مایکڵ رۆبن: مەسرور بارزانی خۆڕاگر نەبووە، باوکیشی جاش بووە

نوسەر و لێکۆلەری ئەمریکی مایکڵ رۆبن لە نوێترین وتاریدا ئەزمونی حکومڕانی پەدەکە و بەتایبەتی مەسرور بارزانی دەباتە ژێر پرسیار و باس لەوەشدەکات "بارزانییەکان هەرگیز بە بێ پاڵپشتی دەرەکی هیچ سەرکەوتنێکیان بەدەستنەهێناوە".

مایكڵ رۆبن نووسەری ئەمریکی لە وتارێکیدا بە ناونیشانی " مه‌سرور بارزانى "خۆڕاگر(چۆن به‌ شوێنپێى سه‌دام حسێن و عیدی ئه‌میندا ده‌چێته‌وه‌ بۆ ناو كونه‌ بۆر) کە لەدامەزاروەی ئەمریکی ئینتەر پرایس (AIE) بڵاویکردووەتەتەوە بەراوردی دەسەڵاتی سەدام حسێن دیکتاتۆری پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستانی کردووە و هەروەها ئاماژەی بە لێکچوونەکانی نێوان مەسرور بارزانی و عیدی ئەمین دادا دیکتاتۆری پێشووی ئۆگەندیش کردووە..

رۆبن لە وتارەکەیدا بە ئاماژەدان بە بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمێک بە ناوی "سەرۆکوەزیرانی خۆڕاگر" لە بارەی مەسرور بارزانییەوە بە بیری هێناوەتەوە کە سەدام حسێن و عیدی ئەمینیش هەمان هەنگاویان ناوە.  لەو رووەوە نوسیویەتی: ". وشه‌ى "خۆڕاگر" كه‌ ئێستا به‌ رووخسارى مه‌سروره‌وه‌ نووسێنراوه‌ له‌ڕێگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى فیلمێكى دۆكیۆمێنتارییه‌وه‌، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌سرور بارزانى په‌سن و پیاهەڵدانی خۆى پێبكات".

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا مایکڵ رۆبن نوسیویەتی: " هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكى زۆرى گه‌لى كورد رێزی مه‌لا مسته‌فا بارزانى، باپیرى مه‌سرور بارزانیان ده‌گرت، به‌ڵام خۆشه‌ویستى بۆ ئه‌م خێزانه‌ كه‌مبوویه‌وه‌ كاتێك كه‌ مه‌سعود بارزانى باوكى مه‌سرور هاوپه‌یمانیه‌تى له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن به‌ست له‌ ساڵى ١٩٩٦.  ره‌نگه‌ مه‌سرور وشه‌ى  ناشیرین به‌رامبه‌ر تاڵه‌بانیه‌ ركابه‌ره‌كانى به‌كاربهێنێت، به‌ڵام ناتوانێت له‌ دوو راستى رابكات، كه‌ یه‌كه‌میان بریتیه‌ له‌وه‌ى كه‌ مه‌سعود بارزانى باوكى جاش بووه‌، دووه‌میشیان بریتیه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئه‌م خێزانه‌ جگه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ى بۆ خۆیان دروستیانكردووه‌، به‌ درێژایی مێژوویان هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه‌ به‌بێ پاڵپشتى ده‌ره‌كى هیچ سه‌ركه‌وتنێك به‌ده‌ستبهێنن، بۆ نمونه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانیان له‌ رابردوودا به‌ پاڵپشتى شاى ئێران و سه‌دام حسێن بوو، له‌ ئێستاشدا به‌ هاوكارى ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیایه‌. ته‌نانه‌ت له‌ شه‌ڕى دژى داعشیشدا، پێشمه‌رگه‌ رایانكرد و ئێزدیه‌كانیان به‌جێهێشت بۆ ئه‌وه‌ى رووبه‌ڕووى چاره‌نووسى خۆیان ببنه‌وه‌".

هەر لە درێژەدا نوسەرە ئەمریکیەکە ئاماژەی بەوەکردووە، " له‌وانه‌یه‌ مه‌سرور بارزانى قه‌ناعه‌تى به‌وه‌ كردبێت كه‌ ده‌كرێت فیلمێك  كه‌ تێیدا ژیری و ده‌وڵه‌تمه‌داریى ئەوی تێدا نیشاندراوه‌ یارمه‌تى جوانكردنى وێنه‌كه‌ى له‌نێو خه‌ڵكدا بدات، به‌ڵام زۆر به‌ڕوونى ئه‌وه‌ ده‌زانێت كه‌ خۆشه‌ویست و به‌ناو بانگ نییه‌".

رۆبن لە بەردەوامی وتارەکەی ئاماژەی بە کێشەی دابیننەکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا و کێشە ئابوورییەکانی وەک بێکاری و دواکەوتنی مووچە کردووە، ئەمە جگە لە زیادبوونی کۆچی گەنجانی هەرێم بەرەو دەرەوە وڵات، بەمەش ئەزمونی دەسەڵاتداری پەدەکە و مەسرور بارزانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە و نوسیویەتی: "وه‌ك چۆن بۆ ئید ئه‌مین و سه‌دام حسێن كارى نه‌كرد، سوراوكردن له‌ هه‌ندێك له‌ به‌رازه‌كان نایه‌ت. ئێستا كورده‌كان زۆر به‌ روونى داواى هه‌ندێك شت ده‌كه‌ن كه‌ بارزانى نه‌یتوانى له‌باره‌یانه‌وه‌ خۆڕاگر بێت: له‌كاتێكدا كه‌ مووچه‌كه‌ى ئه‌وان نادرێت، داهاتى بارزانى هه‌رگیز لە زیادبوون ناوه‌ستێت. له‌كاتێكدا كه‌ كورده‌كان له‌به‌رده‌م پله‌ى گه‌رماى تاقه‌تپڕوكێن و بێكاره‌بایدا ئازار ده‌چێژن، كاره‌باى كۆشكه‌كه‌ى بارزانى هه‌رگیز نابڕێت و هه‌رگیزیش نابینیت كه‌ حه‌وزى ئاوه‌كانیان ئاوى لێببڕێت. له‌كاتێكدا كه‌ توركیا گه‌شتى فڕۆكه‌خانه‌كانى كوردستان راده‌گرێت، فڕۆكه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى بارزانى به‌ ئاسانى گه‌شت ده‌كات و تووشى هیچ كێشه‌یه‌ك نابێت".

ئەو نوسەرە لە کۆتاییداش جەختیشی کردووەتەوە، " مه‌سرور هه‌رگیز خۆڕاگر نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ خۆڕاگرن كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتداریه‌تى ئه‌ودا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنی ئه‌م خه‌ڵكانه‌ش تا كه‌ى بڕده‌كات؟! هه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ مه‌سرور بۆ پەردەپۆشکردنی كه‌موكوڕییه‌كانى فیلم به‌رهه‌مده‌هێنێت، نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌زانێت، په‌تى دانبەخۆداگرتن و پشوودرێژی خه‌ڵك هێندەی نەماوە بپچرێت."

هـ . ب