پڕۆژەی ڕێگەی شەڕ

وەک پێشبینی کراوە "پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان(وزە)" باشووری کوردستان دەخاتە گەمارۆدانەوە، ئەگەر مرۆڤ ئەم پڕۆژەیە بە "پڕۆژەی ڕێگەی داگیرکاری و شەڕ" ناو لێبکات، مرۆڤ وردتر و باشتر تێدەگات.

پڕۆژەی ڕێگەی شەڕ

شەڕ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیادا لە زیادبووندایە. سەرچاوەکانی هەپەگە باس لەوە دەکەن کە دیکتاتۆری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە ١٦ی نیسانەوە هێرشێکی داگیرکاری نوێیان بۆ سەر مەتینا دەستپێکردووە. هەروەها هەپەگە ئاماری شەڕی مانگی نیسانی ڕاگەیاند. دەبینرێت کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ئاسمان و زەوینەوە بە چەکی قەدەغەکراو (بۆمبی ئەتۆمی و کیمیایی تاکتیکی) زیادی کردووە. ڕوونە کە ئەم شەڕە بە پشتگیریی ئەمریکا و ناتۆ دەستی پێکردووە.

لە بەرامبەر ئەمەشدا، لە کۆتایی مانگی نیسان و سەرەتای مانگی ئایاردا، گەریلاکان چالاکیی کاریگەریان ئەنجامدا. تێدەگەین کە بە تایبەتی لە چالاکییەکانی گەریلا لە دژی هێزە داگیرکەرەکان لە مەتینا، گورزی کاریگەر لە چەتەکانی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست داوە. وتەبێژی هەپەگە دەڵێن لە چالاکیەکاندا دەیان چەتەی فاشیست سزا دراون. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە گەریلاکان هەلیکۆپتەرێکی سکۆرسکی کە ویستوویەتی لە هەرێمەکەدا بنیشێتەوە تێکشکاندووە. ڕوونە کە گەریلاکان ئازایانە ڕووبەڕووی هەر جۆرە هێرشێکی داگیرکەری دەبنەوە.

ئەو هێرشە داگیرکارییەی کە لە بارودۆخی ئێستادا دەستیان پێکردووە زۆر سەختە و لەو ئاستەدا نییە کە بە درێژایی زستان باسییان دەکرد. بەم شێوەیە دەسەڵاتەکەی تەیب ئەردۆغان کە وتبووی تا هاوینی ٢٠٢٤ " پەکەکە لە باکوری عێراق بە تەواوەتی لەناو دەبات" ناتوانێت بە ئامانجەکەی بگات. با "لەناوبردنی پەکەکە" لە لایکەوە دانین، ئەگەر پشتیوانی خیانەتکارانەی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبێت، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بمێنێتەوە. ئەگەر هەندێک کاریگەری نیشان دەدات، ئەویش بە پاڵپشتیی پەدەکەوە دەکرێت.

کەواتە دەوڵەتەکەی تەیب ئەردۆغان چی دەکات، یان بەنیازە چی بکات؟ تێدەگەین لە سەردانەکانی بۆ عێراق و هەولێر ئەو ئەنجامەی کە دەیویست بەدەستی نەهێنا. واتە نەیتوانی بە ئامانجەکەی بگات کە "دروستکردنی هێزێکی هاوبەش"بوو لە هێزەکانی عێراق و پەدەکە و یەنەکە و تورکمانەکانەوە. دیسان وەکوو پێشتر چەتەکانی تورکمان و پەدەکە لەگەڵیدایە. عێراق و یەنەکە نیشانیاندا کە لە دەرەوەی "هەرێمی پارێزراو(تامپۆن)" هیچ پاڵپشتییەکی سەربازی ناکەن. ئەوەی دەمێنێتەوە زیادبوونی بازرگانی و "پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان"ـە کە باسی لێدەکرێت.

بە پێی پێویست هەڵسەنگاندن لەسەر ئەم "پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانە" ئەنجامدراوە. هەندێک دەیانگوت، ئەمە "پڕۆژەی داگیرکردنی عێراقە". هەندێک دەیانگوت "داوێکە بۆ عێراق دانراوە". بێگومان لایەنی ئەم پێناسەیانە هەن کە پێویستە مرۆڤەکان گرنگی پێبدەن. دەگوترا زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی بەشدارن لەم پڕۆژەیە. بەڵام وڵاتی کوێت دەستبەجێ ڕەتیکردەوە و ڕایگەیاند بەشداری ناکات. جگە لە تورکیا و عێراق، قەتەریش هەیە. لەم ڕوانگەیەوە پێناچێت ئەو ئارمانجەی باسکراوە، پڕۆژەیەکی نوێ و بەدیلی وزە بێت. بێگومان تەیب ئەردۆغان دەیەوێت شتێکی وەها ڕووبدات و پرۆژەی ڕێگەی ئەمەریکا-ئیسرائیل-سعودیە ببێتە بەدیل و ئەویش بەم شێوەیە دەوروبەری خۆی ئاگادار دەکاتەوە. بەڵام ئەم دۆخە تەنانەت لە پڕۆژەی ڕێگەی ئازەربایجان-تورکیا لاوازترە، کە هەوڵ دەدرێت بە قەرەباخدا تێپەڕێت.

مادام بۆچی دەسەڵاتدارییەکەی تەیب ئەردۆغان ئەوەندە پێداگری لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکات؟ ڕەنگە بەشێک لەم بابەتە پەیوەندی بە خواستی بەرەوپێشبردنی بازرگانییەوە بێت. چونکە تورکیا پێویستی بە بەرفراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق هەیە. بە تایبەتی پێویستی بە نەوتی خام هەیە. بەڵام دەتوانێت ئەم پێویستییە دابین بکات تەنانەت بەبێ پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە. بۆیە پێویستە ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە جیاواز بێت. هەروەها پێویستە خەڵک ئەم ئامانجە سەرەکییە لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی داگیرکاری و شەڕدا هەڵبسەنگێنن.

بە تایبەتی گرنگە لەسەر زەوی سەیری پلانی "پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان" بکەین. ڕێگەیەک کە دەست نیشان کراو، دەگاتە باشووری کوردستان و نزیکە و وەک بڵێی باشووری کوردستان دەخاتە ناوەوە. ئەگەر ئەم ڕێگایە دروست بکرێت و جێبەجێ بکرێت، زۆر ڕوونە کە بازرگانی دەروازەی فیشخابور کە لەلایەن پەدەکەوە بەڕێوەدەبرێت، زۆر لاواز دەبێت و باشووری کوردستانیش زیانێکی زۆری لێدەکەوێتەوە. بەو شێوەیەش دەسەڵاتی ئێستای پەدەکە زیاتر لە هەموو کەس دەیەوێت ئەم ڕێگە نوێیە دروست بکرێت و بەڵام زۆر کەس لەمە تێناگەن. بەڵام ئەم کارە بە بەرتیلدان بە دەسەڵاتی پەدەکە دەکرێت و ئەگەری زۆرە کە پەدەکە لەسەر ئەو بنەمایە قەناعەتی پێکرابێت. واتە بارزانی ئەوەندەی کە بیانەوێت پارەیەک وەردەگرن و زیان بە گەلی باشووری کوردستان دەگەیەنن.

وەک چاوەڕوان دەکرا "پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان" باشووری کوردستان دەخاتە گەمارۆدانەوە. دەوڵەتی تەیب ئەردۆغان نەیتوانی هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لە باشوورەوە گەمارۆ بدات. دەیەوێت بە "پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان" لە باشوورەوە هەموو باشووری کوردستان گەمارۆ بدات و بەم شێوەیە قەرەبووی کەموکورتیەکانی ئێستای بکاتەوە. ئەو ناوچەیەی کە دەیەوێت ئەو رێگەیە پێدا بڕوات، ناوچەیەکە کە پەکەکە بە"هەرێمی ناوەڕاست" ناوی دەبات و گەلانی دیکە کە لەگەڵ کورد لێدەژین. هەندێک جار باس لەوە دەکرێت کە پەکەکە دەیەوێت لەم هەرێمەدا کاریگەر بێت. وا تێدەگەین کە دیکتاتۆری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بەو پڕۆژەی ئاماژەپێکراوە ڕێگری لە کاریگەرییەکانی پەکەکە بگرێت. دەیەوێت ئەو ناوچەیەی کە پێی دەوترێت "ناوچەی تورکمانی" بکاتە ناوچەیەکی چەتەکان. بۆیە لەبری ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بە "پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان" ناونرێت، وردتر و باشتر وایە بە پڕۆژەی ڕێگەی شەڕ و داگیرکاریی ناو بنرێت.

دیارە ئەم هێڵە ڕێگایە لە لایەن دیکتاتۆری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە وە بکرێتە ناوچەیەکی نوێ بۆ چەتەکان، وەک ڕێگای ئیدلب و عەفرین-سەرێکانی. زۆر هێزی سەربازی و هەواڵگری و تایبەت لێرە لەژێر ناوی دروستکردنی ڕێگاوبان و بازرگانی جێگیردەکرێن. بەمەش هەم ئەم ناوچەیە داگیر دەکات و هەم پاڵپشتی ئەو هێرشە داگیرکاریانە دەکات کە لەگەڵ ئەو هێزانە بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بەڕێوە دەچن. بەم شێوەیە هەوڵی هێرش بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە دەدات. لەم ڕوانگەیەوە دۆخێکی گرنگە هەم بۆ گەلی باشووری کوردستان و هەم بۆ عێراق، هەروەها دۆخێکی زۆر گرنگە بۆ پەکەکە. ئەم هەوڵانەی ئیدارەی تەیب ئەردۆغان شەڕ و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات و دەیەوێت شەڕی هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بۆ ناوخۆی عێراق بڵاوبکاتەوە. پێویستە هەموو کەسێک لەم دۆخە تێبگات و ئەم ڕاستییانە ببینێ.

ئایا دەکرێت پرۆسەیەکی لەو شێوەیە ڕووبدات؟ بێگومان مرۆڤ ناتوانێت بە پەلە وەڵامێکی ڕوون بۆ ئەم پرسیارە بداتەوە. پەرەسەندنی شەڕ و دۆخی ناوچەکەدا ئەمە دیاری دەکات. دەوڵەتەکەی تەیب ئەردۆغان دەیەوێت بەم دۆخەوە تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە و جگە لە شەڕێکی لەو شێوەیە بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نەماوە. دوای هەڵبژاردنە هەرێمیەکانی ٣١ی ئادار، ئەو سیاسەتانەی کە تەیب ئەردۆغان دەیەوێت بەرێوەی ببات، زیاتر و زیاتر ڕوون دەبێتەوە. چونکە هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لە پاراستنی ئەو بەهایانەی کە ٣٠ ساڵە بە تاڵانکردن بەدەستی هێناوە. پێویستە گەل لە دیدارەکەی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە و پەیامە سیاسییەکانی بۆ جیهان و تورکیا تێبگەن. بۆ ئەم سەرکەوتنەی، پێویستە "دوژمنێکی هاوبەش" و"شەڕی هاوبەش دژی تیرۆر" دروست بکرێت. لەسەر ئەو بنەمایە شەڕ دژی پەکەکە و کورد دەکاتە بابەتی سەرەکی سیاسەتەکەی و شوێنەکانی تر بگرێتەوە.

ئایا هێزی ئەوەی هەیە؟ تێدەگەین کە ئەمە کێشەی سەرەکی دەسەڵاتەکەی تەیب ئەردۆغانە. لە ناوخۆدا زەحمەتە هێزی زیاتر بۆ شەڕ بکاتەوە. دۆخی لە دەرەوەی وڵاتەکی خراپترە. پوتین بڕیار نییە ئەو سەردانە ڕاگەیەندراوە ئەنجام بدات. سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەکە لەگەڵ بایدن کە چەند هەفتەیەک پڕوپاگەندەی بۆ دەکرا هیچ ئەنجامێکی نەبوو. بەرپرسانی ئەمریکا بەڕوونی ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە هیچ پلانێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە. سەرۆکی ئەڵمانیا پێش تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن کۆبووەتەوە تەنها شتێک کە بۆ تەیب ئەردۆغان ماوە ئەوەیە ڕوو لە هەولێر و بارزانی بکات و لەوێ پشتیوانیەکانی نیشان بدات. لەباوەش گرتنی بارزانی و ئەردۆغاندا، هێشتا دیار نییە کێ سوودمەندە و کێ زیانی پێدەگات. بە کورتی لەوانەیە 'پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان' لە هەمان کاتدا کۆتایی بە ئەردۆغان و دەسەڵاتدارییەکەی بێنێت.

سەرچاوە: یەنی ئوزگور پۆلتیکا