محەمەد خان ، ناوی ڕاستەقینەی محەمەد ئەحمەد مەحمودە، کوردێکی وڵاتپارێزی خەڵکی گوندی قرەمۆخی کۆبانێیە. محەمەد خان کە لە ساڵانی ١٩٨٠لە دیمەشق نیشتەجێ بوو و لە ساڵی ١٩٨٥ لە ڕێگەی هاوڕێیەکی ڕێبەر ئاپۆوە حەسەن بینداڵەوە پەکەکەی ناسیوە، نزیکەی ٤٠ ساڵە لە تێکۆشانی ئازادییدا بەشدارە. سەرەڕای ئەو ساڵانەی لەگەڵ رێبەرتیدا بووە، بیرەوەریەکانی لەگەڵ عەلی حەیدەر قەیتان (هەڤاڵ فوئاد) و هەڤاڵ ڕەزا ئاڵتون کە شەهیدبوونیان لە کۆنگرەی دوازدەهەمینی پەکەکەدا ڕاگەیەنرا، بناغەی چیرۆکی ئەو دەخوڵقێنن. محەمەد خان سەبارەت بە تێکۆشانی خۆی و مانەوەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی بە تایبەت سەبارەت بە تێکۆشانی عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتون، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) قسەی کرد.
ڕێگای بەرەو دیمەشق: ناسینی تێکۆشان
لەو ساڵانەی کە چوویتە دیمەشق چ جۆرە ژیانێکت هەبوو و چۆن پەکەکەت ناسیی؟
لە ساڵی ١٩٨٠دا، کاتێک تەمەنم بیست ساڵ بوو، لەگەڵ بنەماڵەکەم لە دیمەشق نیشتەجێ بووین. لەو ساڵانەدا، ئێمە بیرمان لەوە نەکردبووەوە کە خانوویەکمان دەبێت. نزیکەی ١٥ هه ڤاڵ بووین یەکمان گرتوو و دەستمان دایە دەستی یەک و خانوویەکمان له سەر زەویەکی چۆڵ بنیاتنا. لە نێوان کوردانی دوور وڵاتەوە هاریکاریەکی بەهێز هەبوو. زۆرجار دەچووین بۆ سەردانی یەکتر. ڕۆژێک هاوڕێیەکم سەردانی کردم و پێی گوتم: "برای محەمەد خان، هەندێک کەس لێرە پێیان دەڵێن هەڤاڵ." ئەو وتی: "ئەوان هەموو ژیانی خۆیان بۆ کوردستان و تێکۆشان تەرخان کردووە. دەیانەوێت راستی کوردستان بە هەموو کەسێک بناسێنن." ئەم وشانە ڕووناکییەکیان لە دڵمدا کردەوە. من پێشتر بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕام. هەروەها پێم گوت کە دەمەوێت دەستبەجێ بیانبینم و پێداگریم کرد.
ڕۆژێکی هەینی بوو هاوڕێکەم هات و گوتی: "هەڤاڵان هاتوون، لە شوێنێکن، دەیانەوێت تۆ و هاوڕێکانت ببینن و کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن، ئێوەش بەشدار بن." ئێمە ١٦ هەڤاڵ کۆبووینەوە و بە ئۆتۆمبێلێکی شەڕڤانان ڕۆیشتین. لە شارۆچکەیەکی بچووک چاومان بە هەڤاڵ حەمزە بینداڵ کەوت. وتارێکی لەبارەی مێژووی کوردستان و هەڤاڵانی شاخ و پرۆسەی ئەو سەردەمە و کردەوەکانی دوژمن پێشکەش کرد. لەو کاتەدا هەستم بەوە کرد کە هەبوونمان لە ئاستی ناوەکەشمان نکۆڵی لێکراوە، دەنگ و زمان و مافەکانمان قەدەغە کراوە. دەمویست زانیاری زیاتر لەسەر مێژووی کوردستان بەدەست بهێنم ئەمە سەرەتای تێکۆشانی من بوو.
دوای ئەوەی پەکەکەت ناسیی چ ڕۆڵێکت گرتە ئەستۆ و چۆن بەشداریت کرد؟
لە یەکەم کۆبوونەوەدا لەسەر ئاستی بەرەی ڕزگاری نەتەوەیی کوردستان (ئەرنەکە) دەستم بەتێکۆشان کرد. ئێمە لەنێو خەڵکدا کارمان دەکرد؛ هاوڕێی نوێمان پەیدا دەکرد و دەرگای ماڵێکی نوێیمان بەڕووی تێکۆشاندا دەکردەوە. پارتی چی لە ئێمەی دەویست ئەوەمان دەکرد.
پاش هەڤاڵ حەمزە بینداڵ، من زۆر هەڤاڵی ترم ناسی. ئێمە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەم شێوەیە کارمان کرد، تاوەکو ساڵی ١٩٨٩. لەو ساڵانەدا، هەڤاڵان پێیان گوتم کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن و دەیانویست بەشداری بکەم. نەماندەزانی بۆ کوێ دەڕۆین، بەڵام پێیان گوتم لەگەڵ بنەماڵەکەم بڕۆم. من و هاوژینم فاتمە ڕۆیشتین. کاتێک ڕۆیشتین، تووشی سوپرایزێکی گەورە بووینەوە، ئەویش ئەوە بوو کە ڕێبەرتی کۆبوونەوە بەڕیوە دەبات.
یەکەم چاوپێکەوتنت لەگەڵ ڕێبەرتی چۆن بوو، لەو ساتەدا هەستت چۆن بوو و باسی چیت کرد؟
زۆر خۆشحاڵ بووم کە بەشداریم لە کۆبوونەوەی ڕیبەرایەتیدا کرد. قەد لە ئامێزگرتنی رێبەرایەتی و خۆشەویستی بۆ مرۆڤ قەد لەبیر ناکەم. هەڤاڵێکی زۆر ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون. ریبەرایەتی باسی له پرسەکانی وەک مێژووی کوردستان و پرۆسەی ئەوکاته و کێشەکانی و کەسایەتی خراپی نێوانمان و بارودۆخه جیاوازەکان لە باشوری کوردستان باس کرد.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گوتی: "ئەگەر کەسێک پرسیارێکی هەیە بڵێت" دەستم بەرزکردەوە و گوتم: "منیش لەم تێکۆشانەدا بەشدار دەبم. دەمەوێت بچمە چیاکان و بەشداری هەڤاڵان بم."
ڕێبەرتی پرسیاری کرد ئەو هەڤاڵ کێیە؟
هەڤاڵان منیان ناساند و وتیان ماوەیەکی زۆرە لە نێو کاردایە.
پرسیاری لێکردم: "هاوسەرگیریت کردووە؟" وتم بەڵێ دواتر وتی: "چەند منداڵت هەیە؟" منیش وتم پێنج منداڵم هەیە." ڕیبەرتی وتی: "ئایا دەتەوێت ئەرکی ئەم منداڵانە بخەیتە سەر شانی ئێمە؟ وانابێ بچۆ تێکۆشان بکە و منداڵەکانیشت بکە شۆڕشگێڕ. کاتێک ئەوان بوون بە شۆڕشگێڕ، ئێمە هەموومان پێکەوە دەڕۆین."
بەڕاستی وەها بوو منداڵەکانم لەو کاتەدا بچووک بوون و گەورە بوون و دواتر ٣کەسیان بەشداری تێکۆشانی پەکەکە بوون.
لە هەرێمی ڕێبەرتیدا سەردەمێکی نوێ
هەڤاڵان لە ساڵی ١٩٩٣دا گوتیان "هەڤاڵ محەمەد خۆت ئامادە بکە دەڕۆین". مانگی تشرینی یەکەم بوو، هەرگیز ناتوانم لە بیری بکەم. شەوێک برامە شوێنک دواتر دەگوترا قوتابخانەی تورکییە. کەمپەکەمان لە ساڵی ١٩٩٢ لە لوبنان داخرا. ڕێبەرێتی ویستی کەمپی نوێ دروست بکات ودەست بە پەروەردە بکات. هەڤاڵێکی باکوور پێی گوتین 'دەبێت لە ماوەی مانگێک ئامادەی بکەن'. بە شەو و ڕۆژ کارمان کرد و کەمپەکەمان تەواو کرد. شوێنی مانەوە، پەروەردە هەموومان ئامادە کرد. کاتێک ڕێبەرێتی هات و بینی زۆر دڵخۆشبوو، گوتی 'ئەوەی ویستم بووە' لەو ڕۆژەوە لە کەمپەکە مامەوە.
پڕۆسەی پەروەردەی سەرەتا لە ساڵی ١٩٩٤دا دەستیپێکرد. کاتێک ڕێبەرێتی دەهات وانە بڵێت، بە گشتیی بە تەنها لەبەردەم دەرگا ئێشکگرییم دەگرت. ئەوەی پێویست بوو بکرایە، دەمکرد؛ شۆفێری، کاری کەمپەکە و ئەمنیەت... جار جار ڕێبەرێتی لەگەڵ ئێمە دەمایەوە، جار جاریش دوای وانەکەی دەڕۆشت. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە ئەم کەمپە بوو بە ناوەندی پەروەردە. لە ئەوروپا، چیا، عەرەبستانی سعودییە، لیبیا و ڕووسیا بە هەزاران هەڤاڵ هاتن بۆ پەروەردە و چوون. ڕێبەرێتی دەیگوت 'ئەمە بە دڵی ئێمەیە. لێرە شتی زۆر مەزن دەکەین'.
لە خولی یەکەمدا ٤٠٠ هەڤاڵ پەروەردەیان بینی. ڕێبەرێتی دەیگوت 'بەم خولە کوردستان ئازاد دەکەم.' ئەو زۆر دڵخۆشبوو، بە ئیرادە بوو. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە تاوەکو ١٩٩٨ هەموو سێ مانگێک خولێکی نوێی پەروەردە دەستیپێدەکرد. زۆر بە چانس بوو؛ زۆر کادری پێشەنگم ناسی. دەتوانن لە هەڤاڵانی پێشوو پرسیار بکەن. لەگەڵ هەموویان هەڤاڵێتیم کرد. هەم شۆفێر بووم هەم کارە پراکتیکیەکانی ڕێبەرێتیم بەڕێوەدەبرد.
لە ساڵی ١٩٩٦ لە دژی کەمپەکە بە بۆمب هێرشێک ئەنجام درا. لە کاتێکدا تانسو چیللەر سەرۆک وەزیر بوو لە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە پێش کەمپەکە تەقیەوە. لەو کاتەدا هەڤاڵیکی نەخۆشم دەبرد بۆ شوێنێک کە بتوانن چاودێری بکەن. لەو کاتەدا هەڤاڵ جەمال (مورات قەرەیلان) وتی 'لێرە کەس نییە خزمەتی هەڤاڵ وەک پێویست بکات، بیبە بۆ کەمپی ئەکادیمیای کوردی'. دوای ئەوەی لەوێ ڕۆیشتم، لە پشتمەوە گوێم لە تەقینەوەیەکی بەهێز بوو. کە گەڕامەوە بینیم بەهۆی کاریگەری تەقینەوەکە تا ٥٠ مەتر دار قەیسییەکان لە ڕەگەوە هەڵکەندراون. بەشێک لە ڕەگی دارەکان تا گۆڕەپانی وەرزشی کە نزیکەی ٢٠٠ مەتر لێیەوە دوورە، کەوتبووە خوارەوە. دەرگای کەمپەکە لابرابوو و هەموو پەنجەرەکانی شکابوون. لە شوێنی تەقینەوەکە کونێک بە قووڵی نزیکەی ٢ مەتر دروست بووبوو. بەڵام بە شێوەیەکی موعجیزە هیچ کام لە هەڤاڵەکانمان بریندار نەبوون.
لە دوای تەقینەوەکە کەمپەکە نهێنی بوو
ڕۆژێک ڕێبەرێتی پێی گوتم 'محەمەد، ناسنامەی ئەرنەک هەڵبگرە تاوەکو تێنەگەن کە خەڵک ئێرەی و دەستگیر نەکرێی'. ئەوکات شاراوەیی زۆر گرنگ بوو؛ پێشتر نەمدەزانی چی دەکەین، کێین و چەند کەسین.
لە دوای تەقینەوەکە شوێنی کەمپەکە نهێنی بوو. کاتێک ڕێبەرێتی دەهات، دەستمان بە پاراستنی ئەمنیەتی ئەو دەکرد. پێشتر بە تەنها ئێشکگریم دەگرت، کەس نەیدەزانی ئێمە چی دەکەین. دووژمن بۆ ئەوەی ڕێبەرێتی لە سووریا دەربکات، شەڕێکی سەختی پروپاگەندەی بەڕێوەبرد.
ڕێبەرێتی لە دوای تەقینەوەکە بە شۆفێرەکەی گوت 'بڕۆ پشکنین بکە، ئەمە تەقینەوەیەکی ئاسایی نییە' و نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی 'ئەگەر شتێک لە هەڤاڵانم بهتایە چیم بکردایە؟ ئەگەر هێندە هەڤاڵانم لەوێ شەهید بوونایە، چۆن بژیم؟" شوکر، کە هیچ شتێک لە هەڤاڵان نەهاتووە، هەندێک ئاسودە بوو. ئێمەش درێژەمان بە کارەکانمان دا.
دەرچوونی ڕێبەرێتی لە سووریا و دوای یادەوەریەکان
پێش دەرچوونی ڕێبەرێتی لە سووریا چۆن ژیا، دوایین یادوەرییەکانی چ بوون؟
ڕێبەرێتی پێش ئەوەی سوریا بە جێبهێڵێت، بە هەندێک هەڤاڵی گوتبوو، 'ئایا محەمەد ماڵەکەی بۆ ئێرە دەگوازێتەوە؟ پاشان یەکسەر قسەی لەگەڵ کردم و وتی 'بنەماڵەکەی بهێنە ئێرە. ئەم شوێنە لە ئێستاوە شوێنی تۆیە. لێرە نیشتەجێ ببە، خانووەکەت دروست بکە.'
سەرمان سوڕما؛ تێنەگەیشتین بۆچی ئەم قسانەی وتووە. ئێمە نەماندەزانی ڕێبەرێتی دەچێتە دەرەوەی وڵات.
٢٨ هەڤا: لەسەر مێزێکی درێژ کۆبووینەوە. ڕێبەرێتی دانیشت. لەوێ قسەی کرد و باسی ئەو دۆخەی کرد کە تێیدا دەژین، ڕێبەرێتی وتی 'خۆمم پاراست و زۆر تێکۆشانم بەڕێوەبرد، ئەگەر هەڤاڵ مەزڵوم دۆغان خۆی بپاراستایە، من و ئەو کوردستانمان ڕزگار دەکرد.' ناوبراو ستایشی هەوڵەکانی ماهیر وێڵاتی کرد لە ڕووسیا و کارەکانی دیلان لە یۆنان، بەڵام ڕایگەیاند کە ناتوانن شوێنێک بۆ تەنانەت یەک کەسیش ئامادە بکەن. ئەو سەرکردەیە گوتبووی، ئێمە لە سووریا ڕووبەڕووی ئەوەندە سەختی دەبینەوە.
لە کۆتایی مێزەکەدا بووم، ڕێبەرتی بانگی کردم و وتی وەرە لام. وتی محەمەد لە تەپسیەکەی من بخۆ و کەوچکێکی پێدام. لەگەڵ ڕێبەرێتی و هەڤاڵێک نانی ئێوارەمان خوارد. وێنەیەک هەیە لەو ساتەدا گیراوە، هێشتا ماوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم زانیمان ڕێبەرێتی سوریای بەجێهێشتووە و چووەتە ڕووسیا و یۆنان و ئیتاڵیا. هیچ وڵاتێکی دونیا قبوڵی نەدەکرد. لەناو فڕۆکەکەدا قسەی بۆ گەل کرد و وتی 'شوێنمان پێنادەن'. لە ئیتالیا سەدان هەزار کەس لە دەوری کۆبوونەتەوە و دەیان هەڤاڵ گیانی خۆیان کرد بە پارجەیەک لە ئاگر. لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ مەحمود بەکسی لە ئیتاڵیا، ڕێبەرێتی باسی لە دەروێش عەبدی کرد. دەروێش عەبدی گوتبووی 'تاوەکو ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت هاوسەرگیری ناکەم'. ڕێبەرێتی وتی 'ئەوانەی زۆرترین بەربەست لە ڕێگاکەماندا دروست دەکەن، دوژمنەکانمانن، کەسانی ناو ئێمەن. سەرەڕای ئەمەش سەرکەوتو دەبین. چونکە دەیان هەڤاڵ گیانیان بە ئاگر بەخشی لە پێناو مندا، متمانەی خۆی دەربڕی. وتی دڵنیام کە سەرکەوتوو دەبم.'
یادەوری لەگەڵ هەڤاڵ فوئاد 
چۆن هەڤاڵ فوئادت ناسی و چیت لەگەڵ ئەودا بەشکردوە؟
لە ساڵی ١٩٩٤ هەڤاڵ فوئاد (عەلی حەیدەر کەیتان)م ناسی، ئەو و هەڤاڵ عەباس لە ئەوروپا گەڕابوونەوە. هەڤاڵانی سەرەتایی ڕێبەرێتی دەهاتن، بۆیە هەڤاڵانی ناو کەمپەکە زۆر دڵخۆش بوون. ڕێبەرێتی بە ڕێپێوان ڕۆیشت بۆ پێشوازیکردن لەوان. زۆر دڵخۆش بووم کە ئەوانم بینی، بەڵام ناتوانم ئەم هەستانە دەببڕم.
هەڤاڵ فوئاد هەڤاڵێکی زۆر دڵنەرم، تێگەیشتوو و خوێنگەرم بوو. لەگەڵ هەمووان پەیوەندی دروست دەکرد. بەزۆری سەرقاڵی نووسین بوو. ڕێبەرێتی دەیگوت 'ئەگەر دەتانەوێت پارتەکەمان بناسن بڕۆن بۆ لای هەڤاڵ فوئاد'. زۆر منداڵی خۆشدەویست، بەتایبەت منداڵی شەهیدان. لە کاتی ئەو چالاکییە مۆڕاڵانەی کە دوو هەفتە جارێک ڕێکمان دەخست، دەیگوت محەمەد منداڵەکانتیش بێنە. وێنەیەکی ئەو ساتانەم لە لایە، دەتوانم نیشانتان بدەم.
کاتێک سەرقاڵی کارەکانی کەمپ بووین، هەندێک جار دەچووینە دیمەشق بۆ کڕینی پێداویستییەکان. هەڤاڵ فوئاد بەزۆری هیچ پارەیەکی لەگەڵ نەبوو، بەڵام کاتێک شتێک دەهاتە دەستی، دەیگوت 'محەمەد با شتێک بۆ هەڤاڵان بکڕین'. ڕۆژێک داوای لە هەڤاڵێکی خەڵکی دێرسیم کرد بە ناوی زنارین کە ئاگاداری دارەکان بێت. منیش یارمەتیم دا. کاتێک هاوڕێ زنارین وەک پێویست کارەکانی نەکرد، مشتومڕێک لە نێوانماندا دروست بوو. هەڤاڵ فوئاد هاتە لام و وتی 'بۆچی لەگەڵ هەڤاڵ پەیوەندیدار نابێت؟’ منیش وتم 'پەیوەندیدار دەبم، بەڵام یان بە باشی کاربکات یان بەهیچ شێوەیەک کار نەکات'. هەڤاڵ فوئاد بە هەڤاڵ زنارینی وت، 'هەڤاڵ محەمەد فەرماندەی هەموومانە. ئەگەر پێم بڵێت کار بکە، یەکسەر کار دەکەم.' هەڤاڵ زنارین ئەوەندە گۆڕا کە هەڤاڵ فوئاد وتی 'من بۆ خۆم وەک نموونە وەریدەگرم؛ خۆزگە دەمتوانی بەو شێوەیە کار بکەم.' دایک و خوشکی هەڤاڵ فوئاد هەڤاڵ ڕێها لە کەمپەکەدا بوون. ئێمە کوڕە بچووکەکەی مەزڵوممان گەورە کرد. هەڤاڵ فوئاد یەکێک بوو لە ئەندامانی دامەزرێنەری پارتەکەمان و هەڤاڵێک بوو کە لە لای هەمووکەسێک خۆشەویست بوو.
ڕۆژانێک لەگەڵ هەڤاڵ ڕەزا
پەیوەندیت لەگەڵ هەڤاڵ ڕەزا چۆنبوو، بەسەرهاتەکانتان چین؟
یەکەمجار لە کاتی کردنەوەی کەمپەکەدا هەڤاڵ ڕەزام ناسی، بەڵام دوای ئەوەی ڕێبەرێتی سوریای بەجێهێشت لە ساڵی ٢٠٠١ زیاتر پێکەوە کارمان کرد. هەڤاڵێکی بە هەڵوێست و هێژا بوو. دوای دیلگرتنی ڕێبەرێتی بارگرانی لەسەر شانمان زیاتر بوو. شەو و ڕۆژ کارم دەکرد بۆ پاراستنی ئەو ٤٥ گەنجەی کە تازە بەشدار بوو بوون، هەموو ڕۆژێک ئەو شوێنەی لێی دەمانەوە دەمگۆڕی.
لەگەڵ هەڤاڵ ڕەزا لە یەک ماڵدا دەژیام. مرۆڤێکی بوێر و بەتوانا بوو. پێی دەگوتم؛ 'کاتێک لە تورکیا دەستمان بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە کرد، کەس نەیتوانی سەری بەرز بکاتەوە، بەڵام ڕێبەرێتی و پارتەکەمان مۆڕاڵیان بەخشی.' دەیگوت؛ 'کەسانی بەهرەمەند و هەژار لەڕێگەی ڕەنجی خۆیانەوە لە ژیان تێدەگەن، سیاسەت دەزانن و توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییان هەیە.' لە کاتی ناساندنی پارتەکەماندا جدی و جۆش و خرۆشی ئەو ناوازە بوو.
پێکەوە خواردنمان دروست دەکرد و پێی دەگوتم 'محەمەد زەڵاتەیەکی زۆر خۆشت بۆ دروست دەکەم کە بە پەنجەکانی پێوە بخۆیت.' خواردنی دەستی زۆر بەتام بوو.
جارێکیان کارێکی دا بە کەسێک بە ناوی سەید، بەڵام سەید کارەکەی بە جدی وەرنەگرت. هەڤاڵ ڕەزا بە وتنی؛ 'سەید من هەموو کەسێک نیم، تۆ ناتوانی یاریم لەگەڵ بکەیت.' هۆشیاری پێدا. زۆر وردبین بوو لە کارەکانیدا، دەیزانی گەرمی بە مرۆڤ ببەخشێت. زیاتر لە دوو مانگ پێکەوە ماینەوە. تێکۆشان لەگەڵیدا جێگەی خۆشحاڵی بوو.
بانگەوازی ڕێبەرێتی و ١٢هەمین کۆنگرەی پەکەکە
بانگەوازەکەی ڕێبەرێتی و ١٢هەمین کۆنگرەی پەکەکە بۆ ئێوە گوزارشت لە چی دەکات؟
هەرچەندە ڕێبەرێتی ٢٦ ساڵە زیندانی کراوە، بەڵام یەک خولەکی بەفیڕۆ نەداوە. ڕامانەکانی ئەو نەک تەنها گەلی کورد بەڵکو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش ئازاد دەکەن. وتی؛ 'سنوورەکانی نێوان گەلان لا دەبەین، یەکڕیزی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بونیاتدەنێین'. کۆنگرەی ١٢هەمین نیشانەی ئەو هیوا و باوەڕە. ڕاگەیاندنی شەهیدبوونی هەڤاڵ فوئاد و هەڤاڵ ڕەزا لەم کۆنگرەیەدا بانگەوازێکە بۆ سەرکەوتن. هاوڕێیانی دامەزرێنەری پارتەکەمان بوون. شەهید بوونیان بێباوەڕان هۆشیار دەکاتەوە و پەشیمانیان دەکاتەوە. ڕامانەکانی ڕێبەرێتی بە هەموو جیهان ناسێنراون. ئیدی جیهان بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لەم بانگەوازە دەکات و دڵنیایە لەوەی کە سەرکەوتوو دەبێت. لە کەسایەتی هەڤاڵ فوئاد و هەڤاڵ ڕەزا هەموو شەهیدانی شۆڕش یاد دەکەمەوە.
دوا گوتە: باوەڕ بوون بە ئازادی
لە دوای تێکۆشانی ٤٠ ساڵ، ئێوە دەتانەوێت پەیوەست بە ڕۆژانی ئەمڕۆ چی بڵێن؟
لەبیرمە کە ڕێبەرێتی لە ڕۆما لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ مەحمود باکسی، باسی دەروێش عەبدی کردبوو. دەروێش عەبدی گوتبووی 'تا ئەم پرسە چارەسەر نەکەم، هاوسەرگیری ناکەم.' دەشڵێت 'ئەو کەسانەی بەربەستمان بۆ دروست دەکەن، دوژمن نین، ئەو کەسانەن لە ناو ئێمەدا، سەرەڕای ئەمەش سەرکەوتو دەبین، چونکە دەیان هەڤاڵ خۆیان بۆ من سووتاندووە.'
لە نێو تێکۆشاندا تێگەیشتم کە ڕەنج و خۆشەویستی چەندە بەنرخە. کاتێک مرۆڤ ڕەنج دەدات و دەبینێت کە ڕەنجەکەی دەبینرێت کارەکەی خۆش دەوێت. ئەو خۆشەویستییە لە کەمپەکەدا زۆر بوو. شەهیدبوونی هەڤاڵانی وەک هەڤاڵ فوئاد و هەڤاڵ ڕەزا دەبێتە هەوێنی دامەزراندنی کۆمەڵگەی کوردستان و ئازادی ڕێبەرێتی.
بانگەوازی ڕێبەرێتی، لەم پرۆسەیەدا کە هەموو جیهان بۆمان دێت، ڕێگامان بۆ دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان. لەسەر ڕێگەی ڕێبەرێتیدا، بۆ ئازادی گەلەکەمان پێکەوە بێپچڕان تێکۆشان دەکەین.