لە هەموو شوێنێک ستەم لە کوردان دەکەن

لە مێژوویەکدا کە تەنانەت هەبوونی گەلی کورد لەبەرچاو نەدەگیرا، تورکیا جارێکی دیکە بە هێرشەکانی دژ بە کولتوور و زمانی گەلی کورد دوژمنایەتی خۆی ئاشکرا کرد. ئەم پیلانە شەڕخوازانەیە دژ بە گەلی کورد لە سوریا و بەرخۆدانی گەلی کوردی بەبیرمان هێناینەوە.

گەلی کورد بە درێژایی مێژوو هێرشی سیستماتیکی بۆ سەر زمان، شوناس و کولتووری خۆی ئەزموون کردووە. لە هەموو بوارەکاندا کورد لەپێناو بوونی خۆی تێکۆشانی کردووە، ئەم هێرشانە کاریگەری قوڵیان لەسەر دابونەریتەکان داناوە. ئەو سیاسەتە ئاسمیلەکردنانەی کە سەدان ساڵە لەلایەن دەسەڵاتە جیاوازەکانەوە بەسەر ئەم گەلەدا سەپێندراوە، مافەکانی گەلی کوردی پێشێل کردووە و قەدەغە کردووە بۆ ئەوەی بە زمان و کولتووری خۆی بە ئازادی نەژیت. گەلی کورد لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ زۆر جار ئاستەنگی زمان و ئاسمیلەکردنی کولتووری و هێرشی کۆمەڵکوژیی بەخۆیەوە بینیوە. لە شاری مێرسین لەباکووری کوردستان، هێرش کرایە سەر بەشێک لە گەنجان و ٩ گەنجیش بەهۆی ئەوەی گۆرانی کوردییان وتبوو و دروشمیان وتبووەوە دەستگیرکران. ئەم هێرشە دواییی پەرەی سەند و هەڵیانکوتایە سەر زۆرێک لە شارەکان و گەنجان دەستگیر کران. ئەم دیمەنانە، جارێکی دیکە ئەو کردەوانەی بە بیرخستینەوە کە لە دژی گەلی کوردی دانیشتووی سوریا دەکران.

لە ماڵ و شوێنەکانیان هەڵکوتایە سەریان و بەبێ خاک و ماڵیان کردن

لەو یاسایەی کە لە ساڵی ١٩٥٢ لە سوریا دەرچووە، ڕێساکانی پەیوەست بە ناوچە کشتوکاڵییەکان باس کراوە. بەپێی ئەو بڕیارە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە دەرکراوە، هیچ مافێکی کڕین و فرۆشتنی زەوی لە ناوچە سنوورییەکان نادرێت، ئەم یاسایە لە ساڵی ١٩٦٤ هەموار کراوەتەوە و بە پێی ئەم یاسایە، حەسەکە وەک هەرێمێکی سنووری پێناسە کراوە. لە کۆنگرەی سێیەمی پارتی بەعس لە ساڵی ١٩٦٦دا دەستبەسەرداگرتنی زەویی کوردەکان پەسەند کراوە و ئاماژە بەوەشکراوە بە درێژی ٣٥٠ کیلۆمەتر و قوڵایی ١٠-١٥ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیا وەک موڵکی دەوڵەت دیاری بکرێت و ئەم زەویانە بەپێی جێبەجێکردنی ئاسایشی دەوڵەت بەکاربهێنرێن. لە ساڵی ١٩٦٦دا ڕژیم بە بیانووی ئەوەی کە ناوچەکە بووەتە ناوچەیەکی ئەمنی، هەزاران جووتیاری کوردی لە ناوچەکە بێ زەوی و ماڵ کرد. ئامانج ئەوە بوو کە دەوڵەت دەست بەسەر ئەو زەویانەدا بگرێت. ڕژێمی بەعس، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد لەدژی هیلالی عەرەبی ئەوکارەی کرد، لە ٢٠ و ٢١ی ئابی ١٩٦٦، لە هەرێمی جزیرە، شەپۆلێکی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنی لەدژی ئەو کوردانە دەستپێکرد کە ماڵ و خاکی خۆیان بە جێ نەهێشتووە، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە جووتیارانی دەستبەسەر کرد، بەدەیان کەس کە نەیانویست گوندەکانیان بەجێبهێڵن کوژران. لە ٢٤ی حوزەیرانی ١٩٧٤ قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی هیلالی عەرەبی دەستی پێکرد. عەرەبەکانی ڕەقە و تەبقە کە بەهۆی بەنداوی فوراتەوە ماڵەکانیان ژێرئاو کەوتبوو، ڕەوانەی هەرێمی جزیرە کران. کوردەکانیش لە شوێنەکانی ژیانیان دەربەدەر کران.

لەسەر خاکی خۆیان وەک بیانی پێناسە کران

هەرێمی جزیرە لەسەدا ٤٠ی بەرهەمی گەنم و لەسەدا ٨٠ی بەرهەمی پەمۆ و شتی دیکە لەسوریا بەرهەم دەهێنێت. وەک درێژەپێدەری سیاسەتی جێگیرکردنی عەرەبەکان، سەرژمێرییەک لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٢ لە شاری حەسەکە ئەنجامدرا. بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، دوای ئەم سەرژمێرییە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کورد وەک بیانی تۆمارکراون و نزیکەی ٧٥ هەزار کوردیش بە ئەنقەست تۆمارکردن نەکران و وەک هاوڵاتی سوریا هەژمار نەکران، ئەم بڕیارە بۆ ئەوە بوو کە گەلی کورد نەبنە خاوەن زەوییەکانیان و نەتوانن لە زانکۆکان بخوێنن و لەمافەکانی دیکە بێبەش بن. هەروەها پشتیوانی ئابوری ناوچە کوردستانییەکانی نەکرد و نۆژەنی نەکردەوە. ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی بێکاری و له هەمان کاتدا گوشار بۆ سەر کولتوور و شوناسی کوردی دەستی پێکرد. قسەکردن بە زمانی کوردی بە نهێنی دەکرا. دۆخێک دروست بوو کە ژیانی گەلی کوردی خستە مەترسییەوە.

ناوەکان بە زمانی کوردی قەدەغە کرا

تەنانەت ناوی کوردیش بۆ مناڵانی گەلی کورد قەدەغە کرا ئەمە بەکردەوە بە بێ زمان و شوناس کردنی ئەو گەلە بوو. منداڵانی کورد بە دوو ناوەو گەورە بوون لە ماڵەوە ناوی کوردی و لە ناسنامە و دەروە ناوی دیکە، وەک کورد لەدایک بوون، بەڵام ڕێگە نەدرا بە کوردی بژین. منداڵان و مرۆڤی کورد ناچار بوون بە شێوەیەکی نهێنی کەلتوور و داب و نەریتی خۆیان فێربن، بۆ ئەوەی زمان، کولتوور و شوناسەکەیان نەفەوتێ.

نموونە سەرهەڵدانی قامیشلۆ

لە ٢ی تەمووزی ١٩٧٩ بە هاتنی ڕێبەری گەلی عەبدوڵا ئۆجالان کورد بۆ شاری کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ژیانەوەیەکی گرنگ بۆ گەلانی هەرێمەکە دەستی پێکرد. ئەو گەلەی کە لە لێواری لەناوچووندا بوون، بۆ بینینی عەبدوڵا ئۆجالان ڕوویانکردە دیمەشق، حەڵەب، لوبنان و سوودیان لە بیرۆکەکانی وەرگرت. ئەوان لەبەردەم ئەو سیستەمەی کە ساڵانێک دەچەوسانەوە، بەرخۆدانیان کرد و گرنگیی ڕۆحی سەرهەڵدانیان ناسی. یەکێک لەو سیاسەتە جینۆسایدانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٤ لەژێر ناوی گەمە دژ بە گەلی کورد دەستی پێکرد، سەرهەڵدانی قامیشلۆی بەدوای خۆیدا هێنا. لە ١١ی ئاداری ٢٠٠٤ یارییەک لە نێوان تیپی تۆپی پێی کوردی بە ناوی جیهاد و تیپی عەرەبی بە ناوی فیتووێ کە لە دێرەزۆرەوە هاتبوو ئەنجام بدرێت. هەندێک کەس لە یارییەکەدا کە بە شێوەیەکی دەست نیشانکراو لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە، دروشمی دژی کوردیان بەرزکردەوە وەک "بژی سەدام حسێن"، "بمرێت پێشەنگەکانی کورد" و "هەڵەبجەی دووەم بێ بەسەریاندا". ئەوە بووە هۆی ئەوەی گەلی قامیشلۆ بە وتنەوەی دروشمەکان ناڕەزایەتیان نیشان دا. پاشان ئەو گروپە کە پێشوەختە خۆیان ئامادە کردبوو، بە چەقۆ و بەرد و چەک هێرشیان کردە سەر گەلی قامیشلۆ. پۆلیس و سەربازانی ڕژێمی بەعس لەبری دەستوەردان، هێرشیان کردە سەر گەلی قامیشلۆ. بە بیستنی ڕووداوەکە گەلی قامیشلۆ بەرەو یاریگاکە ڕێپێوانیان کرد. بە فەرمانی بەرپرسێکی حەسەکە بەناوی سەلیم کابول، تەقە لە گەل کرا. لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا کوردانی دانیشتووی دیمەشق و شارەکانی تری سوریا و بەتایبەت شارەکانی ڕۆژئاوی کوردستان سەرهەڵدانی سەرانسەرییان دەست پێکرد. لەو ڕاپەڕینەدا کە چەند ڕۆژێکی خایاند، خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون و دەستگیرکران. ڕۆژێک دواتر و لە ١٣ی ئاداردا سەرهەڵدانێکی گەورە لە قامیشلۆ دەستی پێکرد. بەهەزاران کەس لە بەردەم مزگەوتی قاسملۆ کۆبوونەوە و دەستیان کرد بە ڕێپێوان بۆ ناشتنی شەهیدەکان. خەڵکی ناوچەکانی تر بۆ بەشداریکردن لەم سەرهەڵدانە چوونە شاری قامیشلۆ. حکومەتی دیمەشق رێگەکانی داخستبوو، خەڵکێکی زۆر بە پێ خۆیان گەیاندە قامیشلۆ. بەهۆی تووڕەیی گەلەوە، بەعسییەکان دامودەزگاکانیان چۆڵ کرد و ناچار بوون لە ناوچەکە هەڵبێن. سەرەڕای ئاستەنگی و هێرشەکان، لەبەر ئەوەی جەماوەر زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس بوون، تەرمەکانیان بردە گۆڕستان و بەخاکیان سپارد. لەو کاتەوەی ڕژێمی بەعس دەستی بەسەر دەوڵەتی سوریادا گرت، سەرهەڵدانی کوردان بۆ یەکەمجار لە ١٣ی ئاداردا بۆ دیمەشق تەشەنەی کرد. هێزەکانی دەوڵەت به چەک و کۆمەڵکوژی وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، گەلی کوردیش له دربێسی و عامودێ پەیکەرەکانی حافز ئەسەدیان هێنایه خوارەوه و باڵەخانه حکومییەکانی گەمارۆدا.

ڕۆحی بەرخۆدان لە ١٩ی تەمموزدا بە شۆڕشی ڕۆژئاوادا خۆی سەلماند

ساڵی ٢٠١١ کە ململانێیەکان لە سوریا دەستی پێکرد، گەلی کورد لە کۆبانێ لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ ئاگری شۆڕشی داگیرساند. دوای ئەمەش گەل لە شارەکانی دیکە سەرهەڵدانیان دەستپێکرد و ئیدارەی خۆیان ڕاگەیاند. ئەم پڕۆسەیە کە بە پێشەنگایەتی کورد دەستی پێکرد، سەرەنجام بە بەشداریی هەموو گەلان و ئایینەکانی بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری خەمڵێندرا و لە دوواییدا، لە ساڵی ٢٠١٤دا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ٢١ی کانوونی دووەم لە جزیرێ، ٢٧ی کانوونی دووەم لە کۆبانێ و ٢٩ی کانوونی دووەم لە عەفرین ڕاگەیەندرا. لە هەرێمە خۆبەڕێوبەرییە دیموکراتیکەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گەلان، ئایین و باوەڕەکان ژیانێکی هاوبەشیان بنیاتنا و لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ پەیماننامەی کۆمەڵایەتیان پەسەند کرد و ئەمەش جارێکی دیکە سەلماندی کە مرۆڤەکان دەتوانن بە یەکڕیزی و یەکگرتووییەوە بژین. لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان، شەڕ و هێرشەکان، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، وەک ٧ کانتۆن لە ژێر چاودێری ئیدارەی دیموکراتیکی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆی بەڕێوە دەبات. وەک چۆن ڕژێمی بەعس کە لە هەموو شوێنێکی سوریا دڕندەیی دژ بە کورد ئەنجامدا و ئێستا ئەو سیستمە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕووخاوە، سیاسەتی جینۆساید دژ بە گەلی کورد لە تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێت. حکومەتی دیمەشق، لەکاتی دانیشتنەکانی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە جینۆسایدی کوردان، پێویستە سەرنجی لەسەر گەلانی دانیشتووی سوریا بێت و لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەرە بە گفتوگۆکانی بدات و دان بە هەبوونی ئیرادەی گەلاندا بنێت.