کەمئەندامێکی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

یەک لە کەمئەندامانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن دادگای شۆڕش لە مەهابادەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نیشتمانی لە رێگەی ئەندامبوون لە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنەوە" و "بانگەشە لە دژی دەوڵەت" بە گشتی سزای ٥ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، سادق مەحمود نەژاد کە لە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە پیرانشار بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی ساچمەیی بەر چاوی توانای بینینی چاوی چەپی بە رێژەیەکی بەرچاو لەدەستداوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی دەوڵەتی ئێران لە مەهاباد سزای پێنج ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە مەحمود نەژاد لەلایەن ئەو دادگایەوە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی" لە رێگەی ئەندامبوون لە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی "بانگەشە لە دژی دەوڵەت"ی خراوەتەپاڵ.

لە مانگی ئاب/ ئۆگۆستی ئەمساڵیشدا لقی دووی دادگای پیرانشاریش بە تۆمەتی "تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی لە رێگەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان" و "هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان" سزای سێ مانگ زیندان و لێدانی ٣٠ قامچی بەسەر ئەو خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەدا سەپاندبوو، کە ئەو سزایەی بە پێبژاردن بە بڕی ٨ ملیۆن تمەن گۆڕدرابوو.

سادق مەحمود نەژاد تەمەن ٢٣ ساڵ لە ٢١ی ئەیلول/سێپتەمبری ٢٠٢٢ لە میانی خۆپیشاندانەکانی پیرانشار بە گولـلەی ساچمەیی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران چاوی برینداربوو، بەهۆیەوە لەسەدا ٨٠ی توانای بینینی چاوی چەپی لەدەستداوە.

ئەو هاووڵاتیە لە ٣ی تەمووز/ جولای ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر و گواسترایەوە بۆ زیندانی ئیتلاعات لە پیرانشار و لە ١٥ی ئەو مانگەدا بە دانانی بارمتەی ٤ ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازادکرابوو.

دوابەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە لە تاران، لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە شەپۆلێکی بەرینی خۆپیشاندان و ناڕزایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە، کە تیایدا زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژران و بە هەزارانی دیکە برینداربوون و بەشێک لەو بریندارانە بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی ساچمەییەوە چاوێک، یان هەردوو چاویان لەدەستداوە.

هـ . ب