مەترسی گەشبینی بێ بنەما
هەستی گەشبینی پوچەڵی هەموو هێزەکانی ناوخۆ و دەرەوەی سووریا مەترسیدارە. هەتەشە وێڕای ئەوەی لە هەموو سووریادا دەسەڵاتی بەدەست نییە، لە هەوڵی بونیادنانی دەوڵەت نەتەوەیەکی گرێدراوی نەژادپەرستی عەرەبی-ئیسلامی دایە.
هەستی گەشبینی پوچەڵی هەموو هێزەکانی ناوخۆ و دەرەوەی سووریا مەترسیدارە. هەتەشە وێڕای ئەوەی لە هەموو سووریادا دەسەڵاتی بەدەست نییە، لە هەوڵی بونیادنانی دەوڵەت نەتەوەیەکی گرێدراوی نەژادپەرستی عەرەبی-ئیسلامی دایە.
هێشتا وەڵامی پرسیاری داخۆ ئایندەی سووریا چۆن دەبێت ڕوون نییە. لە بنەمادا نەتەوەیەکگرتووەکان هەندێک بڕیاری داوە. بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ لە چاوەڕوانی جێبەجێکردندایە. بەڵام دۆخەکە بە گوێرەی پلانەکانی هەتەشە ئاڕاستە وەردەگرێت. حکومەتی کاتی-ڕاگوزەر بەتەواوەتی لە ئەندامانی هەتەشە پێکدێت. لە پراکتییکدا دەسەڵاتداری خۆیان بونیاد دەنێن. دامەزراندنی پارێزگارەکان، ئەوپشتڕاستکردنەوانەی دەکرێن بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی هەتەشەدایە.
هەتەشە بە ڕاگەیاندراو و لێدوانەکانی خۆی لە هەوڵی درەنگخستنی هەڵبژاردنەکاندایە. دەڵێت بۆ ئامادەکردنی دەستووری بنەڕەتی نزیکەی ٤ ساڵی دەوێت و بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان نزیکی ٥-٦ ساڵی پێویستە. وابیردەکاتەوە تا گەڕانەوەی کەسانی کۆچبەر، سەرژمێری گەل و هتد.. کاتی دەوێت. هەموو ئەمانە تەنیا دەتوانرێت بەچەندساڵێک ئەنجام بدرێت. هەروەها دەربارەی کۆبوونەوەی کۆنگرەی نیشتمانی دەڵێت هیچ ڕێخکستن و پارتێک بەشدار ناکەین، شێخەکان بەشدار دەبن.
لە هەمان کاتددا هەتەشە هەوڵدەدات ڕوویەکی دیکەی پیشان بە ڕاگەیاندن و لایەنە سیاسییەکان بدات. بە ئامانجی ڕەوایەتیپێدانی ڕاگەیاندراو و قسەی مەعقوڵ دەکات. بەڵام گوفتار و کردارییان یەکناگرنەوە. ئەوەی ئێمە باسی دەکەین ناسنامەی بنەڕەتی سیستەمی دیموکراتیکە. دیموکراسی تەنها بە ڕێکخستنکاری کۆمەڵگەوە پێکدێت. بەلام هەتەشە هیچ دامەزراوەیەکی ڕێکخستنکاری کۆمەڵگە بەشدار بە پرۆسەکە ناکات. بە پێچەوانەوە هەموو پێكهاتە ڕێکخستنییەکان خستووەتە دەرەوە و دەیەوێت سیستمێک بونیادبنێت بە شێوەیەک لە هەموو کۆمەڵگەوە پەسەند بکرێت.
دیموکراسیبوون لە عەقڵێتی قاعیدە، داعش و هەتەشەدا نییە و هەمان ڕەگییان هەیە. پارتە سیاسییەکان وەک سەرچاوەی خراپەکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە دەبینین. پێشتر سیستەمی یەکپارێزی کە گرێدراوی نەژادپەرستی عەرەبی بوو لە ئارادابوو. هەموو دەوڵەتانیان وەک کۆمکاری عەرەبی ناو دەهێنا. کردەوەکانی ئێستایی هەتەشەیش لە سیستەمی بەعسی ڕووخاو جیاواز نییە. دەیەوێت لە جێگەی دەوڵەت-نەتەوەیی عەرەبی، دەوڵەتی ئیسلامی-عەرەبی بونیاد بنێت. هیچ نەبێت کۆماری عەرەبی هەبوونی پارتی سیاسی قبوڵ دەکرد. گەر لەسەر کاغەزبێت بەعس ڕێگەی بە دامەزراندنی پارتی سیاسی دابوو. بەڵام لە دۆخی ئەمڕۆدا ئەوەش نەماوە.
عەقڵیەت و هۆشمەندی هەتەشە بە تەواوەتی وابەستەی باوەڕ و شەریعەتی دینییە. فرەڕەنگی و دیموکراسی لە نێو خۆدا بەرهەم ناهێنێت. تەنها سەرکوتکردن و هەڕەشە لەسەر باوەڕداری و هێزە جیاوازەکان دەسەپنێت. یانی پەسەندییان ناکات و لە دەرەوەی خۆیانەوە دەیانهێڵێتەوە. لە ئێستا بە ئاشکرا ناڵێن "لە حکومەتەتدا کەس بێ بەش ناکەین" بەڵام بە دڵنیاییەوە لە حکومەتییاندا جگە لە خۆیان جێگە بەکەس نادەن. هەروەها هیچ جێگەیەک لە ڕوانگە و کردارەکانیاندا بۆ ژنان بوونی نییە.
لە ئێستادا هەتەشە هەوڵدەدات بە نەرمی خۆی پیشان بدات. لە پرۆسەی باشکردنی وێنەی خۆیاندان. وێڕای ئەمەش لایەنە دیموکراتیک و پێکهاتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە گۆڕەپانەکەدا لەناودەبات، هەرخۆی لە دژی ژنانە. کاتێک ئەم حکومەتە خۆی جێگیرکرد و بووە حاکمی دەوڵەت و حکومەت داخۆ چی دەکات؟ دەبێت ڕای گشتی ناوەوە و دەرەوە سەرنج بخاتە سەر ئەم بابەتەو و لەو گوێرە بجوڵێتەوە. شەڕی دەسەڵاتداری ئەو هێزە دینیانە زۆر بەسەختی دێتەئاراوە. گەر تەماشای ئێران بکەین. کاتێک کە خومەینی هاتە سەر حوکم پارتە کۆمەنیستەکان و کوردییەکان و چەندان هێزیی دیکە هاوکارییان کردبوو. هەموو لایەنەکان لە دژی شا بەشدار ببوون. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم خومەینی پارتی کۆمەنیستی تودەی لەناوبرد. ڕووی سوپاکەی کردە کوردان. هەموو پێکهاتە سیاسییەکانی دیکەی لە ناوبرد. هەموو پێکهاتە سیاسیەکانی دیکەی ڕاماڵی. دەگوترێت سووریا وەک ئەفغانستان نییە؛ لە سووریادا چەندین کولتووری، گەل و باوەڕداری بوونی هەیە. بەڵام خۆ ئێرانیش ئەفغانستان نەبوو. ئێران درێژکراوەی ئیمپراتۆرتێک بوو. لە سووریا زیاتر فرەڕەنگی و دەوڵەمەندی گەلانی هەبوو. بەڵام لە ١٩٧٩ەوە ئێران بە حکومەتێکی دیموکراتیکی بەڕێوەنابرێت. ڕاستە ئێران نکۆڵی لە هەبوونی گەلان لە ناوخۆدا ناکات بەڵام نەژادپەستی فارسی و بناغەی دینی سەردەستە. کورد، ئازەری، بلوچی ناتوانن بە زمانی خۆیان پەروەردە وەرگرن. مرۆڤ ناتوانێت بڵێت گەل ئازادە و ئیرادەی ڕێکخراو نیشان دەدەن. لە ئێراندا ڕێگە بە دامەزراندی پارتی سیاسی نادرێت. هەروەها بەربژێرەکانی هەڵبژاردن بە ڕێسا ئاینییەکان دیاری دەکرێن. ئەوانەی لە دەرەوەی عەقڵێتی ئەوانەوەن ناتوانن ببنە ئەندام. هەڵبژرادن هەیە بەڵام هەڵبژرادنێکی دیموکراتیکی نییە. سەدام و ئەسەدیش هەڵبژاردنییان دەکرد. ناوی دەوڵەتەکانیان کۆماری بوو! یانی کۆماری و هەڵبژاردن بەومانایە نایەت دەوڵەتێکی دیموکراتیکییە.
هەتەشە لە پارێزگایەکەوە دەرکەوتووە کە شەڕێکی ناوخۆی قورسی تێدا گوزەراوە، وێڕای ئەوەی لە چاوەڕانی ئەوەدا نەبوو، هاتە سەردەسەڵاتداری! بەشێکی زۆری سووریا لەژێر داگیرکاری تورکیادایە. دەوڵەتی تورک هاوشێوەی واگنەری ڕووسەکان، سوپای نەتەوەیی سووریایی بەڕێکخستن کردووە. لەگەڵ ئەم هێزانەدا هێرشی سەر ئیدارەی خۆبەرێوەبەری دەکات و کە نزیکەی سێ یەکی خاکی سووریا لەخۆدەگرێت. ئامانجی سەرەکییان سەرکوتکردنی گەلی کورد و ڕێگریکردنە لە چەسپاندنی قەوارەیەک. هەتەشە لە دژی ئەمە شتێکی نەکردووە و یان شتێک لەوجۆرەی بڵێت دەوڵەتی تورک سووریای خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. بۆیە دامەزراندی هەتەشەی حکومەتێکی یەکدەست، توندوتیژ و ناوەندی بە شێوەیەکی ئاشکرا نیشاندەری ئەوەیە کە نە نیازییان پاکە و نە گۆڕانکارییەکییان تێدایە. مەترسی هەرە گەورە ئەوەیە هەموو هێزەکانی ناوەوە و دەرەوەی سووریا ئەوانەی خواستی دیموکراتیکییان هەیە بکەونە ناو خۆشباوەرییەکی پوچەوە. دەبێت زیاتر هۆشیار و ئاگادار بن. هەتەشە وێڕای ئەوەی لە هەموو سووریادا نەبووەتە دەسەڵاتدار، هەوڵ دەدات دەوڵەتێکی ناوەندی دەوڵەت-نەتەوە دامەزرێنێت کە پشتدەبەستێت بە نەژادپەرستی عەرەب-ئیسلامی. دەبێت خواستەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ڕێکخستنکاری دەرخرێنە پێش و ڕێگە بە ڕووی گەلاندا بکرێتەوە کە خۆیان بڕیاری ئایدەنی خۆیان بدەن.
سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلەتییکا