٢٦ ساڵ بەسەر پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ تێپەڕی، وەک رۆژێکی رەش داباریە سەر گەلی کورد و تەواوی ئازادیخواز و دیموکراتخوازنی جیهان. هێزە ئیمپریالیستەکان و خیانەتکارانی ناوخۆ، ویستیان لەکەسایەتی رێبەر ئاپۆ، دواین بزمار لە بزووتنەوەی ئازادیی گەلان بدەن، لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. زیاتر لە چارەگە سەدەیەکە، گەلی کورد لەگەڵ رێبەرەکەی ئازار و ئەشکەنجەی پیلانگێڕان دەچێژێ، لەلایەکیتریش لە دژی سەرنەگرتن و بە مەرام نەگەیشتنی گەلەکۆمەکەیان، تێکۆشانێکی شکۆدار بەڕێوە دەبات.
لەچالاکی "کەس ناتوانێ خۆرمان تاریک بکات" لە ١٩٩٩، تا بەرخودانی بەنداوی تشرین، بەهەزاران کچ و کوڕ، خۆیان فیدا کرد و کاروانێکی هەزاران شەهیدیان پێشکەش کرد، هەموویان پێکەوە بوون بە بازنەیەک لە دەورەی ئیمرالی و نەیانهێشت هێرشەکان بگەن بە ئەنجامی کۆتایی.
٢٦ ساڵە رێبەر ئاپۆ لەناو زیندانێک بەقەد چاڵی بیرێک، بەرخودانی دەکات و بەهێزێکی هزری لە ڕادەبەدەر، نەیهێشت سەری بیرەکە بگیرێت. بۆیە وەک قارەمانێک زنجیرەکانی پارچەکرد. پێچەوانە دووبارە خۆی ئافراندەوە و لەجاران بەهێزتر، بوو بە جێگەی هیوای گەلان و ژنان و گەنجان. ئیتر بە جیهانبینی و فەلسەفە و رۆحێکی نوێی شۆڕشگێڕی، پەیامەکانی گەیاندە هەموو جیهان. جوانترین پێناسەش خۆی کردی کاتێک گوتی؛ وەک پرۆمیتۆس لە گاشەبەردەکانی ئیمرالی توندکراوم، هەر رۆژە داڵەکان دێن و پارچەیەک لەجگەرم دەخۆن.
لەپێناو بەردەوامی بەتێکۆشان، گۆڕانکاری ستراتیژی ئەنجامدرا، پارادایم نوێکرایەوە، هێڵی نوێی تێکۆشان پێشخرا. سێ قۆناغ لە دانوستان و دیالۆگ بەڕێوەچوون، ویستیان لە دەرەوەی ئیمرالی گوایە پرۆسەی جیاوازتر بەڕێوە دەبن، بەڵام ئیمرالی وەک ناوەندی کێشی زەوی، هێزی راکێشانی لەهەر قۆناغێک بۆ قۆناغێکیتر مەزنتر کرد.
پابەندبوونی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە شاخ ` گەریلا`، گەلی کورد لە ئەوروپا و لە پارچەکانی کوردستان، تۆکمە بوون و یەکێتی رۆح و ئیرادەی نیشاندا. چونکە لە رۆژی یەکەمی پیلانگێڕیەوە، ئەوانەی لە پەیوەندی نێوان تەڤگەری ئازادی و رێبەر ئاپۆ تێنەدەگەیشتن، یان دەیانویست چارەنووسی پەکەکەش بە تێکشکان و لەناوچوون تەواوبێ!! بۆیە دەیانگوت؛ دەستبەرداری ئاپۆبن، ئیتر ئەو تەواو بوو!! هەندێکیتریش دەیانگوت، باوەڕ بەقسەکانی نەکەن، چونکە ئەو دیلە و لێدوانەکانی جێگەی باوەڕی نین!! لەوانەیە ئەو قسانەیان لەهەندێک کەسی نەفس نزم و بێ ئیرادە و بێ توانا و بێ باوەڕ گەیشتبنە ئەنجام، بەڵام گەل و گەریلا و پەکەکە و رێبەر ئاپۆ، وەک دیوارێک لە پۆلا پابەندی یەکترمانەوە، بۆیە ئەمڕۆ هیوا لە هەر رۆژێک زیاتر دەگشێتەوە.
لە ٢٦ ساڵی رابردوو، زیاتر لە ٢٠ دەوڵەت رووخان، چەندین سەرۆک دەوڵەت کەوتنە بەر پەتی سێدارە و کوژران، هەندێکیشیان بەزۆر توانیان لە وڵاتەکەیان رابکەن، بەڵام رێبەر ئاپۆ بە گەورەتر و بەهێزتر و بەتواناتر دەرکەوتەوەوە. ئێستا دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی نەڕوخێت، هانا بۆ رێبەر ئاپۆ و پەکەکە دێنن. ئەمەش سەرەتای سەرکەوتنێکی نوێیە.
ساڵی ٢٠١٣ بەخت یاوەرمان بوو، لە مەیدانی نەورۆزی ملیۆنی ئامەد، گوێمان لە پەیامی رێبەر ئاپۆ بوو کە لەلایەن سڕی سوریا ئۆندەر و پەروین بوڵدان بە کوردی و تورکی خوێندرایەوە. پەیامی نووسراوی ئەوکات چ هێز و باوەڕی و توانایەکی دا بە تێکۆشانی ئازادی کوردستان. ئەگەر ترسنۆکایەتی و شەڕانگێزی ئەردۆغان و گولەنیەکان نەبووایە، دەکرا ئەوکات چارەسەری دۆزی کورد و گۆڕانکاری دیموکراتیانە لە تورکیا بگەیشتا ئەنجام. بۆیە دیسان ترسی ئەوە هەیە ئەردۆغان قۆناغی نوێشی پێ هەرەس نەکرێ و سەری خۆشی تێببات.
لەسەروبەندی قۆناغێکی نوێین، ئیتر هێز و ئیرادەی ئیمرالی و توانا و خۆڕاگری تەڤگەری ئازادی و دەسکەوتەکانی شۆڕش لە رۆژئاوا، پێداگری ملیۆنان مرۆڤی ئازادیخواز شانبەشانی گەلی کورد لە سەرتاسەری جیهان، بە لێدوانێکی ڤیدیۆی رێبەر ئاپۆ، دەست بە هەڵمەتێکی نوێ بکرێ لە شۆڕشی ئازادی کوردستان. جۆش و خرۆشی بینینی رێبەر ئاپۆ لەناو بەرداشی پیلانگێڕان، دوای ٢٦ ساڵ، دیسان هەبوونی نەخشە رێ بۆ چارەسەری کێشە چەقبەستووەکانی تورکیا و کوردستان، ئەوەندەیتر باوەڕمان بەهێز دەکات، چونکە دڵنیا دەبیننەوە، دەستپێشخەری قۆناغەکە لە دەست رێبەر ئاپۆدایە.
سەرجەم ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارت و لایەنە سیاسیەکان، لەهەموو کاتێک زیاتر ئەرکی سەرەکیانە، بەهەموو توانا و بەبێ هیچ دوو دڵییەک، تواناکانیان رێکبەخەن، لەپێناو چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی رەوای کورد و دیموکراتیزە کردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. تا کێشەی کورد چارەسەر نەبێ، شەڕ و ماڵوێرانی و پیلانگێڕی کۆتاییان پێنایەت. کلیلی چارەسەری هەموو ئەوانەش بە ئازادی جەستەی رێبەر ئاپۆ تێپەڕ دەبێ. چونکە رێبەر ئاپۆ چەندەی دەرفەت و زەمینەی خەباتکردنی فرەوانبێ، ئەوەندە زیاتر دەتوانێ رۆڵێکی زیاتر بگێڕێ و ئەنجامی زیاتر پێشکەش بکات.
ئیتر گەڕانەوە بۆ دواوە نییە، تێکشکانی پیلانگێڕی نێو نەتەوەیی و رووخاندنی دیوارەکانی ئیمرالی بۆتە ئەرکێکی سەرەکی. ئازادی رێبەر ئاپۆش بەجەستەیی، خزمەت بە هەموو گەلان و پرۆسەی چارەسەری دەکات، چونکە لەم شەڕ و چەقبەستبوونەی ناوچەکە، ئینجا توانا و وزەی ئەو دەتوانێ ئەو بەستەڵکانە بتوێنێتەوە. بۆیە سەرەتا گەلی کورد لە هەرچوار پارچە، پاشان سەرجەم ئازادیخواز و دیموکراتخوازان و ژنان و گەنجان، دەبێ بزانن هەر دەنگێک لە ئیمرالی دەرکەوێ، هیوامان بۆ داهاتوو پتەوتر دەکات و پیلانگێڕی تێکدەشکێنێ و داهاتوومان رووناکتر دەکاتەوە.