وتار

پەدەکە لەناو بەرداشی هەڵبژاردن و دیموکراسیدا

هەموو ئەگەرەکان پێمان دەڵێن پەدەکە وەک پیاوێکی پیری کەنەفتی کەوتوو لەسەر جێگە، مردنی نزیکە، ئەمەش ڕاستییەکە کە دەرئەنجامی هەڵەی سیاسەت و کارەکانی ڕابردوویەتی هەم لە ناوخۆی بنەماڵە و حیزبەکەی هەم لە کوردستان.

هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراسی بە مانا ڕاستەقینەکەی بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگەیە نەک بەو وێنایەی کە دەوڵەتانی سەرمایەدار بۆخۆیان کردۆتە چەترێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە کاتێکدا بانگەشەی دیموکراسیەت دەکەن کەچی  پشتیوانی شەڕ و نائارامی وڵاتانن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و چاویان لە ئاست تەواوی کۆمەڵکوژییەکان کوێرە ئەمانە وایکردووە دیموکراتی ببێتە شتگەلێکی ڕووکەش و گاڵتەجار.

هەمان وێناش بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەشێوەیەکی ئەقڵانی دروستە ئەگەر لە کاریگەری سۆز و دژبەری دورکەوینەوە دەتوانین ئەو ڕاستییەمان بۆ دەربکەوێت کە دیموکراتی تەنها کلکێکە بۆ ڕووکەش دەنا لە ڕاستیدا بونی نییە بەجۆرێک پەدەکە وا لێکردووە وێنایەکی جیاوازتر بۆخۆی دروستبکات کە تەنها بەشێکی کەمی ناو پارتەکە و بنەماڵە خۆی باوەڕی پێی هەیە ئەگەرنا لە ڕاستیدا لەناو کۆمەڵگەی باشوری کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئیقلیمی جگە لە تورکیا پەدەکە وەک پیاوێکی خانەنشینی کەنەفتی سەر جێگە تەماشا دەکەن و دەیانەوێت دڵخوازی خۆیان لەناو بنەمالەکەدا بکەنە جێگرەوەی.

هەر ئەمەش وایکردووە پەدەکە و بنەمالەی بارزانیش بکاتە دوو باڵ، بەجۆرێک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن بکرێت چونکە تێگەشتووە لەوەی ڕەنگە ئەو دڵخوازەی سیستمی سەرمایەداریبێت کە دەکرێتە جێگرەوە، لەولاتریشەوە مەسرور بارزانی و باوکی لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن نەکرێت چونکە دەزانن خۆریان بەرەو ئاوابون دەچێت چونکە ڕێگا کۆنەکانی هەڵبژاردن بۆمانەوە لەدەسەڵات ئێستا کوێرکراونەتەوە وگۆڕانکارییەکانی ناوچەکە شتگەلێکی تر دەخوازێت، بۆیە ئێستا دەستیان گرتووە بە چڵە پوشەکەوە و چەند سیناریۆیەکیان ڕەنگە ئامادەکردبێت چونکە فەلسەفەی پەدەکە هاوشێوەی مناڵی ڕقاوییە ئەوەی بۆ خۆی نەبێت نابێت بۆکەس ببێت.

پێدەچێت پەدەکە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ففتی بە ففتی چونکە ئەو حیزبە هەمیشە لە قاڵبی کلاسیکیدایە و ناتوانێت خۆی نوێبکاتەوە بۆیە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەرەتا بۆئەوەی مافی چارەکەسەدەیەکیتری دەسەڵات بۆخۆی بنیادبنێتەوە کە ئەمە خەیاڵپڵاوە و ئەمریکا و ئەوروپا و ئێران لەوەتێگەشتون پەدەکە چ مەعدەنێکە.

یەکێکیتر لە سیناریۆکان دروستکردنی شەڕ و ئاڵۆزییە لە هەرێمی کوردستاندا کە بۆ ئەمەیان پەدەکە ئەندازیارە و ئەمەش هەم لە بەرژەوەندی ئاغاکەیەتی کە ئەردۆغانە و ڕێنیشاندەری هەمشەییەتی و ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان و کۆتای هێنان بە قەوارەی هەرێم لە لایەکی تریشەوە ئاڵۆزییەک دروست دەکات بۆئەوەی بڵێت دۆخەکە لەبار نییە بۆ هەڵبژاردن کە ئەمەیان ئەگەری زۆرترە چونکە ئێستا کە مەترسی لەسەر بنەماڵەکەیە هاوشێوەی دووپشکەکە و بەچکەکانی مامەڵەدەکات کە چواردەوریان بە ئاگر گیرابوو.

هەموو ئەمانە دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییە کە پەدەکە ترسێکی زۆری لە هەڵبژاردن هەیە چونکە بۆ خەڵک ئەو ڕاستییە ئاشکرابو کە ئەو قسەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرتبو کە دەوترا "پەدەکە لەگەڵ سینیش هەڵبژاردن بکات هەر پەدەکە دەیباتەوە " چونکە پەدەکە هەمووانی کردببوە پلەی پەیژە بۆ سەرکەوتنی خۆی بەڵام ئێستا و ئەوسا زۆر جیاوازە هەڵەکانی پێشووی پەدەکە، نەبونی ستراتیژی سیاسەتکردن و خۆفەرزکردن و خزمەت نەکردنی هاوڵاتیان و بڕینی قوتی هاوڵاتیان و تەنانەت کادر و ئەندامەکانی خۆی، حساب نەکردن بۆ ڕای یەک بەشەر، وایکرد کەیسی تاوانەکانیان بچێتە دادگای فیدڕاڵی ئەو ئەمریکایەی کە خودی پەدەکەی گەیاندە ئەو پلەو مەقامە.

بۆیە ئێسا پەدەکە چاوەڕێی عاسا سیحراوییەکی حەزرەتی موسایە لەو گێژاوە ڕزگاریبکات بەڵام مەحالە چونکە هەموو ئەگەرەکان پێمان دەڵێن مەرگی پیاوە کەنەفتەکەی کەوتوو لە سەر جێگە نزیکە، ئەمەش ڕاستییەکە کە دەرئەنجامی هەڵەی سیاسەت و کارەکانی ڕابردوویەتی هەم لە ناوخۆی بنەماڵە و حیزبەکەی هەم لە کوردستان و دەرودراوسێ و جیهانیش ئێستا پەدەکەیان قبول نییە چونکە نە لەبەرەی گەلەکەیەتی نە لە بەرەی سیاسەتی ئەواندایە، بەڵکو خۆی لێبۆتە شتێکیتر کەتەنانەت ئەو دیموکراتیەی کردویەتی بە کلک نەتوانێت وێنەکەشی جوان بکات.

هـ . ب