کەجەکە پیرۆزبایی لەو گەریلایانە دەکات کە بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیدا کردبوو

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەبۆنەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید دۆغا ڤیان پیرۆزبایی لە گەریلاکان کرد و هۆشداریشی بە پێشمەرگەکاندا کە خۆیان لە سەنگەرەکانی سوپای تورک دوور رابگرن.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەڕیی کەجەکە پیرۆزبایی لەو فەرماندە و شەڕڤانانەی هەپەگە و یەژاستار کرد کە بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید دۆغا ڤیان لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی لە هەرێمی رۆژئاوای زاپی هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا کردبوو.

لە راگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، "گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار ئۆپراسیۆنێکیان لە ژێر ناوی ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید دۆغا ڤیان لە دژی سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لە ١٧ی شوباتی ٢٠٢٤ لە شاخی جودی لە هەڕێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ ئەنجامدا. فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل (نەپەگە) ئامانج، پەرەسەندنەکان و ئەنجامەکانی ئەو ئۆپراسیۆنەی لە راگەیەندراوێکدا بۆ رای گشتی ئاشکرا کردبوو. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان جارێکی دیکە بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕانەی شەهید دۆغا گورزێکی قورسیان لە سوپای تورکی داگیرکەر وەشاند و دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی قڕکەری تورکیان رووبەڕووی شکستێکی گەورە کردەوە. بەهۆی ئەم ئۆپراسیۆنە سەرکەوتوانەیەوە کە لە چوارچێوە ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید دۆغا ڤیان ئەنجامدرا، لە ناخی دڵمانەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەو فەرماندە و شەڕڤانانە دەکەین کە لەو سەرکەوتنەدا رۆڵیان هەبووە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. هەروەها پیرۆزبایی لە فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستی گەل (نەپەگە) دەکەین.

ئێمە جارێکی دیکە یاد و بیرەوەری هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی لە کەسایەتی هاوڕێمان شەڕڤان ڤارتۆ کە قارەمانانە شەڕی کرد و لەم ئۆپراسیۆنەدا شەهیدبوو، بەرز رادەگرین و بەو پەڕی رێز و پێزانینەوە و لە بەردەم یادی ئەوان سەری رێز دادەنەوێنین و بەڵێن پابەندبوون، وەفداری و سەرکەوتن دوبارە دەکەینەوە. گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە لە رێگەی ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید دۆغا ڤیان چۆنیەتی نزیکبوونە لە راستی شەهیدان و پەیوەستبوون بە یاد و بیرەوەری شەهیدانیان نیشاندا. ئەم هەنگاوە و هەڵوێستەی گەریلا رەنگدانەوەی هەڵوێستی پەکەکەیە بەرامبەر راستی شەهیدان. هەر بەو جۆرەی گەریلا نزیک بووەوە، ئێمەش دەبێت لە هەموو شوێنێک بەو جۆرە لە راستی شەهیدان نزیک ببینەوە و بە پەرەپێدان بە تێکۆشان، شەهیدان بە زیندوویی رابگرین.

گەلی کورد لەم تێکۆشانەدا سەردەکەوێت

گەریلا لە رێگەی ئەم ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییەوە جارێکی دیکە سەلماندی کە هێز و توانای بەرگریی لە کوردستانی لە بەرامبەر داگیرکەران هەیە. دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە بەرامبەر ئۆپراسیۆنەکانی گەریلا تووسی هەژان و چەقبەستن بووە و پلانی سڕینەوە و قڕکردن دوژمن لە لێواری شکستدایە. لەگەڵ ئەمەشدا دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە شکستی خۆی پەردەپۆش دەکات و ناتوانێت دانی پێدابنێت. دەوڵەتی حاکەپە-مەهەپە درۆ دەکات کە نازانێت لە بەرامبەر ئەوەی روویداوە چی بڵێت و چۆن مامەڵە بکات. ئەو بانگەشەیەی کە دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە لەگەڵ سوپا داگیرکەرەکەی، میت، تاوانباران و داردەستەکانیان دەیانکرد، بەوەی گەریلاکان شکست دەدەن و گەلی کورد قڕ دەکەن، بە تەواوەتی بێ بنەمایە. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و دۆزی رەوای گەلی کورد لەبن نەهاتوون و نابەزن. گەلی کوردستان لەم تێکۆشانەدا سەردەکەون و ستەمکارانی کۆلۆنیالیست و قرکەر و خائینە داردەستەکانیان ناچار بە وەڵام دانەوە دەکرێن و لێپرسینەوەیان لە گەڵ دەکرێت. ئەم وادەیەش زۆری نەماوە و نزیکە.

رۆشنبیرانی تورکیا دەبێت راستی ئاکەپە-مەهەپە بۆ کۆمەڵگا شیبکەنەوە

رۆشنبیران، رۆژنامەنوسانی خاوەن ویژدان و بەرپرسیاری تورکیا دەبێت راستی ئاکەپە-مەهەپە بۆ کۆمەڵگا شیبکەنەوە و راستیەکانیان بۆ روونبکەنەوە. سیاسەتی دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە ئەنجامێکی جگە لە بەرەوهەڵدێربردنی تورکیا بەرەو کارەسات نییە. سیاسەتی دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە لە سەر بنەمای دوژمنایەتی لەگەڵ کوردەکان، زۆرترین زیانی بە تورکیا و گەلانی گەیاندووە. .دەبێت ئەوەیان بۆ روونبکرێتەوە کە ئەم سیاسەتانە تورکیایان گەیاندووەتە کوێ، وەڵاتەکەیان بە تەواوەتی رادەستی تاڵانکاری، وێرانکاری و بازرگانانی چاوچنۆک کردوە کە هێزی کار، ژینگە و سەرچاوەکانی وڵاتە تاڵان دەکەن. هەموو رۆژێک کە دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە درێژە بە حکومڕانی خۆی دەدات، جگە لە پەلکێشکردنی تورکیا بۆ ناو کارەساتی زیاتر هیج ئامانجێکی نییە. خەڵکی تورکیا و هێزە سۆسیالیستە دیموکراتیکەکانیان دەبێت لە هەموو بوارێکدا یەکگرتوویی زیاتریان لەگەڵ گەلی کورد هەبێت و تێکۆشان بۆ لەناوبردنی ئەم حکومەتە فاشیستیە بەهێزتر بکەن.

نابێت کەس پشتیوانی لە سیاسەتی دوژمنکارانە بەرامبەر کورد بکات

ئێمە پێشتر بە پێشمەرگەکانمان وتبوو، کە لە بنکەکانی سوپای تورک دووربکەونەوە. جارێکی دیکە ئەم هۆشدارییە دووبارە دەکەینەوە. سەرجەم هێزەکان بە تایبەتی پێشمەرگە دەبێت لە سوپای داگیرکەری تورک و بنکەکانیان دووربکەونەوە. هیچ کەس نابێت پشتیوانی و هاوئاهەنگی سیاسەتە دوژمنکارانەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست بێت بەرامبەر بە گەلی کورد، یاخود نابێت پاڵپستی لەو سیاسەتانە بکەن".

هـ . ب