پەدەکە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دژی شەنگال پیلانێکی نوێ دەگێڕێت

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەستلەکارکێشانەوەی فارس بریڤکانی پەسەند کرا و پەدەکە بۆ ئەوەی بتوانێت لەبارەی شەنگالەوە قسەی هەبێت و بریار بدات، ئەندامێکی شەنگالی خۆی لە جێگەی ئەو دەنێرێتە ئەنجومەنەکە.

لە هەڵبژاردنی ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق پەدەکە لە شەنگال گورزی گەورەی بەرکەوت و نەیتوانی هەیچ کورسیەک لەو شارە بە دەستبهێنێت. هەربۆیە مافی قسە و دەرکردنی بڕیار لە سەر شەنگالی لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لەدەستدابوو.

باس لەوەدەکرێت، پەدەکە بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی دیکە خۆی بە سەر شەنگالدا بسەپێنێت، لە ناو ئەنجومەنی پارێزگادا دەستی بە فرت و فێڵ و پیلانگێڕی کردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە چوارەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەندامی پەدەکە فارس بریڤکانی دەستیلەکارکێشاوەتەوە و دەستلەکارکێشانەوەکەشی قەبوڵ کراوە.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەکان لە کاتی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێکی ئەنجومەن، لیستەکەی دەتوانێت لە بری ئەو کەسێکی دیکە دابنێت و بەم پێیەش پەدەکە دەیەوێت جەمال خدەری شەسۆ لە بری فارس بریڤکانی بنێرێتە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا.

جەمال خدەری شەشۆ لەبەر ئەوەی شەنگالیە، دەوترێت کە پەدەکە دەیەوێت لە رێگەی ئەوەوە دەست لەکاروباری شەنگال وەربدات و خۆی بەسەر شەنگالدا بسەپێنێتەوە.

هـ . ب