کورد و سووریای نوێ

لە بونیادنانی سووریای نوێدا کورد پێگە و ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت. سووریای دیموکراتیک پشت بە ئەزموونی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبەستێت و گەلێک ئەزموونی لێوە فێر دەبێت.

دەسەڵاتداری ڕژێمی بەعس لە هەفتەکانی سەرەتایی مانگی کانوونی یەکەمدا هەڵوەشایەوە. لە ڕاستییدا ئەوەی هەڵوەشایەوە لە دیمەشق، هەڵوەشاندنەوەی ناسیۆنالیستی دەوڵەت-نەتەوەی تاکپەرست بوو. ئەوەش بەرهەمێکی ناسیۆنالیستی کەمالیستی بوو کە لە وڵاتانی عەرەبییدا پێشکەوت. ناسریزم هەنگاو بە هەنگاو بە میتۆدی کودەتا و ڕێفۆرم گۆڕدرا. ڤێرژنی بەعسی عێراقی لە دەستپێکی شەڕی سێهەمی جیهانیدا لە دوای شەڕی دە ساڵە و ڕووخاندنی پەیکەری سەدەم هەڵوەشایەوە. لە ئێستاشدا ڤێڕژنی بەعسی سووریا لە دوای شەڕی ١٣ ساڵە بە بێ ڕژاندنی خوێنێکی زۆر هەڵوەشێندرایەوە.

ئیدارەی ئەسەد کە پشتگیرییەکانی ئێران و ڕووسیایی لە دەستدا و لە ژێر هێرشی ئیسرائیلدا گورزێکی کوشندەی خوارد، وەک ئەوەی بڵێت 'هەرچی دەکەیت بیکە' دەستبەرداری دەسەڵاتداری بوو. لە دوای ئەوەی دەسەڵاتی دیمەشق کەوتە دەستی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە). لە ئێستاشدا شاندی وڵاتان لەگەڵ سەرۆکی هەتەشە محمەد جۆلانی کۆدەبنەوە کە لە کۆشکەکەی ئەسەد دادەنێشێت. لە هەوڵی ئەوەدایە تێبگات لەوەی سووریای نوێ چۆن فۆڕمێک وەرگرێت و گەر ئیمکان هەبێت هەندێک بەرژوەندی قازانج بکات. هەرچەندە باس لەوەکرا لە مانگی ئازاردا حکومەتی ڕاگوزەر دادەمەزرێنریت، بەڵام تابێت مشتومڕی گەرم لەسەر داهاتووی سووریا دەکرێت.

بەڕاستی سووریای نوێ چۆن فۆرمیلە دەبێت؟ ئیدارەی هەتەشە سووریا بەرەو کوێ دەبات؟ لە بونیادنانی سووریای نوێدا ڕۆڵەکان چۆن دەبن؟ هەروەها ڕۆڵ و پێگەی کوردان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە سووریای نوێدا چی دەبێت؟ ئەم جۆرە پرسیارانە تابێت زیاتر دەورژێنرێن و لەسەر ئەم بنەمایە گفتوگۆکان گەرمتر دەبن.

یەک لەو مژارانەی کە زۆرترین ڕاوەستەی لەسەر دەکرێت ئەو گریمانەیە کە سووریا ببێتە ئەفغانستانی دووەم. کۆدەنگی گشتی نیشاندەری ئەوەیە کە بەوجۆرە نەکەوێتەوە، بەڵام کاتێک بیر دەکرێتەوە کە ئەمریکا ئەفغانستانیشی خستووەتە ئەم دۆخەوە، نیگەرانی ئەو کەسانە زیاتر دەبیت کە ئەم ڕوانگەیەیان هەیە. ئەمریکا کە ئەفغانستانی بۆ تاڵیبان جێهێشت، ئیدی زۆر بە ئاسانیش دەتوانێت سووریا بۆ هەتەشە جێبهێڵێت کە وەک 'ڕێکخراوێکی تیرۆرستی' لێی دەڕوانێت. بە شێوەیەکی ڕوون دەبینرێت کە ئامادەکارییان لەم ڕووەوەیە. جۆلانی کە ناوە تازەکەی ئەحمەد شەرعە بە داپۆشینی جلوبەرگی فەرمی و بۆینباخ هەوڵ دەدرێت وەک سەرۆکێکی مۆدێرن نیشانی بدەن.

تەقیەکاری'نکۆڵیکردن لە موسڵمانێتی خۆت' لە نێو ئەو گرووپانەی کە ئیسلام دەکەن بە بنەمایی دەسەڵاتدارییان وەک میتۆدێکی گرنگ و کاریگەر بەکاردەهێنرێت. زۆر زیاتر ئەمەمان لە کەسێتی تەیب ئەردۆغاندا بینی. لە ئێستادا بۆچی جۆلانی نەبێتە ئەردۆغانی دووەم؟ دەبینرێت لەم مژارەدا ئارەزوویەکی زۆری هەیە و هەوڵدەدات چی زووە بگاتە کورسی دەسەڵات. هەرچەندە هەندێک ناڕەزایەتی لاوازی وڵاتانی ئەورووپایی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا هەیە، بەڵام دیار نییە بۆ ئێستا هەڵوێستی کۆتایی چی دەبێت. لە لایەکی دیکەوە تا ئێستاش هیچ ناڕەزایەتییەک لە لایەن کۆمەڵگە ئەوروپییەکان و ڕای گشتی دیموکراتیکەوە نییە.

یەکەم ناڕەزایەتی جددی خەڵکی دیمەشق دژی لێدوانەکەی م.جۆلانی بوو کە 'ئیدارەی شەریعەت دەبێت'. بەتایبەت گەنجان و ژنە گەنجە مۆدێرنیستەکانی دیمەشق ناڕەزایەتییەکی جددییان نیشان دا. زۆر بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە دەستبەرداری ئەو ژیانە مۆدێرنە نابن کە ئیدارەی بەعس پەرەی پێداوە. وا گریمانە دەکرێت کە ناڕەزایەتییەکان بە هەمان شێوە لە لازقیە و شارەکانی هاوشێوەی پەرە بسێنن. بەڵام بەگشتی پێیان وایە شارەکانی وەک حەما و حومس کە پێشتر ناوەندی 'ئیخوان موسلیمین' بوون، ناڕەزایەتی دەرنەبڕن، بەپێچەوانەوە شەریعەت قبوڵ بکەن. ئەگەر سەرنج بدەین کۆمەڵگای ئێستای سووریاش لەم بابەتەدا دابەشبوونێکی جددی بەخۆیەوە دەبینێت. لە هەلومەرجێکی وەک ئەمدا پێگەی دروزەکان و کوردانی دانیشتووی سوریا لە داڕشتنی سوریای نوێدا گرنگییەکی زیاتری هەیە.

ئیدارەی تاڵیبان لە ئەفغانستان کە دەکەوێتە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئاسیا، دەتوانرێت لەلایەن جیهانەوە قبوڵ بکرێت. بەڵام ئەستەمە و مەحاڵە ئیدارەیەکی هاوشێوە لە سووریا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن جیهانەوە قبوڵ بکرێت. بۆیە پرسی چۆنیەتی بنیاتنانی سووریای نوێ زیاتر لە ڕۆژەڤدا دەبێت و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. هەرچەندە هەندێک بازنەی بەرژەوەندیخواز و ئیستغلالکار بەڵێ بۆ هەموو جۆرە حکومەتێک دەڵێن، بەڵام زۆرێک لە هێزە دەوڵەتی و کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەیانەوێت سووریایەکی مۆدێرن ببینن. لە واقیعدا گەل و هێزە دیموکراسیەکان پشتیوانی سوریای نوێ دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی سوریایەکی دیموکراتیکی و فرەلایەنەی ئیدارەدان. تەنها بەم جۆرە دەتوانرێت ڕێگری خراپتربوونی دۆخەکە بگیرێت و ناسیۆنالیستی دەوڵەت-نەتەوەی تاکخوازی کە بەعس نوێنەرایەتی دەکرد تێبپەڕێنرێت. تەنها فەراسەتێکی فرەچەشنی دیموکراسی دەتوانێت پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی فرە ڕەنگ، فرە ئاین، فرە مەزهەب و فرە کولتووری سووریا بکات بە یەک.

کاتێک مرۆڤ لەم ڕوانگەیەوە سەیری پێکهاتنی سووریای نوێ دەکات، دەبینرێت کە کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆڵێکی زۆریان دەبێت. لە بارودۆخی ئێستای سووریادا، دەسەڵاتی کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تەنانەت لەوە زیاترە کە حیساب دەکرێت. ئەگەر ئاستێکی دیاریکراوی هێز و خۆڕاگری لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەر و جینۆسایدییەکانی ئیدارەی فاشیستی-جینۆسایدی ئاکەپە-مەهەپە نیشان بدەن، ئەوا دەتوانن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبێت لە بنیاتنانی سووریایەکی نوێدا. تا کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەڕ بکەن و سیستەمی دیموکراسی خۆیان وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ڕای گشتی سوریا بخەنە ڕوو، ئەو هێزانە لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە کە ژیانێکی مۆدێرنیان دەوێت و دەسەڵاتی ناوخۆی خۆی زیاد دەکات و تابێت لە دەرەوەش زیاتر پشتگیری هێزە دیموکراتیکەکان و گەلان وەردەگرێت.

کاتێک مرۆڤ ئاوڕێک لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو بداتەوە، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە تەیب ئەردۆغان لە بەرانبەر بەشار ئەسەد لە نێو چ دۆستایەتیکەی ساختەدایە و دووژمنایەتییەکی نامەردانەی دەکات. بەڵام کورد لە دژی دەسەڵاتداری ئەسەد هیچ کاتێک بەو شێوەیە نەجوڵاوەتەوە. هەمیشە بۆ سووریایەکی دیموکراتیک، هەڵوێستێکی بە مەبدەئی دەربڕییوە و بە مەردانە تێکۆشاوە. گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کوردان و هاوپەیمانەکانیان لە دژی چەتە فاشیستەکانی داعش دەیان هەزار شەهیدییان داوە، بە قارەمانێتییەوە شەڕیان کرد و مرۆڤایەتییان لە بەڵای فاشیست ڕزگار کردووە. تەنیا ئەم خۆڕاگرییە دەسەڵات و ناوبانگێکی گەورەی بە کورد و هاوپەیمانەکانی بەخشیوە.

ماوەی ١٢ساڵە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەموو نەتەوە و ناسنامەکان سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراسییان جێبەجێ کردووە و ئەزموونێکی دیموکراسییان دەرخستووە کە لە سووریادا نمونەی نییە. بە ئەزموونەکانی ئیدارەی دیموکراسی تێگەیشتنی دیموکراسی و ڕێبازی ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان، گەشەیەکی نوێیان بەدەستهێناوە کە توخمە جەوهەریەکانی سوریای نوێی خوڵقاندووە. وەک چۆن لە سووریادا هیچ تاقیکردنەوە و ئەزموونێکی دیموکراسی لەم جۆرە نییە، ئەزموونێکی جدی نییە کە بتوانرێت ناوی بنێین دیموکراسی. وەک چۆن ئەم دۆخە بۆ بەعسی دەسەڵاتدار درووستە، بۆ هەتەشەیش کە هەوڵی ئەوە دەدات ببێتە ئیدارەی نوێ دوو هێندە کاریگەرە.

لەو کاتەدا کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زۆر شتییان هەیە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیکی نوێ. دیارە تا ئەو ئەزموون و بەهێزییەی کورد لەبەرچاو نەگیرێت، سووریای دیموکرات شێوە ناگرێت. بەبێ ئەمانە، دیکتاتۆرییەکی نوێی دەوڵەت-نەتەوە لە سووریادا شێوەی خۆی دەبێت و ئەم دیکتاتۆرییە نوێیە ناسیۆنالیستی و ئایینییە لە پێشوو خراپترە. ئەمەش بەو مانایەیە کە پێگە و ڕۆڵی کورد سەرەکیترینە لە درووستکردنی سوریایەکی نوێی دیموکراتیکییدا. سووریای دیموکرات پشت بە ئەزمونی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبەستێت و زۆر شتی لێ فێر دەبێت. لەو کاتەدا و لە بارودۆخی ئێستادا، دیموکراسیترین و کاریگەرترین دەسەڵات لە سوریادا کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکن. هەروەک پێشتر کورد بەردەوام دەبێت لە ڕۆڵی کاریگەر لە داڕشتنی سوریای نوێی دیموکراتیکی.

ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم ڕاستی و هێزە ببینرێت، مرۆڤ بێ هیوا نەبێت. دەسەڵاتی خۆیان بە شێوەیەکی کاریگەر لە بەرخۆدان و بنیاتنانی دیموکراسیدا بەکاربهێنن. دەبێت ئەمەش بە ڕوحی سەفەربەرییەوە ئەنجام بدرێت. لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت شۆڕشی ژنان و گەل بپارێزرێت. پێویستە سووریای دیموکرات لەسەر بنەمای ئازادی ژنان شێوە بگرێت. سەرکەوتنی نوێ چاوەڕوانی کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکن.

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا.