لە کاتی بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆوە، تاوەکو ئێستا حکومەتی ئاکەپە هیچ هەنگاوێکی نەناوە. وێڕای ئەمەش هەمیشە بە گوتنی "با پەکەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێت و دەستبەرداری تێکۆشانی چەکداری ببێت" لە فشارکردندایە. وێڕای ئەوەی زۆر باشیش دەزانن بەستنی کۆنگرەی پەکەکە تەنها بە بەشداری ڕاستوخۆی ڕێبەر ئاپۆ دەبەسترێت، دیسانەوە واز لەو قسانە ناهێنێت. هەرەوەها لە دژی ڕوحی ئاشتی و چارەسەری، گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە.
لە دەرەوە و ناخۆشدا حکومەت دەتوانی لەگەڵ هەموو کەسێکدا کۆببێتەوە. بۆ هەموو بابەتەکانیش دەتوانێت سوود لە پسپۆران وەربگرێت و دۆسییەی خۆی ئامادە بکات. بەڵام موخاتەبی لایەنەکانی دیکە وەک بارمتە دەگرێت. ئەم ڕێبازە نیشاندەری ئەوەیە حکومەت نیازی ڕاستەقینەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری نییە. مادام شەڕ کۆتایی دێت و چیتر دووژمنایەی لە ئارادا نەبێت، ئەوکاتە ئەم گۆشەگیری و بارمتەگرتنە چی مانایەکی هەیە؟ گەلی تورک و کورد زیاد لە هەزار ساڵە پێکەوە دەژین. ئەو کەسانەی دەڵێن وەرن پێکەوە خوشک-برایەتی بەهێز بکەین، بۆچی پەنا بۆ تاکتیک و بێماناکردنی سیاسی دەبەن؟ نازانرێت بۆچی پەنا بۆ ئەم ڕێبازە دەبەن. بەم هۆکارانەیە گەلی کورد متمانەی بە هەڵوێستی حکومەت نییە.
وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، ڕێبەر ئاپۆ بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێندرێت و پەکەکە هەڵبوەشێتەوە. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی مەزنە. لەم نێوەندەدا لایەنی سێهەم بوونی نییە. هیچ گرەنتییەک نییە. وێڕای هەموو ئەمانەش لە ئیمراڵییەوە هەنگاو دەنێت. بەڕێوەبەرانی دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی روون نانێن و خۆیان قورس دەکەن. لە لایەکی دیکەشەوە ڕێبازەکانی شەڕی تایبەتی دەروونی بەکاردەهێنن.
پێویستە پێشی ڕێبەر ئاپۆ بکرێتەوە. پێویستە لەگەڵ هاوڕێیان و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا کۆببێتەوە. پێویستە ڕای گشتی بۆ ئاشتی ئامادە بکرێت و لایەنە سیاسییەکانیش بەشداری پرۆسەکە ببن. پێویستە حکومەت هەلومەرجە پێویستەکانی ئەم دۆخە بڕەخسێنێت. دەبێت زەمینەی یاسای و سیاسی ئامادە بکرێت. کەچی هیچێک لەمانە نەکراون. پێچەوانەی ئەمانەوە هەنگاوگەلێک نراون کە لایەنە سیاسییەکان ژەهراوی دەکات و ئۆپۆزسیۆن بێ ڕۆڵ دەکات. جەهەپە بێ کاریگەر کرا، قەیوم بەسەر شارەوانی ئەستەنبوڵدا سەپێندرا، دەستبەسەر شارەوانییدا گیرا و ئیمام ئۆغلوو خرایە زیندانەوە. هەڵبەتە جەهەپە ڕایگەیاندبوو پشتگیری دەداتە چارەسەری. ئەمەش دەرفەتێکی مەزن بوو بۆ حکومەت. هەلومەرجەکانی ڕێککەوتنی نەتەوەی بۆ حکومەت دێنە ئاراوە. نەک تەنها جەهەپە، پارتە سیاسییەکانی دیکەش ڕاگەیاندراوی ئەرێنیان دا لەسەر پرۆسەکە. هەروەها ئەمریکا، ئەورووپا و چین و چەندین وڵاتی دیکە پشتگیری دەبڕا و ڕاگەیاندراوی ئەرێنی دران.
وێرای ئەوەی لە ناوخۆ و دەرەوشدا پشتگیری هەیە، کەواتا حکومەت بۆچی خۆی سەرقاڵ دەکات؟ ئایە پێویستە حیساباتی سیاسەتی ناوخۆی بکرێت؟ ئایا دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بۆ سەرۆککۆمار گرنگترە لە چارەسەرکردنی ئەم پرسە مێژووییە؟ ئەم پرسیارانە بە حەق دەوروژێنرێن و گومان لەسەر هەڵوێستی حکومەت دروست دەکەن. پاڵپشتی جەهەپە و پارت و دامودەزگاکانی تریش قازانجکردنێکی گەورەیە. ئەم سوودانە دەبێت بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێنرێن. بەڵام ئەردۆغان هێرش دەکاتە سەر جەهەپە.
پرسی کورد سەد ساڵە بوونی هەیە. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە شەڕ و ململانێ ڕوویانداوە. تێچووی ئەم قۆناغەی شەڕ زۆر قورسە. زیانە ماددی و ئەخلاقییەکانی ناژمرێدرێن هێندە زۆرن. دەوڵەت لەبری ئەوەی بەدوای ئەم پرسەوە بێت، ڕووی سوپاکەی لە سووریا و عێراق کردووە. ئەگەر مەبەستیش نەبێت، بووەتە هۆی پەرەسەندنی کێشەکە بۆ ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی. حکومەتێک کە بیەوێت ئەم پرسە بەربڵاوە چارەسەر بکات، لە سەرووی هەموو شتێکەوە پلانی بێکاریگەرکردنی ئۆپۆزسیۆن دانانێت. بە پێچەوانەوە دەبێت ئۆپۆزسیۆن بکاتە بەشێک لە چارەسەر. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن دووربخاتەوە و فشار بخەیتە سەری، ئەوا فەزای دیموکراسی بەرتەسک دەبێتەوە. چۆن ئاشتی و دیموکراسی بە تەسککردنەوەی فەزای دیموکراسی و ژەهراویکردنی کەشوهەوای سیاسی بەرەوپێش بچێت؟
ئەگەر بە پشتبەستن بە ڕێگەپێدانی حکومەت ئیمراڵی بخرێتە ناو پرۆسەکەوە، ئەوا هەرگیز ئاشتی و چارەسەری بەدی نایەت. ئێمە هەمیشە گوتوومانە لانیکەم مەرجەکان بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە ئازادی کار بکات، دەبێت مسۆگەر بکرێت. ئەم پرسە گەورە و مێژووییە بە ناردنی شاندێک بۆ ئیمرالی چارەسەر نابێت. پێویستە مەرجی پێویست بۆ ڕێبەر ئاپۆ دابین بکرێت کە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. بۆچی هێزێک کە ئاشتی و چارەسەری دەوێت بەردەوامە لە سەپاندنی گۆشەگیری و ئەمە مانای چییە؟
ئەردۆغان دوای چەند مانگێک لەگەڵ شاندی ئیمرالی کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی شاندەکە، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە. دەڵێن هیواکانیان زیاتر بووە. هیوادارین وابێت. ئاسایی نییە ببینین ئەردۆغان بەو شێوەیە بێباکانە مامەڵە بکات، هەموو ڕۆژێک لەسەر بنەڕەتیترین و گەورەترین پرسی وڵات قسە بکات. پێویستە گرنگی بەم بابەتە بدرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بچێت، دەبێت ڕێگا بۆ ڕۆشنبیران، ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵگە بکاتەوە.
ڕێبەر ئاپۆ پێداگرە لەسەر بابەتی چارەسەری. وە دەڵێت ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆم ئەنجامی دەدەم. گەلی کوردستانیش ئامادەیە و خاوەنداری لە پەیامی ڕێبەر ئاپۆ دەکات. پەکەکەیش ئەوەشی خستەڕوو کە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە. کێشەکە لە حکومەتدایە. تا چەند حکومەت ئامادەیە و نەخشەڕێگەی هەیە؟ پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە وردی چاودێری بابەتەکە بکەن و هەڵوێستیان هەبێت.