مافی مرۆڤ و دیموكراسی لەپەراوێزی گۆڕینەوەی زیندانیانی ئەوروپا - ئێران دا!!
" لەم ئاڵوگۆڕكردنانەی زیندانیاندا نە مافی مرۆڤ و نەش هیچ پێوانێكی مرۆڤیی و ئەخلاقی و یاسایی و دیموكراسی لەبەرچاو نەگیراوە و حیسابی بۆ نەكراوە".
" لەم ئاڵوگۆڕكردنانەی زیندانیاندا نە مافی مرۆڤ و نەش هیچ پێوانێكی مرۆڤیی و ئەخلاقی و یاسایی و دیموكراسی لەبەرچاو نەگیراوە و حیسابی بۆ نەكراوە".
لەم هەفتەیەدا لەنێوان وڵاتانی ئەوروپایی و رژێمی ئێران جۆرە سیاسەتێكی دووفاقیانە و ماكیاولیانە و بەرژەوەندی پەرستانە بەرێوە چوو كە بەلای زۆر كەسەوە شێوەیەك لەموفاجەئەیە و تەحەدای سیاسیی بوو. لەو جووڵە دیبلۆماسییەدا وڵاتانی ئەوروپایی و رژێمی ئێران بەنێوبژیوانی هەندێ وڵاتی تری ئەوروپایی رێككەوتن لەسەر ئاڵۆگوڕكردنی دەستگیركراوانی هەردوولا. ئەم هێرش و دژە هێرشە لەوێژەناسی سیاسییدا شێوە وەڵامدانەوەیەكی چاوەڕوانكراو پەرچەكردار بە جووڵە سیاسیەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل و لەهەمانكاتدا شێوەیەك لەپاراستنی بەرژەوەندیخوازانەی وڵاتانی ئەوروپایی بوو لەناوچەكە و بەتایبەتی لەئێراندا.
ئەو جوولە دیبلۆماسی و سیاسییەی وڵاتانی ئەوروپایی بەزەقی دیفاكتۆبوون"دووفاقیەك" لەسیاسەتیاندا لەبەرامبەر بە رژێمێكی دیكتاتۆر و فاشیست و تینو بەخوێنی گەلان و ئازادیخوازان لەبواری مافەكانی مرۆڤدا تەحەداكەی ئەوروپایەكانی زیاتر تۆختر و ئاشكراتر كرد. رژێمی دەسپۆتیكی ئێران بەكەڵك وەرگرتن و شارەزایی لە پیلان و پیلانگێڕی، ئەو هاوڵاتیە ئەوروپیانەی كە زۆرینەشیان خاوەن ناسنامەی جووت هاوڵاتی ئێرانی ـ ئەوروپی بوون و تاوانی سیخوڕێتی و كوشتن و تیرۆر و خراپەكاری داوەتە پاڵیان. بەهەمانشێوەش ئەو هاوڵاتیە ئێرانیانەی لەوڵاتانی ئەوروپیدا دەستگیر و لەزیندانەكاندا بەتاوانی تەقینەوە و كوشتن و تیرۆر و تۆقاندن دەستبەسەركراون. لەتاوانباركردن و دەستبەسەركردن و زیندانی كردنی تاوانباراندا نزیكبوونێكی هاوبەش بەدی دەكرێت. هەرچەندە هەردوولایەن كۆمەڵێك بەڵگە و دۆكۆمێنت و ئارگۆمێنت بۆ رەوایەتیدان بەدەستبەسەركراوەكان لەراگەیاندن و دامەزراوەكانی شەڕی تایبەتدا بۆ رای گشتی بڵاو دەكەنەوە و هەركامەیان هەوڵدەدات زیاترین بەڵگە لەسەر تاوانباركردنی دەستگیركراوەكان پیشان بدات، بەڵام سەرەڕای ئەو هەوڵانە پرۆسەی دادگایی كردنی تاوانباران بەشاراوەیی دەمێنێتەوە و زانیاریە گشتیەكان ناگوازنەوە. رەنگە بانگەشەكانی هەردوولایەن راست بێت، یاخود هەمووی سیناریۆ و شانۆگەری بێت بۆ بارمەتگرتنی هاووڵاتیانی بەرامبەر بەمەبەستی گوشارخستنە سەر دەوڵەتی بەرامبەر و رەوایەتیدان بەكردەوە چەپەڵ و سیاسەتە ناڕەواكانیان. ئەم دەوڵەتانە دەتوانن لەهەندێ حاڵەتدا بەیەكەوە بكەونە ناكۆكی و لەهەندێ هەلومەرجی جیاوازیشدا ناكۆكیەكانیان بەلاوە بنێن و كۆك بن بەجۆرێك كە بەسازش و پێكەوەییەوە ببنە خاوەن یەك هەڵوێست و مەوقفی هاوبەشەوە لەبەرامبەر بە گۆڕانكاریە سیاسییەكان، یاخود لە هەندێ بارودۆخی جیاوازیشدا دەتوانن وەكو دوو نەیاری سەر وشك پێكدادان و شەڕ رووبدات. لەهەندێ كاتی جیاوازتریشدا موو بەلای درزیاندا ناڕوات و وەكو ئەوە وایە كە نەبایان بینی بێت و نە بۆران و لەسەر یەك مێز و تەباخدا خواردن بخۆن.
رژێمی ئێران بەپشت بەستن بە هێز و یادگای مێژوویی خۆی دەیەوێت دەسەڵاتدارێتی خۆی لەناوچەكە بەردەوام بكات و وڵاتانی ئەوروپایش بەلۆژیكی دەوڵەت ـ نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و چەمكی لیبرالیزم و پۆست مۆدێرنیزم، بەتەڵەكەبازی یاریكەری سەرەكی یاریەكە بن و هەمیشە خۆیان بەسەركەوتوو بزانن. بەڵام ئەوەی جێگای پرسیار و راوەستە لەسەركردنە ئەوەیە بۆچی لەم قۆناخەدا وڵاتانی ئەوروپایی بەشێوەی دزەكی بانان و بەشاراوەییەوە لەگەڵ رژێمی خوێنمژی ئێران كەوتنە دانوستان و ئاڵوگوڕ بەو زیندانیە بە بارمتەكراوانەی نێوانیان دەكەن. كەچی لەزۆر كاتەكاندا ئاڵوگۆڕكردنی زیندانی و بەبارمتەگیرانی كەسایەت و خەڵكی ئاسایی وەها بەسانایی پێكنەهاتووە و هیچ هەوڵێكیش بۆ بەردانیان نەكراوە. پرسیارە جەوهەری و بنەڕەتیەكە ئەوەیە كە ئاخۆ پاراستن و ئازادكردنی گیانی ئەو زیندانی و بەبارمتەگیراوانە بەلای رژێمی ئێران و وڵاتانی ئەوروپیەوە ئەوەندە گرنگە كە بەپەلە و لە كەشێكی دۆستانەدا ئاڵۆگۆڕیان بە زیندانیان كرد. سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا ئەوەندە باس لەئازادی ئیرادە و پێوان و یاسا و رێساكانی مافی مرۆڤ و نۆرمە جیهانی و هاوبەشەكان دەكەن. چۆن ئەوەندە زوو باوەڕیان بە رژێمی ئێران هێنا كەسێكی وەكو ئەسەدولڵە ئەسەدی كە دادگاكانی خۆیان بەتاوانی تەقینەوە و بۆمبرێژكردن و كوشتنی بەئەنقەست و رفاندن و بەبارمتەگرتنی ئەوروپیەكان لەرۆژی رووناكدا ئازاد یان بەرەڵایان كرد. هەڵوێستێكی ئاوەها بەلای گەلانی ئێران و ئازادیخوازانەوە ئەوەندە سانایی و ئاسان تێپەر و هەرس و قەبوڵكراو نییە.
بابەتی مافی مرۆڤ و دیموكراسی دوو خاڵی بنەڕەتین كە وڵاتە ئەوروپیەكان پێوان و یاسا و رێسای زۆریان بۆ داڕشتووە و دەیانەوێت لەسیاسەتی گوشارخستنە سەر رژێمی ئێران وەك چەكێك بەكاری بهێنن كەچی نزیكبوونەوەیەكی بەرژەوەندیپەرستانەی وەها كە پشت بەسیاسەتێكی دووفاقانە بۆ ئاوەڵاكردنی دەستی رژێمی خوێنمژ و وەحشیگەرا لەكوشت و بڕ و لەسێدارەدانی گەنجان و ژنان و ئازادیخوازان ئاوەڵاتر دەكات و گەلانی ئێران و ئازادیخوازان وەكو قۆچی قوربانی دەخەنە بەر رەحمەتی رژێمی فاشیست و داگیركەر و دیكتاتۆری كە رۆژانە گیانی هاوولاتیانی ئێران دەكێشێت. لێرەدایە كە مافی مرۆڤی ئەوروپا نەدەتوانێت ئیش و ئازاری گەلانی ئێرانی و نەش دەتوانێت سنورە دەستكردەكانی خۆیانی پێ ببڕن و ساختەكاری دیموكراسیی لیبراڵی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەوڵەت ـ نەتەوەكان. دووفاقی سیاسی و بێ پێوانی دەوڵەت ـ نەتەوەكان لەسەر نرخەكانی كۆمەڵگە خۆیان بونیادناوە و دەیانەوێت بەچەپەڵترین رێ و رێبازەكان لەكوشتنی مرۆڤەكان دا هێزی زیاتر وەردەگرن كەچی لەنزیكبونەوەیەكی وەهادا ئەخلاق و لۆژیك و ئاكار نرخی نابێت. ئەوەی بۆ گەلانی ئێران و ئازادیخوازان گرنگە خوێندنەوەی راست و دروستی سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپایە لەبەرامبەر بە رژێمی ئێران.
وڵاتانی ئەوروپا بەدەست پێكردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و وتنەوەی دروشمەكە وایان نواند كە گوایە ئەوانیش پاڵپشتی شۆڕشی گەلانی ئێران دەكەن، بەڵام لەكردەوەدا تەنیا بەدروشمەكەوە سنوردار مانەوە و خۆیانیان لەپراكتیكدا بەدوور گرت لەناوەڕۆك و ناواخنی گەوهەریانەی دروشمەكە؛ وڵاتانی ئەوروپایی خۆیان بەناوەندی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادییە كەسێتیەكان دەزانن و بەلۆژیكی ناوەندچێتی لەگەڵ رۆژهەڵاتدا مامەڵە دەكەن، بۆیەش هەرجووڵە و بیروڕایەكی فەلسەفی و هزری كە بەرژەوەندیەكانی ئەوان بخاتە مەترسیەوە خۆیانی لێ بەدوور دەگرن و بەهەموو شێوەیەك دژایەتی دەكەن. دەوڵەت ـ نەتەوەكانی ئەوروپا بێ هۆ لەپیلانگێڕی سەر رێبەر ئاپۆدا بەشداریان نەكرد. تەنانەت وڵاتانی ئەوروپا زیاتر لەرژێمی ئێران سەركەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دژ بەبەرژەوەندییە درێژخایەنەكانی خۆیان دەزانن. بۆیەش هەر زوو هەوڵەكانیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی بەرێگەی هەندێ كەسایەتی چڵكاوخۆر و دەرگاوان و كاسەلێس ڕێ لە شەپۆلی ناڕەزایەتیەكانی گەل بگرن و دەست بەسەر شۆڕشی گەلاندا بگرن.
پێشێنیان بێ هۆ نەیانگووتووە رۆژئاوایەكان دایەپیرەیان بۆیاخ دەكەن و بەنرخی كچە شوخ و شەنگێك دەیفرۆشنەوە. ئەم گووتنە چەندە گووتەیەكی رەگەزگەرایانەش بێت، لەئەساسدا ویستوویانە دەمامكە راستەقینەكەی وڵاتانی سەرمایەدار و دەوڵەت ـ نەتەوەی ئەوروپا داماڵن. ئەو وڵاتەی كە خۆری تێدا ئاوا نابێت لەلایەن بەریتانیاوە بەكارهێنراوە، چەمكێكی بیركردنەوەی ئایدئۆلۆژیانەی ناوەندچێتی و خۆمەزنبینین و هزری تاكڕەویەتی بێ سنوری فاشیستی و ئێستاشی لەگەڵ بێت دەیانەوێت هاوشێوەی سەدساڵی 18-19-20دا خۆیان بنوێنن.
ئەو ئێرانیانەی عاشقی ژیانی ئەوروپان و مافی پەنابەری و هاووڵاتی بوونیان وەرگرتووە؛ دەبێت هەر هیچ نەبێت بەكەسایەتی خۆیاندا بچنەوە و شەرم دایانگرێت و لەبوونی مرۆڤی خۆیان بێزبكەنەوە و ئەو هەڵوێست و نزیكبوون و سیاسەتانەی وڵاتانی ئەوروپایی بەسانایی و ساكارەوە سەیر نەكەن و بەرخنەدانێكی وێژدانیانەی هەوڵی راستكردنەوەی خۆیان بدەن و هەست بەبەرپرسیاریەتی ویژدانی ـ ئەخلاقی بكەن لەبەرامبەر بە لەسێدارەدانی كچان و كوڕانی وڵاتەكەیان. دەبێت بزانن كە ئەرك و بەرپرسیاریەتیەكی دیرۆكی لەسەر شانیانە بەتایبەتی لەبەرامبەر بەسیاسەتی رژێمی فاشیستی پەت و سێدارەی ئێران. ئەو خەڵكە ئەگەر بانگەشە و بیانۆیان لەدەركەوتن بەهۆی سیاسەتەكانی رژێمی دیكتاتۆر و داگیركەری ئێران، ئەوە واتای ئەوەیە كە ئەو كەسانە، كەسێكی بەرهەڵستكار و دژبەری رژێم و تێكۆشەرن، بۆیەش ئەگەر دەیانەوێت لەو بانگەشە و ئیدعایانەی خۆیان خاوەنداری بكەن، ئەوا بێگۆمان جێگەیان چیاكانی كوردستان و لۆرستان و پێ دەشتەكانی ئەهواز و چیاكانی زاهدان و سیستان و بەلووچستان و پانتایی دەشت ئاورێزەكانی گیلان و مازندەرانە. دەبێت ئەو كەسانە خۆیان بۆ دەستپێكردنێكی نوێ و بەرێكخستنكردن و بەرخۆدان وخۆڕاگری دژ بەسیاسەتەكانی رژێمی داگیركەری ئێران تەیار بكەن.
دەبێت ئەو هێز و لایەن و كەسایەتیانەش لەدەرەوەی وڵاتن لەوڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت خۆیان بەدەمراستی گەل و شۆڕش دەبینی و لەدوی كوڕی شا و سووسیال شوڤینزیم و پان ئێرانیستەكان كە ئامانجی هەر هەموویان گرتنە دەستی دەسەڵات و دەسەڵاتخوازیی بوو، نزیكبوونی ئەوانیش هۆكار بوو لەرەوایەتی دان و بەكردەیی كردنی سیاسەتەكانی داپلۆساندن و زیندانی كردن و لەسێدارەدانی ئازادیخوازان و ئەو كوڕ و كچانەی كە ئاڵاهەڵگری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بوون.
بۆ وەستاندنی ئەو رژێمە خوێنمژ و فاشیستە دەبێت وەكو وەفایەكیش بێت بۆ رۆحی ئەو كچ و كوڕە ئازادیخوازانە كەبەدەستی رژێمی پەت و سێدارە بۆ ساتێكیش بێت، دەبێت دەست لەژیانی تایبەتی ئەوروپا بەردەن كە بووەتە شوێنی كۆشتنی رۆح و هەستی بەرەنگاربوونەوە و شوێنی سڕكردنی رۆحی تۆڵەسەندنەوە و بنەماكانی مافی مرۆڤ. كەسایەتی رۆژهەڵات هەمیشە شانازیی بەپێشەنگایەتیان بۆ شۆڕشە و قەڵەمبازە مێژوویەكانی، شۆڕشی زمان، چاند و گوند و كشتوكاڵ و دین و ئەخلاق و زانست و ... هتد دەكەن، نابێت بچێتە سەر سەفرەی خەڵكێك كە ئەوانیش بەساڵان شەڕیان بۆ بۆنیادنانی ژیانێك لەگۆڕ خۆیان كردوە دانیشتن و لەمیراسی ئەوان بخۆین. خەڵكی رۆژهەڵاتی هیچ كات بەوە رانەهاتوون لەسەر میراس و رەنجی خەڵكی تر بژین، پاڵدانەوەی بێرەنج و كۆشش، چاندی گەلانی رۆژهەڵاتی نییە، دەبێت ئەوانیش هاوشێوەی گەلانی ئەوروپایی بۆ ژیانێكی بەروومەت و بەكەرامەت دژ بە سیستەم و دەسەڵاتە دیكتاتۆر و فاشیستەكانی ناوچەكە بوەستنەوە و بێ سڵكردنەوە پێان بڵێین ئێدی لەمەوبەدوا لێتان قەبوڵ ناكەین؛ چونكە ئەگەر وەها نەكەن، ئەوا ئەو خەڵكەی لەئێران رووبەرووی رژێمی دیكتاتۆری ئێران بوونەتەوە بەچاوی هەڵهاتوو لەئێوە بڕوانن. دەبێت بەدڵ و جەربەزەوە تەسلیمی سیستەمی سەرمایەداری باوكی دەوڵەت ـ نەتەوەی رژێمی فاشیستی ئێران نەبن.
وڵاتانی ئەوروپایی لەم قۆناخەدا لەگەڵ سیاسەتەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتی لەبەرامبەر بەرژێمی ئێران لەكێبڕكێیەكی جددی و بەهێزدان. ئەمریكا لەمەڕ دۆسیەی ئەتۆمی و زیندووكردنەوەی رێككەوتننامەی بەرجام، تاكلایەنە لەگەڵ رژێمی ئێران لەعەمان كەوتووەتە دانوستان، ئەمەش وڵاتانی ئەوروپایی دڵگران كردوە، وڵاتانی ئەوروپاش وەكو توڵەسەندنەوە بەپەلە كەوتنە خۆ و وەكو نیشاندانی نیەت پاكی دەستیان بەگۆڕینەوەی زیندانیان لەگەڵ رژێمی ئێراندا كرد. لەم ئاڵوگۆڕكردنانەی زیندانیاندا نە مافی مرۆڤ و نەش هیچ پێوانێكی مرۆڤیی و ئەخلاقی و یاسایی و دیموكراسی لەبەرچاو نەگیراوە و حیسابی بۆ نەكراوە. وڵاتانی ئەوروپا نایانەوێت لەئەمریكا دوا بكەون و دەیانەوێت بەرژەوەندیەكانی خۆیان لەگەڵ رژێمی ئێران بپارێزن و دەترسن لەئەگەری بەشدارنەبوونیان لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا ئەوا زەرمەندی سەرەكی وڵاتانی ئەوروپایی بێت، هەر بۆیەش بەپەلە و بەبێ دوودڵی دەستیان بەئاڵوگۆڕی زیندانیان كرد. دەستپێشخەری بۆ ئازادی زیندانیان لەلایەن ئەوروپاوە پێكهاتووە و تەنانەت ئەو وڵاتانەشی ناوبژیوانی و ئاسانكاری بۆ رێككەوتنەكانی نێوان ئێران و ئەوروپایان كرد لەسەر پێشنیاری ئەوروپا و نزیكبوونەوەی ئەوروپا پێكهاتووە. ئەم جووڵە لە دیبلۆماسیەتی لەسیاسەتی وڵاتانی ئەوروپا لەداهاتوودا وا لەگەلانی ئێران دەكات كە بەرامبەر بەدیموكراسی و مافی مرۆڤ و یاساكانی بێ باوەڕی درۆست بكات. لەم ئاڵوگۆڕانەی زیندانیان وڵاتانی ئەوروپی پەیامێكی بەپەلەشیان دایە ئەمریكا و ئیسرائیل كە دەبێت هێز و كاریگەری وڵاتانی ئەوروپا و بەرژەوەندیەكان بەپارێزكراوی بمێنێتەوە. نزیكبوونەوەی هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا لەكاتی كشانەوەی ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لەرێككەوتنی بەرجام بەدیكرا. وڵاتانی ئەوروپا بەمیكانیزمە و سیاسەتێكی جیاوازەوە نزیكی رژێمی ئێران و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بوونەوە و تەمەنی رژێمی ئێرانیان زیاتر درێژكردەوە. ئەمەش سیاسەتی دوو رووتی و دووفاقی وڵاتانی بەناو دیموكراسی و مافی مرۆڤی ئەوروپا.
هـ . ب