کۆنسێپتی داگیرکارییانەی ساڵانی نەوەدەکانی تورک لە ئارادایە!

کۆنسێپتی داگیرکاری ساڵانی نەوەدەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ چۆڵکردن و سوتاندی گوندەکانی باشووری کوردستان لەمڕۆدا بەدەستی بنەماڵەی بارزانی جێبەجێدەکرێت.

دەوڵەتی چەوسێنەر و قڕکەری تورک بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی پلانی قڕکردن و لەناوبردنی کوردان بگەیەنێت بە ئامانج، لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بە سەدان گوندی سوتاند و چۆڵیکردن. ئەو کوردانەی کە ماڵ و زەوی و زارەکانیان سوتێندران و ئەشکەنجەدران، ڕوویان لە شارەکان کرد و هەندێکیشییان ڕوویان لە باشووری کورستان کرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پلانی قڕکاری دووژمن بەسەر کورداندا سەرنەکەوت و گەلی کورد زۆر زیاتر خاوەنداری لە گوند و خاکی خۆیان کرد. بەڵام وەک دەبینین ئەم کۆنسێپتی قڕکارییەی ساڵانی نەوەدەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر گوندەکان، لە ئێستادا بەدەستی بنەماڵەی بارزانی زیندووکراوەتەوە و کاری پێدەکەن.

لەم وتارەماندا تیشک دەخەینەسەر ستراتیژی سروشتی کوردستان، کە سیاسەت و شەڕی بەسەردا بەڕێوەدەبردرێت. کوردستان بەهەشتی سەر ڕووی زەمینە. سەر ئەرزی و بن ئەرزی سامانێکی دەوڵەمەندە و سەرچاوەی ژیانە. بە سەدان ساڵە شەڕێکی سەختی قڕکردنی نەتەوەیی لەسەر کراوە و شەڕ نەماوە لەسەری تاقی نەکرێتەوە. وێڕای هەموو ئەمانەش کوردستان لە بەهشتبوونی خۆی دانەبڕاوە. کاتێک ئێمە باسی کوردستان دەکەین، هەڵبەت ناتوانین کوردان و سروشتی کوردستان لێکتر دابڕێنین. چونکە سروشتی کوردستان وەک ناو لە دڵی هەموو کوردێکدایە. ئاوا جوان و بە ئازارە. سیاسەتەکانی قڕکردنی کوردان و تاڵانکردنی کوردستان کە ماوەیەکی درێژە لە لایەن خوێنمژانی کوردەوە جێبەجێ دەکرێت، هەتابێت قوڵتر دەبێتەوە. لەم ماوانەی کۆتاییدا، کاتێک لە کوردستان دەڕوانین، مرۆڤ ئەو ڕاستییە دەبینێت کە؛ باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات گڕی گرتووە، دەسوتێنرێت! هەموو ڕۆژێک بازار و سەرچاوەکانی بژێوی خەڵكی باشووری کوردستان دەسوتێنرێت.

وەک چۆن ئەوەی دەوڵەتی تورک لەساڵانی نەوەدەکاندا بە دەستی جەردەوان و چەتەکانەوە گوندەکانی دەسوتاند، چۆڵی دەکردن و دەیکردنە جێگەی شەڕ و ئاڵۆزی، لە ئێستاشدا دەوڵەتی تورک بەدەستی بنەماڵەی بارزانی ئاگری لە باشووری کوردستان بەرداوە و گوندەکان بە چۆڵکردن دەدات. لە ١٦ی نیسانەوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە دەستی بارزانییەکان دەیەوێت هێرشە قڕکەر، فاشیست، داگیرکاری و لکاندنەکانی لەسەر باشووری کوردستان بەرفراوانتر بکات. بۆ ئەمەش هە لەسەرەتاوە رۆڵێکی گەورە و کاریگەری داوە بە ماڵە بارزانی. ئەم ڕۆڵەش بە چۆڵکردنی گوند و کوێستانەکانی باشووری کوردستان لە خەڵکی و بڵاوکردنەوەی تۆڕە سیخوڕییەکان بوو. بۆ ئەمەش ئەوە زانراوە کە پەدەکە بەناوی دەوڵەتی تورکەوە بە گوندنشینانی وتووە؛ گوندەکان چۆڵبکەن و هەرچی زەرەر و زیان دەکەن ئێمە قەرەبووی دەکەینەوە. هەر سەبارەت بەو ڕۆڵەی پەدەکە؛ ئەو گوندنشینانەی کە نەیانویستووە گوندە و کوێستانەکان چۆڵبکەن، پەدەکە هەڕەشەی کوشتن و گواستنەوەی لێ کردوون. لەو چوارچێوەیەدا لە ئێستادا ڕێژەیەکی زۆر لە گوندەکان چۆڵکراون و دەوڵەتی تورکیش بە ئارەزووی خۆی هەموو کاتێک گوندەکان بۆردوومان دەکات و ئاگر لە کوێستانەکان بەردەدات.

لە ڕۆژی دەستپێکی سیاسەتی لکاندنەوە تا ئێستا بە هەزاران لە مەڕووماڵاتی گوندییەکان و گیانلەبەرانی کێوی سروشتی کوردستان کوژراون. بە سەدان ماڵ، کێڵگە و باخچەی گوندییەکان سوتێنراون و چۆلکراون. بەسەدان درەخت کە تەمەنی هەندێک لەوانە سەدان ساڵ دەبێت هەڵکێشراون و بڕدراونەتەوە. لە سوتاندنی ئەو درەختانەدا مێژووی کوردستان دەسوتێنرێت و گوندییەکانی هەرێمەکە دەڵێن؛ "نەک ئاگر، بەڵکو ئەو بێدەنگییەی ئێستایە ئەوان دەسوتێنیت".

پێویستە باش بزانرێت کە سوتاندنی کوردستان یەکێکە لە کۆنسێپتی قڕکردنی کورد و کورستان. لە باکووری کوردستان هەموو ڕۆژێک جەردەوان دار و سروشتی باکوور قڕ دەکات. لە ئێستاشدا هەمان شێواز لە سەر سروشتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەبردرێت. ئەوەی زۆر بە ئازارە ئەوەیە؛ لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بەدەستی کوردانی نۆکەر کوردستان قڕ دەکرێت. لە خودی ئەو کۆنسێپتەدا مێژوو دەستوێنرێت. بۆیە لەبەرامبەر پلانی قڕکردن و لە ناوبردنی کوردستاندا تەنها یەک ڕێگە هەیە، ئەویش پاراستنی وڵاتە شان بە شانی گەریلا لە دژی قڕکاری و خیانەتکاران. پێویستە باش بزانرێت، کورد بە مێژوو و سروشتی خۆیەوە بوونی هەیە، لەمڕۆدا هێرشێکی گەورە و سەخت لەسەر مێژوو و سروشتی کوردستان هەیە. پێویستە گەلی کورد و ئازادیخوازان بە بەرفراوانی مێژوو و سروشتی خۆیان بپارێزن. گەر مێژوو و سروشتت نەمێنیت، هیچ مانایەکی گەل نامێنێتەوە، کورد بە سروشتی خۆیەوە بوونی هەیە!