پیرۆزباییەك بۆ هێڵی بەرخۆدان و ئازادی نەتەوەیمان
"سەرەڕای هەموو ئەو برین و ئێش و ئازارەش جارێكی تر گەلەكەمان بەشێوەیەكی رێژەییش بێت، پێی لەجەرگ و ئێشەكانی نایەوە و چووە سەر سەندووقەكانی دەنگدان و پەنجەكانی بەنیشانی دەست نەبەردان، بەرز كردەوە".
"سەرەڕای هەموو ئەو برین و ئێش و ئازارەش جارێكی تر گەلەكەمان بەشێوەیەكی رێژەییش بێت، پێی لەجەرگ و ئێشەكانی نایەوە و چووە سەر سەندووقەكانی دەنگدان و پەنجەكانی بەنیشانی دەست نەبەردان، بەرز كردەوە".
دەنگدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەرێوە چوو. ئەم هەڵبژاردنە، سەرەرای ئەوەی كوردان بەیەك لیست و یەك هاوپەیمانیەوە نەچوونە نێو پرۆسەكەوە و بوونە هۆكار بۆ ئەوەی بەسەدان دەنگی دەنگدەرانی كورد بەفێڕۆ بچێت، یا لەبەر رق و توڕەیی ئەوەی كە لایەنە كوردیەكان هیچ ئەزموونێكیان لەرابردوو دەرنەخستووە، نە كارتی بایۆمەتری"دەنگدان"یان وەرگرتەوە و نەش چوونە سەر سەندووقەكانی دەنگدان و هەندێكیشیان لەرقی ئەوەی كە ئەگەر ئەوە لۆژیك و زیهنیەتی لایەنە كوردیەكان بێت كە دوای ئەو هەموو قوڕبەسەریەی بەسەر خەڵكی كوردیان لەو ناوچانە"ناوچە كێشە لەسەرەكان یاخود مادەی 140" و هیچ ئەزموون و وانەیەكیان لێ فێر نەبوونە، ئەدی منی هاوڵاتی بۆ چی بچم دەنگ بەوانە بدەم؟ و لەماڵی خۆمدا كپ و كڕ دادەنیشم.
هەرچەندە كەم كەس وەهاش بیری كردبێتەوە، بەڵام ئەو كەسانەش هەر یەك خاوەن دەنگ و رەنگێكی تایبەت بەخۆیان بوون. وونكردنی هەر یەك لەو دەنگانەش خەسارێكە و لەكەمبوونەوە و بڵاوبوونەوە و بەهەدەردانی دەنگی كورددا رۆڵی هەبووە و ئۆباڵەكەشی دەكەوێتە ئەستۆی لایەنە سیاسیە دەستڕوێشتووەكان. بەتایبەت لە ناوچەكانی كەركوك و نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین. ئەم ناوچانە بەهۆی سیاسەتی تەعریبەوە كە بەدرێژایی ساڵانی لۆژیكی دەوڵەتەوە رووبەڕووی تەعریب و كۆچبەری و قات و قڕی بوونەتەوە، بۆیە ئەم هەرێمانە بۆ كوردان مەسیرێكی دیرۆكی، نەتەوەیی، ئەتنیكی، كەلتوری هەیە و بابەتێكە پەیوەستە بەمەسەلەی خاكەوە. دەستشوشتن و دەست هەڵگرتن و بێ دەرهەست بەلای دا تێپەڕبوون ئەوەندە بابەتێكی ئاسایی نییە.
ویژدان و ئەخلاق و هەست و دەركی مرۆڤیی تاكی كورد و هەر نەتەوەیەكی تریش لەشوێنی كوردان ببا، ئەو بابەتە وەها بەسادە و ساكار بەلایدا دەرباز نەدەبوون، چونكە ئەو بابەتە وەك بێ روومەتیەكی مەزن و لەدەستدانی كەرامەت و شەرەف و نامووسی خۆیان دەزانی. بابەتێكی لەو ئاستە شتێك نییە كە بەبێ خەم و بیرنەكردنەوە لێیەوە چاوپۆشی لێ بكەی و بڵێی خۆ شتێك نەبووە، یا بەمن چی؟ ئەوە نە دەردی منە. دەردێكە لەمێشك و هزردا و تا ناخی ئێسقان و رۆحی مرۆڤدا رۆ دەچێتە خوارەوە و تا ئەو كاتەی كە یەك چركە لەژیانیشت لەجەستەدا مابێتەوە بەدەست ئێش و ئازاراەكانیەوە دەتلێیتەوە و بەشەرمەزارییەوە سەر دەنێیتەوە. ئەمەش وەك بەشێك لەو تاوان و گوناهانە بۆت ئەژمار دەكرێت كە خواوەندیش رووبەرووی لێپرسینەوە و سزادانت دەكاتەوە و رۆحت لەگۆڕیشدا بەئاسوودەیی ناژی. بابەتێكە گرێدانی بوونی بەخوێنەوە هەیە. خوێن كە پیس بوو، ئیدی بەهیچ رێگەیەك خاوێن و پاك نابێتەوە. پێشینانمان هەروا بەهاكەزایی نەیانگووتووە كە دەست بەردار بوون لەخاك، دەست بەردانە لەشەرەف و كەرامەت و نامووس. ئەوەش تەنیا بەڕژاندنی خوێن خاوێن دەبێتەوە. واتا بەتێكۆشان و شەڕ و رزگاری و ئازادی لەدەست ئەو كەسانەی دەستیان بەسەر خاكەكەت دا گرتووە.
خەڵكە بەش خوراو و بەش مەینەتەكەی گەلەكەمان لەو هەرێمانە زۆر رەنجی بێ هەژماری داوە. دەردەسەری و چەرمەسەری زۆری كێشاوە. تینویەتی و برسیەتی و رەشەكوژی زۆری بینیووە. ئیدی ئەو هێزە لەجەستە بێ تواناكەیدا نەماوە كە بەرگەی یاریكردن بەچارەنووس و ژیان و جەستەیەوە بكرێت. ئەو هەرێمانە، شوێنێكن كە بەدرێژایی بوونی نەتەوەیی كوردان لەجوگرافیای زاگرۆس و تۆرۆس نزیكترین شوێن بەجوگرافیای دەر و دراوسێ و نەتەوە و كەلتورەكانی تر بووە، بۆیە رووبەرووی یەكەمین هێرش و پەلامارەكان و كۆچبەری و كوشتن و تاڵان بوونە و گەورەترین بەرخۆدانیان نواندوە، سینەبەسینە وچاو لەنێوچاو لەبەرامبەر هەموو دەستدرێژیەك وەستانەتەوە و تێكۆشان و ژیان و مەرگیش ژیاون و بوونە قەڵغانێك بۆ پاراستنی هەموو ناوچەكانی تری كوردستان و بوونەتە دیوارێكی پۆڵاین. ماڵیان چووە، سەریان چووە، بەڵام ئیرادەیان هەمیشە خۆی لەسەر ریشە میژوویەكانی خۆی ژەنیوەتەوە و بەرووسوری لەبەرامبەر بە هێرشەكان وەك قەڵایەك لەپۆڵا وەستاونەتەوە و لەخۆڵەمێشی خۆیان، كەسایەتی ئازادیان لەخۆیاندا بونیاد ناوەتەوە. ئیدی كاتی ئەوەیە هەرێمەكانی تری كوردستان بەتایبەتی باشوری كوردستان و هێز و لایەنە سیاسیەكان بەو رۆح و هەست و نەستەوە نزیك ئەو ناوچانە و گەلەكەمان ببنەوە و بەتەنیا نەیانهێڵین و یاری بەچارەنووس و داهاتوویان و ژیان و شەرەف و كەرامەتیان نەكەنەوە و لەوە زیاتر لەبەرچاوی دۆست و دۆژمنەوە سەرشۆڕیان نەكەن.
شەخسەن لەو قەناعەت و باوەڕیە دام ئەگەر بەشێوەیەكی عاقڵانە و دیموكراتیانە و نەتەوەیانە و نیشتیمانیانە لایەنە سیاسیەكان لەگەڵ گەلەكەمان لەو ناوچانەدا هەڵسوكەوتیان بكردبا، دەنگدانی ئەمجارە، دەنگی لەهەموو عێراق و ناوچەكە ببووبایەتە رۆژەڤ و بەئەزموونێكی بێ هاوتا لەمێژووی ناوچەكەش هەژمار بكرایە، بەڵام مەخابن وەك ئاماژەم پێدا، ئەوەندە ئاسان نییە. گەلەكەمان ئێش و ئازاری دوژمن و نەیاران بەئاسایی وەردەگرێت و دەزانێت ئەو ناعەدالاتیانە لەكوێوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام ناتوانێت ئێش و ئازاری هاوخوێن و هاونەتەوەی خۆی قەبوڵ بكات. بۆیە پیشینانمان ووتوویانە؛ شوێن خەنجەر و برینی نەیاران دەرمان دەكرێت، بەڵام برین و شوێن ووتەی دۆست و یار لێخۆشبوون و دەرمانی بۆ نییە. ئەمەش ئەو فەلسەفەیە لەپشتە كە برینی هاوخوێن، دەرمانی بۆ نییە. لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای هەموو ئەو برین و ئێش و ئازارەش جارێكی تر گەلەكەمان بەشێوەیەكی رێژەییش بێت، پێ لەجەرگ و ئێشەكانی نایەوە و چووە سەر سەندووقەكانی دەنگدان و پەنجەكانی بەنیشانی دەست نەبەردان، بەرز كردەوە. ئەمە بۆ گەلەكەمان لەو هەرێمانە، نیشانەی خاوەنداریەتی گەورە و بڵندە لەكەرامەت و شەرەف و ناموس و خاك و نەتەوە و بۆ گەلی كورد لەهەرچوار بەشی كوردستان و لەهەرشوێنێكی ئەم گەردوونەشدا بێت، بوونەوە بەسەرچاوەی هێز و ورە و وزەیەكی لەبن نەهاتوو و نیشانیان دا كە ئەوانیش سەریان لەئاست چیای قەندیل و هەڵگورد و ئارارات و ئەڵوەند و بێستوون و عەبدولكوفی بڵندترە و خۆڕاگرن و ئەوەشیان بەپێداگری خۆیان و بەكردەوە پشتڕاست كردەوە و نیشانیان دا بەشێوەیەكی دیموكراتیانە دەتوانن پێناسە لەشوناس و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانی و هاوچەرخی خۆیان بكەن. ئەم بەرخۆدان و بەشداربوونەش پێداگریەكی مێژووییە لەهێڵی بەرخۆدانی نەتەوەیی و ژیانی دیموكراتیانە و پێكەوەژیانی ئاشتیانە. بەش بەحاڵی خۆم قەزرباری هێڵی بەرخۆدانی گەلەكەمان و بەشداری شادی و هیوا و ئومێدی دووبارەیانم لەتێكۆشان و بەرخۆدانی نوێ و ژیانی ئازادانەدا.
هـ . ب