كۆساڵان دەستە خۆشكەكەی قەندیل بێدەنگ نابێ!!

"لەبابەتی پرسی كورد رژێمی دیكتاتۆری ئێران و دەوڵەتی فاشیستی تورك خاوەن زیهنیەت و سیاسەتێكی هاوبەشن. هەر یەك لەو دوو دەوڵەتە دەیانەوێت گەلی كورد لەسەردەستی ئەوی تر كۆتایی پێ بهێنن."

 سیاسەتی سەگ بەسەگ كۆشتنی كە بە بەریتانیاوە دەبەستنەوە، لەبنەڕەتدا سیاسەتی رژێمی داگیركەری ئێران و دەوڵەتی قوڵی ئێرانە كە پیشینەییەكی دیرۆكی هەیە. دەوڵەتی قوڵ لەئێران خاوەن كەلتورێكی پیلانگێڕییە و پیلانگێڕیی بەشێكی سەرەكی لەسیاسەتی رژێم و دەوڵەتی ئێران پێكدێنێت. بۆیەش نابێت هیچ كەس و لایەن و هێزێك بەئاسانی نزیكی دەوڵەتی ئێران بێتەوە. ئەم كەلتورە پشتاوپشت وەكو میراسێك بۆ رژێمی داگیركەر و فاشیزمی ئێران ماوەتەوە. لەبابەتی پرسی كورد رژێمی دیكتاتۆری ئێران و دەوڵەتی فاشیستی تورك خاوەن زیهنیەت و سیاسەتێكی هاوبەشن. هەر یەك لەو دوو دەوڵەتە دەیانەوێت گەلی كورد لەسەردەستی ئەوی تر كۆتایی پێ بهێنن. ئەمە زیهنیەتی سەگ بەسەگ كۆشتنە كە هەردوو دەوڵەتی فاشیستی و داگیركەر ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەكەن. ئەساسەن دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەركوردستان چاو و دەم و گوێیان لەسەر نزیكبوونەوەی دەوڵەتی توركە لەپرسی كوردان. واتا ئەگەر دەوڵەتی تورك سیاسەتێكی توندی گرتەبەر و بڕیاری پاكتاوكردن و تەسفیەكردنی گشتی كوردانی لەپلاندا بێت، ئەوا بێگۆمان هەر سێ دەوڵەتی تری داگیركەر بەگوێرەی ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی تورك خۆیان رێك و پێك دەخەن.

ساڵی 2011 كە شەڕی شۆڕشگێری گەل لەباكوری كوردستان بەرێوە دەچوو و لەرۆژئاوای كوردستان بەسەرهەڵدانی گەلانی عەرەب، گەلی كوردیش راپەرێبوو و بەگشتی بزوتنەوەی كوردان لەنێو ململانێ و پێكدادان و شەڕدا بوو، رژێمی داگیركەری ئێران پەلاماری زەنجیرە چیای قەندیلی دا كە گەریلاكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان و یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی لێبوو. رژێمی ئێران دەیوویست ئەو بارودۆخەی لەباكوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان بەهەڵ بقۆزێتەوە و ئەو ناوچانە بخاتە ژێر رەكیفی خۆیەوە، بۆیەش لەشەڕێكی خۆتڕێندا رژێم گۆزری جەرگبڕی بەركەوت و گەریلاكانی پەژاك و یەرەكە داستان و چیرۆكی مێژوویی قەندیلیان تۆمار كرد و ئەو سویایانەی لەشارە جیاوازەكانی ئێرانەوە بۆ شەڕی گەریلا هاتبوونە قەندیل سەریان لەتاشەبەردەكانی قەندیل كەوت و قەندیل جارێكی تر سەلماندی كە چۆك بۆ نەیاران دانانێت و تا هەتایە قەندیل بەسەربەرزی دەمێنێتەوە. قەندیل لانكەی هەزاران مرۆڤی شۆڕشگێڕ و بەرخۆدانڤان و گەریلای فیدایی وانەیەكی بەرژێمی داگیركەر دا و نیشانیان دۆست و دۆژمنیاندا كە كورد و پەژاك ریشەیان لەقوڵایی قەندیل و بەرزی و خۆڕاگری قەندیلە. هەر بۆیەش پاكتاوكردن و پەلاماردانی یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كارێكی وەها ئاسان نەبووە و نییە.

 كۆساڵان بۆ كورد قەندیلە!!

 دەوڵەت و رژێمی بەرژەوەندیخواز و داگیركەری ئێران ئەمڕۆ جارێكی تر هاوشێوەی ساڵی 2011 دەیەوێت ئەو بارودۆخەی لەباكوری كوردستان و توركیادا بەتایبەتی لەپاش هەڵبژاردنە پەلەرمانی و سەرۆككۆماریەوە هاتووەتە پێش، لەبەرژەوەندی خوی بقۆزێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا پەلاماری كۆساڵانی هەورامانیان داوە و لەژێر ناوی وەدەرنانی هێزەكانی یەرەكە و پەژاكدا بەهەزاران جاش و بەكرێگیراو و خۆفرۆشیان بەناوی سوپای پاسداران رەوانەی هەرێمەكە كردوە و گوند و شارۆچكەكانی ناوچەكەی میلیتاریزە كردوە و رەز و باخی خەڵكی ناوچەكەیان داوەتە بەر ئاگر و ئاسن.

ئەوەی مایەی تێڕامانە، ئەوەیە كە رژێمی داگیركەری ئێران هاوكاتی هێرشەكانی دەوڵەتی فاشیستی تورك بۆ سەر ناوچەكانی شەهبا و تەلرەفعەت و تۆپباران كردنی خەڵكی مەدەنی بەفرۆكەی بێ فرۆكەوان و پەلاماری هێزەكانی قەسەدە لەیەككاتدا پێكهاتن، سەرەڕای ئەوەی كە بارەگاكانی دەوڵەتی روسیاش لەناوچەكەدان كە چی ئەوانیش لەبەرامبەر بەو هێرش و داگیركاریانە بێ دەنگیان هەڵبژاردوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە هەر سێ دەوڵەتی تورك و ئێران و روسیا دژ بەبەرژەوەندیەكانی گەلی كورد لەناو پیلانێكدان و دەیانەوێت بەهێرش كردنە سەر كوردان بەرژەوەندیەكانی خۆیان بپارێزن. تەنانەت هێرشەكانی سەر كەمپی مەخمور لەم مانگەدا بەگۆشارەكانی رژێمی ئێران و پاشان دەوڵەتی تورك پێكهات. رژێمی ئێران بەو سازشانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نواندۆیەتی، هەندێ لەخۆبایی بوونی بۆ درۆست بووە لەوەی كە پەلاماری لایەنگەران و ناڕەزایەتیەكان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بدات و ماكینەی سێدارە و پەتی خستووەتە گەڕ بۆ لەسێدارەدانی ئازادیخوازان و بەندكردن و سزادانیان. بەشێكی تری ئەم هەلە لەناكۆكیەكانی ئەمریكا و ئەوروپاوە سەرچاوە دەگرن.

 هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانی و هەڵوێستی نیشتیمانی و پێكەوەژیان

بەدەست پێ كردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی زۆرینەی هێز و لایەن و رێكخراوە و بزوتنەوە جەماوەریەكان چە لەناوخۆ و چە ئەوانەیان لەدەرەوەی وڵاتەن، پێیان وابوو كە نابێت چەك بدۆێت و دەبێت ئەو شۆڕشە بەدیالۆگ و لەسەرخۆ بەرێوە بچێت. بۆیەش هەر زوو لایەنە كوردیەكان پابەند بوونی خۆیان بەو بانگەوازیەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنە ئیرانی و رۆژهەڵاتیەكان دایەوە و بەشێوەیەكی ئەرێنی مامەڵەیان لەگەڵ قۆناخەكەدا كرد. هەرچەندە دەوڵەتی فاشی و رژێمی دیكتاتۆری ئێران پەلاماری بنكە و بارەگاكانی لایەنە كوردیەكانیدا كەچی تەنیا لایەن كە خاوەنداری لەلایەنە كوردیەكانی كرد، جارێكی تر تەنیا پەژاك بوو و وەكو هەڵویستێكی نیشتیمانی و ئۆپۆزسیۆن و ئیرانی ئەركی خۆی بەجێگەیاند، بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە نە لایەنی كوردی و نە ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرا و دەسەڵاتخواز كە بڕوایان بەمافی نەتەوەكانی تر نییە، بەچەك و بێ چەكیانەوە هیچ هەڵوێست و خاوەنداریەكیان نیشان نەداوە. ئەم نزیكبوونە و بێ هەڵوێستیەی لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەبنەمادا خزمەت بە رژێمی ئیران و سەركۆتكردنی زیاتری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و سیاسەتی سەركۆتكردن گەلان دەكات.

 هێرش كردنە سەر پەژاك؛ هێرش و پەلاماری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ناوەندكەی كوردستانە و هەموو جۆگرافیای ئیران و رۆژهەڵاتی ناوین و جیهانی تەنیەوە، ئەمە بۆ كوردان جێ شانازییە و لەرۆژهەڵات و ئیران دروشم و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی پارادایم و هزری بیرمەند و كەسایەتیەكی كوردە كە ناوی"رێبەر ئاپۆ،یە و ماوەی پەنجا ساڵە هەڵگری فەلسەفەیەكی وەهایە و ئەم فەلسەفەیە كردۆتە ناوەندی خەبات و تێكۆشان و رێكخستنی خۆی لەپێناو بۆنیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك، ئیكۆلۆژیك و ئازادی ژن دا. پەژاكیش هەڵگری ئەم فەلسەفەیە و رێبەر ئاپۆ بەرێبەری خۆی دەزانێت. بۆیەش هەر هێرش و پەلامارێك بۆ سەر پەژاك و گەریلاكانی هێرشە لەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و نرخەكانی شۆرش.

هـ . ب