن بە زمانی دایک
لەنێو شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا گەلێک شۆڕشی تر هەبوون، یەکێک لەوانەش شۆڕشی زمان بوو، ئەمە خەون و ئاواتی ئەحمەدی خانیی و جگەر خوێن و جەلادەت بەدرخان و گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بوو.
لەنێو شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا گەلێک شۆڕشی تر هەبوون، یەکێک لەوانەش شۆڕشی زمان بوو، ئەمە خەون و ئاواتی ئەحمەدی خانیی و جگەر خوێن و جەلادەت بەدرخان و گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بوو.
ڕێبەر عەبدووڵا ئۆجالان لەبارەی زمانەوە دەڵێت: "زمان بۆ خۆی سامانی ئاگایی و ئەخلاقیی و باوەڕیی و هەست و ڕامانی کۆمەڵگەیە و جڤاک ئافراندوویەتی، زمان بوونی فیکریی و ناسنامەیە و لەوێڕا واتا و هەستی پێ گوزارشت لێ کراوە"، لە مێژوودا زمانی ئێمەی کوردان بە شێوەی هەمەچەشن پارێزراوە، ئەمەش سەرەڕای ئەو هەمووە فشارەی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان خستوویانەتە سەر ڕاسەری کوردان، سیستەمی دەوڵەت نەتەوە گەرەکی بوو بە یەک زمان و یەک نەتەوە کوردان لە سیستەمی خۆیدا ئاوەکی بکات و بێزاری بکات، تا ئەم گەلە زمان و چاند و مێژووی خۆی ون بکات و ناسنامەکەی پێ لەبیر بباتەوە. لێ بەرانبەر هەموو تەنگپێهەڵچنینێک، گەلی کورد توانی لە ڕێی دایکان و نووسەران و هۆنەر و زمانەوانانەوە ناسنامەی خۆی بە شێوەی ئاشکرا و نهێنیی بپارێزێت، لە هەموو قۆناغە مێژووییەکانی کورداندا خەبات دەکرا. تا ئێمە گەشتینە ساڵی ٢٠١١ـی ڕۆژاوای کوردستان و شۆڕشی ١٩ـی تەمووز هەڵگیرسێنرا، لەنێو ئەم شۆڕشەدا گەلێک شۆڕشی تر هەبوون، یەکێک لەوانەش شۆڕشی زمان بوو، ئەمە خەون و ئاواتی ئەحمەدی خانیی و جگەر خوێن و جەلادەت بەدرخان و گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بوو.
ڕاستییەکی مێژوویی بوو کە لەگەڵ پزیسکەی شۆڕش، دامەزراوەی زمانی کوردی بووە بناغەی سەرەکی ئەو شۆڕشەی زمان، ئەم دامەزراوەیە ڕۆڵ و ئەرکێکی مێژوویی خستە ملی خۆی و تا ئەمڕۆش بەو ڕەنگە بەردەوامە، لەم قۆناغەدا بە پلانی ستراتیژیی نوێ و بۆ پێشخستنی کار و خەباتی هەمەچەشن لە بواری زماندا، خولی پەروەردەیی بە ئاشکرا لە ماڵی گەل کرانەوە و لە مێژووی ڕۆژئاوای کوردستاندا ئەمە یەکەم جارە خوێندنگە بە کوردیی بکرێنەوە.
لە هەموو هەرێم و شارەکانی عەفرین تا دێرک گەل بە خرۆشێکی مەزنەوە و وەک باڵندەی سەر ئاوان بەشداری خولەکانی زمان بوون. هەروەها بۆ کردەییکردنەوەی بڕیارەکانی کۆنفراسی ناوەندی زمانی کوردی لە بەرواری ١٤/١٠/٢٠١٢ ئەمەش بە پەروەردەکردنی مامۆستایان و ئامادەکردنیان بۆ خویندنگەکان و پێدانی وانەکانی زمان بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن.
سەرەڕای هەموو کۆسپ و لەمپەر و فشارەکان، بەڵام مامۆستایانی زمانی کوردی چوونە نێو خوێندگەکان و لەگەڵ بوونی ڕژێمی سووریاش لە خوێندنگەکاندا، بەڵام بە سەرکەوتنێکی مەزنەوە ئەم قۆناغەمان تێپەڕاند.
لەگەڵ دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر لە هەر سێ هەرێمەکەی ڕۆژاوای کوردستان، بە فەرمی بۆ پەروەردە بەزمانی کوردی دەستبەکار بوو، جا بەم ڕەنگە قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کرد.
ئامادەکاریی بۆ سیستەمی بەڕێوەبردن و مەنهەج و پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان کرا.
ساڵ بە ساڵ مەنهەجی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چووە هەموو قۆناغەکانی خوێندن، هەروەها بۆ پاشەڕۆژی خوێندکاران و تەواوکردنی خوێندن لەو سێ هەرێمەی ڕۆژاوای کوردستان، زانکۆ کرانەوە، وەک زانکۆی عەفرین و زانکۆی ڕۆژاوای جزیرێ و زانکۆی کۆبانێ بە هەموو بەشە پێویستەکانییەوە.
تا ئێستا چەندین فەکەڵتی پێشوازییان لە خوێندکاران کردووە و تا ئاستی خوێندنی باڵاش بەشی زانکۆکان کردانەتەوە، بۆ نموونە (ماستەر) ئەم خەباتە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە و بەرهەمی ڕەنج و خوێنی هەزاران پاکڕەوانی ئێمەیە، سەرەڕای هەموو کۆسپ و ئارێشەکانی سەر ئەم ڕێوەبەرایەتییە و سیستەمە پەروەردەییەکەشی. ئێمە خەباتێکی درێژ بۆ کۆمەڵگە و خوێندکارانی خۆمان بەڕێوە دەبەین.
هەموو کات بۆ ڕەوایەتیی ئەم خوێندنە لە ڕێی ئاواکردن و بەڕێوەبردنی ئەم خەباتانە ناسنامە و هەبوونی خۆمان دیاریی دەکەین و لای گەلێک لایەنی جیهانیش ئەمە ناسێنراوە و لای ئەوانیش پەیڕەو دەکرێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئێمە باوەڕمان بەم خوێندنە هەبێت و ئەگەر بەرپرسیار و کارمەندەکانی ئەم بەڕێوەبەرییە بەو باوەڕەوە نزیکی بەڕیوەبەرێتیی خۆسەر و بیری نەتەوەی دیموکراتببنەوە، ئەوا دەبێت بەو باوەڕە نزیکی خوێندن بە زمانی دایک و سیستەمە پەروەردەییەکەی ببنەوە، چونکە ئەم فیکرە بۆ پاراستنی هەبوونی گەلان چارەسەرە،
بەڵام لە بەرانبەر ئەمەدا هەندێک بەرپرسیار و کارمەندی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە منداڵی خۆیان دەنێرنە خوێندنگەکانی ڕژێم. لێرەدا مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێت!!! من لەگەڵ تۆ کار بکەم و بەرپرس بم، بەڵام سیستەمی خوێندن بە زمانی دایک پەسەند نەکەم، چونکە پاشەڕۆژی منداڵەکەم لە خوێندنی ڕژێمدا دەبینم.
لە ژێر ناوی ڕەوایەتیی و ناڕەوایەتییدا ئەم ناکۆکییە کاریگەرییەکی نەرێنیی لە کۆمەڵگەکەمان کردووە، چونکە مەحاڵە کۆمەڵگەیەک لە گۆشەگیریی و پاکتاو بپارێزرێت، گەر بە زمانی دایکی نەخوێنێت، ئەم پەروەردەیە مرۆڤ لە خەڵکی تر جیا دەکاتەوە و دەیپارێزیت، گەر ئێمە باش ئەمە شیکار نەکەین، ئەوا مرۆڤی ئەم کۆمەڵگەیە هەبوونی خۆیان ون دەکەن، گەر تۆ خۆت ئەم خوێندنە بۆ خۆت بە ڕەوا نەبینی، ئەوا هیچ سیستەم و دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکیش تۆ بە ڕەوا نابینن.
هـ . ب