لە پێشبڕکێی دەوڵەتان لە سەر پەرەپێدان بە درۆن، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی لە کوێدایە؟

ئەو چەکە تازەیەی کە هەرەشە لە هەموو زیندەوەران دەکات، ساڵی رابردوو لە بازاری چەکدا پشکێکی گەورەی لە گرێبەستەکاندا بەرکەوت.

ئەو درۆنانەی کە بە ژیری دەستکرد بەرهەمهێنراون، لەبەرئەوەی وەک چەکێک لەناو سوپادا بەکار دەهێندرێت، لە ئێستاوە لە زۆرێک لە ناوچەکان ئەنجامی رووخێنەری هەبووە. فرۆکەی بێفرۆکەوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و لەم کۆتاییانەدا لە ئۆکرانیا زۆر بەکارهێندرا. هیچ  بەرپرسیارییەتێکی ئەخلاقی و یاسایەکی نێونەتەوەیی  بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفرۆکەوان  بوونی نییە.

بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شەڕدا پابەندە بە پەیمان و یاساکانی شەڕەوە. تا ئێستا گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕەهەندی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان وەک چەک لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان نەگەیشتووە بە ئەنجام. بەڵام وەک چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش پێویستی بە یاسایەکی تایبەت هەیە. بە بڕوای هەندێک کەس، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ڕوانگەی 'ئەخلاقی'ەوە دەتوانرێت قبوڵ بکرێت. هەروەها لەبەر ئەوەی کە لە بواری ئابووری و دەروونی سەربازەکان سود بە سوپا دەگەیەنێت بۆیە پشتیوانی لە بەکارهێنانی دەکرێت. بەڵام کاتێک وەک چەکێکی ئەتۆمی، کیمیایی و بایۆلۆجی بەکاردەهێندرێت، هەڕەشەیەکی گەورەیە لە سەر هەموو مرۆڤایەتی و ژینگەی ژیانی هەموو زیندەوەران.

لەم دۆسییەیەی خۆماندا هێرشەکان بە فرۆکەی بێفرۆکەوان هەلدەسەنگێنین کە لەم ساڵانەی دوایی دا دەوڵەتی تورک بەشیوەیەکی چڕ و پڕ، بە پێشێلکردنی هەموو یاساکانی شەڕ و مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بەکاری دەهێنێت. بەڵام گرنگە کە دەستنیشان بکرێت، هەرچەندە زۆر جار سەردانی پرۆفیسۆر و زانایانێکمان کردووە کە چاودێری ئەم دۆخە دەکەن، بەڵام زۆرێکیان نەیانویست سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان قسەبکەن. پارێزەرانی بەلجیکی سەلما بنخەلیفا و جۆرج هێنری بیۆزێر کە قسەمان لەگەڵدا کردوون، گلەیی لەم دۆخە دەکەن.

فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووە بە چەکێک لە دژی گەلان

سەرەتا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ مەبەستی سەربازی بەکارهێنران. بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنەلۆژیادا لە کەرتی مەدەنیشدا بڵاوبوویەوە. فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە سەرەتا بۆ وێنەگرتن و گرتە ڤیدیۆیی بەکاردەهێنرا، لە ئێستادا بۆ بواری کشتوکاڵ، بیناسازی، میدیا، تەندروستی، گەیاندنی بار و چەندین کەرتی دیکەدا بەکاردەهێنرێت.

بەڵام لەم سەردەمەدا بە چڕی لە بواری سەربازی، هەواڵگری، چاودێری، سیخوری و وەک چەکێک بەکاردەهێنریت. بەتایبەتی لە گۆرەپانەکانی شەڕدا لە ئاستێکدا بەکاردەهێنرێت کە بە ئاسانی یاساکان و مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکات، ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەی لێکەوتۆتەوە. دەوڵەتان لە دروستکردنی چەکی ئۆتۆنۆم و نیمچە ئۆتۆنۆمدا چوونەتە ناو پێشبڕکێیەکی گەورە. فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ڕووی سەربازییەوە بۆ دەوڵەتەکان بە مانای 'زیانی کەم و تێچووی کەم' دێت. فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان پێویستیان بە ڕێڕەوی فڕین نییە، دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەوادا بمێننەوە، بەپێی داواکاری دەتوانن لە ناوچەیەکی فراوان و تەسکدا ببن بە هۆکاری وێرانکاری، لەبەرئەوەی دەتوانن بۆمبی قورس هەڵبگرن. ئۆپەراتۆرێک، لەسەر کۆمپیوتەرێک، لە شوێنێک کە بە هەزاران کیلۆمەتر دوورە دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ئامێرەکە بکات و دەتوانێت مرۆڤ بکوژێت. وەک ئەوە وایە کە یارییەکی کۆمپیتەری بکەیت.

لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیا ژمارەیەکی مرۆڤی مەدەنی کوژراون

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا، ئێران، عەرەبستانی سعودی، هیند، چین و ڕووسیا هەندێکن لەو وڵاتانەی کە فرۆکەی بێ فرۆکەوان بەکاردەهێنن. لە ئێستا دا سوپای دەیان وڵات خاوەن فرۆکەی بێ فرۆکەوانی بۆمب هەڵگرن. دەوڵەتی تورکیش لەم ساڵانەی کۆتاییدا بەشداری بازاری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بوو. فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان تا ئێستا لە ئەفغانستان، پاکستان، یەمەن، سوریا، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، ئۆکرانییا، فەلەستین و زۆر ناوچەی تر لە شەڕدا بەکارهێندراون. بۆ نموونە پێش کشانەوە لە ئەفغانستان، ئەمریکا و بەریتانیا نزیکەی ١٠٠٠ جار بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان هێرشیان ئەنجامداوە. بەگوێرەی هەواڵێکی یۆرۆنیوز، ساڵی ڕابردوودا لە ئەفغانستان، سۆماڵ، پاکستان و یەمەن، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی کوژراون.

وڵاتانی تری وەک هاوپەیمانی  عەرەبی لە یەمەن زۆر فرۆکەی بی فرۆکەوانیان بەکارهێنا. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە ئاژانسەکاندا بڵاوکراونەتەوە، لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا بە هۆی هێرشەکانی فڕۆکەی بی فڕۆکەوان زیاتر لە ٨ هەزار هاووڵاتی مەدەنی یەمەن کوژراون. لە شەڕێ ئەم دواییانەی نێوان ئێسرائیل و فەلەستیندا ئیسرائیل بە شێوەیەکی چڕ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکاردەهێنێت.

فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە بۆمب هەڵگرەکان بوون بە بەڵا بۆ سەر گەلی کورد

یەکێک لەو هەڕێمانەی کە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان وەک چەکێک لە بەرامبەریدا بەکار دەهێندرێت کوردستانە. لەبەر ئەوی کە گەلی کورد وەک گەڵێکی بێ دەوڵەت لە نێوان سنووری چوار وڵاتدا دەژین، سکاڵا و ناڕەزایەتییەکانیان لەلایەن دامەزراوە نێونەتەوەییەکانەوە نابیسترێت. لەم ساڵانەی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک بە بیانووی 'ئاسایشی خۆی' لە سنوورەکانی تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێڕش دەکاتە سەر گەلی کورد. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا شەڕڤانانی کورد، زۆرێک لە خەڵکی مەدەنی و سیاسەتمەدارەکان گیانیان لەدەستداوە. نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەیدا دانی بەوەناوە کە خەڵکی سڤیل لەم هێرشانەدا کوژراون. بەڵام سەبارەت بەو پرسە هیچ هەنگاوێکی کرداری نەناوە. بە بێ ئەوەی کە ناوی دەوڵەتی تورک بهێنن لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانیان شەرمەزارکرد. بە بڕوای گەلی کورد هۆکاری ئەم کارە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن.