پێویستە بەباشی لە ڕاستی بارزانی تێبگەین

ڕەوشی بارزانییەکان ئاشکرایە، چاوێکی کوێریش ئەمە دەبینێت، مێشکێکی کارنەکردوویش ئەمە دەزانێت، واتە ڕەوشەکە ئەوەندە ڕوونە کە بارزانی تا قوڕگی لەنێو هاوکاری و خیانەتدا چەقیووە.

هەڵسەنگاندنێک لەسەر بارزانییەکان

ئێمە چاودێری ماڵپەڕی ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنەکان دەکەین، لەنێویاندا ئەو ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنانەی کە نووسینەکانمان بڵاودەکەنەوە و دەیخوێننەوە. ژن و پیاو، زۆر کەس دەنووسن و دەدوێن لەبارەی ئەو هێرشی داگیرکاری و لکاندنەی کە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بۆ سەر مەتینا و زاپ دەستی پێکردووە. بێگومان دژی هێرشە داگیرکارییەکان دەوەستنەوە و پەسنی بەرخۆدان و قارەمانێتی گەریلاکانی پەکەکە دەکەن. دیارە هەموویان وڵاتپارێزن و دەیانەوێت خاکی کوردستان ئازاد بێت. ئەمە گومان هەڵناگرێت.

هاوکات، ئەو کەسانەی دەنووسن و دەدوێن ناچارن لەسەر پەدەکە و هەڵوێستی بارزانی شتێک بڵێن. چونکە بەبێ تێگەیشتن لە هەڵوێستی بارزانییەکان، ناکرێ باسی داگیرکاری و لکاندنی هەنوکە بکرێت. چونکە بەناوی داگیرکاری و لکاندنەوە، هەموو شتێک بە ڕێگەپێدان و خواست و پشتیوانی و هاوکاری بارزانییەکان دەکرێت. بۆیە تێگەیشتن لە هەڵوێستی بارزانی واتە دەست خستنەسەر خاڵی سەرەکی.

بێگومان مرۆڤی بەڕێز و وردبینن، بە هەڕەمەکی و لەخۆوە شت نانووسن و نایڵێن، بەتایبەت ئەو کەسانەی لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامانەی نووسینەکانی ئێمە بڵاودەکەنەوە، کاردەکەن، لەم ڕووەوە بە وریایی مامەڵە دەکەن. وتە و وشەکانیان هەڵدەبژێرن و بەم جۆرە جێی دەکەنەوە. لەم ڕووەوە، هەندێکیان هەڵوێستی بارزانییەکانیان بە ئاشکرا وەک هاوکاری و خیانەت پێناسە دەکەن و بە ڕوونی سەرکۆنەی دەکەن؛ ژمارەیەکی بەرچاویشیان ناچارن بە هەوڵێکی زۆرەوە مەبەست و ئامانجی خۆیان دەرببڕن.

ئەم کەسانە چی دەکەن و چۆن دەیکەن؟ بۆ نمونە، بە سادەیی دەڵێن 'لە ڕەوشی ڕاستەقینەی بارزانییەکان تێناگەن". بە واتایەکی تر ئاماژە بەوە دەکەن، کە  بارزانیەکان لە ئایدۆلۆژیا و ستراتیژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بۆ قڕکردنی کوردان، نازانن و تێناگەن.هەندێک هەوڵ دەدەن بڵێن "ئەوان خۆیان فریوداوە". هەندێکیش هەن دەڵێن، "ئەمە بە خواستی خۆیان نییە، بەڵکو بە ناچاری دەیکەن". هەروەها هەندێک کەس هەن کە دەڵێن "خڵەفاون". بە کورتی هەموو ئەو جۆرە کەسانە زۆر لێبووردانە نزیک دەبنەوە و خەریکە خۆیان تاوانبار دەکەن. هەمیشە بیر لەوە دەکەنەوە کە "بۆچی ڕاستییەکانمان فێری ئەوان نەکرد؟" زۆر کەس هەوڵ دەدەن پەدەکە، یەنەکە یان ڕێکخستنێکی تری کوردی بکەنە هاوکار لەم کارەدا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن.

بەڵام ڕاستییەکە وەک ڕۆژ ڕوونە. ڕەوشی بارزانییەکان ئاشکرایە. چاوێکی کوێریش ئەمە دەبینێت، مێشکێکی کارنەکردوویش ئەمە دەزانێت، واتە ڕەوشەکە ئەوەندە ڕوونە کە بارزانی تا قوڕگی لەنێو هاوکاری و خیانەتدا چەقیووە. بۆ بەرژەوەندی و سەلامەتی خۆیان، بە ئاشکرا خاکی عەشیرەتەکانی تر بە دەوڵەتی تورک دەفرۆشن. ئەوان ڕێککەوتن و هاوپەیمانییان لەگەڵ حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بۆ لەناوبردنی پەکەکە پێکهێنا. نەک تەنها پەکەکە، لە ڕاستیدا نایانەوێت هیچ کورد و ڕێکخستن و پارتێک بهێڵنەوە کە گوێ بە بارزانی نادەن. پەدەکە لەناو خۆیشیدا، هاوکات دژی ڕێکخستنەکانی دیکەی کورد و دژی گەل، بەردەوام دیسپۆتیزمێک بەڕێوەدەبات. بەتایبەت لەسەر ژنان سیستەمێکی کۆیلایەتی توند دەسەپێنن.

ئەمانە بەئاشکرا لەبەرچاون، ئیتر بۆچی هەندێک مرۆڤ کە خۆیان بە وڵاتپارێز دەزانن، ئەوەندە بە نەرمی و لێبووردەییەوە پێناسەی دەکەن؟ چونکە تێکۆشانی بارزانییەکان، وەک تێکۆشانی ئازادی نەتەوەی کورد حیساب دەکرێت. سەرکردایەتییەکی نەتەوەیی بەخشراوەتە بارزانی کە هەرگیز حەقی نەبووە. دەیان ساڵ بە هاوکاری لەگەڵ هێزە جۆراوجۆرەکان، زیهنیەتێکی لەم جۆرە ئافرێنراوە و هەوڵدراوە بەسەر وڵاتپارێزیی کورددا بسەپێنرێت. ئەو کەسانە وەها تێدەگەن. بەهۆی وڵاتپارێزیی خۆیانەوە، خەریکە خیانەتی ئاشکراش ناناسنەوە و هەڵوێستێکی نەرم پیشان دەدەن. چونکە وەک بڵێی بتپەرستییەک لەدەوری ناوی بارزانی بنیاتنراوە.

باشە کێ و چۆن ئەم ڕەوشەی دروست کردووە؟ زۆر ڕوونە کە هێزە سەرمایەدارییە جیهانییەکان ئەم ڕەوشەیان ئافراندووە و هەر ئەوان قڕکردن و تاڵانکاری لە کوردستان ئەنجام دەدەن. بۆ نموونە دەتوانین نموونەی وەک بەریتانیا و دەوڵەتی تورک بهێنینەوە. ئەم هێزانە بە ئەنقەست ئەم ڕەوشەیان بۆ تێکدانی زیهنیەتی جڤاکی کوردی دروستکردووە و دەیانەوێت ئەم جڤاکە لەناوببەن. بێگومان ئەوان بە وەستایانە ڕێ و ڕێبازی سەپاندنی ئەمەیان بەسەر جڤاکدا پەرەپێداوە. بۆ نموونە گۆڕی سەرکردە کوردەکان کە لە سەدەی نۆزدە و بیستەمدا لە سێدارە دراون دەشارنەوە، بۆ ئەوەی لەنێو جڤاکدا فەرامۆش بکرێن. هەروەها ٢٦ ساڵە دژی ڕێبەر ئاپۆ گۆشەگیرییەکی توند هەیە، بەمە دەخوازن پاکتاوکردن جێبەجێ بکەن، تاوەکو یەک پەیڤی ڕێبەر ئاپۆش نەگاتە گەل. هەڵبەتە زۆر کەس بەبێ تێگەیشتنی تەواو، لەسەر ناوی "هەڵوێست و خەباتی وڵاتپارێزی" بوونەتە ئامرازی ئەم شتە.

ئاشکرایە ئەوانەی نازانن و تێناگەن و خەڵەتاون و ناچاکراون و خڵەفاون، بارزانییەکان نین، بەڵکو ئەوانەن کە دەڵێن بارزانی بەم جۆرە نییە. بەڵام بارزانییەکان باش دەزانن چی دەکەن، هەر شتێک دەیکەن بە ئاگاییەوە دەیکەن. ڕاستییەکەی، ئەمە ڕاستی بارزانییەکانە، ئەو شتانەی لە زاپ و مەتینا ڕوودەدەن، ڕاستی بارزانییەکان پیشان دەدەن. تێگەیشتنی دروست لە ڕاستی بارزانییەکانیش هەر ئەمەیە.

ئەگەر یەک لەسەر دەی ئەو شتانەی ئەمڕۆ بارزانییەکان دەیکەن، لەلایەن ڕێکخستن و ئیدارەیەکی تری کوردانەوە بکرایە، ئەوکات چیان بەسەر دەهات؟ یان ئەوانەی ئەمڕۆ دەیانەوێت هاوکاری و خیانەتی بارزانییەکان بشارنەوە، ئەوکات چیان دەوت و چیان دەکرد؟ بۆ نموونە ئەگەر یەنەکە یان پەکەکە هەڵوێستێکی نزیک لەمەیان پیشان بدایە، چیان بەسەر دەهێنان؟ بەڵام ئەگەر بەباشی سەرنج بدەن، بۆ پەدەکە و بارزانییەکان هەمان هەڵوێست نیشان نادرێت و هاوکاری و خیانەتی بارزانییەکان بەئاشکرا سزا نادرێت. بە ڕوونی ترسێکی ناوخۆیی هەیە. با بە هەڵە تێنەگەین، ئێمە ناڵێین با نەرمی بنوێنرێت بەرامبەر هەڵەکانی یەنەکە و پەکەکە. بەپێچەوانەوە دەمانەوێت هەڵوێستێکی وڵاتپارێزانەی بوێرانە و ڕوون دژی هاوکاری و خیانەتەکەی بارزانی نیشان بدرێت. واتە ئێمە دەڵێین هێڵی خیانەت و هاوکاری لە هەر لایەنێک بێت، پێویستە بێ دوودڵی و جیاوازی، هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕی و وڵاتپارێزانە لە دژی پیشان بدرێت.

نزیکایەتی و هەڵوێستی هاوکاری و خیانەتی بارزانییەکان کە نرخاندنی بۆ دەکرێت، لە جاری یەکەمدا دەرناکەوێت. مێژووەکەیان لەم ڕووەوە، زۆر قێزەونە. ئێمە ئێستە دەربارەی هەڵوێستی گوماناویی ئەوان لە مەهاباد هیچ ناڵێین. پەدەکە ڕۆشنبیرانی سلێمانی بە لێدان گرت. ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٢ بەسەر دکتۆر شڤان و هاوڕێکانی هات هەمووان دەیزانن. هەروەها دەزانرێت لە ساڵی ١٩٧٧ لە زاگرۆس و بۆتان چی بەرامبەر یەنەکە کرد. لە ساڵی ١٩٨٢ لە داگیرکاری دەوڵەتی ئێران بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونە هێزی پێشەنگ و سەرەکی. لەسەر ئەم بناغەیە، چی بەسەر عەبدولڕەحمان قاسملوو و شەرەفکەندی هات؟ لە ساڵی ١٩٧٧ لە کاتی کوشتنی حەقی قەرارەوە، لەژێر ناوی کوک چەندین هێرشیان دژی کادران و دڵسۆزانی پەکەکە ئەنجامدا. لە هاوینی ١٩٨٥ ـەوە لەگەڵ سوپای تورک یەکیان گرت و دژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان هێرشی بەردەوامیان ئەنجامدا! هێرشەکانی ساڵی ١٩٩٢، ١٩٩٥ و ١٩٩٧ بەگشتی دەزانرێت. هەمووان دەزانن لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٧ تانکی تورکیان هێنایە هەموو جێیەکی باشووری کوردستان. هەروەها هەمووان ڕۆڵی ئەوان دەزانن لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەر ئاپۆ.

هەڵبەت ڕیزکردنی ڕووداوەکان گرنگ نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە ڕەوشی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە. بەڵام بەداخەوە ڕێگەی لێ نەگیرا. لە ڕاستیدا ئەگەر بارزانی سەرۆکی نەتەوەیی بووایە و لەبری ئەوەی هەموو شتێک بۆ بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی بفرۆشێت، هەوڵی دروستکردنی یەکێتییەکی نیشتیمانپەروەریی بۆ ئازادی کوردستان دەدا، ئەوکات پرسی کورد دەگەیشتە چارەسەرێکی سیاسی و دیموکراتیک . تا ئەم چارەسەرە لە هەر چوار پارچەی کوردستان جێبەجێ دەکرا. ئەگەر لە ساڵی ١٩٨٢ لەسەر هەوڵدانی مەزنی پەکەکە بۆ یەکێتیی دیموکراتیک بمانایەتەوە، ئەوا سەرەتای نەوەدەکان بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی کوردستان سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەست دەهێنا، دیسان ئەگەر بارزانییەکان وڵاتپارێزانە مامەڵەیان بکردایە، باشوور ئەوەندە پارچە پارچە نەدەبوو، پیلانگێڕێی نێونەتەوەیی ئەنجام نەدەدرا و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد زوو بەدی دەهات.

کەواتە با خۆمان فریو نادەین، با نەکەوینە ژێر هەستی نەتەوەیی خۆمانەوە، چاو لە ڕاستییە مێژووییەکان و ڕووداوەکانی ئەمڕۆ داناخەین، باش لە ڕاستی بارزانییەکان تێبگەین، بە شکاندنی بتی بارزانی کە لەنێوماندا دروستکراوە، هۆشیاری وڵاتپارێزی بەهێز بکەین و دژی خیانەتی هاوکار، یەکێتی وڵاتپارێزیی کورد دابمەزرێنین!

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆڵەتیکا