پزشکیان بە تەواوەتی گرێدراوی خامنەییە
' خامنەیی ئەو رۆڵە قێزەونە و مەترسیدارەی بە پزشکیان داوە کە بە نەرمی نواندن و قسەی بریقەدار، بەشێک لەپیلان و بەرنامەکانی خامنەیی لەشەقامی کوردیدا جێ بە جێ بکات.'
' خامنەیی ئەو رۆڵە قێزەونە و مەترسیدارەی بە پزشکیان داوە کە بە نەرمی نواندن و قسەی بریقەدار، بەشێک لەپیلان و بەرنامەکانی خامنەیی لەشەقامی کوردیدا جێ بە جێ بکات.'
سەردانەکەی مەسعود پزشکیان سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چ قازانج و زەرەرێکی بۆ گەلی کورد هەبووە و دەبێ؟ بێگومان ئەو سەردانە پڕۆژەی نیوەچڵی ئیبراهیم رەئیسی یە، کە بڕیار بوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام مەرگ دەرفەتی نەدا، ئەو رۆژە رەشە بە چاوی خۆی ببینێت.
لە ١١ی ئەیلول بۆ ماوەی سێ رۆژ پزشکیان بۆ زنجیرە دیدارێک گەهێشتە عێراق و بە چاودێری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری ئێران، بەغدا و تاران ١٤ یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد و بۆ توند و تۆڵ کردنی پەیوەندیەکان لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق، ئێران و هەرێم دامەزراوە. هەرچەند پێشتر سابت عەباسی وەزیری بەرگری عێراق پشتڕاستی کردبوویەوە کە دوو دەوڵەت لەسەر دوورخستنەوەی هێزە دژبەرەکانی رژێم لەسەر سنوور و چەکداماڵینیان رێککەوتبوون. ئەمجارەشیان بە سەردانی پزشکیان بۆ هەرێم بڕیارەکان کەوتنە بوار جێ بە جێ کردنەوە. هاوکات پزشکیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی باشووری کوردستانیش لەسەر چەند بابەتی هەستیار وەک هاوکاری ئاسایشی، لەشکەری و زانیاری رێکەوتوون.
بەو جۆرە بێت گرنگی ئەو سەردانە لەناواخنی ئەو وتەو لێدوانانەدا شاراویە. لەو ١٤ خاڵەدا، گرنگترینیان چارەنووس و دۆخی هێز و پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە پزشکیان ویستی بە دەستی پڕ بۆ تاران بگەڕێتەوە. ئەو سەردانە هاوکات بوو لەسەروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" کە بە شەهید خستنی ژینا ئەمینی بەرپا ببوو. واتا رژێم بۆ ئەوەی رێگری لەسەرهەڵدانەوەی شۆڕشی ژن بگرێت، هەم لەناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان ویستی تەدبیری پێویست وەربگرێت و بە رێکەوتن لەدژی پارتە کوردیەکان هیوا و باوەڕی گەلی کورد بشکێنێت. بۆیە پزشکیان بە دیداری لەگەڵ بەرپرسانی پارتە کوردیەکانی باشوور و حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت قسەکردن بە کوردی لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق و مەدیاکاراندا ویستی ئەو پەیامە بدات کە کێشەیەکی جیدییان لەگەڵ کوردان نییەو ئەو بۆ خۆیان نوێنەرایەتی کوردان دەکەن!. رژێم ویستی ئەو دەرفەتە وەک هەلێک بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ کوردان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بقۆزێتەوە و دڵی کوردان لەقازانجی دەسەڵاتدا بەدەست بهێنێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئاستی هۆشیاری گەلی کورد لەرۆژهەڵات لەلووتکەدایە و هەرگیز گەل لەبەرامبەر پیلانەکانی رژێم سەرنەوی ناکات و بە فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" درێژە بە تێکۆشانی دەدات.
هەر چەند قسەکردن بە کوردی لەلایەن پزشکیانەوە بۆ بەرپرسانی هەرێم و بەشێکی زۆر لەراگەیاندنەکان بابەتێکی سەرنج راکێش بوو و بابەتەکەش لەقەوارەی خۆ زیاتر گەورە کرا. داخۆ مەبەستی پزشکیان لەو کردەوە چی بوو؟ چ زیان و قازانجێکی بۆ گەلی کورد هەیە؟ چ پیلان و بەرنامەیەک لەپشت ئەو بابەتەوەیە؟ بۆچی لەلایەکەوە بە کوردی قسە دەکرێت و لەلایەکی دیکەشەوە پرسی کورد لەگۆڕ دەنرێت؟! ئەمانە و بە دەیان پرسی دیکە دەتوانین بورژێنین کە رژێم چ سیاسەتێکی مەترسیدار لەدژی گەلی کورد بەڕێوە دەبات.
پزشکیان بۆ ئەوەی ئاستی تووڕەیی گەلی کورد لەبەرامبەر بەرپرسانی رژێم دابخات لەبەرەبەرەی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" بە کوردی هاتە قسەو تویت بە کوردی بڵاو دەکاتەوە. واتا هێزی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" پزشکیانی بە کوردی هێنا قسە. بۆیە پەیوەست کردنی ئەو سیاسەتە بە بابەتی دیکە لەقازانجی رژێمدا دەبێت. ئەوە نیشان دەدات کە هەم و غەمی تەواوی رژێم لەسەر پرسی کوردەو ئەو پرسەش لەلایەن رژێمەوە پرسێکی ئەمنییە. وتەکانی قاسم ئەعرەجی، سابت عەباسی و نێچیروان بارزانی بە روونی بابەتەکە پشتڕاست دەکاتەوە. چون ئەو شۆڕش لەشاری سەقزەوە بەرپا و بەرەو شارەکانی دیکەی رۆژهەڵات و ئێران بڵاوەی پێ کراوە. رژێم بە فێڵ و تەڵەکە و چەواشەکاری ویستی بە رێگای پزشکیانەوە لەسەروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشدا سەرنجی گەل بە جێگەی ئەوەی بچێتە سەر سەقز، سنە و تاران، سەرنجەکان بۆ بەغدا، هەولێر و سلێمانی رابکێشێت. هەڵوێستی دوو لایەنیش زۆر ئاشکرایە کە کامیان لەقازانجی گەل و شۆڕشدایە. بێگومان هەڵوێستی شکۆدار و پڕشنگداری گەلی کورد لەدووهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" سەلماندی کە هیچ هێزێک ناتوانێت گەل لە ئامانج و هیواکانی دابڕێنێت. بۆیە مانگرتنی سەرتاسەی گەلی کورد لەسەرجەم شار، شارۆچکە و لادێکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکیەکانی گەلانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و گیراوانی سیاسی ژن لە زیندانەکانی رژێم باشترین وەڵام بۆ سیاسەتەکانی تاران – بەغدا و هەولێرە کە جێگای ستایشە. واتا رژێم و نەیارانی گەلی کورد پێویستە خوێندنەوەی تەندروست و راستیان بۆ ئەو هەڵوێستە هەبێ کە گەلی کورد ملکەجی سیاسەتی زۆرەملێ و فریودەرانەی نەیاران نابێت.
هەرچەند خامنەیی ئەو رۆڵە قێزەونە و مەترسیدارەی بە پزشکیان داوە کە بە نەرمی نواندن و قسەی بریقەدار، بەشێک لەپیلان و بەرنامەکانی خامنەیی لەشەقامی کوردیدا جێ بە جێ بکات. پزشکیان لەبەر ئەوەی خۆی گوێڕایەڵ و فەرمانبەری خامنەیی وێنا دەکات، چاوەڕوانە کە شەقامی کوردیش بە سادەیی دیواری بەرخودان و تێکۆشانیان هەڵوەشێنن و ملشۆڕی دەسەڵات بن. کردەوەی ئەو دوو مانگەی پزشکیان بۆ رای گشتی سەلماندی کە پزشکیان تەنیا بووکەڵەی شانۆبازی خامنەییە کە بە دەستی خامنەیی گەمەی پێدەکرێت. قسەکردن بە کوردیش تەنیا شانۆبازییەکە کە بە فەرمانی خامنەیی جێ بەجێ کراوە. ئەوەی جێگای نیگەرانییە بەرپرسانی هەرێم و بەشێک لە میدیاکانی باشوور، تەنیا لەبەر قسەکردن بە کوردی، چاوپۆشی لەپیلانە نەگریسانەکانی رژێم دژ بە گەلی کورد دەکەن. ئەوەش زوڵم و ناحەقیەکی گەورەیە دەرحەقی گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان و گشتی گەلی کورد. هەرچەند ژمارەیەک لەرۆشنبیر، رۆژنامەنووس و کەسانی سەربەخۆ لەئاستی ئەو شانۆبازیانەدا داوای لێبوردن لەگەلی رۆژهەڵاتیان کرد کە ئەوەش جێگای رێز و ستایشە.
لەکاتێکدا لەرۆژهەڵاتی کوردستان بە دەیان هاوڵاتی لەسەردەمی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" لەبەر بەرزکردنەوەی درووشمی "ژن ژیان ئازادی" کە کوردییە، شەهید کران، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا و زیندانی کران. تەنانەت خودی ژینا ئەمینی لەبەر کورد بوون و ژن بوونیەوە شەهید خرا. داخۆ بۆچی ئەو سیاسەتی بانێک و دوو هەوای رژێم لەیەک دەرناخرێت. واتا هاوڵاتیەک لەئێران لەبەر کوردبوون و قسەکردن بە کوردی لەسێدارە و رەمی دەکرێت و تەنانەت هاوڵاتیەکی خەڵکی دهۆک بە ناوی (حەکیم لوقمان) لەبەر قسەکردن بە کوردی لەشەقامەکانی ئەستانبۆڵ شەهید دەخرێت، بەڵام بەرپرسان و بەشی زۆری مەدیاکان لەو مەرگەساتە بێدەنگن. بەڵام بۆ پزشکیان بۆ قسە کردنەکەی بە کوردی دهۆڵ و زۆڕنای بۆ لێدەدەن و دەیکەنە ئەفسانەو پیلانە نەگریسانەکانیشی پەردەپۆش دەکەن و بۆ ئەو دارەمەیتانەی بۆ رۆڵەکانی کورد ئامادەی دەکەن کەڕ، کوێر و لاڵ دەبن.
وێرانتر و مەرگەساتبارتر لەوەش لەسەروبەندی هاتنی پزشکیان بۆ هەرێم، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی (بهزاد خوسرەوی و شاهۆ ئەحمەد زادە ) رادەستی هێزە ئەمنیەکانی ئێران کرانەوە. داخۆ ئەوە قوربانی کردنی بەرپرسانی هەرێم بۆ پزشکیان نەبێ چ واتایەکی هەیە؟! بەرپرسانی هەرێم چ پاساوێکیان بۆ گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو پێناوەدا دەبێت؟ ئەگەر ئەوەش دوور لەراستی بێت، ئەی گواستنەوەی بنکە و بارەگاکانی بەشێک لەحیزبە رۆژهەڵاتیەکان بۆ سوورداش چ پەیام هەڵدەگرێت و کێ لێی تاوانبارە؟ واتا هەمووی ئەمانە بە رێکەوتن یان پیلانگێڕیین کە یەک بە یەک جێ بە جێ دەکرێن؟ ئەگەر سیناریۆسازیش بێت ئێران و عێراق لەسەر بابەتەکە رێکەوتبن، ئەی رۆڵی حکومەتی هەرێم و پارتە دەسەڵاتدارەکان تەنیا سەیر کردنی سیناریۆکەیە، یان بۆ خۆ ئەکتەرێکی ناو سیناریۆکەی پزشکیانن؟
لەچوارچێوەی ئەو پیلانەدا قاسم ئەعرەجی پێشتر ئاماژەی بەوە داوبوو کە عێراق، ٧٧ بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی (کۆمەڵە و دیموکراتی) لەناوچەکانی هەرێمی باشووری کوردستان داخستووەو بارەگاکانیانی رادەستی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور کردووەو چەکە قورسەکانیان لێ وەرگیراوە و رادەستی هێزی پێشمەرگە کراوە. هاوکات ئەندامانی ئەو پارتانەش بۆ چەند کەمپێکی هەولێر و سلێمانی گواستراونەتەوە. لەبەردەوامی ئەو پیلانەدا عێراق بە هاوکاری هەرێم کار بۆ هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات کە ئەو کەمپانەش بۆ وڵاتی سێهەم بگوازرێنەوە.
حکومەتی هەرێم و میدیاکانی سەر بە دەسەڵات، لەم چەند رۆژەی دیدارەکانی پزشکیاندا هەوڵێکی زۆریان دا ئەو راستیانە بە لاڕێدا ببەن. لەناودا نێچیروان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشکاوانە هەڵوێستی خۆی و پارتەکەی بۆ ئێران ئاشکرا کرد کە نابێ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر خاکی هەرێم و عێراق بمێنن، یان نابێ خاکی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لەدژی ئێران بۆ کاری خراپ بە کار ببرێت. داخۆ ئەو دژبەرانە کێن کە سەرۆکی هەرێم بۆ دڵخۆشی ئێران دەڵێت پێویستە خاکی عێراق و هەرێم بە جێبهێڵن یان ئەوانە کێین کە دەیانەوێت کاری خراپ لەدژی ئێران ئەنجام بدەن؟! بەرژەوەندی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی لەچی دایە کە ئەوەندە بووەتە دەمڕاستی رژێم؟ لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم لەو دۆخە هەستیارانەدا دەبوو پاڵپشت و هاوکاری کوردان لەبەشەکانی دیکەی کوردستان بوایە، نە داڵدەی میتی تورک و ئیتلاعاتی ئێرانی بدایە! بە پێی هەڕەشە و گوڕەشەکانی سەرۆکی هەرێم داخۆ چ هێز و لایەنێک خاکی هەرێمی باشووری کوردستانی بۆ تێکدان و پشێوی ناوخۆی ئێران بە کار بردووە، کە بارزانی لێی قیت بووەتەوە؟ ئایا مەبەستی نێچیروان لێرەدا حیزب و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە یان ئیسرائیل، ئەمریکا و هێزەکانی سەر بەو لایەنانەیە کە هۆشداری یان پێ دەدات!
ئەوەی روونە رووی بارزانیەکان بەرەو حیزب و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت هەمووی گەلی کوردە، چون ئەو بنەماڵەیە بەڵێنی سوێندخواردوو بۆ دوو دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئێرانیان داوە کە چ شۆڕش، ناڕەزایەتی و سەرهەڵدان لەو وڵاتانەدا رووبدات، ئەوا بەڕەنگاری دەبنەوە. هاوشێوەی ئەوەی بۆ دەوڵەتی تورکیا لەدژی پەکەکە دەیکەن، ئەمجارەش بۆ دەوڵەتی ئێران لەدژی پارتە رۆژهەڵاتیەکان درێغی لێ ناکەن. بۆیە بارزانیەکان بەو قسەو لێدوانە نابەرپرسیارانەیان، خوێ دەڕژێننە سەر برینی گەلی کورد و زامەکانیان قووڵتر دەکەن.
رژێمی ئێران بە سەردانی بۆ هەرێم نیشانی دا کە دەیەوێت سیاسەتی هاوشێوەی سیاسەتی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لەدژی گەلی کورد پەیڕەو بکات. چون دەوڵەتی تورکیا لەژێر ناوی شەڕ لەدژی پەکەکە یان خود تیرۆر سیاسەتی قڕکردنی کورد لەناوچەکە پەیڕەو دەکات، لەباشووریش بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە خۆی بە دۆست و هەواڵبەندی کورد لەقەڵەم دەدات. بۆیە رژێمی ئێرانیش لەژێر ناوی سیخوڕ بوونی کورد بۆ هێزە بیانیەکان و شەڕ لەدژی تیرۆر، گەلی کورد رووبەڕووی پەتی سێدارە دەکاتەوەو بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتەکانی باشوور وا نیشان دەدات کە کێشەی لەگەڵ کوردان دا نییە. هەمان سیاسەتێک کە پزشکیان پەردەی لەسەر لادا.
ئەگەر وایە، بۆچی رژێم لەهێز و لایەنە کوردیەکانی رۆژهەڵات هەراسان بووە، یان بۆچی بۆ کەمپی دیکە راگوێزیان دەکەن؟ دەرئەنجامی ئەو دیدارە و لێدوانە یەک بە دوا یەکەکانی بەرپرسانی عێراق و هەرێم روونە کە بەشی زۆر لەپیلانەکانی دژ بە پارتە رۆژهەڵاتیەکانیان جێ بە جێ کردووە. بەس دیارە رژێم بەو هەنگاوانە خۆش نابێت و لەهەنگاوەکانی داهاتوودا راشکاوانە داوای رادەستکردنی بەرپرس و سەرکردەی پارتەکانی رۆژهەڵات و کۆنتڕۆڵی بنکەو بارەگاکانی حیزبەکان و وەدەرنانیان لەعێراق، لەبەرپرسانی هەرێمی باشووری کوردستان بکات. ئەو کات وەڵامی بەرپرسانی حکومەت داخۆ چ دەبێت؟! واتا ئەگەر رژێم زەخت و گوشارەکانی لەسەر هەرێم زیاد بکات، ئایا حکومەتی هەرێم رێز لەئیرادەی ئازادیخوازی گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێت یان نا ملشۆڕی بەرپرسانی رژێم دەبێت؟ داخۆ حکومەت بەشداری کارای لەسیاسەتی پاکتاوکردن و نابوودی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەرۆژهەڵات دەکات کە لەلایەن رژێمەوە بەڕێوە دەچێت؟ هەڕەشە و گوڕەشەکانی رژێم لەدژی گەلی کورد زۆر روونە، ئەویش تەسفیە و نابوودی پێشەنگەکانی کوردە کە تەواوکەری سیاسەتی دەوڵەتی فاشیستی تورکیایە. ئایا حکومەتی هەرێم و لەناودا پەدەکە هەمان رێبازی دژ بە دەستکەوتەکانی باکوور گرتوویەتە بەر بۆ رۆژهەڵاتیش هەمان رەوت دەگرنە بەر؟
بێگومان پەژاک وەک پارتێکی خاوەن هێز و ئیرادە، هزر، سیاسەت، تاکتیک و ئیستراتیژی نەتەوەیی هەرگیز ملکەجی ئەو سیاسەتە چەپەڵانەی رژێمی داگیرکەری ئێران نابێت و واز لەتێکۆشانی رەوای گەلی کورد ناهێنێت و بە فراوان کردن و بەهێزکردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و فەلسەفەی بەرخودان ژیانە پەرە بە تێکۆشانی دەدات و لەدژی هەر هەوڵێکی بە کرێگیراوی و خیانەت دەوەستێتەوە.
لەکۆتادا دەتوانم بڵێم پرسی کورد لەدۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بۆیە گەلی کورد پێویستە بە هەموو هێزیە کەڵک لەو دەرفەتە زێڕینە وەربگرێت و هیچ هێز و لایەنێک نابێ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و بنەماڵەیی بە سەر بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی سەروەر بکات. بۆیە پێویستە سیاسەتمەداران، رۆشنبیران، مامۆستایان، هونەرمەندان، ژنان و جوانان مەترسیەکانی سەر گەلی کورد لەهەر بەشێکی کوردستان ببینن و بەو پێیە ئەرکی سەرشانیان بە جێ بێنن، چون قۆناخ قۆناخی تێکۆشان و بەرخودانە، نە قۆناخی سەیر کردن و چاوەڕوانییە.