پەدەكە و بارزانی ئەسپی تروای كورد... بەڵام!!

"وەك ئەوەی بارزانی خۆیشی دانی پێدا نا كە ئامانجیان لەریفراندۆم، سەربەخۆیی یاخود جیابوونەوە لەعێراق نییە. شتێكی راست بوو. بارزانی و پەدەكە هێڵی نەیاری كوردن كە لەلایەن داگیركەرانی دوێنێ و ئەمڕۆی كوردەوە ئاراستە دەكرێن."

ساڵی ٢٠١٧ هەرچی دەچوو، هێزەكانی سوریای دیموكراتیك بەبەرخۆدان و تێكۆشانی خۆنەویستانە و گیانبازیانەی خۆیان بەرەو قەڵا ترسناكەكەی داعش و پایتەختی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام نزیك دەبوونە و رۆژبەرۆژ سەركەوتن و پێشڕەوییان تۆمار دەكرد. رووخانی قەڵاكەی داعش و خەلافەتەكەی لەسەر دەستی شەرڤانانی ئازادی كە پەروەردەی بیروهزری رێبەر ئاپۆ بوون لەرۆژئاوا و باكوری سوریا، ترسی خستبووە دڵی نەیارانی ئازادی و بەتایبەتی هاوپەیمان و هاوكارانی داعش بەتایبەتی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەند دەوڵەتێكی هەرێمی و پەدەكە و بنەماڵەی بارزانی.

لەناوچوونی داعش و خەلافەتەكەیان لەكاتێكی وەها زوو، بەبێ ئەوەی ئەوان بەتەواوەتی بەئامانجەكانیان بگەن، وەك دۆڕانێك بوو بۆ ئەوان، بۆیە بەپەلە بەڕێگەی پەدەكە و بارزانی لەهەرێمی باشوری كوردستان بابەتی ریفراندۆمیان كردە رۆژەڤی كوردان و ئاڵای ریفراندۆمیان دایە دەست بارزانی.

لەساڵی ٢٠١٧ ئەو رووداوە بەچەشنێكی تر دووبارە بوویەوە، كاتێك دامەزرێنەرانی راستەقینەی دەوڵەتی تورك و حكومەتەكەی ئاكەپە ـ مەهەپە و ئەو دەوڵەتەی تر لەهەرێمەكە بینیان شەرڤانانی كورد"ژنان و پیاوان" كە بڕبڕەی پشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتیكن نزیكن لەتەفروتونا كردنی گەورەترین گروپی چەتە لەسوریا و عێراق و هەموو جیهان و دوژمنی مرۆڤایەتی، بەپەلە بارزانی و پەدەكەیان وەك كارتێكی سیاسی لەناوچەكە لەبەرامبەر بەگەلی كورد و بەتایبەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و فەلسەفەی ئازادی رێبەر ئاپۆ خستە جووڵە و ریفراندۆمیان وەك ئاڵای رزگاری بۆ كوردان لەعێراق زەق كردەوە و وەك لەراگەیاندنە نافەرمیەكانیشدا بڵاوكرایەوە، ئەو لایەنانە سوێندی ئەوەیان بەبارزانی و پەدەكە دابوو كە ئەگەر ریفراندۆم بكەن، ئەوا ئەوان رێگە بەدەوڵەتانی داگیركەری سەر كوردستان نادەن پەلاماری باشوری كوردستان بدات و بەفڕۆكە، ئاسمان و زەوی هەرێمی باشوری كوردستان و دەسەڵاتەكەی دەپارێزن، ئەوەش بۆ هەڵخەڵەتاندنی رای گشتی و شەقامی كوردستانی بوو. بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پیلانە، بارزانی دەبوو لایەنە سیاسیەكانی تری بەشدار لەحكومەتی هەرێم رازی بكات. بۆیە كەوتنە دانوستان و بەپەلە پڕوزكێ ریفراندۆمەكەیان لە٢٥\٩\٢٠١٧ بەخەڵكی باشوری كوردستان كرد و قوڕێكی خەستیان بۆ گەلەكەمان بەگشتی گرتەوە.

وەك ئەوەی بارزانی بەخۆشی دانی پێدا نا كە ئامانجیان لەریفراندۆم، سەربەخۆیی یاخود جیابوونەوە لەعێراق نییە. شتێكی راست بوو. بارزانی و پەدەكە هێڵی نەیاری كوردن كە لەلایەن داگیركەرانی دوێنێ و ئەمڕۆی كوردەوە ئاراستە دەكرێن. هیچ ئامانجی بارزانی و پەدەكە رزگاری و سەربەخۆیی گەلی كورد و كوردستان نییە. بارزانی و پەدەكە؛ خاوەن ئەقڵ و لۆژیكێكی وەها نین كە بتوانن كارێك بۆ كوردان بكەن، بەدەر لەماڵوێرانی و كۆچبەری و كۆمەڵكوژكردن.

بۆچی ئەوانە دەڵێم، چەند هۆكارێكی خۆی هەیە، ئێستاكەش كەشێكی وا لەكوردستان و ناوچەكە و جیهاندا رۆژەڤە كە هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٧یە. بۆیە دەوڵەتی داگیركەری تورك و گروپە چەتەكانی داعش و ... هتد و ئەو دەوڵەتانەی هەرێمەكە باسیانمان كرد بە بەكارهێنانی پەدەكە و بارزانی دەیانەوێت بەهاوكاری زلهێزە جیهانیەكان هێرشی بزوتنەوەی ئازادی گەلی كوردستان بەپێشەنگایەتی پەكەكە و گەلی كورد بكەن. بەڵام بۆ ئەوەی باش ناوەڕۆكی بابەتەكە بگەین. دەبێت هەندێ لەئامانجەكانی ئەو ریفراندۆمەی بارزانی بۆ گەلەكەمان و رووناكبیران و مێژوو روون بكەینەوە.

ساڵی ٢٠١٧ ئیدی هەموو جیهان ئازایەتی و قارەمانیەتی شەرڤانانی ئازادی بەتایبەتی ژنانی جەنگاوەر كە لەسەر فكر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ خۆیانیان بونیاد نابوو، ببوونە رۆژەڤی هەموو رای گشتی جیهان و مرۆڤایەتی، بەتایبەتی تر كاتێك ترسناكترین گروپی چەتەی وەك داعشیان لەكۆبانێ و حەسەكە و شەنگاڵ و سەرێكانی و تلتەمر و حەلەب و زۆر شوێنی تر و لەهەمووشی گرنگتر نزیكبوون لە كۆتایی پێهێنان بەخەلافەت و دوا قەڵای داعش (باخۆز) بهێنن. واتا هەم شەرڤانانی كورد و هەم فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ و هەم گەلی كورد دەبوونە رۆژەڤی رای جیهانی. لەبەر ئەوەش كارتی ریفراندۆمیان بەرێگەی بارزانی و پەدەكە خستە رۆژەڤ كە گوایە بارزانی دەیەوێت دەوڵەت بۆ كوردان دامەزرێنێت و بیانگەینێتە سەربەخۆیی.

لەهەرێمی باشوری كوردستان، ئیدی تەڵەكەبازی سیاسی، لایەنەكان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی دەسەڵاتی بارزانی بێ ئەنجام بوو و كورسیەكەی بارزانی ببووە، رۆژەڤی هەموو لایەك و بارزانی دەیویست بەكارتی سووتاوی رەشنووسێكی كۆنی ئامادەكراوی دەستووریی بۆ هەرێمی باشوری كوردستان، كورسی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ دوو خولی تر"هەشت ساڵ" قۆرخ بكاتەوە. بەڵام ئەوە سەری نەگرت و لەناو كۆڵان و شەقامی سیاسی كوردیدا ریسوا و سەرشۆڕ ببوو.

ئامانجی تری ریفراندۆمەكە؛ هەناسەدان و زیندوو هێشتنەوەی داعش و هاوبیرانی ئەو گروپە چەتەیە بوو. چونكە ئەو هێزانە داعشیان بۆ لەناوبردنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد كە لەسەر بیروهزری رێبەر ئاپۆ بەدەستهاتبوون، بەكاردەهێنا.

كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان هەم لەناو كوردان و هەم لەسەر ئاستی جیهانی ببووە رۆژەڤێكی گەرم و ریسواكردنی و دادگایی كردنی ئەو كەسانەش كە بوونە هۆكاری كۆمەڵكۆژی گەلی ئێزیدی بابەتێكی تر بوو كە پەدەكە و بارزانی و دەوڵەتی تورك و ئەو هێزانەی تری توڕە و نیگەران كردبوو. چونكە هەر ئەو هێزانە لە ئۆردن لەگەڵ داعش هاوپەیمانیان رێككەوتنیان واژۆ كردبوو.

گەلی كورد بەگشتی ئەو قەناعەت و باوەڕەیان تێدا دروست ببوو كە تاكە هیوایان پەكەكە و رێبەر ئاپۆ و شەرڤانانی ئازادیە كە بتوانن روومەت و كەرامەتیان بپارێزن و مافەكانیان دەستەبەر بكەن. ئەمەش هیچ كام لەو هێزانە خۆشیان لێی نەدەهات. هەر لەو كاتەوە گۆشەگیری لەنێو گۆشەگیریان لەسەر رێبەر ئاپۆ لەئیمراڵی سەپاند و هەموو چاوپێكەوتنێك لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی لێ قەدەغەكرا و رێگەیان نەدا ئاخاوتنێكی بۆ دەرەوەی ئیمراڵی بگوازرێتەوە.

لەلایەكی تر لەباكوری كوردستان لەو ساڵانەدا شەڕی شۆڕشگێڕی گەل و دامەزراندنی خۆبەرێوەبەری گەل ببووە رۆژەڤ و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و حكومەتی ئاكەپە و دەوڵەتی تورك بەگشتی لەناو شەڕێكی دەستەویەخەدا بوون. هەمانكات حكومەتی ئاكەپە و مەهەپە بۆ ئەوەی لەیاسای سەرۆكۆماریدا گۆڕانكاری بكەن، پرۆسەیەكی ریفراندۆم لەئارادا بوو.

خاڵێكی تر كە دەبێت، ئاماژەی پێ بكرێت لەرۆژهەڵاتی ناوین، هەم دەوڵەتانی عەرەبی و زۆرێك لەدەوڵەتانی ئیسلامی و لەناودا ئێران هەمیشە بەچاوی گۆمانەوە سەیری دەوڵەتی ئیسرائیل و گەلی یەهودیان دەكرد و بەچاوێكی دوژمنكارانە لێیان دەڕوانین. بەڵام لەسەروبەندی ٢٠١٦ - ٢٠١٧ پەیوەندی دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ زۆرێك لەوڵاتانی عەرەبی تا ئاستێك ئاسایی بوویەوە و پرۆژەی ئیبراهیمی كە لەم دوایانە لەنێوان ئیسرائیل و هەندێ لەوڵاتانی عەرەبی بووە رۆژەڤ، ئەنجامی ئەو هەوڵانە بوو لەو ساڵانە دەستی پێكرا.

بابەتێكی تر، پەیوەست بە نەوت و گاز و كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی باشوری كوردستان و حكومەتی ناوەند بوو. ئابوری سەربەخۆ و هەڕاجكردنی نەوتی هەرێم و رێككەوتنی كۆمپانیا نەتەوتیەكان و سكاڵای یاسایی حكومەتی ناوەند لەبەرامبەر بەهەرێم بۆ بەتاڵان بردن و دزینی نەوتی عێراق، هێدی هێدی بارزانی و پەدەكە و توركیای تەنگاو دەكرد. ئەوانە تەنیا چەند هۆكارێك بوون كە بارزانی و دەوڵەتی تورك و دەوڵەتێكی تری هەرێمی بۆ بەلارێدا بردنی ئەو كێشانە و لەناوبردنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد و كوردستان، ریفراندۆمیان لەباشوری كوردستان بەرێوە برد و ئەمجارە كورد بەگشتی وەك مەترسی بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لێكدرایەوە و ئیسرائیل لەرۆژەڤ كەوت.

با ئەوەش لەبیرنەكەین، لەو كاتە لەرۆژئاوای كوردستان و باكوری رۆژئاوای سوریا، سیستەمی خۆبەرێوەبەری دیموكراتیك، ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتیك و هێزەكانی سوریای دیموكراتیك بەرێوەبەرایەتی هەرێمەكەیان گرتبووە دەست و هەرێمەكەیان لەنێو ئەمن و ئاسایشدا بوو و سیستەمەكەش لەزۆرینەی ناوەندە جیهانیەكان هێدی هێدی دانی پێدا دەنرا و رەوایەتی خۆی بەدەستهێنابوو. ئەوەش جارێكی تر بەگوێرەی ئەو هێزانە بوو كە پیلانگێڕی نێونەتەوەییان لەبەرامبەر بەرێبەر ئاپۆ و گەلی كورد بەڕێوە برد.

ئێستاكەش جارێكی تر دۆخەكە بەتەواوی هاوشێوەی ٢٠١٧ نەبێ، بەڵام كۆمەڵێك فاكتۆر و هاوسەنگی سیاسی، سەربازی، ئەمنی، بەرێوەبەرایەتی، رێكخستنی و ...هتد لەئارادان كە ئەو هێزانە دەیانەوێت، پیلانگێڕیەكی هاوشێوە بەهاوكاری هێڵی خیانەت"بارزانی و پەدەكە" لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و رێبەر ئاپۆ و گەلی كورد بەگشتی بەڕێوەبەرن. ئەو پیلانگێڕیەش هاوشێوەی پیلانگێڕی ریفراندۆمەكەی بارزانی لایەنی خۆی هەرێمی و لایەنی نێودەوڵەتی لەپێشە.

بەپێی ئەو ترافیكە دیبلۆماسییەی لەئارادایە، لەم چەند مانگەی دوایی دەوڵەتی داگیركەری تورك بەهۆی ئەو زەبرانەی لەسەردەستی گەریلاكانی ئازادی لەئۆپەراسیۆنەكانی بۆ سەر هەرێمەكانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا و گارێ بەری كەوتووە. سەرەڕای بەكارهێنانی هەموو چەك و چۆڵ و تەكنەلۆژیای شەڕی وڵاتانی ناتۆ و ئەمریكا و ئەوروپا و بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی تاكتیكی و چەكی كیمیایی نەیتوانی بگاتە ئەو ئامانجانەی پلانیان بۆ كردبوو. بۆیە ئێستا پەنای هێناوەتە بەر رژێمی ئێران و عێراق و ناتۆ و ئەمریكا و چەتەكانی داعش و پەدەكە و بارزانی. تەنیا لەماوەی دوومانگدا زۆربەی بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی تورك سەردانی بەغدایان كردوە و وا بڕیارە لەمانگی نیسانیشدا رەجەب تەیب ئەردۆغانیش بەخۆی سەردانی بەغدا بكات. لەهەمانكاتدا بەدەیان جار لەگەڵ بەرپرسانی پەدەكە و بارزانیەكان كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانیەك لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان پێكبهێنن.

وێرای هەموو بانگەشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ ئەوەی ئیدی گەریلا ناتوانێت لەبەرامبەر بەئەرتەشی تورك و بەكرێگیراوان و گروپە چەتەكانی هاوشانی و میت و جەندرمەی تورك شەڕ بكات، بەڵام گەریلا تەنیا لەوەرزی زستانی ئەمساڵ گەورەترین زەبریان لە ئەرتەشی تورك لەو هەرێمانەی بەجێ بوونە دا و گەریلا لەسەردێڕی رۆژنامە و راگەیاندنە جیهانیەكاندا بوو.

رێبەر ئاپۆ سەرەرای ئەوەی لەگۆشەگیریەكی قورسی سیستەمی ئیمراڵیدایە و لەدنیای دەرەوە دابڕێندراوە و لەو تاوانەشدا؛ كۆمیتەی بەرگریكردن لەئەشكەنجەی سەر بەكۆنسەی ئەوروپاش"سی پی تی"بەشدارە، بەڵام رێبەر ئاپۆ لەنێو بەرخۆدانیەكی بێ وێنەدایەو نموونەشی لەمێژوودا بوونی نییە.

هەڵمەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی كورد كە لەلایەن دۆستان و رووناكبیران و كەسایەتی ئاكادیمی و چالاكوانانی مافەكانی ژنان و گەنجان و ئیكۆلۆژیست و چەپگەراكان دەستی پێ كردوە و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی و هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ لەدنیادا دەنگی داوەتەوە و زۆرینەی ئاكادیمسین و ناوەندە ئاكادیمیەكان و كەسایەتی سیاسی و رووناكبیر فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ وەك ئاڵتەرناتیو و چارەسەری پرسی كورد و پرسەكانی سیستەم و مرۆڤایەتی دەبینن و تەنانەت هەندێكیش بەماندێلای هاوچەرخ بەناوی دەكەن.

لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ئەو پارتانەی نزیك بوون لەهێڵی پەدەكە و بارزانیەكان لەگۆڕەپانەكە كراونەتە دەرەوە و تاكە حیزب كە ئێستا پشتی بەخۆی و گەلەكەی بەستووە و بەگوڕتر و بەتین تر لەگۆڕەپانی تێكۆشاندایە، پەژاكە زۆر كەس و لایەنی بێ هیواكردوە.

بارزانی و پەدەكە هەم لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی باشوری كوردستان و بەگشتی باشور و هەم لەسەر ئاستی عێراق سیاسەتەكانی فەشەلی هێناوە و بەپێچەوانەوە بەشێكی ئەو تەڵەكەبازیانەشی، وەك بوومڕەنگ لەخۆی گەڕاوەتەوە. بەتایبەتی لەپرسی هەناردەكردنی نەوت و بوودجەی هەرێم و مووچەی كارمەندان و یاسای هەڵبژاردنەكان و داهاتی حكومەت و پەیوەندی لەگەڵ هەندێ دەوڵەت كە بەپێی یاسای عێراقی تاوانە و بەخۆشیان بەشداربونە لەئەرێ كردنی ئەو یاسایانە. خۆی لەتەنگانەدا دەبینێت، ئەو هێزانەش سۆز و بەڵێنێكی وەهایان بەبارزانی و پەدەكە داوە لەئەگەری بەشداریكردنی راستەوخۆ و شەڕی پەكەكە بۆ لەناوبردن و تەسفیەكردنی ئەوا هاوكاری زیاتری بارزانی بكەن. ئەمە ئەو مەترسیەیە كە دەبێت رای گشتی و گەلی كوردستان و رووناكبیران و لایەنە سیاسیەكان بەئاشكرا بیبینن.

ئەو هێزە بەكرێگیراو و پیلانگێڕانە دەیانەوێت جارێكی تر پرسی رەوای گەلی كورد بە بەكارهێنانی پەدەكە و بارزانی بۆ دواوە بگەڕێننەوە و بەوشێوەیەش كوردان بێ پێشەنگ بهێڵنەوە. بۆیە دەبێت هەموو لایەك بزانن كە لەئەگەری زەبرخواردنی پەكەكە؛ هەم ئەو دەستكەوتانەی گەلی كورد بەتەواوەتی لەناو بچن و هەم كوردان لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی لەرۆژەڤ بخرێن. چونكە ئەو هێزانە دەیانەوێت هاوشێوەی گەلی فەلەستین، گەلی كوردیش كۆمەڵكوژ بكەن. بەشێك بەڕێگەی گروپە چەتەكان، بەشێك بەڕێگەی خودی دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان و هێڵی خیانەت و بەشێكیش بەدەستی زلهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان گەلی کورد قڕبكەن.

  هـ . ب