ڕۆڵە ئازا و سەرکێشەکەی ئامارا، چاوە تیژەکانی و بیرە ڕەگئاژۆکەی، ئیرادە و نەسڵۆکییەکەی هەرزوو مژدەی دەرکەوتنی ڕێبەر و پەیامهێنێکی کۆمەڵایەتیی و فیکریی سیاسییان تێدا دەرخست، هەر زوو تارمایی و کەڵبەی ستەم و نادادیی پێش هەر شتێک لە گوندەکەی خۆیەوە بینی، لە سۆنگەی ڕەنگدانەوەی ستەمی فاشیزمی تورک لەو گوندە کوردییەوە پانتایی و بارستایی ئەو ستەمە تۆقێنەرەی فاشیزم کە لە کوردستان بەرکار بوو، هەڵدەسەنگێنرا، جا لێگەڕینی دەست پێ کرد، یەکێک لەو شێوازانەی چەوسانەوە و دڕندایەتی بەرانبەر گەلی کورد لە جینۆسایدی کەلتووری و سڕینەوەی زمانەکەیدا بینیوەتەوە، ئەوەتا سەبارەت بەم بابەتە دەبێژێت:
''باسی ئەو تراژیدیایەم کرد لە کاتی دەستپێکردنی خوێندن لە یەکەم قوتابخانەی ئاسیمیلاسیۆن دووچاری هاتم، هەستم بەو هەڕەشەیە کرد کە لە هەناوی قوتابخانەی سەرەتاییدا شاراوە بوو، ئەو قوتابخانەیەی لە جیاتی زمانی دایک بە زمانێکی تر پەروەردەیان دەکردین، هەرچەندە منداڵیش بووم، لام وابوو کە ناچارکردنم بەوەی دەستبەرداری زمانی دایکم بم، ناچارکردنە بە دەستبەردان لە بوونم، ئایا دەستبەرداری بوون (کوردبوون)ـی خۆم دەبووم، یاخود ناچاری دەستبەرداربوون دەبووم؟ دیاردەی کوردایەتیی یان کێشەی کورد بۆ من بەمجۆرە دەستی پێ کردبوو، کێشەیەک بوو کە بۆ ساڵانێکی درێژ بێ وەڵام منی خستە ناو نائارامییەکی قووڵەوە... بەهۆی لەدەستدانی زمانەوە بە شێوەیەکی قووڵ 'بوون'ـی خۆم لەدەست دا، چی بوون ئەو شتانەی لەدەستم دان، ئەمە پرسیارێک بوو، وەڵامەکەی زۆر زەحمەت بوو، پاراستن یان داکۆکیی لە کورد، بوونێکی سەخت و بەکێشە بوو، ئەوەی دووچاری دەهاتم بوون نەبوو، بەڵکوو لەرزوتای لەناوچوون بوو، هۆشیارییەکی وەڵامدراوە نەبوو، گڵۆڵەی ئەو کێشانە بوو کە بەردەوام گەورە دەبوون و مرۆڤیان شێت دەکرد.''
هەر بۆیە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کوردان بە قوربانی دەستی ئاسیمیلاسیۆن دەزانێ، مسۆگەر پلیشاندنەوەی کوردان لە پلیشاندنەوە و پاکتاوی زمان و چاندەکەیەوە دەست پێ دەکات و کەس وەک ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە پەڕتووک و پارێزنامە و هەڵسەنگاندنەکانیدا شڕۆڤەی نەکردووە، ئەوەتا لە یەکێک لەو نرخاندنانەدا دەڵێت:
''ڕاستییەکەی قەدەغەی زمان تیرۆرێکی شاراوەیە، شێوازێکە تەنانەت بە سەر ئاژەڵیشدا پەیڕەو ناکرێت.''
بێگومان ئەو ستەمی لە دەزگای خێزانەوە تا قەدەغەی چاند و جلوبەرگ و زمان و ناسنامە کە بەسەر کورداندا دەسەپێنرا، ڕێیەکی درێژیان بە ڕێبەر ئاپۆ پێوا، ئەو هەزاران لاپەڕەی خوێندەوە تا لە کورد و کێشەکەی تێ بگات، شرۆڤە و خەباتی ئەو خۆی واتەنی بۆ وڵاتێکی دزراوە و گەلێکی لەبیرکراوە، هەروەتر لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیشدا ڕێکخستنێکی بەهێزی وای درووست کرد، بە قسەی میدیاکان لەم سەردەمەی کۆنترۆڵ و چنگ و چەپاوڵی دەوڵەت نەتەوە و پۆلیس و سیخوڕەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا، وەک 'موعجیزە' لێی دەڕوانرێت، لەمەڕ ئەو قەدەر و ستەمەی بۆ کورد هێڵکێش کراوە دەڵێت:
''جینەگرتنی کوردان لە مێژووی نەتەوە و شارستانییەتەکاندا مانای بێ دیرۆکبوونی کوردان نییە.''
هەربۆیە بۆ شڕۆڤە و لێکدانەوەی ئەو هەبوونەی ناوی کورد و کوردستانە و نە ئەکادیمیای دەوڵەت و نە قەڵەمەبەدەستان نەیاندەوێرا نزیکی ببنەوە، هەزاران لاپەڕە و دەیان پەڕتووک و پارێزنامەی نووسی.
کاتێك شاهین دونمەز لە ئەم ڕابەرە کوردە هەڵگەڕایەوە بە تورکەکانی وت: گەر خۆی دەستگیر نەکەن، سوودی نییە، ئەو دەتوانێت لە بری یەک کەس دە حزب درووست بکات.
هەربۆیە کاتێک لە پیلانێکی نێودەوڵەتیدا کە ئەمریکا و یۆنان و ڕووسیا و تورکیا و ئیسرائیل تێیدا بەشدار بوون، دەستگیر کرا، ئەو خۆی ئەم گەلەکۆمە فراوانە بە 'چوارمێخەکێشان' ناو دەبات. هەروەها دەڵێت: کاتێک لە مۆسکۆ بووم لە ڕێی IMF سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی سەودا و مامەڵەیان لە سەر من دەکرد.
ئەو کەسەی گوێ بۆ ڕاستینەی دەروونی خۆی بگرێت، کاریگەر دەبێت، ئەوەشی کاریگەر بێت، دوژمنی زۆر دەبن، چیرۆکی ڕێبەر ئاپۆ چیرۆکی ژیانی ڕاستە، کاتێک مرۆڤ بەرانبەر ئەو هەستانەی لەمەڕ کێشە و تراژیدیای گەلەکەی هەیەتی، ڕاستگۆ دەبێت و گوێ بۆ ڕاستینەی هەست و بیرەکانی خۆی و هەلومەرجی جڤاتەکەی دەگرێت، ئەوا ڕاستی لای ئەوە، وەک خۆی دەڵێت:
''من گوێڕایەڵی زایەڵەی ڕۆحی خۆمم''.