لە دژی گۆشەگیری لە ئامەد ئێشکگریی دادپەروەری دەستیپێکرد

کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان لە ئامەد لە دژی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کرد.

زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لەپێناو دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵگرتنی گۆشەگیری، لە ٢٧ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبرەوە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە و چالاکیەکە لە هەشتەم رۆژیدا بەردەوامە. کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان (توئای-دەر) بەمەبەستی پاڵپشتی لە زیندانیانی مانگرتوو دەستی بە "ئێشکگریی دادپەروەری" کرد.

چالاکی ئێشکگریی بە دروشمی "لەپێناو دادپەروەریدا گۆشەگیری تێکدەشکێنین، بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبینە دەنگی زیندانیان" دەستیپێکرا. سەبارەت بە ئێشکگرییەکە لە ناوەندی توئای-دەر لە ئامەد کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی سازکرا و نوێنەرانی پارتە سیاسیەکان، رێکخراوە و دامەزراوە مەدەنیەکان بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد.

هاوسەرۆکی مەد توهاد-فەد کەرەم جانپۆڵات کاردانەوەی بەرامبەر بە پۆلیسەکان نیشاندا کە هەوڵیاندا رێگریی لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە لەبەردەم کۆمەڵەکەیان بکەن و رایگەیاند، لە سەرجەم لقەکانی کۆمەڵەی توهاد-فەد دەست بە ئێشکگری دەکەن و راشیگەیاند، "لە ئێستادا هەموومان لە گۆشەگیریداین و ئەو دیمەنەی ئەمڕۆش بە رێگریی پۆلیس خوڵقاوە بەڵگەیە لەسەر ئەوە".

لە درێژەدا جانپۆڵات بەبیریهێنایەوە کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٣٣ مانگە هیچ هەواڵێکی نازانرێت و وتی، "زیندانیانی سیاسی بۆ ئەوەی سەرنجی رای گشتیی بەرەو لای گۆشەگیری رابکێشن دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. ئێمەش دەمانەوێت زیاتر ببینە دەنگی زیندانیان. داوادەکەین رای گشتیی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە هەستیار بێت. تا مانگرتووان نەکەوتوونە دۆخی مەترسیدا دەبێت باشتر ببینە دەنگی ئەوان".

لە بەردەوامی قسەکانیدا جانپۆڵات ئەوەی خستەڕوو، "بەگوێرەی ئێمە هۆکار و سەرچاوەی سەرجەم بنبەست و چەقبەستووییەکانی ئێستا، گۆشەگیری سەر بەرێز عەبدوڵا ئۆجالانە. بۆ نەهێشتنی ئەو دۆخە چەقبەستووە دەبێت عەبدووڵا ئۆجالان بتوانێت چاوی بە پارێزەرانی بکەوێت و لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆببێتەوە و دەنگی بگاتە رای گشتیی. وتەکانی بەڕێز ئۆجالان بۆ رای گشتیی بەنرخن و بەهەند وەردەگیرێن. ئەو وتی، 'من دەتوانم لە هەفتەیەکدا ئەم شەڕەی لە تورکیادا هەیە رابگرم' ئەو وتەیە زۆر گرنگە. ئێمە لەگەڵ رێکخراو و پارتە سیاسیەکان دەست بە ئێشکگریی دەکەین. هەموو سێ رۆژ جارێک ئێشکگران جێگۆڕکێ دەکەن و بە نۆرە ئێشکدەگرن".

کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە بە دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" و "بژی بەرخودانی زیندانەکان" کۆتاییهات.

دوای کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە دەست بە ئێشکگریی کرا.

هـ . ب