موعجیزەی پەکەکە -٢-

"فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان ئەو کوردەی لە گۆڕدا چیمەنتۆڕێژ کرابوو، دەری خست و زیندووی کردەوە، کۆمەڵی کوردەواریی لە ڕەهەندی ڕۆحیی و ئەقڵییەوە وەسەرپێ خستەوە، بۆ ئاسۆی دوور کردی بە خاوەنی بڕیار، وەک پۆڵا هێنایەوە سەر گۆڕەپانەکە".

ڕێگەی تێگەشتن و قووڵبوونەوە لەمەڕ بابەت و مژارەکان تیۆرە، ڕێبەر ئاپۆ وەک یەکەم ڕێبەری تەڤگەری بەرخۆدانی کوردان لە لایەنی تیۆرییەوە بەرهەمی خۆی خستە ڕوو، تێکۆشانی پەنجا ساڵە و گەیشتن بە قۆناغی ئەمڕۆش، گرنگیی تیۆرییەکەی ڕێبەر ئۆجالان ئاشکرا دەکات، چونکە ئەم تیۆرە لە سۆنگەی بە کۆتێزکردنی چاندی کورد وەک فەلسەفەیەک خۆی ڕسکاند.

فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان تەوراتی بەرخۆدانی گەلی کوردی شۆڕشگێڕە، مسۆگەر وەک تەوراتیش بۆ تێگەشتنە، ئەتوانین بێژین تێگەیشتن بوونی مرۆڤ ڕەنگڕێژ دەکات، فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان ئەو کوردەی لە گۆڕدا چیمەنتۆڕێژ کرابوو، دەری خست و زیندووی کردەوە، کۆمەڵی کوردەواریی لە ڕەهەندی ڕۆحیی و ئەقڵییەوە وەسەرپێ خستەوە، بۆ ئاسۆی دوور کردی بە خاوەنی بڕیار، وەک پۆڵا هێنایەوە سەر گۆڕەپانەکە.

پاش شەهیدکردنی حەقی قەرار، ڕێبەر ئۆجالان لە ڕێی پێکهێنانی پارتێکەوە هاتە مەیدان، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی پێشکەوتنی تەنۆلکەی ئەتۆمی دەوڵەمەندیی گەردوونە، سا ڕۆحێکی نوێی بە تەڤگەرەکە بەخشی و وەک تەڤگەری ئازادیی کوردستان هاتە مەیدان، بەم هەنگاوە مێژووییە نیشانیان دا کە چەپاندن و تواندنەوە و پاکتاوی کاتەکیی و تواندنەوەی گەلی کورد سرووشتیی نییە، بەڵکوو بەرەنجامی سیاسەتی تەنگپێهەڵچنینە. ئەم قەڵەمبازە مێژووییە بووە قۆناغێکی نوێ و ڕێگایەکی نوێی بەرخۆدانی هێڵکێش کرد، لە تەڤگەری لاوانەوە بوو بە تەڤگەری گەلان.

واتە وەڵامی ماتریاڵیزمی دیالێکتیک درایەوە. نەخشە و بەرنامە هەیە، هێزی ڕێکخستنیی و تیۆریی و پراکتیک هەیە، ئەو کارانەی تا ئەو دەمە حەقی قەرار و هەڤاڵەکانی کردبوویان، ئەو پراکتیکەی نیشانیان دابوو، بووە بناغەی ئەم هەنگاوە مێژووییە، پراکتیکی حەقی قەرار و وتەکەی ڕێبەر ئۆجالان: ''حەقی قەرار ڕۆحی شاراوەی منە'' ئەوە نیشان دەدات؛ کە کاری ڕۆژانە و هەڵسەنگاندنی پرسەکانی ڕۆژی جووڵانەوەی کۆنترا- کۆمپلۆی دەوڵەت بوونە ڕێڕەوی دەستنیشانکردنی ڕێگای بەرخۆدان. بەرخۆدانیش تەنیا لە سۆنگەی ئاواکردنی پارتێکەوە، کە گەلی کوردستان و تورک و لە خۆیدا جێ بکاتەوە؛ ئەم پێڤاژۆیە کاری کردە سەر گەلانی هەرێمەکە و کەسایەتییە شۆڕشگێڕەکان و ڕامانی کەسانی جیاواز لە ئاستی جیهاندا. بەپێی لۆژیک، تێگەیشتن لەم ڕووداوانە، دامەزراندنی پارتێک دەکاتە پێویستیی. 

باوەڕ شابنەمای تێکڕای ئافرێنراوە زانستیی و شۆڕشگێڕییەکانە، ڕاماڵینی کۆسپەکانی سەر ڕێی تەڤگەری ئاپۆیی یان خوێندکاران تەنیا لە ڕێی ئاواکردنی پارتێکەوە چی دەکرا. درووستکردنی پارت بڕوا و پشتگەرمییەکی گەورەی بە گەنج و کۆمەڵانی خەڵک دا. ئەو هەلومەرجە دراماتیکە پەرشوبڵاوە وەلا نرا، وەک چۆن ئەنشتاین باسی هێزی ڕاکێشانی پارچەکانی ئەتۆم دەکات لەلایەن ناوەندەوە، بەو ڕەنگەش پارتەکە بووە ناوەند و هێزی ڕاکێشانی پارچە و پێڕە پەرشوبڵاوەکان، بوو بە بنەمای پلان و بەرنامەی نوێ.

دەوڵەت کەمە کەمە ڕووبەڕووی تەڤگەرەکە بوویەوە و بەرانبەر ئەم هەنگاوە مێژووییە بزووتنەوەی کۆنترا کۆمپلۆی بەهێز کرد. سێ شتیان کرد، هێزی کۆنترا گەریلایان لە نێو سوپا و کۆمەڵی کوردییدا پێش خست، لە نێو سوپادا ژیتەمیان درووست کرد، سیستەمی جەردەوانیی و چەتەگەرییان لە نێو کۆمەڵی کوردەوارییدا ڕەنگڕێژ کرد. هاوکارییان لە نێو پارتە کوردییەکاندا دۆزییەوە، بەم ڕەنگە کۆسپیان بۆ دیدگاکانی ڕیبەر ئۆجالان بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی و هاوکاریی نێوان گەلان (پەیوەندیی لەگەڵ حەقی قەرار و کەمال پیر) سازاند، لە ڕێی کۆنترا و پارتەکانیشەوە دیوارێکی ئەستووریان لە بەردەم یەکێتیی نەتەوەییدا هەڵچنی.

ڕەفتارەکانی ژیتەم و جەردەوانەکان باش دەناسرێنەوە و هەمووان ئەزبەریان کردووە. بەڵام وەک سەعاتەخۆڵینە سوود لەو پارتە کوردییانە و پارتە سۆفیگەرە ئیسلامییەکان دەبینرا وا ئیلیح دامەزرا. سۆفییەکان بە ناوی ئیسلامەوە دەجووڵانەوە، چەتە تازەکانی داعش بە شمشێر لە دواوە لە وڵاتپارێزانی کوردییان دەدا و شەهیدیان دەکردن. بووبوون بە ئامێری کوشتن...! بەشێکی تریش لە نێو پارتە کوردییەکاندا بوو، ئەمانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بوون، کە بە ڕێکاری تەڵەکەبازانە و تۆمەتسازیی و ورووژاندن و ئازاردان دەجووڵانەوە. ئەمە بابەتی ڕۆمانی شێتیی و بەزینە، بڕینی دەماری ئەخلاقە. وەک عەرەب دەڵێن: کارێکی دژوارە...! پارتە ساختەکان ڕێککەوتنی خۆکوژیی سیاسیین.

 کەسێتیی بێکەسێتیی!

ئەمە شێوازناسیی مرۆڤی کەوتووە لە نێو کورداندا، بەداخەوە  بوو بە 'شێواز؛ ئەمە بابەتی ڕۆمانە و دەکرێت پاڵەوانی نێو ئەم ڕۆمانەش لەم شێوازە بن. ئەم شێوازە هەمیشە پەیوەندییان لەگەڵ دوژمن هەبووە و کوردانیش ئەمە بە ناپاکیی ناودێر دەکەن.

ئەم جۆرە کەسێتییە بەرەنجامی دوو شتە: یەکەم ترس و دووەمیش بەرژەوەندیی کەسیی، ئەم دووانەش جۆرێکی بەزیو درووست دەکەن، بەداخەوە میژووی کوردان پڕە لەم جۆرە کەسە، ئەمە ناسنامەیەکی ڕەش و پووچە...! ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی ' 'جاڵجاڵۆکەیی' و 'دۆزەخ'...! ئەم دووانە هەردووکیان لە تیۆری ئابوورییدا هەن و دەبنە کۆسپی سەرەڕێی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و ڕیشەی کەڕکردن و لەپێخستنن، هەرچوار کردەی کەڕیی و لاڵیی و کوێریی و ئیفلیجیی مرۆڤ بە ساغی دەمرێنێت، شەلەپەتەی دەکات، ئەمەش لە لایەنی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیەوە کۆمەڵگە پاکتاو دەکات.

بەڵام مانیفێستۆی ڕێبەر ئۆجالان ببوە ڕەچەتە دژ بە هەموو چەشنە برینداریی و پاکتاوێک و بەردەوامیی بەرخۆدان بوو، شەهیدکردنی حەقی قەرار و هێرشەکانی سەر تەڤگەری ئاپۆیی بە ئامانجی پاکتاوی ئەو بزووتنەوەیە بوو بە پێشەنگێتیی ڕێبەر ئۆجالان، تا جارێکی تر خەیاڵی کوردستانیکی ئازاد لە گۆڕێکی چیمەنتۆیی بنێژن.

 بڕیاردان و هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئیرادە

گەر ڕۆژیک ئەنسکلۆپیدیای کوردستان بنووسرێتەوە، ئەم جۆرە کەسە هێڵی بنەڕەتییە و وەک بەشێک لە پان تورکیستەکان دەنووسرێتەوە، ئاژانسە کوردییەکان (١٦.٥.٢٠٢٢) هەواڵی ئابووری تورکیا و پشتیوانیی هەرێمی باشووری کوردستان بڵاو کرابووەوە، شڕۆڤەهەواڵەکان لە لایەنی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵناسییەوە سەرنجڕاکێشن.

ئەمە سەرنجڕاکێشە و گرێدراوی بابەتەکەی ئێمەیە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت: ''ئابووری دەوڵەتی تورکیا بە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان خۆی بە پێوە ڕاگرتووە. تورکیا ڕەوشێکی زۆر دژواری ئابووریی هەیە، لە لایەکەوە نرخی لیرەی تورکی دادەکشێ، لەلایەکی ترەوە خەرجی دەسەڵاتی ئەکەپە-مەهەپە بۆ هێرشەکانی سەر ڕۆژاوا و باشووری کوردستان ئابووری وڵاتەکەی کەرتوپەرت کردووە، مسۆگەر داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستانیان خستووەتە خزمەتی دەسەڵاتگەریی ئەردۆگان و بەوە خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە، سیاسەتی ئەم ٢٠ ساڵەی ئەردۆگان ئابووری وڵاتەکەی وێران کردووە، دەوڵەتی تورک هێندەی مێژووی ئەم سەد ساڵەی قەرزی لەسەر شانە، بەپێی لێدوانەکان قەرزەکانی تورکیا ٥٠٠ ملیار دۆلارە، ئەردۆگان دەستێوەردانی لە باشووری کوردستان کرد و بە ڕێککەوتنێکی پەنجا ساڵە لەگەڵ پەدەکە داهاتی نەوتی هەریمی کوردستان دەبات.

ئابووریناسانی تورکیا دەڵێن داهاتی تورکیا ٩٠ ملیار و ٩١٧ ملیۆن و ٨٣٣ هەزار دۆلارە، بەڵام سیاسەتی شەڕ ساڵانە ١٠٣ ملیار و ٣٣٦ ملیۆن و ٧١٤ هەزار دۆلار دەبات، ساڵ بە ساڵ خەرجی شەڕ لە سەر داهاتی تورکیا بۆ ٢ هێندە و ٣ هێندە هەڵدەکشێت و تورکیا قەرزار دەبێت، بەڵام نەوتی هەرێمی باشووری کوردستان بووەتە پشتگەرمیی بۆ تورکیا.

مەسروور بارزانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی نیشان دا کە؛ مانگی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەخەنە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی. بارزانی باسی لەوە نەکردووە کە بەشەکەی تری داهاتی نەوت بۆ کوێ دەچێت، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پتر لە ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنن و مانگانە دەکاتە زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن دۆلار، بەپێی ئەو ئامارەی مەسروور بارزانی ئاشکرای کردووە ٥٥٠ ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت نادیارە.

چاودێرانی سیاسیی و ئابووریی دەڵێن؛ ڕێککەوتنی پەنجاساڵەی ئەردۆگان و ماڵباتی بارزانی هەیە و ئەم ڕێککەتنە شاراوەیە. ٥٥٠ ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت دەچێتە تورکیا، لەبەر ئەمە بازاڕی هەرێمی کوردستانیش کەوتووەتە دەستی کۆمپانیا تورکییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیا گەورەکان، بڵند محەمەد ئاشکرای کرد کە ٣.٣١٥ کۆمپانیای بیانیی لە هەرێم هەن، ١٤١٤ کۆمپانیایان تورکین، گرنگترینیان هی هەناردەکردنی گازی هەرێمە، گەر غازی هەرێم لە ڕێی تورکیاوە دەربهێنرێت، مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ هەرێم، پەدەکەش پێشەنگی ئەم مەترسییە مەزنەیە، حکومەتی ئێراق و گەلی باشووری کوردستان بەمە ناڕازین.

پسپۆڕان دەڵێن: گەر ڕێککەوتنی گازی سرووشتی لەگەڵ تورکیا بکرێت، ئەوا گشت داهاتی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە خزمەتی دەوڵەتی تورک، هەر لەبەر ئەمەیە دەوڵەتی تورک هێرشی داگیرکارییان کردووەتە سەر خاکی کوردستان، دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠٢١ سەدا ١٥ـی بودجەی داهاتی تورکیای بۆ شەڕ داپچڕیوە، ئەمەش دەکاتە ١٠ ملیار دۆلار

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستۆکهۆڵم ئاشکرای کرد کە دەوڵەتی تورک ئەمساڵ ١٧.٧ ملیار دۆلاری لە هێرشی سەربازیی و پێوستییە سەربازییەکاندا خەرج کردووە. ئەم خەرجییە سەربازییانە لە سەر ئاستی جیهان ڕیژەیەکی بەرزە، لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا تورکیا خەرجییە سەربازییەکانی لە سەدا ٨٦ زیاد کردووە، خەرجییە سەربازییەکان تورکیای بۆ گێژاوێکی ئابووریی سەرەولێژ کردووەتەوە. بەداخەوە ئەم خەرجییە زۆرانە لە سای سەری پەدەکە لە باشووری کوردستانەوە دەچێتە تورکیا.

هەواڵ و بەدواداچوونەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە دەوڵەتی تورک پارەی نەوتی کوردان لە شەڕی تایبەتی پاکتاوی کورداندا بەکار دێنێت، ئەمە مێژووە...!

گەر باسی مێژوو بکەین، ئەوا دەبێت ئێمە لە ڕەهەندی سۆسۆلۆژییشەوە ڕاوەستە لە سەر هەندێ ڕووداوی تر بکەین، چونکە هەندێک ڕووداو ئەوە ئاشکرا دەکەن کە 'پاکتاوی مرۆیی' و 'دۆخی ئاوارتە'ـی مرۆیی هەیە، باشە...! دڵسۆزیی و وەفا و بەها و پیرۆزیی و ڕێبازە مرۆییەکان نامێنن، تراژیدیای تراژیدیاکانە...! ئەمەش وێنەی ناپاکییە لە کوردستان و ئامانجی ناپاکان بەرانبەر پاشەڕۆژی کورد و کوردستان نیشان دەدات.  

ئاژانسی هەواڵی ئەنەفە، بە سەردێڕی؛ خوێنخۆریی و ناپاکییەکانی پەدەکە: کۆمەڵکوژیی هەولێر بەردەوامە لە (١٢ـی گوڵانی ٢٠٢٢) بڵاو بووەتەوە، دەڵێت: ''لە ١٦ـی گوڵانی ١٩٩٧ هونەرمەند و ڕۆژنامەوان و سیاسەتمەدار و ئەو گەریلا بریندارانەی تیمار دەکران، هەروەها لایەنگرانی پەکەکە باشووری کوردستان، بە شێوەیەکی دڕندانە، بە هاودەستیی پەدەکە و میت لە هەولێر شەهید کران.

١٦ـی گوڵانی ١٩٩٧ ڕووداوەکانی شاری هەولێر و باشووری کوردستان ڕوویان دا، هونەرمەندی شۆڕشگێڕ هۆزان سەرحەد بە گۆرانی 'هەولێر' لە دڵی گەلی کورددا جێی خۆی کردەوە، هۆزان سەرحەد لە ١٠ـی تەمووزی ١٩٩٩ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهید کرا، ماوەیەک پێش شەهیدبوونی، بەم ناوەوە ئەلبوومێکی لە هەلومەرجی دژواری چیا درووست کرد، لەو سترانەیدا دەبێژێت: ''هەولێر لەدایک بوویەوە/ هەولێر هەر گڕ و ئاگر بوو/ ئاگری دڵی لاوان، مردنیان کرد بە ژیان/ هەولێر، ئاگری دڵی کچان، مردنیان کرد بە ژیان/ هەولێر، نامێنی وەک جاران/ دەبێتە گۆڕی ناپاکان، هەولێر، نامێنی وەک جاران/ دەبێتە گۆڕی ناپاکان/ بە خوێنی هێلین و ساڵحان/ دەگەشێنەوە گوڵ و سورگوڵان/ دەگەشێنەوە گوڵ و سورگوڵان.''

لە ڕۆژی دووەمی هێرشە داگیرکارییەکەی سوپای توررکیا کە ١٠٠ هەزار سەرباز و بە ناوی 'ئۆپەراسیۆنی چەکوش' دەستی پێ کرد، لای ئێوارێ، پەدەکە هاوکات لە هەولێر هێرشی کردە سەر ناوەندی تەڤگەری ئازادیی کورد، هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی مانگی سووری کوردستان و YAJK, YNDK, NÇM و نووسینگەی مەد تیڤی و ناوەندی ڕۆژنامەی وڵات و وڵاتی ڕۆژ، هەر کەس لەوێ بوو، گوللەباران کران، گرتنیان و لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژران.

بەپێی ئەو بەڵگانەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوز بڵاوی کردوونەتەوە، لەو ڕۆژەدا ٨٣ کەس کوژران و شوێنبزر کراون، بەڵام ژمارەی شەهیدان تا ئێستاش نەزانراون.

چەند ڕۆژ پاش ئەم کۆمەڵکوژییە، ڕادیۆی دەنگی کوردستانی پەدەکە وتی: ''٣٠٠ ئەندامی پەکەکە لە هەولێر کوژران، لەم هەواڵەوە تێ دەگەین کە لەو ڕۆژەدا و لە هەولێر، نەک تەنیا کادر و بریندارانی پەکەکە، بەڵکوو زۆرێک خەڵکی باشووری لایەنگری پەکەکەش کوژراون.

هەولێر لەو ساڵانەدا بووە گۆڕەپانی شەڕێکی سەختی نێوان پەدەکە و یەنەکە، پاشان پەدەکە لە ٣١ـی ئابی ١٩٩٦ و بە پشتگیریی سوپای ئێراقی سەدام حسێن، هەولێری لە چنگی یەنەکە دەرهێنا.

ماتەوزەی ناپاکیی

دیفاکتۆ و خۆسەریی فیدراڵی هەرێمی باشووری کوردستان بۆ تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بووە بە هەرێمی تامپۆن، هەر بۆیە من ماتەوزەی ناپاکییم بەکار هێنا و بەردەوام دەبم: پەیمانی سایکس بیکۆ کوردستانی دابەش کرد و دەوڵەتانی تامپۆنی ئاوا کرد، پاش سەت ساڵ ئەو دەوڵەتە تامپۆنانەی وا وەک دەوڵەت نەتەوە دامەزران، وەڵامی بەرژەوەندییەکانی پەرگاڵی سەرمایەدارییان نەدایەوە. جا بۆیە ئەمریکا لە داگیرکردنی ئێراقدا 'دیفاکتۆی هەرێمیی' بە پێویستیی دیت، پاش ڕاپەرینی گەل لە ٩١-٩٢ ئەمریکا یەنەکە و پەدەکەی ئاشت کردەوە و هەرێمە تامپۆنەکەی ڕادەست کردن، دیفاکتۆکە بە دەستی گەل بەدەست هێنرا، لێ بەدەستی ئەمریکا وەک هەرێمی تامپۆن ساز کرا و ڕادەستی دەستی هەردوو پارتەکەی کرد، ١٣ ساڵە کە ئەم هەرێمە فیدراڵەی باشووری کوردستان بە ڕەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا دانی بە فەرمییەتی ئەم هەرێمەدا نەناوە، دوژمنایەتییەکی قووڵ و دڕندانەی دەکات، سەیرە، ئەم دوژمنە هاوکاری پەدەکەی پارتی دەسەڵاتدارە، سەیرە، دەوڵەتی تورکیا بە فەرمی دان بە هاوکارە دەسەڵاتدارەکەی خۆیدا نانێت، بەڵام پەیمانی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ واژۆ دەکات؛ کاتێک دەخوازێت وڵاتپارێزانی کورد لە هەولێر و سلێمانی دەکوژێت، کاتێک بیەوێت هاوکارییەکانیان لێ دادەخات و هێرش دەکاتە سەر تەڤگەری ئازادیی کوردان؛ هەروەتر بنکەی سەربازی لە هەرێم دەکاتەوە.

هەرێمی فیدراڵی باشووری کوردستان بۆ کوردان دانەمەزراوە، بەڵکوو بۆ سوپای تورکیا دامەزراوە، گشتپرسیی هەرێمیش بە دەستی دەوڵەتی تورک وەرگەڕایە سەر نۆژەنکردنەوەی داگیرکاریی.

نۆژەنکردنەوەی داگیرکاریی ناوی نوێی پاکتاوی گەلی کوردە!

ئێمە بەردەوامین، پەیوەندیی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا و ئێران لە ساڵی ١٩٦٥ـەوە دەست پێ دەکات و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، پەدەکە لە هەموو سەردەمەکاندا بووەتە پاڵپشتیی ئێران و ئێراق و تورکیا: هەم کاری بۆ کردوون و هەمیش هێزی ئەو دەوڵەتانەی دژی پارتە دژبەرە کوردییەکانی خۆی بەکار هێناوە، بەم نۆژەنکردنەوەیەش ئێش و ئازاری کوردان بە سەختیی بەردەوامە.

لە تورکیاوە بۆ ئەورووپا دەوڵەتی تامپۆن سەت ساڵ تەمەنێتی، هەرێمی فیدراڵی باشووری کوردستانیش بۆ کوردان ٣٠ ساڵی تەمەنی ئەم هەرێمە تامپۆنەیە، تامپۆن هێشتنەی دۆخی کورد و تراژیدیای ناو تراژیدیاکانە، ئەمەش لەڕەگدەرکێشانی کرۆکی کوردایەتییە، ئەکتەرەکانی هەرێمی تامپۆن وێنەی نوێی داگیرکاریی کوردستانن. سا لەم سۆنگەوە موعجیزەی پەکەکە گرنگە، هیوایە بۆ پاشەڕۆژی کوردستان و دەستنیشانکردنی ئاسۆی نوێیە.

هـ . ب