نەورۆز رۆژی گەل و گەریلایە
نەورۆز پێناسەی ئیرادەیەكە و وەرچەرخانێكی نوێیە. رۆژی ئیرادە، ئیرادەی پەیامی ئازادی. رۆژی هەڵوێست و خرۆشانە. پەیامی خۆناسین و داناسینە. پەیامی ڕووناكی رۆژ و كۆتایی پێهێنانی مێژوویەكە لە ژێردەستەبوون و دەستەمۆ كراو بوون دا.
نەورۆز پێناسەی ئیرادەیەكە و وەرچەرخانێكی نوێیە. رۆژی ئیرادە، ئیرادەی پەیامی ئازادی. رۆژی هەڵوێست و خرۆشانە. پەیامی خۆناسین و داناسینە. پەیامی ڕووناكی رۆژ و كۆتایی پێهێنانی مێژوویەكە لە ژێردەستەبوون و دەستەمۆ كراو بوون دا.
هێمایەك لەقارەمانییەتی، پێلانێك بۆ دوارۆژ و پێناسەیەك بۆرۆژی نوێ، نەورۆز رۆژی سەركەوتن و پیرۆزی، رۆژی شایی و هەڵپەڕكێ، رۆژی ئەوین و سەربڵندییە. لە فەرهەنگ و دیرۆكی هەر گەل و نەتەوەیەكدا رۆژێك وەك سیمبۆلی سەركەوتن و سەرفرازی بوونی هەیە. هەر ساڵە لەو رۆژەدا ئەو گەل و نەتەوانە بەشێوەیەكی جەماوەریانە ئەو رۆژە بەمەراسیم و چالاكی جۆراوجۆر، بەرزی و بەشكۆدارییەوە ڕادەگرن. نەورۆز رۆژی نوێ، رۆژی نۆێكردنەوەی پەیمان، سۆز و هەستە. رۆژی سەرهەڵدان و نوێبوونەوە و بۆنیادنانە، رۆژی تۆڵە و وەرچەرخان و راپەڕینە، نەورۆز، رۆژی بەرەنگاربوونەوە و داپاچین وهەڵپاچین و بنەبڕكردنی تۆوی گیای هەرز و مرۆڤی زۆردار، داگیركەرە، دژە چاند و دژە حەقیقەتی كۆمەڵگەیە. نەورۆژ، رۆژی ژنە، رۆژی دایكە خوداوەند ستێرك وهۆمبابایە، رۆژی ژیانەوە و چەكەرەسەندن و گەشەوباڵاكردنە. رۆژی هیوا و بەباربوونی ئاواتەكانە. نەورۆز، رۆژی سەرلەنوێ پەل و پۆكردنەوە و پێشەنگایەتی ونوێنەرایەتی كردنی حەقە و وەستانەوە بەرووی ناحەقە. نەورۆژ، رۆژی خۆ تەیاركردن و گۆڕج وگۆڵ وخۆشەتەكدانە و شێرانە روو لەگۆڕپانەی جەنگە. نەورۆز رۆژی جاڕدانی و رۆژی نەفیری عام و هەڵدانی بەیداخی كەسك و زەرد و سوورە.
نەورۆز رۆژی هاوپەیمانی بەستنی ئازادیخوازان و ئەویندارانی ئاشتییە، رۆژی تواندنەوە و شێوەدانە بەژیانێكی نوێ و داگیرسانی ئاگری ڕووناكییە. نەورۆز رۆژی داگرتن و داخستنی زاڵمانە لەسەر ئەریكەی هێز و دەسەڵاتە. نەورۆز پێناسەی ئیرادەیەكە و وەرچەرخانێكی نوێیە. رۆژی ئیرادە، ئیرادەی ئازادیی و پەیامێكە. رۆژی وەستانەوە و خرۆشانە. پەیامی خۆناسین و داناسینە. پەیامی رووناكی رۆژ و كۆتایی پێهێنانی مێژوویەكە لە ژێردەستەبوون و دەستەمۆ كراو بوون دا. نەورۆزهاوچەشنی سێڵاو و لافاوە، هەرچی خراپەیە رادەماڵێت، مزگینی هاتنی بەهار و سەوزایی و زیندووبوونەوە و ژیانە.
نەورۆز دەنگی هاواری مەزڵوومان و گەلێكی تینووی ئازادی و سەربەستیە. نەورۆز دەنگی سۆزی دایكە كە پڕبەگەرووی دەنگی هەڵدەبڕێت. ڕۆژی بەرخۆدانی گەریلایە، نەورۆز رۆژی زۆرانبازی مرۆڤی باڵایە لەگەل تاریكی وچل جەردەی خوێنخۆاردا. نەورۆز رۆژی ژیانەوە و سەرلەنوێ لەدایكبوونەوەیە بەتیشكی ڕووناكی خۆر و فەلسەفەی ئازادی ئەهورایی رێبەر ئۆجەلانە. رۆژی واتا و بوون و هەستە. رۆژی ویژدانی ئازاد و شكاندنی لمۆزی نەیارانی داگیركەر و لەئامێزگرتنی ئەشق و خۆشەویستی گەلە بۆ خاك، بۆ ئاو، بۆ هەوا. نەورۆز رۆژی هەڵمەتبەری وڵاتپاریزە بەهەستی نیشتمانپاریزی و دەربڕینی گەلی كوردە بۆ دایكە نیشتیمان. رۆژی دەركەوتنی پەلكە زێرینە و تیرێژ و كازیووەی بەرەبەیانی كوردستانە. نەورۆز، بریتییە لە رۆژێكی نوێ، میژوویەكی نوێ و ژیانێكی نوێ بەهرزێكی نوێ. نەورۆز، فەلسەفەی زەردەشت و كاوەی هاوچەرخ، مەزلووم دۆغانە.
نەورۆز، رۆژی زیندووبوونەوەیە، نوێبوونەوەی رۆح و پردی كچانە لە لۆرستان و هەیبەتی چیای داوود وهیبەت سۆڵتانە. نەورۆز سەرەتای ژیانێكی نوێ و كۆتایی نەهامەتیەكانە. نەورۆز پارێزگاریكردنە لەشوێنگەی ژیانەوەی مرۆڤ، چیای جودییە. نەورۆز، رۆژی دوازدە سوارەی مەریوان و تاقەوسانی بێستۆن و ئاناهیتای كرماشان و فەخرەقای مەهابادە. رۆژی رابوونی بەحری كەسرا و زائینی گۆلی ورمێیە. نەورۆز، بەهاری ئازادی گەلی كورد و نەمانی داگیركەرانە. هۆنراوەكەی پیرەمێردی نەمر و دەنگە بەسۆزەكەی زیرەكە. نەورۆز، رۆژی سەركەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە. نەورۆزی ئەمساڵ، نەورۆزی رێبەر ئاپۆیە. نەورۆز ئاوێزانبوون و گڕبەردانە لە نەفرت و دووبەرەكی وچەند دەستەیی و پەرتەوازەییە. نەورۆز، رۆژی یەكگرتنی گەلانە. رۆژی ئاشتبوونەوە مرۆڤ و سروشتە. رۆژی بۆنیادنان و ئاوەدانی و سازانە.
وەرن با بەیەكەوە، نەورۆزی ئەمساڵمان(2724) بەرۆحی تێكۆشانی هاوچەرخ، تینی ئاگری جەستەی مەزلوومان و كاوەكانی هاودەم، لەناخماندا ئاگرێك بەرپا كەین و رووبكەینە لووتكەی چیاكانی كوردستان و هاوشانی گەریلاكانی ئازادی بەرۆحی سەركەوتن، نەورۆزمان پیرۆز بكەین.
زۆرن ئەو كەسانەی هەوڵدەدەن پیرۆزیەكانمان بشێوێنن. یەك لەو هەوڵانەش شێواندن و بەلارێدابردن و تەم و مژ خستن سەر راستینەی نەورۆزە. هەندێ كەس و ناوەند و هێز هەوڵدەدەن، نەورۆزەكەمان تەنیا وەك رۆژێكی بەهار و تۆاندنەوەی بەفر و بەستەڵەكی زستانە و شكاندنی سەرما و گەرمبوونی زەوی و چرۆكردنی دار و هاتنی وەرزێكی ساڵ پیشان بدەن و وەها سەیری ئەم دەستكەوتە مێژووییە دەكەن و دەیانەوێت نەورۆز لەناوەڕۆكەی راستیەكەی خۆی كە پەیامێكی سیاسی، رێكخستنی، هزری و ئایدئۆلۆژی و پاراستنییە داماڵن.
هەندێ كەسایەت و لایەنی دیكەش بەچاوێكی نەتەوەپەرستیەوە سەیری نەورۆز دەكەن و دەیانەوێت بەلۆژیكی نەتەوەگەرایی سەرمایەداری واتا بدەنە ئەم سیمبۆل و چاندە هەزاران ساڵەی گەل. لەحاڵێكدا نەورۆز پەیامەكەی، پەیامی یەكگرتنی گەلان و مەزلوومان و ئەو چین و توێژە ئازادیخوازانەیەبە درێژایی مێژوو تینۆی سەربەستی و ئازادین. ئەم گرووپەش هاوشێوەی گروپی یەكەم؛ پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوژیانی گەلان بەلاوە دەنێن و بەهۆی لۆژیك و ئەقڵییەتی سەردەستی و دەسەڵاتدارییەوە سەیری نەورۆز دەكەن.
نەورۆز؛ چاندە. چاندی ئەو گەلەیە ژێردەستەبوون و ملكەچبوون پەسەند ناكات. نەورۆز مێژووە. كەس ناتوانێت ئەو مێژووە بەلارێدا ببات. نەورۆز ژیانە. ژیان هیچ كات، درۆ و دووروویی و زۆرداری هەرس ناكات. نەورۆز بەشێكە لەمێژوو و چاند و ژیانی گەلی كورد. ئەگەر دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان دەیانەوێت بەهەموو رێ و رێبازێك ئەو رۆژە پیرۆزە كە وەك نرخ و بەها و دەستكەوتێكی لەمێژیینەی گەلی كوردە قەدەغە بكەن و لەهزر و زیهنی دا بسڕنەوە، بەهۆی گرنگی و بەنرخی ئەو رۆژەیە و واتاكەیەتی. دەبێت ئەوەش لەبیرنەكەین؛ مرۆڤ كاتێك باس لەحەقیقەت و راستیەك دەكات، ئەوە بەواتای دژایەتی كردنی بەرامبەرەكەی نییە. چونكە نەورۆز لەگەوهەری خۆیدا پەیامی پێكەوەیی و یەكگرتوویی گەلانە. بۆیەش نەورۆز، رۆژی هاودەنگی و هاوئاوازی و هاوپشتی و یەكگرتنی گەلانە لەبەرامبەر بە زۆحاكانی هاوچەرخ و گڕتێبەردانە لەتاریكی.