گەر بمانەوێت لە ڕیشە مێژووییەکانی دامەزراندنی پژاک بکۆڵینەوە، ئەوا گەرەکە ئەو هەلومەرجە هەڵسەنگێنین وا ئێرانی تێدا بوو. ئێرانی ئەوێ دەمێ بە دەستی ڕیفۆرمیستەکانەوە بوو، ڕەنگە ئەوان تا سنوورێک ئازادیی تاکگەرایانەی لیبراڵییان بە خەڵک دابێت، بەڵام لەمەڕ مافی گەلان، بۆ نموونە گەلی کورد، کەمترین قسەیان پێ هەرس دەکرا، جا لە ڕێی دامودەزگای پەروەردە و پڕوپاگەنداوە تواندنەوەیان (ئەسمیلە) دەسەپاند. هەروەها پەیوەندییەکی قێزەونییان لەگەڵ تورکیا وەک نوێنەری وڵاتانی ڕۆژئاوا پاوەجێ کردبوو، مێژوو ئەوە لەبیر ناکات کاتێک حافز ئەسەد بڕیاری دا ڕێبەر ئاپۆ لە سووریا دەربکات. خەرازیی وەزیری دەرەوەی ئێرانی ڕیفورمیستەکان چووە سووریا، تەڤگەری ئاپۆیی نەیتوانی ئەم هاوپیلانییەی ئەوان بێ وەڵام بهێڵێتەوە.
لەلایەکی ترەوە، خەبات لە ڕۆژهەڵات بۆ نزمترین ئاستی خۆی داکشابوو، پەیوەندیی پارتەکان لەگەڵ کۆمەڵگە بە تەواویی پچڕابوو، هەلومەرجێک هاتبووە گۆڕێ کە لە خولگەی ئایدۆلۆژییای کلاسیکی نەتەوەپەرەستیی و چەپگەرایانەدا وەڵام نەدەدرایەوە، دەتوانین بێژیین خاڵی بەهێزی تەڤگەری ئاپۆیی لە چاو پارتە کلاسییەکان مژاری ئازادیی ژن بوو. ڕێبەر ئاپۆ تەنێ بە ڕووکەش نا، بەڵکوو بە شێوەیەکی مکۆم و بنەڕەتی چەند مژارێکی لەمەڕ مافی ژنان لە کۆمەڵگە و بەهێزکردنیان خستە ڕوو. ئەمە بۆ کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات نامۆ بوو. تا سنوورێک کۆمەڵە بە سرووش لە کەڵکەڵە کۆمۆنیستییەکەی باوەڕی بە بەشداریی ژنان هەبوو، بەڵام بەهۆی زاڵدەستیی بیری کلاسیکیی تا سنووری ڕۆڵی سەرەکیی و ڕێبەرێتیی نەدەچووە پێش. بابەتێکی تر کە لەوانەیە بەرەنجامی کەمیی توانای سەربازیی ئەوان بووبێت، لەوانەشە تا سنوورێک ئایدۆلۆژیی بێت، بەتەنیاهێشتنەوەی بەشەکانی باشووری ڕۆژهەڵات بوو، وەک کرماشان و ئیلام و گرنگیدان بە ڕیکخستن بوو بە ناوچە سۆرانزمانەکان. بەڵام پرسەکە ئەوەیە تەنانەت گەر پارتەکان توانای ڕێکخستنیان نەبێت یان نەیانەوێت لەوێ ڕێکخستن بکەن، ئەوا گەلی کورد خۆی وەک یەک پارچە دەبینێت، هەر لەبەر ئەمەیە کاتێک ڕێبەر ئاپۆ دەستگیر کرا، سەرپاکی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕابوونە سەر پێیان، لەوانەیە ڕابوونی ڕۆژهەڵات بۆ دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە چاو پارچەکانی تر فرەتر بووبێت، بەڵام ئەمە چۆن ڕووی دا؟ گەر واقعبین بین، پەکەکە چالاکییەکی و سیاسیی و سەربازیی بەو ڕەنگەی لە ڕۆژهەڵات نەبوو، دەی کەواتە ئەم خەڵکە چۆن ئاوا بەم یەکگرتووییە و بەهێز کاردانەوەیان نیشاندا؟
وەڵامەکە ئەوەیە کە ڕاستە تا ئەوێ دەمێ چالاکییەکی وا بۆ ڕۆژهەڵات مشتوماڵ نەدرابوو، بەڵام ئەو ئایدۆلۆژیایەی ڕێبەر ئاپۆ ڕەنگڕێژی کردبوو، بە چەشنێک وەڵامگۆ و هیوای دۆزی کورد بوو لە هەموو ناوچەکان، کە کەس خۆی بە دوور لە پەکەکە و ڕێبەرێتیی نەدەدیت، هەر لەبەر ئەمەیە دەبێژین پژاک پێویستییەکی مێژووییە لە ڕۆژهەڵات، چونکە پژاک وەڵامی ئەو پووچییە کۆمەڵایەتییەی دەستی پارتە کلاسیکەکان و ڕۆڵی دەوڵەتی ئێران لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی سەر ڕێبەرێتیی و خاوەندارێتیی پاڵەوانانەی گەلی ڕۆژهەڵات بوو لە ڕێبەر ئاپۆ.